وتووێژ له‌گه‌ڵ د. سمایل بازیار. دیمانە: هەردی سەلیمی

دکتور سمایل بازیار: ئەگەر ڕاپەڕینەکەی ٥٧ ئیسلامی بوو، بەڵام لە کوردستان لەسەر بنەمای ماف و ویستی نەتەوەیی بوو ڕێبەندانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ چل‌ویەکەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، جیا لەوەی کە ئاکامی ئەم شۆڕشە چی بووە و چ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکانی بەشدار لە سەرکەوتنەکەیدا هەبووە و، ئێستا بە چ ئاقارێکدا ڕۆیشتوە؛ ئاوڕدانەوە لە مێژووی سەرهەڵدانەکە و بەستێنەکانی خوڵقاندنی ئەم ڕووداوە گرینگ و پێویستە.

ئەم مشتومڕە هەمیشە لە نێوان خاوەن‌ڕایاندا بووە کە چ پاشگر و ئاوەڵناوێک بۆ شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لە ئێران هەڵبژێردرێ، کە پێناسەیەکی دروست بێ. ئەوەی کە ڕوون و حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە زۆرینەی چین و توێژ و بیرۆکەکانی نێو کۆمەڵگەی ئەو کاتی ئێران ئامادەییی شۆڕشیان هەبوو و، بە تایبەتی لە نیزیکە و کۆتاییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی داوای ڕووخانی ئەم سیستمەیان دەکرد.

ئێستا پرسیارەکان ئەمانەن، ئایا ئەم شۆڕشە دزرا؟ لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی داینەمۆی شۆڕش کامانە بوون؟ زۆرینەی خەڵک لە بەرەی کام یەک لەم ڕەوتە سیاسییانەدا جێیان دەگرت؟ ڕەنگە بنەڕەتیترین پرسیاریش ئەمە بێ کە خاوەنە سەرەکییەکەی کێ بوو و کێیە؟ کوردستان چ ڕۆڵێکی هەبوو و چ ڕوانگەیەکی سیاسی ڕێبەرایەتیی ویست و داخوازییەکانی ئەوێی دەکرد؟ وە کۆمەڵێک پرسیاری تر. “کوردستان” بۆ باس و تەتەڵەی ئەم بابەتە دیمانەیەکی لەگەڵ دوکتور سمایل بازیار، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی کۆیە پێک هێناوە.

لە دەورانی دەسەڵاتداریی سەفەوییەوە شێعە بووە بە مەزهەبی ڕەسمی لە وڵاتی ئێران، کەسایەتییە مەزهەبییەکان _ئەوەی کە پێیان دەڵێن ڕۆحانییەت_ زیاتر لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەشداریی سیاسی کە بەجێی خۆی تەنانەت دەسەڵاتداریش بن؛ جێگە و پێگەی ڕۆحانییەتی شێعە لە ئێران چۆن دەبینن؟

ڕۆحانییەتی شێعە پاشخانێکی سیاسی-کۆمەڵایەتیی چەند سەد ساڵەی هەیە ئەگەر دەقیقتر بڵێم بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی سەفەوی و بەڕەسمی کردنی مەزهەبی شێعە؛ دەتوانێ سەرەتای ئەم پاشخانی سیاسی-کۆمەڵایەتییە بێ. لەو کاتەوە هەتا ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕش لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، دوو کۆڵەکەی گرینگی کولتووری سیاسیی ئێران بریتی لە؛ دەسەڵات (دەوڵەت یا سەڵتەنەت) و دووهەمیشیان مەزهەب بوو. پێوەندیی ئەم دوو کۆڵەکە -کە هەر دووکیان لە ماوەی ئەم چەندسەد ساڵەدا خاوەن پێگە و نفووز بوون و جەماوەری خۆیان هەبووە-، چۆن بوو؟ ئەم پێوەندییە کە بە مەوازاتی یەکتر هاتوون زۆر جار دۆستانە بووە و، زۆر جاریش خەسمانە بووە؛ زۆر جار پێکەوە سازاون و زۆر جاریش لە بەرامبەر یەکتردا ڕاوەستاون و تەقابولیان هەبووە. ئەم تەقابولەش لەسەر بەرژەوەندییەکانیان بووە، واتە بەرژەوەندییەکانیان دەبووە هۆی ئەوەی کە لە بەرامبەر یەکدا ڕابوەستن. ئەو بەرژەوەندییانە کێشەی سەروەری بووە، ململانێی عورف و شەرع و یا بەرژەوەندیی ئابووری بووە، بە گشتی لەسەر ئەمانە پێکەوە ململانێیان هەبووە. یا زۆر جاریش پێکەوە ڕێککەوتوون، بۆ نموونە لە سەردەمی سەفەوی دۆستانە بووە بە ڕێکەوت نییە کە عەلی شەریعەتی کە خوێندنەوەیەکی نوێی لە مەزهەبی شێعە خستە ڕوو دەیگوت: “تەشەییوعی سەفەوی لە مزگەوتی جامع دەرکەوت بەڵام مەنزڵی بردە مزگەوتی شا لە تەنیشت عالی‌قاپوو.” هەروەها لە دەیەی بیستیشدا بەدوای نەمانی دەسەڵاتی ڕەزاشادا _دوای ئەوەی کە هاوپەیمانەکان هاتن (١٣٢٠)_ ئەو دوازدە ساڵە بەناوبانگە واتە تا کوودتای ١٣٣٢ کە دێموکراسییەکی ڕێژەیی لە کەشوهەوای سیاسیی ئێراندا حاکم بوو، ئەوکات پێکەوە ڕێک کەوتبوون، ئەمەش لە ترسی نفووزی کۆمۆنیزم بوو، لەبەر ئەوەی حیزبی توودە لەو سەردەمەدا حیزبێکی بەهێز و بەنفووز بوو.

دەتوانم بڵێم لە نزیک بە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا، واتە لە شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی قاجارەکان لەگەڵ ڕووسیە، لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم بەم‌لاوە کە لە ڕاستیدا بە هۆی ئەم شەڕانە بوو واتە لە ڕێگای ڕاگەیاندنی جەهاد بەدژی ڕووسەکان پێگەی خۆیان لە نێو دەسەڵاتدا پتەو کرد؛ هیچ ڕووداوێکی سیاسیی گرینگ نییە کە مۆرک و نیشان یا کاریگەریی ڕۆحانییەتی شێعە بەسەر ڕووداوەکەیەوە نەبووبێ. هەڵبەت ئەوە بەم مانایە نییە کە ئەم کاریگەری و مۆرک و نیشانە پۆزێتیڤ بێ، بەڵکوو زۆرتر نێگەتیڤ و یا دواکەوتووانە و لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بووە؛ بەڵام لەم ڕووداوانەدا هەمیشە ئەکتەرێک بوون. لە شەڕ لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لە ڕێککەوتن‌نامەکاندا، لە هەڵوەشاننەوەی ئیمتیازاتی سیاسی و ئابووری، لە کوودتاکاندا، لە بزووتنەوەکاندا. لێرە دەرفەتی ئەوە نییە نمونەی زۆر بێنینەوە، بەڵام ئەگەر گرینگترینیان ئاماژە پێبکەم؛ هەر لە بزاڤی تووتن یا ڕووداوی ڕێژی (١٨٨٠) کە یەکەم بزاڤی سیاسیی مێژووی هاوچەرخە، ڕۆحانییەک بە ناوی میرزای شیرازی بە حەرام ڕاگەیاندنی بەکارهێنانی تووتن و تەنباکۆ دەوڵەتی ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای تاڵبۆتی بریتانیا کرد.

ڕۆحانییەت لە بزاڤی مەشرووتەشدا ڕۆڵی بەرچاویان بینی، وەک ئەوەی شێخ فەزڵوڵڵا نووری بە هێنانە ئارای “مەشرووتەی مەشرووعە” هاتە گۆڕەپانەکە. ڕۆحانییەت ئەو کات مەبەستیان ئەوە بوو کە یاساکانی شەرع لەنێو کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکرێ، کە بە هۆی وشیاریی ڕووناکبیرانی ئەو سەردەم سەری نەگرت. بە ڕێکەوت نەبوو خومەینی دەیگوت “شۆڕش” عولەما کردیان و ڕووناکبیران لێیان دزین! لە ساڵی ١٣٠٣دا، ئەم وڵاتە لە یەک‌هەنگاویی گۆڕینی سیستمی پادشایی بۆ کۆماری بوو، بەڵام دژایەتیی ڕۆحانییەتی شێعە لەگەڵ سیستمی کۆماری _چونکە لە تورکیە ڕۆحانییەت لە سیستمی کۆماریدا زەرەرمەند ببوون_ ڕەزاخانی نەخوێندەوار بەڵام زیرەکی لە هەڵگرتنی ئەم دروشمە پاشگەز کردەوە. ڕۆحانییەتی شێعە لە قۆناغی ١٣٢٠-١٣٣٢ لە پشتی پەردەی “ڕێکخراوی فیداییانی ئیسلام” بوون، ئەو گرووپەی کە تێرۆرە سیاسییەکانیان دەکرد. لە بزاڤی خۆماڵی‌کردنی نەوتیشدا، حەمەڕەزاشا لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٣٣١ ئێرانی بەجێ دەهێشت، چونکی موسەدیق قەناعەتی پێ هێنابوو کە بۆ ماوەیەک ئێران بەجێ بێڵێ؛ بەڵام ئایەتوڵڵا بێهبەهانی و کاشانی نەیانهێشت. لە ڕاستیدا لەو قۆناغەدا (١٣٢٠-١٣٣٢) پێوەندیی ڕۆحانییەت و سەڵتەنەت کەمتر گرژیی تێکەوتوە، چونکە مەترسیی کۆمۆنیزم، ئەوانی هان دەدا بۆ پاڵ‌وێکدان. هاندانی خەڵک بۆ ڕاپەڕینی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٣١ و پشتیوانی لە کوودتای حەمەڕەزاشا لەدژی موسەدیق و دواجار ڕاپەڕینی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٤٢ کە ئیتر بۆخۆیان بەتەنیا ڕێبەرایەتییان کرد و دیاردەی خومەینی لێ کەوتەوە و بەدوای مردنی برووجێردیدا مەرجەعی گەورەی شێعەکان _کە بە پێچەوانەی “مودەڕڕس” و “کاشانی” سیاسەت‌پیشە نەبوو_ ئەستێرەی بەختی خومەینی درەوشایەوە. لە ڕاستیدا وەک چۆن “ڕووداوی تووتن” تەمرینێک بوو بۆ بزاڤی مەشرووتە، ئەم راپەڕینەش خۆ ئامادە کردنێکی ڕۆحانییەت بوو بۆ شۆڕشی ١٣٥٧.

کەوابوو ئەمانە پاشخانێکی سیاسی-کۆمەڵایەتییان هەیە و، بە دەسەڵات گەیشتنی ئەوان لە ساڵی ٥٧دا ڕووداوێکی تەسادوفی نییە. ئەوان سواری شەپۆلی شۆڕشیش نەبوون. لەو پێوەندییەدا وەبیر قسەیەکی ئەحمەد کەسرەوی کەوتمەوە کە بۆخۆیشی بوو بە قوربانیی فتوای تێرۆری ڕۆحانییەتی شێعە کە دەیگوت: “ئێمە دەسەڵاتێک بە ڕۆحانییەت قەرزدارین.” دەسەڵاتێک کە بە نرخێکی گران بۆ گەلانی ئێران تەواو بوو.

ئایا ڕۆحانییەتی شێعە لە پشتگیری لە ئاڵۆگۆڕی سیستمی پاشایەتی بۆ کۆماری یەکدەست بوون؟

نەخێر یەکدەست نەبوون. بۆ وێنە ئەگەر مودەڕڕیس لەدژی ڕەزاشا و سیستمی کۆماری بوو، ئایەتوڵڵا کاشانی لە موافقانی سیستمی کۆماری بوو و، تەنانەت بە وتەی سەید ڕەزا زەنجانی: “میتینگیشی بە قازانجی کۆماریخوازی و لەدژی مودەڕڕیس بەڕێوە برد و لە مەجلیسی موئەسسان دەنگی بە گۆڕینی دەسەڵات لە بنەماڵەی `قاجارەوە بۆ ڕەزاشا دا و، وتارێکی ئاگرینیشی لەم بارەوە دا.” حوسێن مەککی، نووسەری “تاریخ بیست سالەی ایران”؛ بەوردی ئاوڕی لەم بارەوە داوەتەوە.

باست لە پێگەی ڕۆحانییەتی شێعە کرد و ئەوەی‌ کە کاراکتێرێکی بەهێزن و، بەشێکی حاشا هەڵنەگر و گرینگن لەو ڕووداوە سیاسییانەی کە لە ئێران ڕوویان داوە. بەستێن یا هۆکارە مێژووییەکانی سەرهەڵدان، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆحانییەت، بە بڕوای جەنابت ئەی ئەو هۆکارانەی دیکە چی بوون کە شۆڕشی ٥٧ـی لێکەتەوە؟

چەندین هۆکاری جۆراوجۆر بۆ بەرپابوونی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ لە لایەن لێکۆڵەران و خاوەن‌ڕایان هاتۆتە بەر باس، وەک پەرەسەندنی ناڕێک، ئیستبدادی نەوتی، نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بە بۆچوونی سەڵتەنەت‌تەڵەبەکان پیلانی دەرەکی (کۆنفرانسی گوادلۆپ) بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆخوازانەی حەمەڕەزاشا، کە ئەمەیان کەمتر لە ئەقڵدا دەگونجێ. بێگومان شۆڕشێکی لەم چەشنە بەربەرین و جەماوەری وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی مێژوویی ناتوانێ “تەک سەبەبی” بێ و، هەموو هۆکارەکانی کە ئاماژەیان پێکرا کەم و زۆر ڕۆڵیان هەبووە لە بەرپابوونی ئەم شۆڕشەدا.

لەنێو ئەم فاکتۆرانەدا، فاکتۆری تەزادی سوننەت و مۆدێڕنیتە لە کۆمەڵگەی ئێراندا یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانە، بەم چەشنە کە پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی شا بە خێرایی دەرگای بە تەواوی بە ڕووی والا کرا، بەبێ دیقەت و زەرافەت، لەگەڵ ستراکتۆرە نەریتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیی (ئیسلامی_شێعە) کە پێک کەوتن و ئەمە کێشەی گەورەی نایەوە. ڕۆحانییەتی شێعە لەم تەزادە گەورەترین کەلکی وەرگرت و بە شێوەیەکی لێزانانە ئەم پێکدادانەی قۆستەوە و لە هەستی ئایینیی خەڵک بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی کەلکی وەرگرت. ئەگەر لەبیرمان بێ لە ڕەوتی شۆڕشدا خۆپیشاندەران پێش لە هەموو شوێنێک هێرشیان دەکردە سەر سینەماکان، مەشرووب فرۆشی، باڕ و کابارەکان، وەک شوێن‌گەلێک کە هەڕەشە بوون بۆ کولتوور و فەرهەنگی ئیسلامی. لە راستیدا ئێستاشی لەگەڵ بێ تەزادی سەرەکیی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەر ئەمەیە و “ئیسلامی سیاسی”ـش بەرهەمی ئەم تەزادەیە. “ئیسلامی سیاسی” دژکردەوەیەکە بە هاتنی کولتوور و فەرهەنگی ڕۆژاوا و ڕۆحانییەتی شێعەش دروشمی پاراستنی کولتووری ئیسلامی کە کەوتووەتە بەر هێرشی کولتووری بێگانە و کافرانی بەرز کردۆتەوە، هەروەک ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی دیکە کە ئەمە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.

ئەمن با ئاماژە بە نموونەیەک بکەم، فێستیڤاڵێکی هونەری لە شیراز بەڕێوە دەچوو، کە لەژێر سەرپەرەستی و چاودێریی فەرەحی دیبای شاژندا بوو. لە یەکێک لە خولەکانیدا لە ساڵی ١٣٥٦دا گرووپێکی ئەمریکایی شانۆیەکی سەرشەقامیان پێشکەش کرد، ئانتۆنی پارسۆنز دوایین باڵوێزی بریتانیا لە ئێران دەڵێ: ئەم ڕووداوەم لەگەڵ شا باس کرد و پێم گوت ئەگەر شانۆی وا لە شاری وینچێستێری ئینگلیس بەڕێوە دەچوو؛ دەرهێنەر و ئەکتەرەکانی سەریان تێدا دەچوو. شا هیچی نەگوت و بەمە پێکەنی.

بێجگە لەمانەش ڕۆحانییەت بۆخۆی هەندێک ئیمتیازی تایبەت بە خۆی هەبوو، بۆ نموونە، ئەمەش خۆی لە دروشمەکانیان کە یەکگرتوو و بە بەرنامە بوو وەک “استقلال، آزادی، جمهوری اسلامی”، “نهضت ما حسینیە، رهبر ما خمینیە”دا دەدیترا؛ ئەم کۆمەڵە یەک ڕێبەریشیان هەبوو ئەویش خومەینی بوو هەر، بۆیەش پڕشوبڵاو نەبوون و ڕێبەرەکەشیان لێبڕاو بوو و سازشی نەکرد. بەرەی نیشتمانی (جبهەی ملی) ئەگەر دەسەڵاتی هەبایە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبا سازشی دەکرد چونکە ئەم ئامادەگییەیان هەبوو؛ بەڵام خومەینی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵیان نەسازا و مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی شا بوو. هەروەها ئیمکاناتی ماڵیی بەرفراوانیان لە بەردەستدا بوو. ڕۆحانییەتی شێعە بە هۆی کەلکوەرگرتن لە داهاتی وەک “سهم امام” یا “وجوهات شرعی” هەمیشە بێ‌نیاز بووە لە دەوڵەت و هیچ حەوجێیەکی پێ نەبوو. بازاڕی شارە گەورەکانیش وەک تاران، تەورێز، ئیسفەهان و … پشتیوانێکی بەهێزی ئابووری بوون بۆیان و، ڕۆحانییەت و بۆرژوازیی بازاڕ هەر لە ڕابردووەوە بەرژەوەندیی یەکتریان پاراستوە، ژن و ژنخوازییان لە نێواندا هەبووە.

هەروەها تۆڕێکی پێوەندیی بەربڵاویان لە بەردەستدا بوو و قسە و گوتاریان بە هۆی مزگەوت و مەلاکان کە دەگەیشتە هەموو شوێنێک تەنانەت کوێرە گوندەکانیش، بە سەرتاسەری ئێراندا بڵاو دەبۆوە. لە شوێنە یاساییەکانی وەک مزگەوت، حوسەینییەکان و دامەزراوە خێرخوازییەکان، بۆ ڕێکخستن و کۆبوونەوەکانیان کەلکیان وەردەگرت. کەلکوەرگرتن لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی ئایینی و هەروەها ئۆستوورە و سیمبولەکانی ئایینی شێعە، فاکتۆرێکی دیکەی بەهێز بوونی ئەوان بوو. لە بەرامبەردا گرووپەکانی دیکەش پرشوبڵاو و بە دروشمی جیاواز و تەنانەت دژبە یەک بوون.

ئێمە دەزانین ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی شا تەنیا ڕۆحانییەت نەبوو؛ بەرچاوترین ئۆپۆزیسیۆنەکان کامانە بوون و دەور و کاریگەریی ئەوان هەتا چ ڕادەیەک بوو؟

ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی پەهلەوی دەتوانین بە سێ دەستە دابەش بکەین؛ دەستەی یەکەم لیبێڕاڵ یا نەتەوەییەکان کە خۆی لە بەرەی نیشتمانی (جبهەی ملی)ـدا دەدیتەوە. دەستەی دووهەم چەپەکان بوون، کە حیزبی توودە و ڕەوتی چەپی نوێ نوێنەرایەتیی دەکرد و دەستەی سێهەمیش ڕۆحانییەتی شێعە بوو.

بەرەی نیشتمانی لە ڕاستیدا ئەو توانا و هێزەی نەمابوو هەرچەند دوو جاریش بازسازیی خۆی کردبۆوە، جارێک لە دوای ساڵی ٤٢ کە پێیان دەگوت بەرەی نیشتمانیی دووەم و جاری دووەمیش هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بەرەی نیشتمانیی سێهەمیان پێک هێنا. بەڵام ئەو نفووز و پێگەیەی کە لە سەردەمی موسەدیق و لە ساڵەکانی بە نیشتمانی کردنی نەوتدا هەیانبوو؛ بۆیان نەمابۆوە. لە ڕاستیدا بەرەی نیشتمانی کێشەی لەگەڵ مانی سەڵتەنەت نەبوو، بەڵکوو…. دەیهەویست ئیختیاراتی شا لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیدا بێ و دەسەلاتەکەی زیاتر نمادین بێ وەک سیستمە سەڵتەنەتییەکانی ئورووپا.

هێزە چەپەکان: حیزبی توودە وەک بەتەمەنترین حیزبی چەپ لە ئێران لەدوای کوودتای ساڵی ٣٢ تەقریبەن پشتی ڕاست نەبووەوە و وەکوو تارماییەک وابوو، لە ڕاستیدا سەرکردایەتیی حیزبی توودە لەو ساڵانەدا وردە وردە ئێرانیان بەجێ هێشت و لە لایپزیک لە ئاڵمانی ڕۆژهەڵات باروبنەیان بەعەرزدا دابوو و زۆرتر لە دوورڕا تەماشاوان بوون، ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوو. بەڵام چەپێکی نوێ لەدایک ببوو لە دەیەی چلدا، چەپێکی نوێ کە جیاواز بوو لە حیزبی توودە. شێوازی خەباتی ئەم چەپە نوێیە زۆر جیاواز بوو لەگەڵ شێوازی حیزبی توودە، ئەوان باوەڕیان بە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێگەی پارلمان و هەڵبژاردنەوە نەبوو _هەمان شێوە بۆلشویکییە کە حیزبی توودە ڕەچاوی دەکرد_، ئەوان پێیان وابوو لە ڕێگەی توندوتیژی و کۆمەڵێک ڕووناکبیری ئاوانگاردەوە، لەژێر کاریگەیی ئەو فۆرمولانەی لە تێزەکانی “ڕێژێ‌دێبری”ـیان وەرگرتبوو وەک مۆتۆڕێکی بچووک دەتوانێ مۆتۆڕێکی گەورە وەجووڵە بێنێ و، بە ئۆلگووبەرداری لە ئینقلابی کووبا و لە شەڕی پارتیزانیی لە وڵاتی چین شێوازێکی نوێیان لە خەبات خستە ڕوو. ئەم چەپە نوێیە لە ڕاستیدا گاڵتەی بە مەرگ کرد، خۆی لە ئاو و ئاگر دا، زۆرتریش ڕووناکبیر و خوێندکار بوون. لە ڕاستیدا خەسارلێکەوتنی چەپەکان لە چاو هێزی سێهەم (ڕۆحانییەت) یەک بە دەیە. یانی لە ڕەوتی سێهەم ئەگەر کەسێک لە خەبات بەدژی ڕێژیم کوژرابێ، دە کەس لە چەپەکان کوژراوە، ئەوان لە خاکریزی یەکەمی خەبات لەدژی ڕێژیمی حەمەڕەزاشادا بوون؛ بەڵام نفووز و کارتێکەریی ئەوان زیاتر لە زانستگەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە ڕووناکبیرییەکاندا بوو و ئێمە دەزانین کە کۆمەڵگەی ئێران تەنیا لە زانستگەکان پێک نەهاتبوو؛ بە تایبەت لەو سەردەمەدا کە پێکهاتەی جەماوەریی خەڵکی ئێران زۆرتر لە دێهات بوون نەک لە شار. سەرەڕای ئەمانە، ئەو کاردانەوە توندوتیژانەی حەمەڕەزاشا کە بەرامبەر بە ڕەوتی چەپی نوێ لە خۆی نواند، زۆر کاریگەر بوو. لە ساڵی ١٣٥٥ تەقریبەن ئەم گرووپە چەپانە (چەپی نوێ) کە بە شێوازی چریکی خەباتیان دەکرد؛ پتر لە ٩٠ لە سەدی ڕێبەرەکانیان یا کوژرابوون، یا لە زیندانەکاندا بوون یا هەڵاتبوون، دەتوانین بڵێین ڕێژیمی شا تەقریبەن لەنێوی بردبوون. زۆر بە توندوتیژییەکی ڕووت لەگەڵیان بەرەوڕوو بوونەوە، شا نیگەرانی ڕەوتی سێهەم نەبوو و پێی وابوو مەترسیی سەرەکی کۆمۆنیستەکان و چەپی نوێیە. لێرەدا پێم خۆشە وتەیەکی مارکس بە نموونە بێنمەوە، دەڵێ: “شۆڕش وەکوو مشک وایە، تونێل لێدەدا ئەگەر کونێکی لێ داخەی لە کونێکی دیکەوە سەر دەردێنێتەوە.” شا ڕێگای لە چەپی نوێ و بە چەپی چریکی و ڕادیکاڵ داخست، بە جۆرێک کە دەکرێ بڵێین تەفروتوونای کردن؛ بەڵام ئەو مشکەی تونێلی لێدەدا لە مزگەوتەکانەوە سەری دەرهێنا. شا ترسێکی وای لەوان نەبوو و پێی وا نەبوو کە هێزێکی وەها کاریگەرن.

ڕەوتی سێهەم کە ڕۆحانییەت بوو _ئەڵبەت ئەوەش بڵێم کە ڕۆحانییەتیش ڕەوتێکی یەکدەست نەبوو_ تەنانەت بەشێکیان لەگەڵ ڕێژیم بوون، بەشێکیش کاری بە ڕێژیم نەبوو و لە کاری سیاسیدا هیچ دەور و دەستێوەردانێکی نەبوو. ئەو شتانەی بۆ ئەوان لە سیاسەت گرینگتر بوو بریتی بوون لە ئەخلاق لە کۆمەڵگە، بەجێ هێنانی فەرزیاتی دینی و شەرعی و شتی لەم چەشنە. بەڵام بەشێکیش لە ڕۆحانییەت بە تایبەت لەدوای ١٥ی جۆزەردانی ٤٢ ئەوەی کە خومەینی ڕێبەرایەتیی دەکردن، ئەوان لە سەنگەری خەبات بەدژی ڕێژیمدا هەبوون، زیندانی دەکران و تەبعیدیش دەکران. کە وابوو ئەم سێ بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن هەبوو.

کە باس لە شۆڕشی ئیسلامی دەکرێ، عەلی شەریعەتیش دێتە بەرباس و تەنانەت بە مامۆستای شۆڕش دەناسرێ؛ دەور و نەقشی ئەو لەم شۆڕشەدا چی بوو؟

لە ڕاستیدا ئەمن پێم‌وایە، شەریعەتی ئاوی لە ئاشی ڕۆحانییەتی شێعە کرد، هەرچەند بۆخۆی لەگەڵ ڕۆحانییەتی سوننەتی نەدەسازا. دەتوانین بڵێین شەریعەتی دیاردەیەکە، بۆ خۆی لە باری فکرییەوە ئاوێتەیەکە لە مارکسیسزم، ئێگزیستانسیالیزم، کاریگەریی فرانتس فانۆنی فەڕانسەوی زمانی بەسەرەوە، لە تێکەڵکردنی ئەمانە بە خوێندنەوەیەکی نوێی شۆڕشگێڕی لە دین و بە تایبەتی ئیسلامی شێعە گەیشتبوو. ئەو بە سوخەنڕانییە بەناوبانگەکانی لە حوسەینییەی ئیرشاد و بەکاربردنی دەستەواژەی وەک “تشیع علوی”، “تشیع صفوی”، “تشیع سرخ و تشیع سیاه”، “مذهب شهادت و مذهب ماتم” و بە باسکردن لە ململانێی چینەکان _ڕوون و دیارە کە لە مارکسیزمی بە قەرز وەرگرتبوو بەڵام بە ئەدەبیاتێکی مەزهەبی دەیگوتەوە_، کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر چینی خوێندکار و لاوی ئێران دانا. بە گشتی ئەم خوێندنەوە نوێیە لە دین بە تایبەت بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕی و ئینقلابی، توانی بۆشایی ڕۆحانییەتی سوننەتی لەنێو زانستگەکان و لەنێو ڕووناکبیرەکاندا پڕ بکاتەوە. بەمەش یارمەتییەکی زۆری بە ڕەوتی ڕۆحانییەت کرد و ئەوەیە کە دەڵێم شەریعەتی بەبێ ئەوەی بیهەوێ ئاوی لە ئاشی ئەوان کرد.

ئەمن گوێم لە وتووێژی یەکێک لە ڕێبەرانی چریکە فیداییەکان دەگرت، دەیگوت: “ساڵی ١٣٥٠ لە زانستگەکاندا ئێمە [چەپی نوێ] لە باری پێگە و نفووزەوە باڵادەست بووین، بەڵام دوای چەند ساڵ و لە ساڵی ٥٥ کە لە زیندان بەربووم، دیتم نا هێزە مەزهەبییەکان لەگەڵ ئێمە بەرابەری دەکەن.” ئەوانە هەموو کاریگەریی شەریعەتی بوو، ڕۆحانییەتی شێعە لەوێ و لەنێو ڕووناکبیران و چینی خوێندەواردا نفووزی نەبوو؛ بەڵام شەریعەتی ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ کردنەوە و بۆخۆی لەگەڵیان نەدەسازا بەڵام ناڕاستەوخۆ خزمەتی پێکردن.

ڕوانگەیەک هەیە کە پێی وایە شۆڕشەکان لە ئاکامدا دەچنەوە سەر دیکتاتۆرییەت، بۆ نموونە شۆڕشی فەڕانسە کە ناپێلئۆن بووە میراتگری، شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ کە دیکتاتۆرییەکی کۆمۆنیستیی لێ‌کەوتەوە و شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران؛ ئایا ئێوەش لەسەر ئەم باوەڕەن؟

نا ئەمن پێم‌وایە هەموو شۆڕشێک ئیلزامەن بە دیکتاتۆری ناگا و ئەم سێ نموونەیە و تەنانەت نموونەی زۆرتریش هەن بەڵام ناتوانین بیانکەینە پێوەرێک بۆ پێناسەی هەموو شۆڕشێک کە سەرەنجام بەرەو دیکتاتۆری دەڕۆا. بۆ وێنە شۆڕشی ئەمریکا (١٧٧٦)، شۆڕشی پورتەغال (١٩٧٤) کە بە شۆڕشی مێخەک ناسراوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆنترین دیکتاتۆری لە ئورووپا هێنا، شۆڕشی فیلیپین (١٩٨٦)، هەروەها ئەو شۆڕشانەی کە دژی ڕێژیمی کۆمۆنیستی لە ئورووپای ڕۆژهەڵات ڕوویان دا (لە کۆتایی هەشتاکان وە سەرەتای نەوەدەکان). ئاکامی هیچ کام لەم شۆڕشانە دیکتاتۆری لێ نەکەوتەوە.

لە ڕاستیدا کێشەکە لە نەفسی شۆڕشدا نییە بەڵکوو لە ڕێبەرانی شۆڕشە کە دوای بەدەسەڵات گەیشتنیان لە بەڵێنەکانیان پاشگەز دەبنەوە. واقعییەتەکان نابینن و تووشی خۆبەزلزانی دەبن، خولیای کورسی و دەسەڵات دەبن و وازی لێ ناهێنن. هەر وەکوو چۆن خومەینیی پاش شۆڕش بەتەواوی لەو بەڵێنانەی کە لە نۆفل‌لۆشاتۆی پاریس بە خەڵکی دابوو کە بۆخۆی دەچێتەوە قوم و بە دەرس وتنەوە سەرقاڵ دەبێ، هەروەها ڕۆحانییەت لە ئیدارەی وڵاتدا بەشدار نابن. بەپێچەوانە ڕێبەرانی شۆڕش ئەگەر کەسێکی وەک ماندێللا بکەن بە ئۆلگوو کە لە پاش سەرکەوتن ئارەزوومەندانە وازی لە دەسەڵات هێنا و، یا لە دوو جار زیاتر نەتوانن ببنە ڕێبەر و سەرۆک؛ ئاکامی ئەو شۆڕشە بەرەو دیکتاتۆرییەت ناچێ.

ئەگەر پێشمان وایە شۆڕش ئاوێتە بە توندوتیژی دەبێ، هەروەک لە هەندێک لە شۆڕشە کلاسیکەکاندا دیتراوە؛ نموونەی پێچەوانە ئەمانەش هەیە. هەروەک لە دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک شۆڕشمان بینی کە بە شۆڕشی مەخمەلی (چێکسلڤاکیا، ١٩٨٩؛ گورجستان، ٢٠٠٣؛ قرقیزستان، ٢٠٠٥) نارنجی (ئۆکراین، ٢٠٠٤) و … ناسراون؛ کە لە هیچ کام لەم شۆڕشانەدا توندوتیژییەک ڕووی نەدا و دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەستاودەست بوو.

ئەگەر لە بنەڕەت‌ڕا باوەڕمان بە شۆڕش نەبێ و ڕێفۆرمیست بین، ئەمەش گوناح نییە؛ بەڵام پرسیار ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرانەی کە هەن، ئایا هیوایەک بە ئاڵوگۆڕی ئەو ڕێژیمانە لە ڕێگای ڕێفۆرم و چاکسازییەوە هەیە؟ ئەوە نییە هەندێک لە چاکسازیخوازەکانی نێو کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێک بانگەشەی ڕێفۆرمیان دەکرد، ئێستا هیوایەکیان بە ڕێفۆرم و چاکسازی نەماوە.

لەم بەشەدا دەمانهەوێ باس لە کوردستان بکەین لەو سەردەمەدا، ئازادبوونی کاک عەزیز یووسفی لە زیندان و دواتر کۆچی دواییەکەی و سێ‌ڕۆژەی ماتەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە شاری مەهاباد؛ ئایا بە ڕای بەڕێزتان خاڵی دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان لەوێوە بوو یان نا؟ بەگشتی باسێکمان لە کوردستان بۆ بکە.

کە باسی کوردستان هاتە پێش ئەمن پێم خۆشە هەر باسی بابەتێکی دیکە بکەم. بۆ یەکەم جار خۆپیشاندانەکان لە ١٩ی بەفرانبار لە قوم ڕووی دا، بە ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە وتاری “استعمار سرخ و سیاه” کە “احمد رشیدی مطلق” ناوێک نووسیبووی و کەسیش نەیوێرا وەئەستۆی بگرێ کە تێیدا بێڕێزی بە خومەینی کرابوو، هەرچەند “داریوش همایون” تۆمەتبار کرا؛ بەڵام گرینگ ئەوەیە چراسەوزی بڵاوبوونەوەکەی لە دەربارەوە لێدرابوو. ئەوە بوو بە بیانوویەک بۆ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا لە قومەوە دەستی پێکرد و چەند کەس لە لایەن حکوومەتەوە کوژران، دەنا بەستێنەکان لەبار بوون، ئەو کۆمەڵە هۆکارەی باسمان لێکردن دەستیان دابووە دەستی یەک کە شۆڕش ڕوو بدا. دواتر لە چلەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانەدا لە تەورێز لە ٢٩ی ڕێبەنداندا خۆپیشاندان کرا و لەوێش خەڵکانێکی تر کوژران، دوایی ئەم ناڕەزایەتییانە چلە بە چلەی ماتەمینی کوژراوەکان بەردەوام بوو. لە کوردستان و لە شاری مەهاباد یەکەم خۆپیشاندان لە ١٥ی جۆزەردانی ساڵی ٥٧ و لە سێ‌ڕۆژانەی کاک عەزیز یووسفی دەستی پێکرد.

کاک سماییل بۆخۆت لەوێ بەشداریت کردوە، دەمهەوێ بزانم دروشمەکان ئیسلامی بوون یا نەتەوەیی یاخود چینایەتی؟

بەڵێ لەوێ بەشداریم کردوە، لەم یەکەم خۆپیشاندانەوە هەتا ٢٢ی ڕێبەندان ئەمن پێم وانییە یەک خۆپیشاندانم لەکیس چووبێ و تێیدا بەشدار نەبووبێم. کوردستان جیاواز بوو، ئەگەر لە شارەکانی دیکەی ئێران وەک تاران، تەورێز، مەشهەد، ئیسفەهان، قوم، یەزد، ڕەشت و … دروشمی “نهضت ما حسینیە، رهبر ما خمینیە” یا “استقلال، آزادی، جمهوری اسلامی” دەگوترایەوە؛ ئەمن لە یەک خۆپیشاندانی شاری مەهاباددا هەرگیز یەک دروشمی لەم جۆرەم نەبیستوە. لە ڕاستیدا سەرەتا لە دروشمەکاندا داوای ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان دەکرا، دواتر مەسەلەی نان و مەسکەن هاتە ئاراوە و دوایی دروشمەکان بەدژی ڕێژیمی شا ڕادیکاڵتر بوو. ئەوەش بڵێم زۆر جار دروشمەکان چەپی بوون بۆ نموونە “داس و چەکوچ، سەرنێزە مەحکووم دەکا”، “بژی هێزی کرێکار، با بڕووخێ ئیستعمار”؛ ئەمانە ئەو دروشمانە بوون کە لە خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا دەگوتراوە. دروشمی ئیسلامی لە هیچ خۆپیشاندانێک نەدراوە، لەم پێوەندییەدا با ئاماژە بە خاڵێکی مێژوویی بکەم، ئێمە زیندانیی سیاسیی ئیسلامیمان لە کوردستان نەبووە؛ زیندانیانی سیاسی کە لە ساڵی ٥٧ لە زیندان بەربوون یا نیشتمانی بوون یا چەپی بوون. هەر خودی ئیسلامی سیاسی بەهۆی ڕەوانشاد “ئەحمەد موفتی‌زادە”وە لە کوردستان لە ساڵەکانی ٥٤ هەتا ٥٦ و بە دامەزرانی مەکتەبی قورئان سەری هەڵدا. ئەحمەد موفتی‌زادە کە بۆخۆی لە سەرەتای ساڵەکانی چل لە زیندان بووە، لەسەر حیزبی دێموکرات کە حیزبێکی نەتەوەییە گیراوە. ئەمن بە بەرپرسایەتییەوە دەڵێم یەک زیندانیی سیاسی کە بیری ئیسلامیی –نەک موسوڵمان بەڵکوو خاوەنی بیرۆکەی ئیسلامی سیاسیی- بووبێ لە کوردستان نەمانبووە. هەموو زیندانییەکان یا نەتەوەیی بوون یا چەپ بوون. تەنانەت گرینگترین ڕۆحانیی شاری مەهاباد مامۆستا شێخ عیزەددین حوسێنی کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەوری بەرچاوی هەبوو، ڕۆحانییەکی پێشکەوتوو و سێکۆلار بوو و باوەڕی بە مافی یەکسانیی ژن و پیاو هەبوو و، تەنانەت زۆر جاریش نیسبەتی هۆگری بە بیرۆکەی چەپی لێ دەدرا.

بۆ یەک جاریش لە خۆپیشاندانەکان نە هێرش کرا سەر بار و کازینۆیەک و سینەمایەک، بۆیە دەڵێم شۆڕش لە کوردستان جیاواز بوو. تەنانەت بیژەن جەزەنی لە کتێبی مێژووی سی‌ساڵەی ئێراندا کە لە زیندان نووسی، کاتێک کە باسی هەرای ١٥ی جۆزەردان دەکا، دەڵێ دوورخستنەوەی خومەینی و ئەو هەرایەی لێی کەوتەوە هیچ کاردانەوەیەکی لە کوردستان نەبووە. ئەوە کەسێکە کە پێشگووییەکی زۆر جوانی هەر لەو کتێبەدا کرد و دەڵێ: “ئەگەر ئێستا دەرفەتێک هەبێ، هەلومەرجێکی ئازاد هەبێ، بتوانن هەڵبژاردنێک بکرێ خومەینی لەگەڵ پێشوازییەکی بێ‌وێنە بەرەوڕوو دەبێ.” ئەم وتەیەی هیی شەش-حەوت ساڵ پێش لە سەرکەوتنی ئینقلابە. شایانی باسە لەم پیوەندییەدا کاک هێمن سەیدی چەند ساڵە خەریکی توێژینەوەیەکی وردە لەم بارەوە، تێزی دوکتوراکەشی هەر لەسەر ئەم مژارەیە.

ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لەم نێوەدا چی بوو؟

کومیتەی زاگرۆس کە هاتەوە شاری مەهاباد لەوێ کار و بەرپرسایەتییەکانیان دابەش کرد، دوکتور قاسملوو بە ناوی کاک شەریف، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کە بەرپرسی مەهاباد بوو. بە هاتنەوەی ئەم کومیتەیە دروشمە نەتەوەییەکان ئیدی وردە وردە هاتنە نێو خۆپیشاندانەکانەوە.

دروشمەکان کە پێشتر باسم کرد لەو چوارچێوانەدا بوون، بە هاتنەوەی کومیتەی زاگرۆس دروشمەکان ڕەنگی نەتەوەییان بە خۆیانەوە گرت، سروودی ئەی ڕەقیب دەگوترا، ئەم گۆڕانە ڕووی دا.

ڕاستە چەندین هێزی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر و هێزی سیاسیی دیکەش بەشداری شۆڕش بوون، بەڵام ڕۆڵ و نەقشی ڕۆحانیەتی شێعە و شەخسی خومەینی و جەماوەرێکی زۆری پشتیوانیان بەرچاوتر بوو.

جا بۆیە دەڵێم ئەگەر لە ئێران ئینقلابی ئیسلامی بوو، بەڵام لە کوردستان وانەبوو؛ کوردستان جیاواز بوو؛ کوردستان شۆڕشی نەکرد کە خومەینی و ڕۆحانییەتی شێعە دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، بەڵکوو لەدژی ڕێژیمی پاشایەتی شۆڕشی کرد.

سپاس کە لەم وتووێژەدا بەشدار بوون.

سپاس بۆ ئێوەش.