وڵامی چەند پرسیار و بۆچوون لە پەراوێزی باسێکی خەسارناسانەدا
قادر وریا (٢٧/١٢/٢٠١٩)
لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی باسێکی خەسارناسانە لە بارەی خەباتی ٤٠ ساڵی ڕابردووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان و بڵاو بوونەوەی دەقی ئەو قسانە بە شێوەی نووسین لە ماڵپەرەکان و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە گوێگران و خوێنەران، بە نووسینی کۆمێنت، بە شێرکردنی بابەتەکە و بە پێوەندیگرتنی راستەوخۆ لە گەڵ خۆم، پێشوازییان لەو باسە کرد و پشتگیرییان کردم. ژمارەیەک لە خوێنەرانیش بە شێوەی کۆمێنت خۆمیان بەرەوڕووی هێندێک پرسیار کردەوە. ئەگەر چی من هەوڵم داوە، ئەو پرسیار و بۆچوونانە بێ وڵام نەهێڵمەوە، بەڵام چونکە وڵامەکانم بە شێوەی ولامدانەوەی کۆمێنت بوون و لەوانەیە تەنیا ئەو کەسانەی پرسیارەکانیان لێ کردووم، دیتبێتان و خوێندبێتیانەوە، – بەو هۆیەوەش کە دەکرێ ئەم جۆرە پرسیار و بۆچوونانە پرسیاری زۆر کەسی دیکەش بن- لێرە وەک پۆستێکی سەربەخۆ بڵاویان دەکەمەوە. وێڕای دەربڕینی پێزانین و سپاسم بەرامبەر پێشوازی و پشتگیریتان، ئەمەش وڵامی من بە چەند پرسیارێکی تایبەت:
**
پرسیار: بۆ ڕاست ئێستات بۆ ئەو خەسار ناسیە هەڵبژاردەوە؟
وەڵام: لای من ئەو باسە ئێستا و تازەیی نیە. ئەگەر بچیەوە سەر نووسین و وتارەکانی سالانی پێشووشم، هەر ئەو قسانەم کردوون. بۆ وێنە دەتوانی وتاری ساڵێک لە مەوبەرم لە ڕۆژنامەی “کوردستان” دا (بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز)بخوێنییەوە: ” ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”.
**
بۆچوون: کاتێک باس لە خەسار ناسی دەکەین،دەبێ بیر لەوەش بکەینەوە کە دەسەڵات و توانای ئەوەمان هەیە، کە قەرەبووی خەسارەکانمان بکاتەوە؟
وەڵام: ئەگەر نەشتوانین قەرەبوویان بکەینەوە، هەر ئەوە کە دەرسیان لێوەربگرین و دووپاتیان نەکەینەوە و ڕێوشوێنی وا بگرین کە جیاواز بێ لە گەڵ ئەم رابردووە پڕ خەسارە، بۆ خۆی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونە.
**
بۆچوون: من جارێک لە سەر شەڕی ناوخۆ برێک شتم نووسی گوتت جارێ کاتێکی باش نێ بۆ ئەو شتانە .پێم خۆشە (کە) ئێستا کاتی ھاتووە.
وەڵام: باسکردنی نابێ بۆ هەڵایسانەوەی شەڕێکی دیکە(شەڕی تەبلیغاتی) و تەنیا لە روانگەی خۆ بە حەقنیشاندان و بەرامبەر مەحکوومکردن بێ.
**
پرسیار: ئەگەر بۆشایی دەسەڵات دروست بوو ئەدی لە ناوەند کێ ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە و کورد لەو بارەوە مادام داوای سەربەخۆیی ناکات دەبێ دەگەڵ کێ و کام لایەن کە مومکینە دەسەڵات بەدەستەوە بگرن دەلاقەیەکی دوستانە بکاتەوە یان جارێ لەو بارەوە هیچ پێشبینی ناکرێ؟
وەڵام: دیالۆگی کورد لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئێستاوە دەبێ بۆ بەشداریی کورد لە پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە دا بێ. بەڵام کورد لە پێشدا دەبێ بۆ خۆی یەکگرتوو بێ و ئامرازی کاریگەریدانان لە سەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەبێ.
**
بۆچوون: بۆچی ھێندێک کەس ڕاست لە پلەی ڕێبەریی حیزبەکان دا بەردەوام ئەو ڕابردوە پرشنگدارە بە چالش دەکێشن، کەچی بەدەنەی حیزبەکانیش چەپلەیان بۆ لێ دەدەن و تەنانەت ھە مو حیزبەکەشیان بەو جۆرە کەسانەوە دەناسێنن. بۆچی لە کۆمەڵگای کوردی دا بەدەیان قسەی حیسابی و وورەبەخش بکەی کەس گوێت لێ ناگرێ، کەچی دوو قسەی جەنجاڵی، بێ نێوەرۆک و تیکراری بکەی دەبیە ڕێبەر؟
وەڵام: ئەو رابردووە پڕشنگدارە، کەس یا کەسانێک دەتوانن نەیبینن و بیبەنە ژێر پرسیار، کە بەشیان پیوە نەبێ. ئەگینا، سەرەڕای ئەو رەخنانەی لە خۆمانمان هەیە وەک حیزبەکان و بزووتنەوەی کورد، ئەوەندەیان ڕەهەندی جێی شانازی تیدایە کە حاشا لێکردن و ڕەتکردنەوەیان، تەنیا دەچێتە خانەی خزمەت بە داگیرکەرانی کوردستان و زەوتکەرانی مافەکانمان.
**
بۆچوون: ھیوادارم مادام وەک خەسارناسی باسی دەکەی، بێ تەئەسسوب وەک خۆی شتەکان بۆ مێژوو بگێڕنەوە، سڵ نەکەنەوە لە گوتنی راستییەکان وەک خۆیان. چونکە ئەوشتانە دەبنە سەرچاوە لە دھاتودا. با سەرچاوەیەکی روون بن. ئەگەریش تێبینیی خۆێنەرھەبوو بەرچاویان بگری و پیاچوونەوە بکەی.
وەڵام: ئەم خەسارناسییە کاری تاکە کەسی نیە و بە هەموانمان دەتوانین دەوڵەمەندی بکەین ،بەو مەرجەی خەسارناسییش بۆ شەڕ پێکفرۆشتن و برین کولاندنەوە و کەلێن دروستکردن نەکەین، بەڵکوو بە ڕاستگۆییەوە و بە دەرسلێوەرگرتن و لە پێناوی خەباتی یەکگرتووانە و بە بەرنامە لە سەر زەمینەیەکی باشتر بۆی بچین.
**
پرسیار: باشە پرسیارەک؟ ئەرێ نابیت کو ھەردو حیزبێن دیموکرات ھەژمارا کورسیێن کومیتا ناڤەندی زێدەکەن وەک puk نەک 101کەس بەلکۆ 55 کەس ڤێ دەمێ کەس کورسیا خو ژدەست نادت ، ئو یێک گرتن ژی دێھێت چێکێرن؟ ھەلبەت ئەوە بو حیزبێن کومەلەژی تێ گوتن!
وەڵام: ئەز چ بێژم؟ ڕەنگە بۆ هەندێک کەس زیاد کردنی کورسیەکان ڕێگا حەل بێ بەڵام لە ڕوانگەی منەوە یەکترقبووڵکردن و بە کولتووریکی نوێوە، پێکەوە کارکردن و خۆ بواردن لە دووپاتکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو، ڕێگاچارەیە.
**
پرسیار: لەو کەموکووڕییانە چەندە خۆت بە بەرپرس دەزانی؟
وەڵام: من چونکە بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو بۆ خۆم کاری نووسینم کردوە و لە ڕاگەیاندنی حیزب دا دەنگ و ڕەنگ و جێ پەنجەم دیار بووە. هەر وەها لە هەلومەرجە قەیراناوییەکانیش دا وەک خۆشم هەڵوێستی ئاشکرای تایبەت بە خومم هەبووە،هەم خەڵک راحەتتر دەتوانن قەزاوەتم لە سەر بکەن،هەم بۆ خۆم هاسان نیە پێچەوانە واقع و ڕابردووی خۆم بدوێم و حاشا لەوە بکەم کە بووم. بەو حاڵەش منیش لەو ئەتمۆسفێرە دا هەناسەم هەڵکێشاوە و پەروەردە بووم. بە دڵنیاییەوە لە هەڵە و هەڵسوکەوتی جێگای ڕەخنە بەری و بەدوور نەبووم. تەنانەت ئەگەر کەمیشم بەر کەوێ، بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەر بم بۆ ڕاهێنانی تێکۆشەران و سیاسیەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بە قبووڵی بەرپرسیارەتی و ڕەخنە لە خۆ گرتن و بەرهەمهێنانی کولتووری بەخۆداچوونەوە، ئامادەم زوڵم لەخۆم بکەم و زیاتر لە پشکی خۆم بگرمە ئەستۆم.
**
بۆچوون: خەسار ناسیەکەت زۆر جوان و عیلمیانەیە. بەڵام ئەو کاتەی کە دەکرا پێش بەو خەسارەتە بگێرێ بۆ پێشتان پێ نەگرت . چ پێویست دەکا خەسارەتێک دروست بکەین کە چەند ساڵ خەریکی خەسار ناسیەکەی بین. پاشان بەڕێزت لە ئاستێکی بەرزی ڕێبەری دا بووی بۆ ھەوڵی جیدی نەدرا کە چارەیەک بدۆزرێتەوە. پاشان ڕێگا چارە دەستنیشان بکە کە چ بکرێ باشە؟ ھەم دەرد و ھەم دەرمان ڕێبەرانی حیزب بوون و ئێستاش ھەر ئەوانن.
وەڵام: “چو دانی پرسیدن خطاست”! بۋ مەگەر ئێستا ئەم قسانە لە ئاستی بەرزی حیزبەکان دا چەند گوێگریان هەیە تا ئەو کات هەیانبووبێ؟! دوو خاڵیشت لە بیر بێ: ۱- هێندێک لەو ڕووداوانەی باسم کردوون هی زۆر پێش ئەو کاتەن بەندە لە ئاستێکی بەرزی ڕێبەری دا بووبم. ۲- لە ڕێبەرییش دا کە بووم جۆری ڕوانین و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هەڵوێستم لانیکەم لە نێوخۆی حیزب دا شاراوە نەبووە و دەتوانم بڵێم هاندەر و پشتیوانی بیرکردنەوەی موسبەت بووم نەک کۆسپ. (لە گەڵ ئەوەی هەموو کات پێم وا بووە منیش بە قەرا بەرپرسایەتی و ڕۆڵ و کاریگەریی خۆم بەرپرس بووم و هەم).
سەرەڕای هەمووی ئەوانەش من باسی چەند یا چەندین لایەن دەکەم نەک یەک حیزب و یەک کەس! خۆ هەموو شتێک لای خۆم و بە خۆم چارەسەر نەدەکرا تا بفەرمووی بۆ پێشتر نەتدەکرد! ئێستا وای دادەنێم منیش وەک ئەوانی دیکە، بەو شتە خراپانەی لە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد دا کراوەو ڕووی داوە ڕازیم و شوکرانەبژێرم و بەرگریی لێ دەکەم. ئایا هەر دەبێ لێی گەڕێین لە سەر ئەم ڕێچکەیە بڕوا و تەماشاچی بین؟! یا بەرپرسانە و دواڕۆژبینانە و لە بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووی نەتەوەی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەدەنگ بێین و دەرسیان لێ وەربگرین و چارەسەریان بکەین؟
**
بۆچوون: من پێم وایە جیا لە خسارناسی دەکرێ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات ئەم دیدو بۆچون و نەزەراتەی جەنابت دەولەمەنتر بکەن و بیکەن بە پڕۆژەیەک بۆ ئایندەی ڕۆژهەلات… هیوادارم کە رێبەرو سکرتێرەکان و دەوروبەریان، خۆیان بە خزمەتکاری گەلەکەیان بزانن نەک لە سەرووی خواستی گەلەکەیان،بە تێگەیشتنێکی تەواوە بگەنە ئەو ئەنجامە کە هێز لە یەکگرتووی و بێرکردنەوەی نوێدایە بۆ ئایندەی ڕۆژهەلات.
وەڵام: پێشنیارەکەت جوانە و حەتا حیزبەکان بە تێکڕایی و پێکەوە خۆیان دەسپێشخەر نەبن بۆ ئەم ئاڵوگۆڕانە، بە داخەوە هەر وا نوقمی سستی و پەرتەوازەیی دەبین. ڕێبەریی حیزبەکانیش ئەگەر گوشارێکی جیددیان لە لایەن خەڵکەوە لە سەر نەبێ مل بۆ ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕانە نادەن.
**
بۆچوون: …پێشنیاری من سازدانی ئەهرومێکی بەقووەت هەم لەناو خۆی حیزبەکان بەتایبەت دەرەوەی حیزبەکان زەرورە ، بۆ نمونە تیمێکی خۆبەخش لە ( کەسایەتیەکانی ئاکادمی ، بەئەزموون ، خۆشنێو ، پێشکسوەت ، کەمئەندامەکان و بژاردەیەک لە بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرکە ) بەم واتایە ئەم تیمە دوای سازماندەهی خۆیان لە کۆبونەوەیەکی بەرین بە حزووری نەفەراتی ئەوەل و دووهەمی دێموکرات و بەشێک لە ئەندامەکانیان خەسارناسیەک لە دابران و داهاتویەکی روون لە یەکگرتنەوە خالبەندی بکرێت و رێکارێکی موناسب پێشنیار بدات و بەدواداچوون بکات.
وەڵام: پێشنیارەکەتم پێ باشە و بۆ خۆشم هەر وا بیر دەکەمەوە کە دەبێ هەم لە نێوخۆی حیزبەکان گوشار هەبێ بۆ سەر ڕێبەریی حیزبەکان هەم لە دەرەوەی حیزبەکان پێویستە خەڵک و بە تایبەتی ڕوناکبیران و کەسانی خاوەن نەزەر و بە توانا بە ڕەخنە و پێشنیار و پڕۆژە هاندەر و هاوکار بن بۆ ئەوەی سەردەمی بە خۆداچوونەوە و دەرس وەرگرتن لە رابردوو و قوناغێکی نوێ لە یەکگرتن و یەکگرتنەوە و هاوخەباتی دەست پێ بکا.
**
پرسیار: (ڕوو لە د. ئاسۆ حەسەنزادە و قادر وریا) سپاس بۆ کاک قادر و بۆ ئێوەش، کاک ئاسۆ! ئێوە لەو ماوەی کە جێگری سکرتێر بوون و کاک قادر ئەندامی رێبەری بوو، چ هەوڵێکتان دا بۆ یەکگرتووی هێزەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت پرسی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکڕات؟!
وەڵامی قادر وریا: وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان نەک هەر کۆسپ نەبووین بۆ هاوکاری و لێک نزیکبوونەوەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات و بوونی کەشوهەوای دۆستانە لە نێویاندا، بەڵکوو دەستپێشخەر و هاندەر و ڕێخۆشکەر بووین. وەک تاکێک لە ڕێبەری و پلەی بەرزیش دا دەکرێ لە ڕووی لێدوان و وتووێژ و نووسینەکانمان و هەر وەها بە گوێرەی هەڵسوکەوتەکانی شەخسیی خۆشمان هەڵمانسەنگێنن و مونسیفانە ڕای خۆتان و قەزاوەتی خۆتان بڵێن. ئەوەش شاراوە نیە کە هەم کاک د.ئاسۆ و هەم بەندە لە گەڵاڵە کردن و نووسین و داڕشتنی زۆر لە سیاسەتەکان و پەسندکراوەکان و هەڵوێستەکانی حدک دا ڕۆڵی بەرچاو و تایبەتمان هەبووە. بە موشەخەسسی کامیان جێگەی ڕەخنە و شیاوی مەحکوومکردنن تا ئێمەش ڕاشکاوانە بڵێین لەمەیان دا پتر بەرپرسین؟ لە بارەی یەکگرتنەوەش، حدک هەم وەک گوفتومان و پێشوازی لە یەکگرتنەوە، هەم وەک گەڵاڵە و ڕێگاچارەی بۆ کێشەکە -کە من لە هەر دوویان دا نەخشی دیارم هەبووە- باش جووڵاوەتەوە. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە لە نێو هەر دوو لای دیموکرات دا ئەوەی کەمترین بیری لێ دەکرێتەوە و هیچ گرنگیی پێ نادرێ, چۆنیەتیی دروستکردنی کولتوور و کەشوهەواو سازوکاری پێکەوەبوونێکە کە ئەو دیاردە ناخۆشو زیانبارانەی پێشوو دووپات نەبنەوە. مەسەلەی گرنگ بۆ زۆربەی ئەندامانی رێبەریی هەر دوو لا، چۆنیەتیی دابەشکردنەوەی پۆستەکانی حیزبە و ، چۆنکە ناتوانن میکانیزمێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە تەرجیح دەدەن بەم شێوەیەی ئێستا و هەر لایەنەی بە جیا درێژە بە حیزبایەتی بدەن. وەک خۆم لە گەڵ یەکگرتنەوەیەکی پشت ئەستوور بە گۆڕین وچاککردنی کولتووری پڕ لەهەڵەی پێکەوەبوون و حیزبایەتی بە شێوەی پێشوو دام. ئەوەش بێ ملدان بە خەسارناسی و ڕەخنە لەخۆگرتن و قبووڵی بەرپرسیارەتی لە ئاست ئەم ڕابردوویە و موتەعەهید بوون بە هەڵگرتنی هەنگاوی بوێرانە و نوێ ناکرێ.
وەلامی د. ئاسۆ حەسەنزادە: برای بهڕێز! ئهمن ههمیشه دهڵێم ئهوه سهختترین پرسیاره که لێمان بکرێ. بۆ؟ چونکه سێ بژاردهمان بۆ وڵامدانهوه لهپێشه که ههرسێکیانم پێ خراپه: ١/ ڕووکهشانه وڵام بدهینهوه و خۆ له وڵامدانهوه ببوێرین؛ ٢/ ههر تاریفی خۆمان بکهین و خهتای لایهنی دیکه بگرین؛ ٣/ به جیددی و واقعبینانه وڵام بدهینهوه و بچینه نێو وردهکاری، ئهودهم جگه لهو شتانهی کردوومانه دهبێ ببشڵێین چی نهکراوه، یان چ شتێک بۆته هۆی سهرنهگرتنی ههوڵهکان. که ئیشارهشمان به کۆسپهکان کرد، ئهودهم باسکردنی ههمان ئهو شتانهی وهك کۆسپی سهر رێگای یهكگرتن یان یهكگرتنهوه رهخنهی لێ دهگرین، وهك دژایهتی لهگهڵ یهكگرتن و یهكگرتنهوه لێک دهدرێتهوه. بهوحاڵهش پێم خۆشه وڵامه جوان و مهنتقییهكهی کاک قادر وریا به وڵامی منیش دابنێی. به نیسبهت خۆم ههر ئهوهنده دهڵێم جیا لهوهی وهختی خۆی ئهندامی ههیئهتی یهكگرتنهوه بووم، له سێ ساڵی ڕابردووشدا که جێگری سکرتێر و وتهبێژی دهفتهری سیاسی بووم له چوارچێوهی سیاسهتی گشتیی حدکدا و وهک خۆم، چ له هاموشۆ و هاوکاریی نێوانمان و چ ڕوو به بیروڕای گشتی ههموو ههوڵم بۆ کهمکردنهوه له گرژیی زێهنی و مهودای گوتاری و زیادکردنهوهی پردهکانی پێوهندی و بیانووهکانی لێک نزیک بوونهوهی پارتهکانی رۆژههڵات بهتایبهتی دێموکراتهکان و فۆرمووله کردنی بنهماکانی ئهو ههمگهراییه بوو. تهنانهت جار ههبووه پپێشنیاری من کۆی پرۆسهکهی له بونبهست دهرهێناوه. بهڵام ئهگهر ههوڵهکان به ئاکامی دڵخواز نهگهیشتوون لهبهر ئهوه بووه که دهرسهدێکی سنوورداری گهمهکه بهدهست من و تهنانهت به دهست حیزبهکهم بووه. ئهمن ههرگیز بهربهستی یهكگرتنی لایهنهكانی رۆژههڵات یان یهکگرتنهوهی دێموکڕات نهبووم، بهڵام ئهگهر زۆر جار به ناههق تۆمهتی کورسیپهرستی له کهسانی زۆر لهخۆبردوو دراوه و به ناڕهواش ساڵانی ساڵ گوترا ئهو حیزبه لهپێناوی مندا لهت کراوه!!!، ئهوا به خۆکاندیدنهکردنهوهم ئهو بهربهست و بیانووه درۆیینهش لاچوو. بهههرحاڵ ئهو شهن و کهوه لهسهر ئینترنێت و یهکلایهنه ناکرێ. بهڵام به ئیحترامی خوازیارانی یهكگرتوویی و لهبهر گرینگیی پرسیارهكهت پێم باش بوو ئهوهنده بڵێم.
**
داوای لێبووردن: بەڕێزێک کۆمەڵێک پرسیاری(لە بارەی کێشە نیوخۆییەکانی رابردووی حیزبی دیموکرات) بەرەوڕوو کردوومەوە کە هەر هەموویان پرسیاری بە جێ و گرنگ بوون. دیارە ولامدانەوەیان، وتارێکی تێر و تەسەل هەڵ دەگرێ کە هیوادارم لە دەرفەتێکی دیکە دا، وڵامی خۆمیان پێ بدەمەوە.
وێنەکە: د.ئاسۆ حەسەنزادە و قادر وریا ، “ئازادی” کۆیە، سال١٩٩٧