وەڵامێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان بۆ مەلا حەسەن نەسروڵلا

پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک .تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێرزەویەکان خۆت حەشار داوە ،کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێ دەکرێت.
ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو ، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر . لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سوپاسی هەموو کەسێکمان کردووە کە یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی کە گوایا نوێنەری ئێوە بووە و لە کاتی سەردانی بۆ لای سەرۆک بارزانی بەشدار بووە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لە گەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بوو، بەڵام لە بەرامبەر خۆراگرى و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەدا ،لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرد دا و خەونەکانیان لە گۆڕ نرا.
تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی ، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. سەرۆک بارزانی رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک زۆر لەوە بچووکتری ئەو زماندرێژییە بکەی.

د.جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/1/12