هونەرمەند جەعفەر ماملێ کۆچی دوایی کرد

جەعفەر ماملێ برای هونەرمەندی ناوداری کورد محەممەد ماملێ بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
شەوی ڕابردوو دووشەممە لەسەر سێشەممە

هونەرمەند جەعفەر ماملێ بەهۆی نەخۆشیەوە لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
جەعفەر ماملێ بچووکترین کوڕی سەعید ماملێ، لە ساڵی ۱۳۱۹ هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە.
لە سەرەتای منداڵییەوە باوکی کۆچی‌ دوایی کردووە. براکانی هەوڵ دەدەن تا ئەو جێیەی بۆیان بلوێ لە نازی باوکانە بێبەش نەبێت و کەلێنی گەورەی بێباوکی بۆ پڕ بکەنەوە.
دۆخی نالەباری ژیانی ئەو بنەماڵەیە وا لە هونەرمەند جەعفەر ماملێ دەکات کە پۆلەکانی سەرەتایی خوێندنگە جێ بهێڵێت و کار بکات، تا بتوانن یاریدەدەر بێت بۆ وەدەستهێنانی بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی.
تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش کە ماڵباتی ماملێ بە گشتی هەیانە ئەوەیە کە، هیچ کۆسپ و لەمپەرێک نەیتوانی ئێستاشی لەگەل بی ناتوانێ دەنگی خۆشیان کپ و ڕێبازی هونەرییان کوێر بکاتەوە. ئەو تایبەتمەندییە لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی میللەتەکەیاندا بەردەوام لەگەڵیان بووە و بووە بە خەمڕەوێن و هەتوانێکی بچووکی برینە قووڵەکانی ئەو گەلە. ئەوان لە منداڵییەوە بەو کولتوورە ڕاهاتوون و لە قوتابخانەی باوکیان، هونەرمەند و دەنگخۆشی سەردەمی خۆی، سەعید ماملێ‌وە فێری وانەکانی گۆرانی گوتن و چرینی قەتارە و خوێندنەوەی بەستە و هۆنراوەکانی وەفایی بوون.
دیارە هونەرمەند جەعفەر ماملێش لەم تایبەتمەندییە بێبەش نەبووە و بەری هونەری لە مەحزەری براگەورەکانی بەتایبەتی کاک حوسێن ماملێ و کاک محەممەد ماملێ چنیوە. بەڕێزیان لەسەرتای مناڵییەوە شارەزاییەکی باشی لە گوتنەوەی قەتارە و شێعرەکانی وەفایی دا لەخۆی پێشان داوە.
جەعفەر ماملێ جیا لەوەی لە کۆڕی هاوڕێیان و بنەماڵەییدا هونەرەکەی بە شێوەیەکی نافەرمی دەردەخست، لە هەمانکاتیش دا لە هەندێک کۆڕی هونەریدا بەشداری کردووە.
جەعفەر ماملێ برای هونەرمەندی گەورەی کورد و ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، نەمر محەممەدی ماملێ بوو. بنەماڵەی ماملێ، بنەماڵەیەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و جێگەی ڕێزی خەڵکی کوردن و لە هەر بوارێکەوە کە بۆیان لوابێ خزمەتیان بە کورد و کوردستان کردووە و بە تایبەت لە بواری هونەریدا خزمەتێکی بەرچاویان بە فەرهەنگی کورد کردووە.
بنەماڵەی ماملێ وێرای خزمەتی هونەری چەند کەسیان لە نێوڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا خزمەتێکی بەرچاویان بە شۆڕشی گەلەکەمان کردووە و کوڕێکی نەمر محەممەد ماملێ بە ناوی نەجات ماملێ لەگەڵ ٥٨ لاوی مەهابادی لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بە فەرمانی فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد جەلایی‌پوور و سپای پاسدارانەوە لە سیدارە درا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ماملێ و خزم و کەس و کاری و خەڵکی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.