بۆ هاورێم؛ ڕامانی گەل. ن: نامۆ کوردستانی

تۆ نامری، هەروەکو چۆن دارستان و ئاوو بوونی مرۆڤ قەت نامرن. هەروەکو چۆن رۆڵەکانی رۆژگاری تاڵ وشێرن قەت نامرن. هەروەکو چۆن دەنگی ئازادی و بەهاری سەربەخۆیی قەت نامرێ.
“ئەوان” لە تۆ ترسیان هەبوو. چونکە “لە وەڵاتی کورتە باڵایان” یان دەبێ قاچەکانی مرۆڤی وەکوو تۆ ببرن تاکو باڵات وەکو “ئەوان” نزم ببێت، یانکو دەبێ سەری لادەن بەڵکو ئیتر سەوداسەری سەرهەڵدان و “ئازاد” نەبێت.
‌هاورێم ڕامان؛
تۆ بەربەستی، تۆ لەمپەری بەردەم رێگای “کوندەبۆیانی کەلاوەنشینی”،چونکە تۆ وەکو”سەدای”یەکەی ناو حەیرانی مامە خدری قادری بوی کە بەشوێن خۆیدا وێڵ بوو.تۆ لە کانگای ئەوینێکا هەڵقوڵیوی کە بۆتە ماکەی ئازادی. تۆ “ئازادی”.
ڕامانی گەل؛
تۆ نامری، تۆ رامانی گەلێکی زیندووی کە تازە ئیتر تێک ناشکێت، موڵکی ئەبەدی وەچەکانی لە دوای خۆتی، ئەتۆ مۆرک و هێمای نەتەوەێیەکی راساوی، ئەتۆ زمانی، زمانی هاواری ئەوانەی سەرهەلداون، خۆراگری و نەبەردی ئەو کەسانەی دڵی تاریکی شەق دەکەن. ئەتۆ هەرگیز لە ناو ناچی، بیر و هزرت کازیوەیە، تیرۆژی بەردەم توومانە. مەرگی ئازیزت هاورێ گیان خەسار نیە، بەڵکو رێگە پێشاندەرە، دڵتەزێن نیە بەڵکو پتەو کەری خۆراگری و سەرهەڵدانە، ئەتۆ هاورێم قەت نامری چونکە رێبازت لە هیچ “ئازاد” ێک وون نیە.
رامانی گەل، تۆ نامری، چونکە هزر قەت نامرێ. گرینگ نیە لە چوارچێوەی وێژەدا بێت یانکو مێژو، بەڵکو گرینگە وەک پەشێوی مەزن فەرمووی “روو لە کرێوەو پشت لە ئەنوا بیت” زۆر گرینگە رۆڵەی رۆژگاری خۆت بیت. ووشەکانت، نوسینەکانت، ژیانت ترسێنەرن چونکە وەک حەڵلاجی زەمانە نەتدەتوانی بێدەنگی بکەی لە درکاندی “حەقیقەت”. چونکە مرۆڤە ئازادەکان، ئازاد دەژین و راوەستاو دەمرن. ووتەکانت بەرەو خوڵقاندنی مرۆڤی سەربەخۆ و بیردۆز و تاک بوون بۆیە تۆ هەردەم کاروپیشەت “خەو” بینین بوو، “خەونی مەخمەری خاسەرەنگ، خەونی تیژرەو وەک تیشک ودەنگ”. ئەگەرچی ئەو خەونانە بۆ مرۆڤی وەکو تۆ مانای بە راوەستاوی مردنە. بەڵام ئێوە بە مردن کۆتاییتان نایەت بەڵکو وەک هێمنموکریانی فەرمووی:
“بە مردوویش نیشانەی گوللەیە ئەم کەللە پر شۆرە
ئەوێستاش دەرسی سەربازی دەڵێ ئەو شاعیرە رەندە”.