خەڵکی ئێران و دوژمنەکەی! شەونم هەمزەیی

ئابووری کۆڵەکەی هەر یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی بژیوی ژیانیش له‌ پێداویستییە بنەڕەتییەکانی هه‌ر مرۆڤێکه‌، سروشتییە هه‌ر مرۆڤێکیش بۆ مانه‌وه‌

و به‌رده‌وامیی له‌ ژیان و گوزه‌رانی باشدا پێویسته‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ دڵنیا و بێ گرفت بێ. به‌هێزی سیسته‌می ئابووریی هەر وڵاتێکیش کە گرێدراوی چییەتی نیزامی سیاسی و چۆنیەتیی ڕوانینی دەسەڵات بۆ دیاردە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتە، کاریگه‌ریی ڕاستەوخۆی هەیە له‌سه‌ر هەڵکشان یان داکشانی ئاستی خۆش‌بژیوی تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه‌.
خۆ ئەگەر لە سیستمە دێموکراتیکەکاندا کە شەرعییەت لە ئیرادەی خەڵک وەردەگرن و خەڵک و داواکانیشیان تەوەری سەرەکیی سیاسەت و دنیابینیی ئەم حکوومەتانەیە، خەڵک بەشێکی زۆر لە مافەکانیان و یەک لەوان مافە ئابوورییەکانیان دەستەبەر کراوە؛ بەڵام لە وڵات و نیزامە توتالیتێر و نادێموکراتیکەکاندا ئەوەی گرینگیی دەدرێتێ خەڵک و چۆنیەتیی ژیان و مافەکانیان نییە، بەڵکوو چەند و چۆنیی مانەوەی نیزامی سیاسی و بەرژەوەندەیی دەسەڵاتە کە گرینگە و لە سەرووی هەموو شتێکە. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەو نیزامە توتالیتێر و نادێموکراتیکانەیە کە خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتوە و کردوونی بە قەڵغان و بەڵاگیڕەوە.
وڵاتی ئێران لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی کە دروستکردنی بشێوی و نائەمنییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەبەر ئەوەی دژی هەموو بایەخ و پرەنسیپەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، هەم لە ڕووی سیاسییەوە ئیزۆلە کراوە و هەم لە ڕووی ئابوورییەوە گەمارۆی توندی خراوەتە سەر. لە سۆنگەی ئەم گەمارۆیانە و هەروەها بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیک لە بازنەی دەسەڵات و حاکمییەتدا و نەخوێندنەوەی خەڵک و ماف و بەرژەوەندییەکانیان، ئەمە هەر خەڵک و ئەویش توێژی ئاتاج و دەستکورتی کۆمەڵگەن کە دەبێ باج و تێچووی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە بدەن.
کەڵەکەبوونی ماف و داوا سەرکوتکراوەکان و چوار دەیە پەراوێزخستن و بەهیند نەگرتنەکان کۆمەڵگەی ئێرانی بە تەواوی پشووسوار کردوە، بۆیەش دەبینین هەر دەرفەتێک دەبێتە بیانوو بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان، کە گرانکردنی نرخی بێنزین تازەترین نموونە بوو کە چەخماخەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی دیکەی لە کۆتایی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لێدا.
بەرینبوونی جوغرافیای خۆپیشاندانەکان _بەپێی قسەی نوێنەری کەرەج لە 719 شوێنی وڵات_ و بەرزکردنەوەی دروشمی ڕادیکاڵ و تێپەڕین لە هەموو هێڵەسوورەکانی کۆماری ئیسلامی دەریدەخەن کە خەڵکی ئێران ئیدی گەیوەتە ئێسکانیان و چی نەماوە لەدەستی بدەن، بۆیەش سەرەڕای سەرکوتی خوێناویی دەسەڵات ئامادە نین دەستبەرداری ویست و داواکانیان بن.
بێ‌ئۆقرەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران بە گرانکردنی نرخی بێنیزن کە خەڵتانی خوێن کرا بێ‌هۆ نەبوو، چونکی هێشتا مانگێک بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێنەپەڕی کە کاریگەرییەکانی پتر لە هەر کاتێک لە ژیانی خەڵکی هەژار و داماوی وڵاتدا وەدەر کەوتن و هەموو پانتاییەکننی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی _خۆراک، پۆشاک، گواستنەوە، نیشتەجێبوون، پەرورەدە، بێهداشت و…_ گرتەوە.
ئابووریی وڵاتی ئێران بەو هەمووە دەوڵەمەندی و بەو پاشخانە بەهێزەی لە نەوت و کانزا و سامانە سروشتییەکان هەیەتی لە ئێستادا بەتەواوی داڕماوە، چونکی گەندەڵیی هەوسارپچڕاو تیشەی لە ڕیشەی وەبەرهێنان داوە، هەڵڵووشینە دەیان و سەدان میلیارد تمەنییەکانی بازنەی دەسەڵات هیچ ئاهێکی بەبەر ئابووریی وڵاتدا نەهێشتۆتەوە. بەشی زۆری داهاتی وڵات و ئەوەی لە گەندەڵیی بەرپرسان و تێچووی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیم و کۆک و پۆشتە و تەیارکردنی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی داردەستی ڕێژیم لە ناوچە بمێنێتەوە، خەرجی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ئەویش بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکرێ.
هەر چاوخشاندنێکی کورت بەسەر لایحەی بودجەی ساڵی 1399 پێمان دەڵێ کە خەڵک لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە لەکوێی هاوکێشەکاندان؟ کاتێک میسباحی یەزدی، بەرپرسی بنیاتی خومەینی گاڵتەی بە هەژاری و برسێتیی خەڵک دێ و ئەوە بە تاقیکردنەوەی خوا لەسەر عەبدەکانی دادەنێ؛ بەڵام بنیاتەکەت خۆی 140 میلیاردی لە بودجەی ساڵانە پێدەبڕێ، دەردەکەوێ لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەڵک لەکوێ جێ دەگرن و چیشیان دەکەوێ!
با چاو بە چەند ئامارێکی رەسمیدا بخشێنین: لە ئێستادا مووچە و حەقدەستی مانگانەی کرێکاران _ کە جاری وایە هەتا شەش مانگیش دوا دەکەوێ_ یەک لە سێی خەرجی و بەڕێچوونی مانگانەیانە. بەهۆی گرانیی داودەرمان و مزی پزیشک لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئاماری سەردانکەرانی نەخۆشخانە و نۆرینگە و کلینینکەکان سەتا 30 کەمی کردوە. زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەهۆی داخرانی کارگە و یەکە پیشەییەکان لە سۆنگەی گەمارۆکانەوە بێکاریش هەر دێ و ڕووی لە زیادبوون دەکا و بەوەش بێ‌داهاتی و هەژاریش پتر پەرە دەستێنێ.
گرانبوونی بەنزین بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زیاتر لە نیوەی کاڵاکان و لە سەد کاڵای پێویست نیوەیان نرخەکانیان هەتا پێنج لەسەد زیادی کردوە و…
هەموو ئەو بارودۆخەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمنیەتی نیشتمانیی خەڵکی ئێرانی بە سوخرە گرتوە و لە پشت قەڵغانی خەڵکەوە شەڕی بەرژەوەندەییەکانی خۆی دەکا. بەڵام ئەمڕۆ خەڵک ئیدی هەموو دەزانن کە دوژمنی ئەوان نەک ئەمریکا و هێزە دەرەکییەکان، بەڵکوو خودی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە، بۆیە لە هەر دەرفەت و بوارێکدا لەدژی دێنە مەیدانەوە.