با خۆمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بپارێزین

پیاوان ڕێژەیەکی زۆری ئەنزیمێکیان هەیە کە لە کاتی گیرۆدە بوون بە نەخۆشی کۆڤید-١٩، هۆی سەرەکیی هەو کردنە
رۆیتەرز – کەیت کەلاند

لە ئینگلیسییەوە: کەمال حەسەنپوور
ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی ئوروپایی کە ڕۆژی دوو شەممە بڵاو بۆوە دەریخستووە کە خوێنی پیاوان زۆرتر لە هی ژنان ئەنزیمێکی تێدایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەڵکی لێوەردەگرێ بۆ هەو کردنی خانەکانی جەستە، ئەو زانیارییە دەتوانێ هۆی هەستیارتر بوونی پیاوان بەرامبەر بە هەوکردنی کۆڤید-١٩ شی بکاتەوە.
ئەنزیمی ACE2 لە دڵ، گورچیلە و کۆئەندامی دیکەی جەستەدا هەن. لە کاتی گیرۆدەبوون بە کۆڤید-١٩، نەخۆشی کۆئەندامی هەناسە کێشان کە هۆیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیە، وێدەچێ ئەو ئەنزیمە لە شێوەی سەرهەڵدانی هەوکردنی سیپەلکەکاندا دەوری هەبێ.
لەو توێژینەوەدا کە لە گۆڤاری دڵ لە ئوروپا بڵاو بۆتەوە، هەروەها ئاشکرا بووە کە هەندێک دەرمان کە بە بەربڵاوی بە نەخۆشان دەدرێن بە ناوی پێشگری ACE یا پێشگری وەرگری ئانجیۆتەنسین (ARB) یەکان نەبوونە هۆی زیاتر بوونی ڕێژەی ACE2 و بۆیە مەترسی گیرۆدەبوون بە کۆڤید-١٩ لە لای ئەو کەسانە کە ئەو دەرمانانە بەکار دێنن زیاد ناکا.
پێشگری ACE و ARB یەکان بە شێوەی بەربڵاو دەدرێ بەو کەسانە کە جۆرە نەخۆشییەکی دڵیان هەیە کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلەمەنی لە سیپەلکەکاندا و ڕیشۆلەی دەوری ئەوان، و هەروەها نەخۆشی شەکرە و گورچیلە.
ئادریان فوورس، پرۆفیسۆری کاردیۆلۆژی لە زانکۆی ناوەندی پزیشکیی UCM لە شاری گرۆنینگەنی هۆلەند کە سەرپەرستی ئەو توێژینەوەی کردووە گوتی: “ئاکامی توێژینەوەی ئێمە ئەوەیە کە پێویست بە خۆبواردن لە کەڵک وەرگرتن لەو دەرمانانە لە لایەن نەخۆشانی کۆڤید-١٩ ناکا.” بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان نەخۆشی کۆڤید-١٩ تا ئێستا ٤ میلیۆن کەسی لە سەرانسەری دنیا گیرۆدە کردووە و نزیکەی ٢٧٧٠٠٠ کەسیشی کوشتووە. ڕێژەی کوژراوان و گیرۆدەبووان دەریخستووە کە وێدەچێ پیاو زۆرتر لە ژنان تووشی ئەو نەخۆشییە بن، تووندتر بیگرن یا کاتێک کە نەخۆشییەکەیان گرت تووشی گیروگرفتی مەترسیدارتر دەبن.
دوای بەرارود کردنی هەزاران ژن و پیاو، تیمی فوورس ڕێژەی ACE2 یان لە نموونەی خوێنی ٣٥٠٠ نەخۆش کە نەخۆشی دڵیان هەیە و لە ١١ وڵاتی جیاوازی ئوروپادا دەژین، ئەژمێر کرد. توێژینەوەکە پێش بڵاو بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی پێکرد و نەخۆشی گیرۆدە بوو بە کۆڤید-١٩ی نەگرتەوە. بەڵام کاتێک کە توێژینەوەی دیکە ئاماژەیان بە ACE2 وەک هۆی سەرەکیی چوونی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بۆ ناو خانەکان کرد، فوورس و تیمەکەی وێکچوونێکی گرینگیان لەگەڵ توێژینەوەی خۆیان بەدیکرد.
ئیزایا ساما، پزیشک لە زانکۆی ناوەندی پزیشکیی گرۆنینگەن و ئەندامی تیمی توێژەر گوتی: “کاتێک کە ئێمە دیتمان کە یەکێک لە بەهێزترین نیشانەکەرەکانی بایۆلۆژیکی واتە ACE2 لە پیاواندا زۆر زیاترە تا لە ژنان، تێگەیشتم کە ئەوە دەتوانێ شی بکاتەوە کە بۆچی پیاو لە ژنان زۆرتر بە نەخۆشی کۆڤید-١٩ دەمرن.”
ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وەرگری ACE2 کە بە دیوی دەرەوەی خانەکانەوە دەنووسێ و ئەو ئەنزیمە ڕێگای پێدەدا بچێتە ناو خانەکان و ببێتە هۆی هەو کردنیان. ساما و فوورس هەمان شتیان لەناو سیپەلکەکاندا چاو پێکەوت، ACE2 بە ڕێژەیەکی زۆر لە نموونەکانی بەردەست لە دڵ، گورچیلە و ئەو ڕیشۆڵانەی کە ڕەگەکانی خوێنیان داپۆشیوە هەبوون.
ئەوان گوتیان کە ڕێژەی زیاتری ACE2 دەتوانی شی بکاتەوە بۆچی لە کاتی گیرۆدە بوون بە کۆڤید-١٩، پیاوان زیاتر لە ژنان ئەگەری زیان بەرکەوتنیان هەیە.