پێویستییەکانی خەباتێکی کاراتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان*

قادر وریا (ئاوڕدانەوەیەکی خەسارناسانە)
ئێمە لە هەلومەرجێکدا باس لە پێویستیی کاراتر کردنی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم لە دەرەوە ڕا، هەم لە نێوخۆدا، بەرەوڕووی گوشار و ناڕەزایەتیی بێوێنە بووەتەوە. لە مانگی ڕابردوودا شایەدی زنجیرەیەک ناڕەزایەتیدەربڕین و خۆپێشاندان لە سەرانسەری ئێراندا بووین. کۆماری ئیسلامی دڕندانە بەرەوڕوویان بۆوە و بە هەموو هێزی خۆیەوە سەرکوتی کردن. بە داخەوە سەدان کەس گیانیان لە دەست دا و، شەهید بوون. ئەو ڕێژیمە هەم لە ژوورەوە لە گەڵ کێشە و قەیرانی یەکجار زۆر بەرەوڕوویە و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە گەڵ وڵاتانی دنیا کێشەی جۆراوجۆری هەیە. هەمووی ئەوانە وایان کردوە کە ئەو ڕێژیمە لە بارودۆخێکی تایبەت دابێ. بارودۆخێکی وا کە ناتوانێ وڵات ئیدارە بکا. زۆر سروشتتیە لە وەزعێکی وادا نابێ ئەگەری ڕووخانی بە کەم بگرین. بۆیە پێویستە لە بیری بە دیلی ئەو ڕێژیمەدا بین، بیر لەوە بکەینەوە کە ئەگەر بۆشایی دەسەڵات لە ئێراندا پێک بێ، ئێمە وەک کورد چ دەسکەوتێکمان دەبێ؟ ئەمە وا دەکا کە ئێمە وەکوو کورد، وەکوو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو ئەو ڕێکخراوانەی لەو بزووتنەوەیەدا بەشدارین، بیر لەو ئەرکانە بکەینەوە کە ئێستا دەکەونە سەرشانمان.
کاتێک باس لە پێویستیی کاراترکردنی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەینەوە، جیی خۆیەتی لە پێشدا لە سەر خاڵە بەهێز و لایەنە پڕشنگدارەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوەستین.

ئەو خاڵانەی جێگای شانازیین و دەبێ بە ئەرێنی باسیان بکەین:
٤٠ ساڵ خۆڕاگریی حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بەرامبەر ستەم و زۆرداریی کۆماری ئیسلامی، ٤٠ ساڵ فیداکاری و قوربانیدان لە پێناو مافەکانی خەڵکی کوردستان، یەک لەو خاڵە جێی شانازییانەیە. ئەوان لە هەر ئیمکانێک و ڕێگایەک کە بۆ ڕاوەستان و خەبات بەرامبەر ئەو ڕێژیمە هەیانبووە، درێغییان نەکردوە. هەر تەنیا حیزبی دێموکرات بە هەزاران پێشمەرگەی لەم خەباتەدا شەهید بووە. ئەگەر ئەندامان و لایەنگران و خەڵکێکیش بێنینە حیسێب کە لە سۆنگەی پشتیوانی لە خەباتی ئەم حیزبە لە گەڵ ئەو ڕێژیمەدا شەهید بوون، ژمارەی قوربانییەکان دەبێتە چەندین بەرابەر. حیزبەکانی ئێمە لە خەبات و قوربانیداندا درێغیان نەکردوە و ئەوەی لە دەستیان هاتوە کردوویانە. بۆ هەربستێک لە خاکی وڵات کە لە دەستیان داوە قوربانییان پێشکەش کردوە. دوایەش کە بە ناچاری چوونەتە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیسان لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاون. سەرەڕای ئەو هەمووە قوربانییەی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جۆراوجۆر لە ڕێبەران و تێکۆشەران و ئەندامانی ئەو حیزبانەی ئەستاندوە، وێڕای ئەو هەمووە سەختییانەی لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە سەرڕێیان بووە، لە تێکۆشانی پێشمەرگانە، تێکۆشانی سیاسی، تێکۆشانی دیپڵۆماسی و هتد، شل نەبوونەوە.
ئەم بەربەرەکانی و خۆڕاگرییە جێگای شانازییە بووە بە هۆی ئەوە کوردستان جیاوازییەکی بەرچاوی هەبێ لە گەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران. بووە بە هۆی ئەوە خەڵکی کوردستان بەردەوام “نا” بەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە بڵێ و تەسلیمی نەبێ. ڕێگەی پێ نەدا شوناسەکەی بسڕێتەوە و زمانەکەی لێ بستێنێتەوە، یا تەنانەت ئایینەکەی پێ بگۆڕێ. بوونی حیزبەکان و خۆڕاگریی پێشمەرگە و بەردەوامیی خەباتیان وای کردوە کوردستان وەک قەڵایەکی لەگیران‌نەهاتوو بمێنێتەوە و ڕێژیم نەتوانێ بە تەواوی بە سەریدا زاڵ بێ. هەبوونی ئەو خەبات و تێکۆشانە بووە بەهۆی ئەوە لە درێژایی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، تیگەیشتنی خەڵکی ئێمە لە بارەی شوناسی خۆی بەردەوام بەرەوژوور بچێ و پێش بکەوێ. بوونی ئەو حیزبانە و تێکۆشانیان لەنێو خەڵکدا یارمەتیدەر بووە بۆ ئاشنا بوونی خەڵکی کوردستان لە گەڵ کۆمەڵێک چەمک و بەها. کوردستان زووتر لە بەشەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ نێوەرۆکی دیموکراسی، لە گەڵ مافی مرۆڤ، لەگەڵ ویستی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، لەگەڵ ئەوەی خەڵک بۆ خۆی خۆی بەڕێوەبەرێ، لە گەڵ ئەوەی تاکەکان ڕێزیان لێ بگیرێ، ئاشنا بووە. چونکە حیزبەکان ئەو کاتەی لەنێو خەڵکدا بوون و دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە، کەم و زۆر هەوڵیان داوە ئەم چەمک و بایەخانە بەرنە نێو ژیانی خەڵک. هەر بۆ وێنە دەرەتانی پێکهێنانی خوێندن بە کوردی بۆ خەڵکی کوردستان، وەک یادگارێکی ئەو کاتەی حیزبەکان لەنێو خەڵک بوون و دەسەڵاتیان هەبوو، لە بیرەوەریی خەڵکدا ماوەتەوە. ئەوە کە (ڕەفتاری خەڵکی) کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران سیاسییترە، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوون و کۆڵنەدانی ئەم بزووتنەوەیە و کاریگەرییەکانی.

چەند دیاردەی نەرێنی و شیاوی خەسارناسی
بەڵام سەرەڕای ئەو خاڵە باشانەی ئاماژەیان پێکرا، حیزبەکان لەنێو خۆیان و لە ئاستی بزووتنەوەکە‌دا، خاوەن و هەڵگری کۆمەڵێک کەموکووڕی و لایەنی نەرێنی بوون و هەن. دیارە حیزبەکان بە گشتی عادەتیان نەکردوە ئاوڕ لە کەموکوڕییەکان بدەنەوە و دانیان پێدا بنێن. بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێ خەباتێکی چالاکتر و کاریگەرترمان لە نێو میللەتەکەی خۆماندا هەبێ، حەقە ئەو کەموکووڕییانەی ڕابردووی خۆمان ببینین. من هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاوڕێک لە هێندێک لەو کەموکووڕییانەی مێژووی ٤٠ ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەمەوە.

شەڕی نێوخۆیی نێوان حیزب و ڕێکخراوەکان
یەکێک لەو دیاردە نەرێنی و لاوازانە، شەڕی نێوخۆیی لە ڕابردوومان دایە. ئاوڕدانەوە لەو شەڕە لەو بارەوە پێویستە چونکە پێموایە تا ئێستاش ئاسەواریان ماوە و تا ئێستاش وەکوو گەرایەک لەنێو مێشکی تێکۆشەران و ئەندامان و ڕێبەران و خەڵکی ئێمە‌دا ماوەتەوە کە لەوانەیە ئەو گەرایە لە کاتی خۆیدا چالاک بێتەوە. سەیر کەن! ئەگەر دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیران و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبەکان، هاوکارییەکی جیددی لە بەینی حیزبەکان هەبا، ئەگەر یەکتر قبووڵکردن هەبا، ڕەنگە زۆر شت بەو هاسانییە بۆ ڕێژیمی تازە نەچووباسەر و ئێمە هێز و وزەیەکی زۆرمان لە ململانێیەکی ناپێویست و نادروستدا لە دەست نەدابا. زۆر بە داخەوە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بە داخەوە شەڕی نێوخۆیی ڕووی دا، ململانێی نێوان حیزبەکان گەیشتە شەڕی چەکدارانە. ئەمە بووە هۆی ئەوە زۆر ناوچە لە سۆنگەی ململانێ و شەڕی نێوخۆییدا لە دەست بچن. زۆر کچ و کوڕی ئەو خەڵکە بوونە قوربانی و، هەل بۆ ڕێژیمی دەسەڵاتدار ڕەخسا کە وەزعەکە بە قازانجی مەرامەکانی خۆی بقۆزێتەوە.

وێکهەڵنەکردن لە نێوخۆی حیزبەکاندا
نەک لە نێوان ئەم حیزب و ئەو حیزب، بەڵکوو لە نێوخۆی حیزبەکانیشدا کولتووری پێکەوە هەڵکردن و یەکتر تەحەممولکردن، کولتووری خەباتێکی سالمی نێوخۆیی، زۆر لاواز بووە. لە نێو زۆربەی حیزبەکاندا دیتوومانە کە جیاوازیی بیروڕا، لێکدابڕانەکان و جیابوونەوەکانیان لێ کەوتووەتەوە. ئەم لێکدابڕانانە وایان کردوە کە هێز و توانای حیزبەکان بەرەبەرە لاواز بێ. سروشتییشە هەر ئینشعاب و لێکدابڕانێکیش کە ڕوو دەدا، لایەنەکانی دەکەونە ململانێی یەکتر، هەر لایەنێک بۆ ئەوەی خۆی بە سەرکەوتوو و بەحەق نیشان بدا، دەبێ زەمی ئەوی دیکە بکا. لەو نێوە‌دا هێز و وزەیەکی زۆری حیزبەکان تێداچووە. جگە لەمەش لە ئاکامی ئەو جۆرە کێشە و ململانێیانە‌دا سەنگ و پرێستیژی حیزبایەتی زۆر شکاوە. ڕێز و حورمەتی حیزبایەتی لە سۆنگەی ململانێی نادروستی نێوان حیزبەکان و گرووپەکانی نێو حیزبەکاندا زۆر هاتووەتە خوارێ. ئەمە یەکێک لەو دیاردانەیە کە حەقە خەسارناسیی بکرێن و شوێنەوارەکانیان ببینین.

دوورکەوتنەوەی درێژماوە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دابڕانی فیزیکیی بەڕێوەبەری و ناوکەی سەرەکیی حیزب و ڕێکخراوەکان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی دەیان ساڵ و جێگیربوونیان لە دەرەوەی سنوورەکان ئەگەر چی نادڵخواز و بەناچاری بووە، وای کردوە کە زۆر لە ڕێبەری و تێکۆشەرانی حیزبەکان، وردەکاریی پرس و کێشە و ڕاستییەکانی نێوخۆی وڵات، ژیانی سیاسی و چالاکیی سیاسیی نێوخۆ و گرفتەکانی خەڵک بەو شێوەیەی پێویستە دەرک نەکەن. زۆر جار ئەوەی ڕێبەران و بەڕێوەبەریی حیزبەکان دەیڵێن، لەگەڵ ئەوەی لەنێو کۆمەڵدا هەیە، زۆر لێک دوورن. ئەم دوورکەوتنەوە جۆگرافیاییە وای کردوە گرفتەکانی ژیانی خەڵک لەوێ، بە شێوەیەکی زۆرهەستپێکراو دەرک نەکەن و جۆرێک نامۆیی و بێگانەبوون لەگەڵ مەسائیلی ئەوێ بێتە پێش. ئەمەش وەکوو دیاردەیەکی نەرێنی دەبێ ببینین.

تاکپەرستی وەک دیاردەیەکی سەرچاوەگرتوو لەم دۆخ و ڕابردوویە
لەئاکامی ئەو دوورکەوتنەوە لە مێژینەیە و دابڕانەکان و ململانێ نێوخۆییەکاندا کۆمەڵێک دیاردەی دیکە لەنێو حیزبەکاندا سەریان هەڵ داوە. بۆ وێنە لە جیاتی ئەوەی حیزبەکان و سەرکردەکان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لە خزمەتی بزووتنەوە و خەڵکدا بن، حیزبەکان ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی لە خزمەتی فکر و هیوایەتی نەفەرێکدا بن. زۆر جار وا هەست دەکەی لە نێوان ڕێبەرانی حیزبەکان جۆرێک ململانێ هەیە، ململانێکەش لە سەر ئەوەیە کە کامیان وەک ڕێبەری کوردی ڕۆژهەلات بناسرێ. هەوڵی ئەو جۆرە ڕێبەرانەش بۆ ئەوەیە حیزبەکەی خۆی لەگەڵ لەتێکی دیکە کە لێی جیا بووەتەوە و لە گەڵی لە رەقابەت دایە، یەک نەگرێتەوە. چونکە پێیان وایە بەم شێوەیە باشتر دەتوانن وەکوو سەرکردەیەک مەیدانداری بکەن. بەم هۆیەوەیە کە دەبێنین ئاڵوگۆڕی نێو زۆر لە حیزبەکان لە جیاتی کۆمەگ بکا لە جیهەتی یەکگرتنەوەی حیزبە (لێکدابڕاوە)کان و یەکگرتنی هێزە سیاسییەکان، زۆرتر لە جیهەتی ئەوە دایە کە حیزبەکان بە مەرام و بە مەیل و تموحی ڕێبەرانیان بێت. حیزبەکان لە راستیدا بوون بە قوربانیی ئەم جۆرە هیوایەتانەی کە لە نێو ڕێبەرانیان دایە. ئەمەش خاڵێکە کە بە بڕوای من جێگەی ڕەخنەیە. ئێمە دەبێ ڕێبەران و تێکۆشەران و سەرکردایەتیی حیزبەکانمان وا لێ بکەین کە لە خزمەت بزووتنەوەکەدا بن، خۆیان بکەن بە قوربانی، بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە یەکگرتوو بێ و گەشە بکا، نەک بە پێچەوانە بزووتنەوەکە لەت لەت و پچڕ پچڕ بێ و ببێتە قوربانیی (ڕێبەران) بۆ ئەوەی ئەوان ڕاحەتتر حیزبایەتی بکەن. ئەم(دیاردە)یەش وەکوو واقیعێک دەبێ ببینین.
ئەگەر دەمانەوێ خەباتێکی کارا بکەین، دەبێ ئەم جۆرە ئیشکالاتە ببینین، دان بەوە‌دا بنێین کە چەندە وزەمان، توانامان و کاتمان لەم جۆرە ململانێ ناسالمانە‌دا ڕۆیشتوە. کاتێکیش باسی ناکارایی دەکەین و دەڵێین پێویستە کاراتر بین، دەبێ قبووڵی بکەین ئەو وەزعیەتەی هەیە: یەکنەگرتن، یەکتر تەحەممول نەکردن، دژایەتیی یەکتر کردن، دوورکەوتنەوە لە واقعی نێو کۆمەڵگەکەمان و … ، ئەمانە وایان کردوە بزووتنەوەی کورد سەرەڕای ئەو هەمووە خوێنەی کە داویەتی و ئەو هەمووە قوربانیەی کە پێشکەشی کردوە، کاراییەکەی کەم بێتەوە.

چەند نموونەیەک لە ناکارایی ئەمڕۆی بزووتنەوەی کورد
کە باس لە ناکارایی دەکەم مەبەستم “بالفعل”(لە ئێستادا) ئەم ناکارامەیی و ئەم کەم‌کاریگەرییە هەیە، ئەگینا ئەگەر “بالقوە”(لە درێژخایەن)‌دا چاوی لێ بکەی، بە هۆی ئەو پاشخانە مێژووییەی ئەو بزووتنەوەیە هەیەتی، بە هۆی ئەو ڕیشە قووڵەی لە نێو کۆمەڵگەدا هەیەتی، سەرمایەیەکی زۆر گەورەی هەیە. ئەگەر بتوانێ بە سەر ئەو کێشانەی خۆیدا زاڵ بێ، دەتوانێ شتی زۆر گەورە بکا. با وەک نموونە هێندێک لەو ناکاراییە لە وەزعیەتی ئێستادا باس بکەین:

لە بواری پێشمەرگایەتیدا
ئەم ڕۆژانە کە لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو خۆپێشاندانانە هەبوون، زۆر کەس چاوەڕوان بوون کە هێزی پێشمەرگە فریای خەڵک کەوێ. دیارە ئێمە خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خەڵک بێنە سەرشەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕن، خەباتی هەموو حیزبەکان بۆ ئەوەیە. دەی ئەگەر ڕۆژێک خەڵک هاتە سەر شەقام و سینگی بە گوللەوە نا، کاری حیزبەکان چییە؟ بە بڕوای من ئەگەر حیزبەکان یەکگرتوو بان، ئەگەر هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوویان هەبا، ئەگەر تەرح و پلانیان هەبا -ڕەنگە هەموو کاتێک گونجاو نەبێ بۆ ئەوەی بە شێوەی پێشمەرگانە بێنە مەیدان- بەو حاڵەش هێزی پێشمەرگە(ی یەکگرتوو) دەیتوانی باشترین نوقتە قووەت بێ بۆ حاڵەتێکی ئاوا، بەڵام وا نەبوو. هەمووی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە هەلومەرجە سیاسیەکە ئامادە نەبوو. خودی نائامادەیی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەشیان بۆ خۆی یەکێک لە هۆکارەکانە. وای دادەنێین بۆ ئێستا هەلومەرجەکە لە باری سیاسییەوە ئامادە نەبوو، ئەگەر سبەینێ لە باری سیاسییەوە هەلومەرج ئامادە بوو، بەڵام لە جیاتی یەک هێزی پێشمەرگە چەندین هێزی پێشمەرگە هەبوو، هێزە پێشمەرگەکانیش هەموویان لەگەڵ یەکتر لە ڕەقابەتدا بوون، ئامادەی هاوکاری لەگەڵ یەکتر نەبوون، فەرماندەیی هاوبەشیان نەبوو، دیسان ناتوانێ کاریگەر بێ. ئەمە یەکێک لە نموونەکانی ناکاراییەکانە.

لە بواری دیپڵۆماسییەوە
کەمترین ئەرکی ئێمە حیزبەکان ئەوە بوو لە بارودۆخێکدا کە خەڵکەکەمان بەو پەڕی بێڕەحممیەوە سەرکوت دەکرا، کاری گەورەی دیپڵۆماسی بکەین. بەڵام ئێمە نەمانتوانی کاری گەورەی دیپڵۆماسی بکەین. لەگەڵ ئەوەی (ڕێژیمی)ئێران گەمارۆی ئابووری و سیاسیی لە سەرە، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کێشەی هەیە،-کە هەمووی ئەوانە زەمینەی چاکن بۆ کاری دیپڵۆماسی- ئێمە نەک هەر ئەمساڵ و ئەم ڕۆژانە بەڵکوو لە چەند ساڵی ڕابردوو‌دا کە سوپای پاسداران وەکوو هێزێکی تیرۆریستیی ناسراوە، کە ڕێژیمی ئێران تەحریمی لە سەرە، کە هەلومەرجێکی نێودەوڵەتیی باش ئامادە بووە، بەڵام وەکوو حیزبەکان نەمانتوانیوە کارێکی دیپڵۆماسیی ئەوتۆ بکەین کە بتوانین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەڵکی ئێران و لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ فشار خستنە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاودەنگ بکەین؟ هۆیەکەی چییە کە نەمانتوانێوە؟ هۆیەکەی ئەوەیە هەر حیزبێک هەوڵ دەدا بۆ خۆی (بە تەنیا) پارتنێرێک ببینێتەوە و پێوەندیی پێوە بگرێ، نەک بە هاوبەشی بچین کاری دیپڵۆماسی بکەین. سروشتییە ئەگەر وەکوو تیمێکی یەکگرتووی دیپڵۆماسیی کوردی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی ئەوێ بچی کاری دیپڵۆماسی بکەی، ڕوو لە هەر دەرگایەک بکەی زۆر چاکتر بە دەنگتەوە دین، قسەی زۆر کاراتر و کاریگەرترت دەبێ. بەڵام کە هەر کەس بۆ خۆی و لە ڕەقابەت لە گەڵ ئەوەی دیکەدا هەوڵی دا، ئەمە تەنیا لە کارایی ئەو کارە دیپڵۆماسیانەی ئێمە کەم دەکاتەوە.

لە بواری راگەیاندندا
ئەو ڕۆژانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان چاوەڕی بوون بزانن کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ڕادەبرێ؟ لەو شارانە کە خۆپێشاندان هەیە و خەڵک سەرکوت دەکرێ(چ باسە)؟ ڕاستە کە هەڵبڕینی ئەنترنێت بۆخۆی یەکێک لە هۆکارەکان بوو، بەڵام حیزبێک کە لە نێوکۆمەڵگە‌دا ئەو هەمووە خەڵکەی هەیە دەبوایە زۆر لەوەی دیتمان زیاتر توانیبای زانیاری وەدەست بینێ. یا ئەگەر وەدەستیشیان هێناوە نەیانتوانێوە سەرنجی دنیا بۆ لایان ڕابکێشن. هێندێک ڕێکخراو یا هێندێک چالاکی مافی مرۆڤ لەو ماوەیەدا لە وەدەستهێنانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە قوربانییەکان و گیراوەکان لە حیزبەکان کاریگەرتر بوون. دەبێ قبووڵ بکەین ئێمە وەک حیزبەکان بە عام نەمانتوانێوە بەو جۆرەی پێویستە وەدەست بێین بۆ داکۆکی لە خەڵکەکەی خۆمان، بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئاگاداریی ورد لە ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە سەرکوتی خەڵک ، بۆ ئەوەی بیانگەیەنین بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

کەمتەرخەمی لە ئاست کۆمەڵێک کەیسی گرنگ
زۆر کەیس هەن، کەیسی مافی مرۆڤ، کەیسی تیرۆر، کەیسی کوشتاری بە کۆمەڵ، کە هی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بۆ وێنە کەیسی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی و چەندین ئێعدامی بە کۆمەڵی دیکە، بە دەیان کەیسی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک لە گوندەکان هەیە بە تایبەتی لە پارێزگەی ورمێ، لەو ناوچانەی کە کورد و تورک لە دراوسێیەتیی یەکتردا دەژین، بە دەیان قەتلوعامی خەڵکمان هەن کە تا ئێستاش ئەو کارەی پێویستە لە بارەیان نەمانکردوون. کەیسی تێرۆری ڕێبەرانمان هەن، کاری پیویستیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەسەر نەکراوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جۆراوجۆر ڕێبەران و تێکۆشەرانی لێ تیرۆر کردووین. بەڵام ئایا ئێمە توانیومانە یەکێک لەوانە بکەین بە کەیسێک کە سەرنجی دنیای بۆ لای ڕابکێشین و بتوانین جۆرێک هاودەنگی و پشتیوانیی ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ بەرگری لە کورد و بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسانە و بۆ مەحکوومکردنی ئەو کەسانەی لەو تاوانانەدا دەستیان هەبووە، وەدەست بینین؟ بە داخەوە نەماتوانێوە. ئێمە دەبێ قبووڵ بکەین ئەوانە کەموکووڕیی بزووتنەوەکەی ئێمەن و ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە بتوانێ بە سەر ئەو کێشانەی خۆی‌دا زاڵ بێ، دەتوانێ کاری زۆر گەورە بکا.

ئەو گرفتانەی پێویستە ڕەخنەیان لێ بگرین و چارەسەریان بکەین
ئەگەر بمانهەوێ بە عەقڵیەتێکی نوێوە بزووتنەوەی کورد بەڕێوە بەرین و خۆمان ڕێک بخەینەوە، پێش هەموو شتێک دەبێ زۆر واقعبینانە سەیری ئەو ڕابردوویەمان بکەین. دەبێ بە دیدێکی ڕەخنەگرانە ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە. وێرای دیتنی شانازییەکان و خاڵە بەهێزەکانمان، دەبێ کەموکووڕییەکانی خۆمان ببینین. کە کەموکوڕییەکانیش دەبێنین دەبێ لە زۆر بوار‌دا ڕەخنە لە خۆمان بگرین. بۆ وێنە ڕەخنە لە بەرچاوتەنگیەکانمان -حیزبێک بەرامبەر بە حیزبێکی دیکە- یا یەکتر تەحەممەل نەکردنەکانمان، بگرین. ڕەخنە لەوە بگرین کە ئامادە نەبووین بە یەکەوە کاری گەورە بکەین. ڕەخنە لەوە کە نەمانتوانێوە وێک هەڵکەین و تەحەممولی بیروڕای جیاواز بکەین. ڕەخنە لەوە کە کێشەکان زۆر زوو ململانێی ناسالم لەگەڵ یەکتر و ئینشعابات و لێکدابڕانیان لێ کەوتووەتەوە.
ڕەخنە لە خۆمان بگرین کە بێ بەرنامە و بێ پلان بووین لە زۆر کاتدا. زۆر جار دەرفەتی باش ڕەخساوە بەڵام چونکە خۆمان بۆ ئامادە نەکردوە، چونکە بەرنامە و پلانمان نەبووە، دەرفەتەکانمان لەدەست چوون. با ڕەخنە لەوەش بگرین کە بە لێشاو خەڵکمان لە خۆمان تاراندوە. هەر حیزبێک قامکی لەسەر دادەنێی چاو لێ بکە بزانە ئەو خەڵکەی لێی ناڕازییە و لێی دڵسارد بووەتەوە، پترە یا ئەوەی لە گەڵیەتی؟ ئەمە یانی چی؟ مانای ئەوەیە ڕاستە حیزبەکان کێشە و گرفتاری و هەلومەرجی سەختیان هەبووە و هەموو کەس نەیتوانێوە (بەرامبەر سەختییەکان) دەوام بێنێ، بەڵام ئەو ڕاستیەشی تێدایە کە حیزبەکان ئەو هونەرەشیان نەبووە خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆیان ڕابگرن.
با ئاماژە بە ڕاستییەکی گرنگی دیکەی جێی ڕەخنە بکەم. هەر حیزبێک کۆمەڵە خەڵکێکی کە بە دەوروبەرەوەیەتی بە هی خۆی دەزانێ، بەڵام لەنێو کۆمەڵگە‌دا زۆر خەڵکی دیکە هەن کە دروستە ئەندامی ئەم حیزب یا ئەو حیزب نین بەڵام سەرمایەی ئەو کۆمەڵگەیەن. دەتوانن چاو لی بکەن لە نێو ڕاگەیەنە فارسی زمانەکاندا، لە نێو ڕاگەیەنە بیانییەکاندا، لە کۆڕ و کۆمەڵی مرۆڤدۆستدا، دەیان چێهرەی کورد هەن (کە جێگەی هیوان). حیزبەکان چەندە توانیویانە ئەو کەسانە بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، لە فکرەکانیان سوود وەربگرن، کەلک لە پشتیوانییان وەربگرن و بۆ خۆشیان ببنە پشتیوانیان؟ ئەمەش یەکێک لەو کەموکوڕییانەیە کە جێگەی ڕەخنەیە و بە داخەوە بەو شێوەی پێویستە نەماندیتوە.
کە باس لە کەموکوڕییەکانی خۆمان دەکەین، دەشبێ ڕەخنە لە نامودێڕنبوونی تێکنیکی خۆمان، تێکۆشانی خۆمان و کاری خۆمان بگرین. دەبێ قبووڵ بکەین کە لە سەردەمیک داین دەبوایە لە زۆر بارەوە تێکنیکی کاری ئێمە و تێکۆشانی ئێمە لە گەڵ سەردەمی ئەمڕۆ و پێویستییەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بگونجێ.
سروشتییە ئەگەر ئێمە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە ئاوڕمان لەو ڕابردووە داوە و قبووڵمان کرد کە ئەوانە هەموویان کەم و کووڕین، قبووڵمان کرد ئەگەر ئەو کەموکوڕییانە نەبوایەن کاری بزووتنەوەی کورد لە جێیەکی دیکە دەبوو، دەبێ ئەو ئازایەتییەشمان هەبێ دان بە بوونیان دابنێین. هەوڵیش نەدەین هەر لایەنەکانی دیکەی تێدا خەتابار بکەین و خۆمان نا. کە باس لە کێشەیەک بۆ وێنە شەڕی نێوخۆیی دوو لایەنی کوردی دەکرێ، بەوە ناتوانی دەرس لەو ڕابردوویە وەربگری کە بەرامبەرەکەت خەتابار و مەحکووم بکەی و هەر خۆت بە حەق بزانی. ئەو مەسەلانە بەوە چارەسەر نابن کە هەموو حەقەکە بە خۆت بدەی. دەبێ قبووڵ کەین کە هەمووانمان هەر یەکەی بەپێی بەرپرسایەتیمان، چ وەکوو لایەنی سیاسی، چ وەک کەسێک لە نێو حیزبێک‌دا، لەو ڕابردوویە بەرپرسین. ئەگەر ئاوا بیر بکەینەوە، ئەو کات ڕێگە خۆش دەبێ بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەشت بەرپرسایەتی بگرێتە ئەستۆی خۆی.

بۆ ئەوەی ئەم ڕابردووە دووپات نەکەینەوە:
بۆ چی ئاوڕ لەو ڕابردوویە دەدەینەوە؟ بۆ ئەوەی دەرسیان لێ وەربگرین و بۆ ئەوەی دووپاتیان نەکەینەوە. بۆ ئەوەی ئەو ڕابردوویە دووپات نەکەینەوە دەبێ کۆمەڵێک کار بکەین کە دەتوانن ئیعتیباری حیزبەکان هەستێننەوە و بزووتنەوەی کورد بکەنە هێزێکی زۆر کاریگەرتر لە ئێستا بە جۆریک کە بتوانێ لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا چالاکتر وەدەست بێت و نەخشی گەورەتر بگرێتە ئەستۆی خۆی.
دوای ئەو خەسارناسی و بەخۆداچوونەوەیە و ئەو ڕەخنە لەخۆگرتنانە کە ئەمە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و، بێ ئیستیسنا هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە، پێویستە هەوڵی یەکگرتن و یەکگرتنەوە بدرێ. هێندێک لەو حیزبانە بۆ وێنە دوو لایەنی دێموکرات، ئەگەر بەم شێوە ڕەخنەگرانەیە ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە، وا نییە نەتوانین بە یەکەوە کار بکەین. ئەگەر بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەکەین بە قوربانیی بەرژەوەندی چەند کەسێک لە نێوخۆماندا، بۆچی ناتوانین یەک بگرینەوە؟ ئایا ئێمە کێشەی ئاوا گەورەمان هەیە کە نەتوانین یەک بگرینەوە؟ بەڵام کە بە دەمارگرژییەوە ئاوڕمان لە ڕابردوو دایەوە، هەرچی بەرامبەرەکەت کردوویەتی بە مەحکوومی بزانی و هەر چی بۆ خۆت کردووتە پێت حەق بوو، ناگەیە هیچ نەتیجەیەک. ئەگەر قبووڵمان کرد کە ئێمە هەموومان نەخشمان هەبووە لەو کێشە و کەموکووڕییانەدا و دەبێ دەرسیان لێ وەربگرین، ئەگەر لە زۆر بەرژەوەندەی شەخسی و گرووهی و تەنانەت حیزبی، خۆش بین و مەسڵەحەتی گەورەتر لە بەرچاو بگرین، بەڵی ئیمکانی ئەوە هەیە. من کە باسی دوو لایەنی دیموکرات دەکەم، لەوانەیە بۆ لایەنەکانی کۆمەڵەش هەر بەم شێوەیە بێ و زەمینەی ئەوەیان تێدا هەبێ کە یەک بگرنەوە.
خودی یەکگرتنەوەی هەر توخمێک لەو لایەنە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەک دەکا بە یەکگرتنی گەورەتر. تازە ئەم لایەنانە ئەگەر نەشتوانن یەک بگرنەوە، لانیکەم دەبێ ڕێخۆشکەر بن بۆ هاوکارییەکی گەورەتر. گرنگ ئەوەیە لە ئاکامی ئەو چاوخشاندنەوەیە بە ڕابردوو و ئەم ڕەخنە لە خۆگرتنانە‌دا زەمینەیەک پێک بی کە هاوپەیمانییەکی سیاسیی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست ببێ. هاوپەیمانییەک کە حیزبەکانی تێدا بن و بشتوانێ ببێتە چەترێک بۆ ئەوەی زۆر بەشی کۆمەڵگە کە لە خەبات و تێکۆشاندایە، زۆر کەسایەتی و مرۆڤی چالاک کە لە بواری مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزی، ئاکادیمی و بواری جۆراوجۆری دیکە‌دا حوزوور و کاریگەرییان لە سەر بزووتنەوەی کورد هەیە، بێنێتە ژێر چەتری خۆی.
کاتێک توانیمان هاوپەیمانییەکی وا دروست بکەین، سروشتییە کە دەبێ تەرح و بەرنامە و پلاتفۆرممان هەبێ بۆ ئەوەی لەسەر هەر قۆناغێک کە دێتە پێشمان، کاریگەریمان هەبێ. بیر لەوە بکەینەوە کە هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوومان هەبێ، بیر لەوە بکەینەوە کە ناوەندێک و تیمێکی دیپڵۆماسیمان هەبێ کە هی هەموو کوردی ڕۆژهەلات بێ نەک هی تاکە حیزبێک. بیر لەوە بکەینەوە کە ڕاگەیاندنێکمان هەبێ کە بتوانێ دەنگی ئەو میللەتە بگەیەنێ. ئێوە دەزانن ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گەڵ ئەوەی زۆربەی حیزبەکان تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەندەی خەڵکەکەمان بەردەنگی ڕاگەیەنی غەیری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەوەندە بەردەنگی راگەیەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین. خەڵکی ئێمە چاو و گوێ و عەقڵی خۆی سپاردوە بە راگەیەنەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و ڕاگەیەنە غەیرە کوردییەکان. لە حاڵیک‌دا دەبا گوێگری ڕاگەیەنی حیزبەکانی خۆی بێت. دیارە ڕاگەیەنی خۆیی نەیتوانێوە ئەوان ڕازی بکا جا لە ڕووی تێکنیکی بێ یا لە ڕووی بەرنامە و نێوەرۆکەوە، بۆیە گوێی لێ ناگرێ.
ئەگەر بتوانین لە ئاکامی ئەو ڕەخنە لە خۆگرتن و بە خۆداچوونەوەیە ئەو هەلومەرجە پێک بێنین کە حیزبەکان بە عەقڵیەتێکی دیکەوە دەست بکەن بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر، دەست بکەین بە دروستکردنی هاوپەیمانەتییەک کە تەرح و بەرنامەمان هەبێت بۆ داهاتوو، دەتوانین هاوکارییەکی بەرینتر لە ئاستی ناوچەیی و دنیادا بۆ لای بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕابکێشین. دەتوانین بە قازانجی کوردی ڕۆژهەڵات کاری زۆر گەورە بکەین. لەگەڵ بەرامبەرەکانمان بە هێزەوە قسە بکەین. ئێستا زۆر لە حیزبەکان و زۆر کەسایەتیی نێو حیزبەکان بە تەنیا هەوڵ دەدەن پێوەندی لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بگرن. بەڵام ئێمە دەزانین ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سبەینێ کە بە دەسەڵات بگا، ئەگەر حیزبە کوردییەکان یەکگرتوو نەبن و بەو مەرجەی بزووتنەوەی کورد بە هێزەوە بەرەوڕووی نەبێتەوە، شتێکی وای جواب ناداتەوە. ئەوە بە نیسبەت دەوڵەتی ناوەندییش وایە. هەر ئێستا دەوڵەتی ناوەندیی ئێران ئەگەر لە ئاکامی ئەو بارودۆخەی کە هەیە، بیهەوێ بە ڕێگای ئاشتیخوازانە مەسەلەی کورد چارەسەر بکا، هیچ حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاقی تەنیا ناتوانێ لە گەڵی ڕێک کەوێ. چونکە حیزبەکانی دیکە زۆر هاسان دەتوانن نەتیجەی ڕێککەوتنەکەی لێ بکەنەوە هیچ و، جگە لە بەدناوی هیچی دیکەی بۆ نامێنێتەوە. بە تایبەتی کە ئێمە لە هەلومەرجێکدا نین کە هیچ حیزبێک ئەوەندە بە هێز بێ کە بتوانی بە بێ حیزبەکانی دیکەش خاوەندارێتیی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا.

دەرئەنجام:
وەک حیزبەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستمان بەوە هەیە دەرس لە ڕابردوومان وەربگرین و، ئەو بوێرییە و ئەو ئازایەتییەمان هەبێ کەموکوڕییەکانی ڕابردوومان ببینین. لە سەر ئەساسی ڕەتکردنەوەی کەموکوڕییەکانی ڕابردوو، لە سەر بناغەی دەرسوەرگرتن لە ناتەبایی و لەو هەمووە وزە و سەرمایەی لەو جۆرە ململانییانەدا بە زایەمان دا، لە ئاکامی دەرسوەرگرتن لەو کەمتەرخەمییانەی بوومان، پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەلاتدا بکەینەوە. ئەم لاپەڕە نوێیە بە یەکتر قبووڵکردن، بە پشت پێک بەستن، بە هاوکاری و هاوخەباتی لەگەڵ یەکتر، بە کراوەبوون بەرامبەر ڕەخنە و ناڕەزایەتییەک کە تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی بەرەوڕووی حیزبەکانی دەکەنەوە، دێتە بەرهەم و، بە دڵنیایەوە دەتوانێ چارەنووسساز بێ.
ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە، ئەگەر سەیری ئەدەبیاتیتان کردبێ، گوێتان لە لێدوانی ڕێبەرانی گرتبێ، دەتوانم بڵێم بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن، بۆ داننان بە کەموکوڕییەکانی ڕابردوو، بۆ گویگرتن لەم جۆرە رەخنانە، لەو ١٢-١٠ ساڵەی دواییدا لە حیزبەکانی دیکە ئازایانەتر دەرکەوتوە. بەڵام لە هەر حاڵدا من ڕووی قسەم تەنیا لە یەک لایەن نییە. بە گشتی دەبێ ئێمە وەک حیزبەکان قبووڵ بکەین بەرەوڕووی ئەو ڕەخنانەین. لە هەلومەرجی ئێستا و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ و لەم بڕگەیەی مێژوودا، ئەگەر ئەم ڕاستییانە نەبیسین، ئەگەر ئەم کەموکووڕییانەی خۆمان نەبینین و هەوڵی چارەسەرکردنیان نەدەین، بە دڵنیاییەوە داهاتووشمان دەبێتەوە دووپاتکردنەوەی ئەو ڕابردوویە، دەرفەتەکان لە دەست دەچن و خەڵکی کوردستانیش نامانبوورێ.

* ئەم بابەتە دەقی ئەو قسانەیە کە ڕۆژی ١٤ی دیسەمبری ئەمساڵ لە سمینارێکدا بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز (ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگە)، لە شاری کۆپێنهاگن لە وڵاتی دانمارک پێشکەشم کردن. ئەم باسە تەنیا پێشەکییەکەی لێ لادراوە و لە ڕووی ڕێزمانییەوە بۆ بڵاوبوونەوە بە شێوەی نووسین ئامادە کراوە.