ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری بە بۆنەی تەقە کردن لە کۆڵبەران

هاونیشتمانیانی خۆشەویست
خەڵکی مافخوازی کوردستان
کۆڕ و کۆمەڵە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتدا و گرتن، کوشتن و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆڵبەرانی هەناسە ساردی کورد، بە پێی هەواڵی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو جارێکی دیکە لە ڕێگەی بەکرێگیراوانی سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزە سەرکوتکارەکانییەوە، لە ناوچەی هەورامان تەقەی لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و چەند کەس کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە و بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە دوو کەس لە قوربانییەکانی ئەو جینایەتەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی ئەحمەد سەحرایی کوڕی موئمن خەڵکی ئاوایی دشە لە ناوچەی هەورامان و ئەوی دیکەیان بە ناوی “شاهد ئەداک” کوری عەبدوڵلا خەڵکی ئاوایی ژیوارسەر بە شاری سەوڵاوایە و زیاتر لە حەوت کەسیش بریندار بوون. ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ بنەماڵەی ئەو دوو قوربانییە هاودەردی و سەرەخۆشی دەکەین و هیواخوازین بریندارەکانیش هەرچی زووتر برینەکانیان ساڕێژ ببێتەوە و لە خەڵکی خەباتگێڕی کوردستانیش داوا دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم تاوان و جینایەتە بەردەوامانەی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ هەڵویست نەبن. ئەم جینایەتانەی رێژیم لە کاتێکدایە کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە بانگەشەی بە نێو هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا داوای بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک لەم بە نێو هەڵبژاردنەدا دەکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر چەواشەکاری دەکەن. ئەم تاوانە و سەدان جینایەتی دیکەیان دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە گەلانی ئێران و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەت گەلی بەش مەینەتی کوردیان بەو کە بە “نە” وتن بە ئەو بە نێو هەڵبژاردنە، دەنگی ناڕەزایەتییان بە ڕێژیم ڕابگەیەنن و بە هەڵویستی نەتەوەیی و نیشتمانییان نیشان بدەن کە ڕێژیم لە کوردستاندا، هەروەک تا ئێستا وا بووە، هیچ ڕەواییەکی نەبووە و نیە و تا گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەباتی سیاسی، مەدەنی و بەرگریی چەکداری بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە دەست هەڵناگرن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان دەکات کە لە بەرامبەر ئەم تاوانانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێ دەنگ نەبن و هەڵویستی مرۆڤدۆستانەیان دەربڕن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨
١٧ی فێوریەی ٢٠٢٠