نەسرین (بەشی یازدە و دوازدە) نووسینی: سەلاح پوورئەسەد

ناسر ئارام دەست بە سەر قژە نەرمەکانی نەسرین دا دەھێنێ لە دەریای بێ بنی خۆشحاڵی دا مەلە دەکا. نەسرین بە نیوە نازێکی کچانە سەری دەباتە لای ناسر و

ھەناسەکان تێکەڵ دەبن. لە تێکەڵ بوونی ھەناسە، ژیان دروست دەبێ، خۆشەویستی پەرە دەگرێ. ژیان مانا پەیدا دەکا. ھەست و چاو و دڵ و پێست بە یەکەوە خۆشی‌یەکان دابەش دەکەن. کە عەشق نەبوو، ژیان مردووە، وەک بیابانێکی چۆل و ویشک و بێ ئاو. ژیان دەبێتە چۆلەوانێکی قاقڕ .عەشقە خۆشی و دڵخۆشی بە دیاری دێنێ.

ناسر و نەسرین بۆ ساتێکی کەم لە باوەشی یەکتر دا دەمێننەوە، ئەوە دەبێتە خۆشترین بیرەوەری ژیانیان کە لەو کاتە دا ھەست بە تێپەڕ بوونی زەمان ناکەن. لە حاڵێک دا سەر و پرچی ئاڵۆز بووە و لە باوەشی پڕ لە خۆشەویستی ناسر دێتە دەرێ، نەسرین ڕوو لە ناسر دەکا و دەڵێ: زۆر دەترسم. لەوە دەترسم تووشی گرفت ببی. من ناڵێم ھاوکاری پێشمەرگە مەکە، بەڵام پێویستە زۆر ئاگاداری خۆت بی، شار پڕە لە جاش و جاسوس، ڕێژیم بە دایم خەریکی پیلان گێڕانە دژی ئەو کەسانەی کاری سیاسی دەکەن. ھەر حەوتووی ڕابردوو بوو چەندین کەس گیران، بۆیە دڵم دەترسێ و چاوەڕوانی ڕووداوی ناخۆش دەکەم. تۆ شتێکت لێ بێ ژیانی منیش فەوتاوە. دوای تۆ ئیتر ژیان و بوون و مان مانای نامێنێ. دەزانی ئەو ئەوڤینەم چۆن گەورە کرد لە دڵما، لە مێشک و ھەست و وجودما، ڕۆژ و ساڵ و مانگم لە گەڵ گرێ دا. خەمم خوارد و خۆشیم دیت. بۆیە بۆ ئەوڤینێک کە ھەموو ژیانمە حەقمە بۆ پاشەڕۆژەکەی نیگران بم.

ناسر ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشا، چاوی لە چاوی نەسرین بڕی، بە ئارامی دەستی لە سەر شانی دانا و پێی گووت: دەزانم لە پاشەڕۆژ دەترسی، مافت پێ دەدەم. ژیانی ئێمەی کورد ئاوا ھات و ئاواش دەڕوا. کەس نازانێ سبەی چ ڕوو ئەدا. میژوومان پڕە لە گیران و کوشتار و ئێعدام و دوور خستنەوە. دەزانم چەند ئازار ھێنەرە بۆ ھەر دوو لامان، بەڵام بە دووری مەزانە کە لەو خەباتە دا شتی مەترسیداریش بێتە ڕێگام. ناسر زیاتر لە سەری ڕۆیی و گوتی: حەوتووی ڕابردوو کە چوومە لای بەرپرسی کارو باری ناو شار، شەو بوو. وڵات تاریک و بێدەنگ، چیا چۆڵ ، دەشت و مەزرا چۆل.

جگە لە پڕمەی چەند ھێسترێک ، دەنگێکیتر نایەتە بەر گوێ. دەستە و پەلەکانی پێشمەرگە لە تاریکی دا ون ببوون، ھەر چەند نەفەرەو لە پەنا بەردێک دا جێگای خەویان خۆش دەکرد، بە دەم پێکەنین و جەفەنگەوە خۆشیان لە ژیان ئەبینی. بێ ئەوەی نیگەرانی سبەینێ بن کە چ دەقەومێ. ئەو پێکەنێن و بەزمە زۆری نەخایاند و جگە لەو کەسانەی کە ناردرانە لوتکەی چیا و ژومارەیەک نیگابان، ھەموو خۆیان لە کیسە خەوەکانیان ھاویشت و دەستەملانی خەوێکی قورس بوون. پاش قسە و باس و وەرگرتنی ڕێنوینی بۆ کاری ناو شار دەمەو بەیان ویستم ماڵ ئاوایی بکەم و بگەڕێمەوە. لە پڕ دەنگی تەقە لە بەرزایی بیسترا و دەرکەوت کە دوژمن ھێرشی بۆ کردوون. باوەڕ بکە نەسرین، ھەر ھەموو پێنج دەقیقەی نەکێشا کە کاکی فەرماندە ھەموویانی ڕێک خست و بەرەو بەرزایی و شەڕگەکانی ناردن.

بەرپرسەکە ڕووی لە من کرد و گوتی، ناتوانێ بڕۆی لەوانەیە بگیرێی، ئەوڕۆ لێرە بە تا شەو بیرێکی لێدەکەینەوە. جامانەیەکم لە سەر و چاوم پێچاو و لە گەڵ بەرپرس و چەند پێشمەرگەیەک بۆ شوێنێکی ئەمینتر کە ھەموو شەڕگەکانی لێوە دیار بوو وەڕێ کەوتین.

نەسرین(بەشی١٢)
تەقە گەرمە. ھێزی زۆری دوژمن لە بەرزاییەکان جێگیرە. نازانی نەسرین بە چ شێوەیەک لە ماوەیەکی کورت دا چیان بە سەر پاسدار دا ھێنا. سەر بەرەو خۆار بە دۆڵێ دا. کەس لە سەر کەس ڕانەدەوستا. جاشەکان کە شێری ناو شار و ڕێوی دەرەوەن، ھەر ئاوڕیشیان نەدەداوە. ھەر چەند حاجی فەرماندەکەیان داوای لێدەکردن کە بریندارەکان بە جێ مەھێڵن، لە ترسان خێراتر ڕایان دەکرد. لە گەڵ بەرز بوونەوەی خۆر لە ئاسمان، ھیلی کۆپتەریش ھاتنە ئاسمانی شەڕ، جێگای ئێمە قایم بوو ، بەڵام ئەو پێشمەرگانە لە زەوی و ئاسمانەوە ئاگریان بە سەر دا دەباری. گوێم لە دەنگی بێسیمەکان دەبوو کە چەند بە ورەوە لە گەڵ فەرماندەی گشتی قسەیان دەکرد. پاش ئاگر بارانی تۆپ و تەیارە، ھێزی زەوینی جاش و پاسدار بە ترس و لەرزەوە ڕووی لە سەنگەرکانی پێشمەرگە دەکرد.

پێشمەرگەش تا ئەوانە نەگیشبانە چەند میتری لە مەتەرێز نەدەھاتنە دەر. ھەر مەپرسە، نەسرین چ حەشرێکیان پێ دەکردن. ئەو ڕاو ڕاوێنە تا ئێوارە بەر دەوام بوو. بۆنی باڕوت و دوکەڵ، زرمەی تۆپ، گرمەی ڕاکێت و قرمەی چەکی سووک ھەموو ئەو شاخ و کێوەی پڕ کرد بوو. ڕۆژێک شەڕ، ڕۆژێک برسیەتی، ڕۆژێک بێ ئاوی، ڕۆژێک ژیان لە سێبەری مەرگ دا بەڕاستی دژوار بوو. بە پێی وتەی فەرماندەکە، جاری وایە حەوتویەک ٣ جار تۆشی شەڕ دەبن، کە ئەوان پێیان دەگوت زەماوەند.

ئەوەی من بە چاوی خۆم دیتم تەنیا لە فیلمەکانی سینەما دا بەر چاو دەکەوێ. پۆلێک پێشمەرگە و دەیان سەنگەری دوژمن، دە پێشمەرگە و سەدان پاسدار و جاش. سەد پێشمەرگە و ھەزاران بە کرێ گیراو. چەند ئارپیجی و دەیان تۆپ. ھیچ حیساب و کتابێک ئەو نابەرانبەریە ناخوێنێتەوە. گەرما، دووکەڵ، ماندوویی، بێ ئاوی، برسیەتی، ھێزی زۆری دوژمن ورەیان پێ بەر نادا. ئەوانە دەبێ لە چ تۆرەمەیەک بن. دەبێ چ بڕوا و ئیمانێکیان ھەبێ کە ئاوا بەرەو پیری مردن دەچن. کە لە شەڕگەش ھاتنە دەر و پاروە نانێک و ئاوێکی ساردیان گیر دەکەوت، نە ماندوو بوون دەما و نە ھیچ، ھەمان قسە خۆش و جەفەنگەکان.

کەس لە کەس زیاتر نییە. کەس نازانێ کێ بەرپرسە و کێ ھێسترەکە ڕادەکێشێ. ئەوان کۆمەڵگایەکی سەیریان بۆ خۆیان دروست کردوە، پوڵی گیرفانیان بەش دەکەن، نانە ڕەقەی ناو کۆڵە پشتیەکانیان، ئاوی ناو مەتارەکانیان، قسەی خۆشیان و گۆرانی گوتنیان دابەش دەکەن. کە توڕەش دەبن لە یەکەم تەقەی شەڕگە لە تەک دوژمن ھەموو شتێک لە بیر دەبەنەوە و ئامادەن لە سەر ھاوڕێکەیان بمرن.

چەند بەرزن ئەو مرۆڤانە، چەند ئازان ئەو کەسانە، بەڕاستی ژیان لای ئەوان بایەخی ھەیە بۆیە ئامادەن لە پێناو ئەو ژیان و ئامانجە بەرزانە دا بمرن. تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجە بەرزانە لە دەست ھەموو کەس نایە، بۆیەشە لە شارێکی دەیان ھەزار کەسی ڕەنگە بە ھەموو حیزبەکان ٢٠٠ کەس پێشمەرگە بن. ھەرچەندی لە بارەی ئەو ڕۆژەوە بدوێم ھەر کەمە، کە جارێکی دیکە یەکترمان دیتەوە زیاترت بۆ باس دەکەم.

نەسرین کە چاوی پڕ ببوو لە ئاو، بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە گوتی: جا تو خوا حەیف نییە ئەو جۆرە کەسانە بمرن و کوڕی حاجی فتح اللە فێری کوردی بێت. کاتی جیا بوونەوەیە، ھەستیان بە تێپەرینی زەمان نەکرد. چ خۆشە ژوانگە، چ دڵگیرە جێژوان، لە ھەر کوێ بێت. لە کاولێکی چۆل، لە بن گیشە گیایەک، لە دارستانێک، لە پارکێک یان لە ماڵێك. پێرۆزترین شوێن، ئەو جێ ژوانەیە کە دو دڵدار بە چرپە بە گوێی یەکتر دا وشەکانی خۆشەویستی دەڵێنەوە.

ئەو پیرۆزییانە کە بۆ ھەمیشە لە زینی دو ئەویندار دا دەمێنێتەوە. تەنیا شوێنێک کە بۆ ھەمیشە بە خۆشی یادی دەکرێ جێژوانە. لە جێژوان دا دوو جەستە دەبن بە یەک. ئامێز بێ ڕیا و سەودا بۆ یەک دەکرێنەوە. نە کەس براوەیە و نە کەس دۆڕاو. نە کەس شکست خواردوە و نە کەس سەرکەوتوو. تەنیا خۆشەویستی و عەشقە کە سەر دەکەوێ. لە جێژوان دایە بۆنی لا ملی یار دەکەی. لە جێژوان دایە دەست لە ناو دەست یەک بە یەکی دەمارەکان لێک گرێ دەدرێن. نەسرین و ناسر بە مەودای پێنج خولەک کات لە ماڵی خوشکی نەسرین چوونە درەرەوە، ھەر کەس بە لایەک دا و بەرە و ماڵی خۆی

(درێژەی ھەیە)