شەری تورکیە و ئێران لە دوورە دیمەنی ئاڵۆزیەکاندا! هاشم ڕۆستەمی

بێ گومان ئەم سەرتیترە لەم قۆناغەدا برێک نامۆ و چاوەروان نەکراو دێتە بەر چاو. بەڵام ئەگەر کەمێک بە پشوو درێژی تا کۆتایی ئەم وتارە لە گەڵم بی، هۆکارەکانی ئەم روانگەیەی خۆم بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک لێکدانەوە و ئاماژە دەخەمە روو.
دوای ئەوەی وەک هەنگاوی یەکەم شەر، کە لە وتارێکی کورتی دیکەدا، یەک دوو رۆژ بەر لە ئێستا ئاماژەم پێ کردوە، ئەمریکا توانی قاسم سڵێمانی “دووهەم کەسی” نیزامی کۆماری ئیسلامی و داینەمۆی میلیشیا شیعەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست لە نێو ببات و دواتر وەک “تۆڵە” ، ئێرانیش چەند موشەکێکی “بێ زیانی” ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و دوو شوێنی غەیرە نیزامیی لە هەرێمی کوردستان کرد، زۆر کەس و لایەن چاوەروان بوون کە دەستبەجێ ئەمریکاش وەڵام بداتەوە و بەو شیوەیە شەرێکی گشتگیر بەینی ئەمریکا و ئێران دەست پێ بکات. بەڵام وەک دەبینین نەک ئەمە رووی نەداوە، بەڵکو جۆرێک هێور بوونەوەش بە بار و دۆخەکەوە دیارە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە زۆر کەس سەرجەمی ئەو حەرەکەتانە بە سناریۆی لە پێشدا تەنزیم کرا بزانن و بێنە سەر ئەو بروایە کە ئیتر هەموو شتێک خەلاس و ئەمریکا ئاوێکی ساردی بە سەر دەستان دا کردن!
بەڵام خوێندنەوەی من رەوتی رووداوەکان جۆرێکی دیکەیە. من پێموایە دوای دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دوای موشەک بارانی بنکە سەربازیەکەی لە عێراق لە لایان ئێرانەوە، وێرای راوێژی نەرم و”ئاشتیخوازانە” لە سەرخۆتری بە نیسبەت رابردوو، بەڵام لە مەوزعی قودرەت و حیساب شوودەتر قسەی کرد. هەر دیمەنی دەرکەوتنەکە بۆ خۆی کۆمەڵێک پەیامی لە خۆ دەگرت. لە کاتی لێدوانە رۆژنامەوانیەکەدا کۆمەڵێک ژنراڵی ئەمریکا لە پشت سەرۆکی ئەمریکا دەبیندران، کە ئەمە نیشاندانی هێز بوو بە کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەمریکا مەبەستی بوون. لەم لێدوانەشدا وەک زۆر جاری دیکە و تەنانەت چەند رۆژ بەر لە کوشتنی قاسم سڵیمانیش، دۆناڵد ترامپ باسی لە ئاشتی و سازان کرد و وتی ئەوان تەنیا بە دوای گۆرانی رەفتاری کۆماری ئیسلامیدان.
هەر لەم لێدوانەدا سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە پێویستە هێزەکانی ناتۆ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا رۆڵی بەرچاوتر و کاریگەرتریان هەبێت.
ئەم قسەیەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و، هاوکات چالاکتر بوونی سکرتێری گشتی ناتۆ “یان ستۆڵتنبەرگ” لەم دوایانەدا و لێدوانی ناو براو سەبارەت بە دۆسیەی چەکی ئەتۆمی ئێران، ناکرێ لە خانەی یەک خستنی هێزەکانی ناتۆ بۆ دژایەتی ئێران پێناسە نەکرێن. بە تایبەتیش کە زۆر روون و ئاشكرا سکرتێری گشتی ناتوو باسی لەوە کرد کە دەڵێ هەموومان لە سەر ئەوە سوورین کە نابێ ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
لە پەنا یەک دانانی ئەو لێدوانانە و رەفتاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پشت گوێ خستنی هەنگاو بە هەنگاوی بەڵێنەکانی بەرجام و تەهدیدی وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیە سەبارەت بە ژێر پێ نانی بەڵێنەکانی رێک کەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لە لایان ئێرانەوە، بەرەو ئەو بؤ چونەم دەبەن کە لەمە بە دواوە، لەم تەنگژەیەدا، ئێران تەنیا لە گەڵ ئەمریکا تەرەف نابێ، بەڵکوو لەگەڵ سەرجەم زلهێزەکانی غەرب و بە تایبەت لە گەڵ ناتۆ رووبە روو دەبێ.
لەم گۆشە نیگایەوە، ئێران وێرای هەرەشە بێ بنەماکانی، لەگەڵ دوو گوزینەی چارەنووس سازدا بەرەو روو دەبێ، یەکیان مەرگی کت و پەر و ئەویتریان مەرگێکی هێواشترە. چوونکە رێژیم یا دەبێ شەر بکات و بە گژ هێزی بە هێزی ناتۆدا بچێتەوە، شەرێک کە هەر لە سەرەتادا دیارە چ ئاکامێکی بۆ دەستەڵاتی ئاخوند و پاسدارەکان بە دوادا دەبێ! یا دەبێ تەسلیم بێت و مل بۆ ویستەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بدات، بێ گومان ئەمریکاش ئەمەی پێ باشترە.
بەڵام ئەگەر هات و ئێران بە هەر هۆکارێک ملی نە داو و گوزینەی شەری خۆ کوژی هەڵبژارد، ئەوە لەم حاڵتەدایە کە تورکیەی رەجەب ئۆردوغانیش وەک حکومەتی ئاخوندەکان، دەکەوێتە دوڕیانێکی چارەنووس ساز. تورکیە ئەندامی ناتۆیە، لە ئەگەری شەری ناتۆ و ئێراندا، ناکرێ وڵاتانی ناتۆ لەگەڵ ئێران لە شەردا بن و ئەویش جوان جوان تەماشاچی بێت. کەوابوو وەک ئەندامی ناتۆ یا دەبێتە بەشێک لە شەری دژی ئێران، یا دەبێ لە ناتۆ بچیتە دەرێ. لەو حاڵەتەدا تورکیەش وەک حکومەتی ئاخوندەکان، داری دووسەر زێری بە دەستەوە دەبێ. تورکیە هەر ئێستا وێرای کێشە نێو خۆیەکانی هەم لە سوریە و هەم لە لیبیا لە بواری نیزامیشەوە دەرگیرە، جا لە ئەگەری شەری ناتۆ و ئێراندا، شەری ئێرانیشی دێتە سەر. شەرێک کە زۆرترین قورسایەکەی لە تورکیە دەبێ. چوونکە ئەوەندی بۆیان مومکین بێت، وڵاتانی غەربی بە مەبەستی پاراستنی رێرەوی کەشتی رانی و گواستنەوەی نەوت و وزە، نایانهەوێ شەرەکە بکەوێتە خەلیجی فارس. بەڵام تورکیە هەم وەک ئەندامی ناتۆ و هەم وەک درواسێی ئێران و بوونی مەرزێکی دوور و درێژی هاوبەش، دەىیتە مەیدانی هێزەکانی ناتۆ و لە ئەگەری شەردا قورسایی ئەسڵی لە سەر شانی تورکیەدا دەبێ.
ئەگەر ئەو شەرە روو بدات، کە روودانیشی ئەگەرێکی بە هێزە، کۆمەڵیک لێکەوتەی بە دوادا دێن کە دەبنە هۆی دارشتنەوەی سەر لە نوێی ساختاری رۆژهەڵاتی ناوەراست.