بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان

بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی حەفتاوچوارەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری مهاباد لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە سەرۆککۆماریی پێشەوای نەمر قازی محەممەد، لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا، ڕووداوێکی گرینگ و چارەنووسسازە. قۆستنەوەی ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کە لە ئاکامی شەڕی دووهەمی جیهانی‌ بە سەر ئێراندا زاڵ ببوو، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە کە هەر چەند مانگ پێش لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دامەزرابوو، نیشانەی لێهاتوویی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و لە سەرووی هەمووانەوە، بلیمەتیی پێشەوا قازی محەممەد بوو.
b_300_220_16777215_00_images_12.jpgئێستا کە ٧٤ ساڵ بەسەر ئەو دەستکەوتە نەتەوەیی و سیاسییەی بزووتنەوەی نەتەوەکەماندا تێپەڕ دەبێ و ئێمە بە شانازییەوە یادی دەکەینەوە، ڕێبازی کۆماری کوردستان و هەوڵدان بۆ ئامانجە بەرزەکانی و، هەروەها بنیاتنانەوەی ئەم بڕگە پڕ لە سەرەوەرییەی خەباتمان، ئامیان و ئامانجی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لە هەوڵدانی بۆ «وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان»دا بۆتە بەشێک لە پێناسەی ئەم حیزبە. پێناسەیەک کە کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگ دەسەڵاتداریی خۆیدا توانیی بە نەتەوەیەکی بێبەری لە هەر جۆرە ماف و ئازادییەک کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ لە لایەن دەسەڵاتە نەتەوەگەراکانەوە هەوڵی تواندنەوە و لەنێوبردنی درابوو، ببەخشێ و بۆ زەمەنێکی هەرچەند کورتیش بێت لەم سۆنگەوە هەست بە باوەڕبەخۆبوون و ئیرادەگەرییەکی عەینی بکات. لەم ڕووەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستانە، خۆی بە میراتگری ڕێبازی سەرۆککۆمار قازی محەممەد و ئامانجە بەرزەکانی کۆماری کوردستان دەزانێ و بە پێشکەشکردنی هەزاران ڕۆڵەی بەئەمەگی خۆی، لە سەرووی هەمووانەوە دوو ڕێبەری شەهیدی؛ دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و، ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ سەرسەختترین دەسەڵاتەکانی سەردەم (پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی)، لە درێژەدان بەم ڕێگا و ڕێبازە بەردەوامە.

b_300_220_16777215_00_images_150.jpgهاونیشتمانانی خۆشەویست!
ئەگەر بمانهەوێ لە گۆشەنیگای خەسڵەت و نێوەڕۆکی خەباتی مافخوازانەی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستانەوە ئاوڕ لە ڕۆڵی کۆماری کوردستان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و دەسکەوتەکانی ئەم دامەزراوە سیاسی و نەتەوەییە بدەینەوە، بە شانازییەوە دەتوانین بڵێین _سەرەڕای سیاسەتی سیستماتیک و بەردەوامیی حاشالێکردن و سەرکوت لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندگەرای ئێرانی_ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە، خەسڵەت و شوناسێکی نەتەوەیی_دێموکراتیکی هەیە کە هەڵگری پاشخانێکی دەوڵەمەند بە «ئیرادە» و» باوەڕبەخۆبوون»ە کە بەشی هەرە زۆری لە کۆماری کوردستان بە میرات وەرگرتوە. ڕەمز و هێما و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان کە کاریگەریی بنەڕەتی و ڕیشەییان لە سەر کەسایەتیی ئینسانی کورد، کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دانا، ئێستا و دوای ٧٤ ساڵ تێپەڕین بە سەر دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، هەروا ڕەمز و هێمای خەبات و لەمەیداندابوونی خەڵکی کوردستانن. خەڵکی خەباتکاری نیشتمان بێ ‌گوێدان بە هەڕەشە و زەبروزەنگی ڕێژیم و دەسەڵاتی سەرکوت، لە بۆنە و دەرفەتی جۆراوجۆردا بە بەکارهێنانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان کە یەکێک لە دەسکەوتە مەزنەکانی کۆماری کوردستانە، سەلماندوویانە کە هەڵگری پەیامێکی ڕەوای نەتەوەیین کە مێژوو و ڕابردوویەکی پڕشنگداری لە پشتە. لە ئێستادا و دوای تێپەڕین بە سەر بنیاتنانی «سپای میللی»ی کوردستان کە بە «هێزی پێشمەرگە» ناوی دەرکرد و دەسکەوتێکی پڕبایەخی دیکەی کۆماری کوردستانە، پۆل پۆل کچ و کوڕی لاوی خوێنگەرمی کوردستان دێنە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی کوردستانەوە و، بە شانازییەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەبەر دەکەن و لە پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستاندا خۆیان بە ئەرکدار دەزانن.
b_300_220_16777215_00_images_Montaj_Kommari_kurdistan2.jpgلە سەردەمێکدا کە وڵاتانی زلهێزی براوەی شەڕی دووهەمی جیهانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوەکان و گەلانی ژێردەستە سەرقاڵی بەشکردنی دەسکەوتەکانی دوای شەڕ بوون و دەوڵەتانی ناوچە و یەک لەوان ئێران بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانیان، قۆڵیان لە سەرکوت و کوشتاری گەلانی ژێردەست هەڵماڵیبوو، کورد و دەوڵەتە ساواکەی، کۆماری کوردستان بە دێموکراتیزەکردنی جۆری نیزامی بەرێوەبەری لە هەموو ئاستەکاندا، سەرقاڵی بنیاتنانی کولتوورێکی مودێرن لە دەوڵەتداری، نەتەوەسازی و ڕوانین بۆ ئەوانی دیکە بوو. ئەم میراتە لە کولتووری کاری سیاسی و مودێرنیزەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە ڕووخانی کۆماری کوردستان دوای ١١ مانگ لە دەسەڵاتداری و لە سێدارەدانی ڕێبەران و سەرۆککۆمارەکەی لەنێو نەچوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێبەریکردنی ئەم بزووتنەوە لێدراو و پڕ لە زامەدا، هەموو ئەم دەسکەوتە جەوهەرییە مودێرنانە لە چوارچێوەی گوتارێکی «نەتەوەیی-دێموکراتیک‌دا ڕێک دەخاتەوە و وەک میراتگرێکی ڕاستەقینەی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، بێ پسانەوە ڕێگە دەبڕێ. بۆیە ئەم ڕۆژانە و دوای ٧٤ ساڵ بە سەر بنیاتنانی ئەم تێڕوانینە‌دا، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات و تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆیاندا لە چوارچێوەی گوتارێکی گشتگیری «نەتەوەیی» و بە خەسەڵەتێکی «دێموکراتیک»ەوە، کۆماری کوردستان بە ڕێبازێکی دەوڵەمەندی سیاسی و مەعریفی دەزانن.
کۆماری کوردستان دەسەڵاتێکی تەواو گەلی بوو، لە هەناوی کۆمەڵگەوە سەری هەڵدابوو و خواستی گشتیی هەموو پێکهاتەکانی ئەم کۆمەڵە و نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بوو. بۆیە نسکۆی کۆمار بەهۆی جەبری ژێئۆپۆلۆتیک و لە دەرەنجامی ناهاوسەنگیی هێزی کۆمار لە بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا لە شکۆ و پیرۆزیی کۆمار کەم ناکاتەوە. بۆیە بەپیرۆز سەیرکردنی کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جێکەوتنی پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆکۆماری کورد لە فکر و زەینی ئینسانی کورددا بۆ هەتاهەتایە، ئەو حەقیقەتەی بە دەسەڵاتی دژەکورد لە تاران سەلماندوە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران، ڕووگە و ئادرەسێکی دیار و باوەڕپێکراوی هەیە. دەسەڵاتدارانی تاران زۆر باش دەزانن خەباتێک کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا بە گوڕوتینەوە هەیە و بەرانبەر بە سیاسەت و پیلانەکانی ئەوان ڕاوەستاوە، بزووتنەوەیەکی بەڕابردووی خاوەن ناسنامەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک میراتگری ئەم ناسنامەیەی لە پشتە و خاوەنداریی لێ دەکا. بۆیە مادام ناتوانێ بەرانبەر بە میلیۆنان کەس لە کوردستان ڕاوەستێ و دەنگ و هاواریان لە گەروودا بخنکێنێ، بە پیلانی جۆراوجۆری وەک؛ تێرۆری ڕێبەران و زەبروەشاندن لە کادر و پێشمەرگەکانی، تۆپبارانکردنی شوێن و بنکەی پێشمەرگەکان، دانانی بۆمب و تەقاندنەوەیان _وەک ئەوەی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی لەدایکبوونی شەهید دوکتور قاسملوو لە شەوی یەلدای ١٣٩٥ کردی_ و هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، دەیهەوێ لە میراتگری ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و رێبەر و پشتیوانی خەباتی خەڵکی کوردستان بدا.

کۆمەڵانی وشیاری خەڵکی کوردستان!
هێز و لایەنە خەباتکارەکان!
کە باس لە کەموکووڕییەکان و ساوابوونی کۆماری کوردستان و، لە کۆتاییدا نسکۆی ئەم دەسکەوتە نەتەوەیی و مێژووییەی بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد دەکەین؛ هەرچەند پشتتێکردنی دەوڵەتە زلهێزەکان و سیاسەت و ڕوانگەی دەسەڵاتی سەرکوتگەر لە تاران هۆکاری یەکلاکەرەوەی ئەم کۆستە گەورەیە بۆ کورد بوون، بەڵام کاریگەریی کەمایەسییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان، بەژانتر بوون و هەن. ئەگەر لە دەلاقەی هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە بمانهەوێ کورتە ڕوانینێکمان بۆ دۆخی ئێستای بزووتنەوەکەمان هەبێ، پێویستە دەرس لە ئەزموون و کەمایەسییەکانی ڕابردوو وەربگرین. نایەکڕیزیی نێوان عەشیرە و پێکهاتەکانی ئەوکاتی کوردستان و تێنەگەیشتنی نوخبەی سیاسی لە بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەیی، یەکێک لە گرینگترین خاڵە لاوازەکانی کۆماری کوردستان بوو کە لە خێرایی پێدان بە ڕووخانیدا بێ‌ کاریگەر نەبوو. پرسی یەکڕیزی و تێگەیشتن لە بەرژەوەندی هاوبەش لە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە دوای کۆماریشەوە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، بەردەوام قسەی لە سەر دەکرێ وبەداخەوە لە هێندێک بڕگەی مێژووییشدا بەهۆی لەبەرچاونەگرتنیەوە زیانی قەرەبوونەکراویشی لێ کەوتۆتەوە.
بۆیە لە دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە کوردستاندا بە هەموو بەشەکانییەوە کە بەداخەوە تێڕوانین و ئیستراتێژیی دەسەڵاتە زلهێزەکانی شوێندانەر لە ناوچەکە گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە و دەسەڵاتەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا هەمان خەسڵەت و سیاسەتی لەمێژینەی خۆیان بە نیسبەت خاک و خەڵکی کوردستانەوە پەیڕەو دەکەن، کاریگەرترین چەکی دەستی ئێمە وەک نەتەوەی کورد و هێزە سیاسییەکان، یەکگرتوویی، هاوخەباتی و یەکڕیزیمانە.
ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستانە لەگەڵ شانازیکردن بەم ڕووداوە مێژووییە وبەرزنرخاندنی دەسکەوتەکانی، بەژانترین زاممان بە ڕووخانی ئەم کۆمارە و لەسێدارەدانی سەرکۆمارە شەهیدەکەی، پێشەوا قازی محەممەد هەڵگرتوە. هەر بۆیە لەپێناو یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەمیشە خۆمان بە دەروەست زانیوە و لەم پێوەندییەدا هەنگاوی جیدی و بەکردەوەمان هەڵێناوەتەوە. هەروەها بە بەمیرات وەرگرتنی هەڵوێستی پێشەوای شەهیدمان، قازی محەممەد کە ئامادەبوو لەپێناو پاراستنی گەلەکەیدا خۆی بکاتە قوربانی و لەسێدارە بدرێ، لە دۆخی ئێستای خەباتەکەماندا زیاتر لە هەمیشە سوورین لەسەر ئەوەی کە، پێویستە لە پێناو دواڕۆژێکی پڕ لە دەسکەوت و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی نیشتمانەکەمان، پەرە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوانمان بدەین.

سڵاو لە کۆماری کوردستان و ئامانجە بەرزەکانی
سڵاو لە یاد و ناوی پێشەوای سەرکۆمار، قازی محەممەد
سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
30ی بەفرانباری 1398