نەسرین ( بەشی یەک، دوو و سێ) نووسینی: سەلاح پوورئەسەد

ھەر چەند عادەتیان بە گوند گرتبوو، لەوێدا چاویان کرابۆوە و بە بۆنی بزن و مەڕ و مانگا ڕاھاتبوون و لە بەھار دا بە بەرامەی وێنجە و شەودێر و گوڵ و گژ و گیای بۆن خۆش بەرەو پیری کاری تاقەت بڕێ ھاوینی گەرمەوە دەچوون تا بتۆانن لە پاییز و زستانە دوور و درێژەکان خۆ ڕاگرن و بەھارێکی دیکە دەست پێ بکەنەوە.

نەسرین، چوارەم منداڵ و پاشەبەرە بوو. دوو برا و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری ھەبوو. ئەوان دوای ٥ ساڵ خوێندن وازیان لە مەدرەسە ھێنا و بۆ پەیدا کردنی نانی نەمر و نەژی ملیان لە بەر ملی کار نا، تا بتۆانن بمێنن.

تەنیا نەسرین لە قوتابخانە مایەوە و حەزێکی زۆری لە خوێندن بوو. ئەو مانە مانای ژیان نەبوو. ئەوان لە مانای ژیان نەدەگەیشتن. تێشگەیشتبان، نەیان دەتۆانی بیگۆڕن. دەبوو بەو بەشە ڕازی بن کە بە وتەی باوکیان لە لایان خواوەندی مەزنەوە بۆیان دیاری کراوە. باوک و دایکی منداڵەکان دوای تەگبیر و ڕایەکی دوو قۆڵی ھاتنە سەر ئەو بڕیارەی کە ماڵەکەیان ببەنە شاری سەقز و لەوێ دەست بە کاری کرێکاری بکەن و بە ھاوکاری دوو کوڕەکەی بەشکم ژیانیان بگۆردرێ.

قاوڵتوونێکی ڕۆژێکی نێوەڕاستی پاییز، ماڵەکەیان لە ماشێنێک بار کرد و بەرەو شار شۆڕ بوونەوە. تەواوی خەڵکی گوند بۆ بەڕێ کردنیان ھاتبوون. پاش ماڵ ئاوایی و گریان و داخی لێک دابڕان، ماشێن لە شوێنی خۆی ھەڵکەندراو و ڕێگای شاری گرتە بەر. تەنیا ئاسەواری بە جێماو، ئەو تەپ و تۆزە بوو کەماشێنەکە وەک تارماییەک لە پاش خۆێ بە جێی دەھێشت.

ھەر چوار منداڵەکە لە پشتەوە دانیشتبوون و خۆیان بە ئاسنی قەراغ ماشێنەکەوە نووساندبوو ، ھەر چەند سەرما ئازاری دەدان بەڵام پڕ بە چاویان لە دەور و بەریان دەڕۆانی و ماڵ ئاواییان لە زێدی ھەمیشەیی دەکرد و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، ژیانی ڕابردوویان وەرد دەدایەوە. سەر و چاو تۆزاوی. جل و بەرگ تۆزاوی. فرمێسک و تۆز تێکەڵ ببوون و شتێکی وەک قوڕی لە سەر کوڵمەیان دروست کرد بوو. زیاتر وەک مشکێک دەچوون کە لە جەواڵی ئارد کەوتبێتن.

ھەوا سارد ، کۆڵان سارد، شار سارد و دڵی نەسرین و بنەماڵەکەیان سارد وسڕ. لە کۆڵانێکی تەنگەبەر دا ماشێن ڕاوەستا و شت و مەکەکانیان ھێنایە خۆار و لە مالێکی سێ وەتاغی کۆنیان پەستاوت. لێرە نە ھاوڕێ یان ھەبوو، نە خزم و نە دۆست.
نەسرین ( بەشی ٢)
دەر و جیران ماڵە تازە ھاتووەکەیان بە خێر ھێنا و لە ئامێزی گەرمی خۆیانیان گرتن. ھێشتا دڵیان بۆ گوند و ساکارییەکانی لێی دەدا. ژنەکان بیری سەرکانی ژنان و باسە ڕۆژانەکان کە لە چۆار چێوەی گوند تێ نەدەپەڕی دەکرد. پێاوەکان، کۆبوونەوەی مزگەوت و نێو کۆڵان و قسە خۆشەکانی ھاو تەمەنەکانیان دەھاتەوە بیر.

لێرە لەو شارە ھەزاران کەس دەژین، کەس کاری بە سەر کەسەوە نییە. مێرولە ئاسا لە جووڵە دان. ھەر لە بەرە بەیانەوە تا درەنگانی شەو، ھەر ھاوار و ھەرایە. خەڵک بە دوای بژیوی ژیانەوە وێڵن. لێرە لە جووڵە بکەوی مردووی. ئەو ساڵە نەسرین نە چووە قوتابخانە.ساڵی داھاتوو باب و دایکی لە مەدرەسەیەکی کچانەی دوا ناوەندی ناویان نووسی. بە ھۆی کار و باری باوک وبراکانییەوە ژیانیان ئاڵ و گۆڕێکی بە سەر دا ھاتبوو.

ساڵ ھاتن و ساڵ چوون. ھەم بڕاكانی و ھەم خوشكەكەی نەسرین ، ھەر کەسەو ژیانی خۆی پێکەوە نا. باوکی ببوە خاوەنی دوکانێک لە بازاڕێکی پڕ ھاتوو و چۆێ شارەکە دا و ماڵەکەیان گوێستبۆوە شوێنێکی باشتر. نەسرین چەند ھاوڕێی پەیدا کرد بوو، ئاخرین ساڵەکانی خوێندنی دوا ناوەندی تێپەڕ دەکرد، کە دەنگی ناڕازی بوون لە سیستمی حکومەتی ئێران بەرز دەبۆوە. مەودای بیر کردنەوەی بەر بڵاو ببوو. ئێستا تا ڕادەیەک دەیزانی کە شۆڕشی کوردان بۆ سەر نەکەوتووە، ئەگەر تا ماوەیەک لەوە پێش بە سرتە گۆێی لە ناوی قازی وموعینی و شۆڕش و کوردایەتی ببو. ئێستا بە ھۆی خوێندنەوەی زۆر سەرەڕای تێگەشتنی قووڵ لەو باسانەی سەرەوە، دەیزانی سوسیالیزم و مافی ژنان و ناخی مروڤەکان لێکداتەوە.

ئاخر ساڵەکانی خوێندنی دوا ناوەندی بوو. کە باشتر مێژووی شارەکەی خۆی بۆ ڕوون ببۆوە کە ئەو شارەی تێدا دەژیا مێژوییەکی کۆنی چەندین دەھەزار ساڵەی ھەیە و لە سەر دەمی مادەکانەوە ئاوەدانی تێدا پەیدا بووە و ناوەکە لە ساکزەوە بۆ سەقز گۆڕدراوە و لە دەورانە کۆنەکانەوە شوێنی ھاتوو چوێی بازەرگانەکانی موسڵ و تەورێز و ھەمەدان بووە. نەسرین زستانە ساردەکانی شاری سەقز و ڕۆژە گەرمەکانی ئەو شارەی لێک گرێ دەدەا و جەستە و بیر و مێشکی گەورەتر دەبوون.

نەسرین (بەشی٣)
ئاخرین ڕۆژەکانی ھاوینی ساڵی ١٣٥٧، یەكەم خۆ پێشاندانی سەقزییەکان بوو. نەسرین لە ناو ئاپۆڕای قوتابیەکان و خەڵک دا بوو. مست و دروشمی دژی دەسەڵات تێکەڵ ببوون. ھەرا و بژێ و بمرێ، زۆربەی لاو و خۆێنگەرم ، قوتابی زانکۆ یان دوا ناوەندی بوون. دوکاندار و بازاری بە ترسەوە چاویان لێ دەکردن، حاجی و سەید و مەلا، لە ژێر لێویانەوە بێ ئەوەی کەس لێیان تێ بگا لە بەر خۆێانەوە ورتەیان دەھات.

ئەو کاربەدەستانەی دەستیان بە دەمیان ڕادەگەیشت، سەریان لێ با دەدان. گرژی و تەقە و ڕاکردن، ڕاکردن و ترس و بۆنی باڕووت. جنێو و بەردە فڕکە. دەرگای ماڵان بە ڕووی خۆ پێشاندەرە لاوەکان دا لە کۆڵانە تەسکەکانی نزیک شەقام بۆ پاراستنیان کرا بوونەوە. نەسرین ماندوو و شەکەت، ھیلاک و تیینوو، لێو ویشک و ترس ڵێ نیشتوو لە پاڵ لاوێکی جۆان چاک و باڵا بەرز دا خۆی دێتەوە کە ئەویش بۆ جێگایەکی پەسیوو دەگەڕا. لە تەنیشت یەک و شان بە شان. ھەناسە بڕکەی یەکتریان دەبیست. ھەر دووک ویستیان خۆیان ئارام و ئازا نیشان بدەن، کە دەنگی خاوەن ماڵ کە ژنێکی خوێن شیرینی ٣٥ ساڵە بوو وە فریایان کەوت کە ھەر دولا ڕوو لە ژنە بکەن و خۆێان لەو گرفتە دەرونییە ڕزگار بکەن. ورنە ژورەوە باوانەکانم، با نەتانگرن.

دەنگی تەقە ھەر دەھات کە ئەوان چوونە حەوشەی ماڵەكە. خاوەن ماڵ بە گەرمی بە خێر ھاتنی کردن و لە سەر سینی یەک دوو پەرداخ ئاوی بۆ بردن. لە یەک کات دا ھەم نەسرین و ھە کوڕە لاوەکە کە پاشان دەرکەوت ناوی ناسرە دەستیان بۆ پەرداخە ئاوەکان برد و شەرمنانە نێگایان تێک ھاڵا. چاو بە چاو وڕوو بە ڕوو. تا ئەو کات ئاوا بە جۆانی یەکتریان نەدیبوو. ناسر لاوێکی خوێن گەرم و لە بەر دڵان ڕێشە کەمەکەی سەر چەناگەی و چاوە گەورەکانی بەشێکی زۆری دەم و چاوە خڕەکەیان داگیر کرد بوو. نەسرینیش، جوان و پاک و خاوێن کەڵەگەت و شیرین گوفتار. ھەر ئەو ساڵ خۆازبینی زۆری ھەبوو. بە ھیچیان ڕازی نەبوو، دەیگووت دەرس دەخوێنم و دەچمە زانکۆ. مامۆستای قوتابخانە، فەقێ و مەلا، پاسەبان و دوکاندار، ئاغا و ڕەعییەت ھاتببونە داوای و ھیچیانی بە دڵ نەبوو.

کچە جوانەکە دە ھەستە بێرە ژورەوە، چاییە بخۆن تا ئارام ئەبنەوە، دەنگی خاوەن ماڵ بوو کە ھەودای خەیاڵی نەسرینی پساند و سەری بەرز کردەوە. دەرفەتێک بوو بۆ ناسر کە باشتر ڕوخساری ببینێ. بە دەم چا خۆاردنەوە و قسە، ڕوون بۆوە کە ناسر لە زانکۆیە و لە تەورێز دەخوێنێت .

ئێوارە دەھات و شارەکە ئارام ببووە، دوکانەکان ھەر وا داخرا بوون. جار وبارە دەنگی ماشێنێکی سەربازی کە بەرەو سەربازخانە دەچۆوە بێدەنگی ئەو ئێوارە تەم گرتووەی دەشکاند. پولیس و سەرباز شەقەمەکانیان بە جێ ھێشبوو. خۆر بەرە بەرە خۆی لە چیا بەرزەکانی ناوچەی سەقز نزیک دەکردەو تا کار ئاسانی بۆ تاریکی شەو بکات و خۆی بۆ دەرخستنی ڕۆژی دوایی ئامادە بکا.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nasrin2.jpgنەسرین سەیرێکی سەعاتەکەی کرد کە وەک نەخشێک بە سەر دەستیەوە دیار بوو. زۆر درەنگە ئەشێ بڕۆم، دایک و باوکم نیگران ئەبن. بە بیانووی ماڵ ئاوایی چاوێکی لە دەورو بەری خۆی کرد تا ڕوخساری ناسر جۆانتر ببینێ. ناسر تا ئەو کات لە دەریای بێ بنی خەیاڵاتی دا نوقم ببوو. کاتێک سەر بەرز کردەوە کە نەسرین ئاخر قسەکانی لە تەک خاوەن ماڵ دا دەکرد. ھەستایە سەر پێ و بە شەرمەوە ، ناسر گوتی: منیش دەڕۆم، ئەگەر بە خراوی نەزانی تا نزیک ماڵەوەتان ھاوڕێیت دەکەم. بە باشی نابینم خاتوونێکی وەک تۆ بەو کۆڵانانە دا بە تەنیا بڕوا، بە تایبەت کە ھەوا خەریکە تاریک ئەبێ.

بەو قسەیەی ناسر، نەسرین وەک کەسێکی سەر لێ شێواو کە ناتۆانێ ساغ بێتەوە وە پەلەقاژە کەوت و لە ڕەستەیەک دەگەڕا کە جۆابی ناسر بداتەوە. لە حاڵێک دا سەر گۆناکانی سوور ببونەوە بە زەحمەت تۆانی چەند وشەیەک بۆ سوپاس کردن بێژێ کە خانمی خاوەن ماڵ وە فریای کەوت و لە پەسندی وتەکانی ناسر دا ڕووی لە نەسرین کرد و وتی، قەی چی ئەکا خوشکی خۆم، کاک ناسر کوڕێکی خاسە و باشەی تۆی ئەوێ. با تا نزیک ماڵەوەتان بێت. کۆڵان پڕە کە ئارەق خۆر و لات و پات.

( درێژەی ھەیە)

سەرچاوەی فەیسبووکی کاک سەلاح پوور ئەسەد