کاتی کۆتایی‌هێنان بە مۆتەکەی دیکتاتۆریی دڕندەی ئێران هاتوە

وه‌رگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
لە ١٩٧٩، خوێندکارانی ئێرانی لەگەڵ لایەنگرە ئەمریکاییەکانیان لەسەر شەقامەکانی

واشینگتۆن خۆپیشاندانیان دەکرد، ئەوان دژی “سەرکوت” لە وڵاتەکەیان ناڕەزایەتییان دەردەبڕی و دروشمی “بمرێ شا”یان دەدا. دوای ماوەیەکی کورت، کاتێک سەرۆک کۆمار جیمی کارتێر پشتی لە هاوپەیمانە لەمێژینەکەی ئەمریکا کرد، ئایەتوڵڵا خومەینی لە پاریس‌ڕا گەڕایەوە و دەستی بە لێکهەڵوەشاندنی ئێرانی شا کرد و ڕێژیمێکی ئیسلامیی نوێی دامەزراند.

ئەوە ڕۆژێکی نوێ بوو. ڕۆژێکی ڕەشی نوێ.

سیاسەتوانە ڕۆژئاواییەکان تووشی سەرلێشێواوی بوون و دڵنیان کە ئەمریکا خەتاباری هەرچی شتی خراپ لە جیهانە و لەوانەیە هەوڵ بدەن خۆیان ڕازی بکەن کە ڕەنگبێ دیکتاتۆرییە ئایینییەکەی تاران نوێنەری خەڵکی ئێرانە. ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە کە ڕێگا بۆ ئایەتوڵڵاکان خۆش بکەن کە بێنە نێو کۆڕی نەتەوە خاوەن شارستانییەکان. ئەوە نابێتە هۆی وەڕاست گەڕانی ئەو بیرۆکەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دیکتاتۆرییەکی بێ‌بەزەیی سەدەکانی نێوەڕاستە، کە هۆی مانەوەکەی بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەری سەرکوت و دڕندەییە.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی حەشیمەتەکەی پتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی ئەم دنیایە خەڵک ئێعدام دەکا. ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ساڵانە لە ئێران ئێعدام دەکرێن لە هیی گشت وڵاتێک جگە لە چین، کە ڕێژەی دانیشتووانی حەڤدە هێندەی ئێرانە، زیاترە. حوکمی ئێعدام بەسەر تاوانی بێ‌توندوتیژی دەسەپێ و بە گوێرەی یاسای سزای ئێران کچی ٩ ساڵە و کوڕی ١٥ ساڵە بۆ ئێعدام کردن دەبن.

بە گوێرەی ئەو حوکمانەی کە لە لایەن سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە دەدرێن، خەڵک دەتوانن بە تۆمەتی تاوانی ناڕوونی وەک “شەڕ لەدژی خودا” یا ڕەخنە گرتن لە ڕێبەری گەورە ئێعدام بکرێن. ئەوان بە هەمان شێوە لەبەر هاوڕەگەزخوازی لەوانەیە ئێعدام بکرێن. تەنیا بۆ ئەوەی کە خەڵکی مەحکوومکراو بە ئێعدام لە ئاستی تاوانکارییەکەیان ئاگادار بکەنەوە، پێش ئێعدام کران بە قامچی لێیان دەدرێ. سیستمی سزای ئێران چەندین شێوازی ئێعدام کردنی هەیە وەک هەڵواسین، تیرباران، لە سێدارەدان و بەردباران.

بۆ پووڵ پەیدا کردن لە ڕێژەی بەرز و سامناکی ئێعدامەکان، تاران لەم دواییانەدا یاسایەکی پەسەند کردوە کە ئیجازە بە فرۆشتنی ئەندامی ئەو زیندانییانە دەدا کە ئێعدام دەکرێن. کڕیارەکان ئێستا دەتوانن ئەندامە نوێکانیان رێزێرڤ بکەن و دەسبەجێ دوای جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام وەریگرن.

بەڵام لەکار کردنی هێزی کوشندە تەنیا تایبەتی ئەو ئێعدامانە نییە کە لە لایەن سیستمی دادوەرییەوە بڕیاریان لەسەر دراوە. لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا کە ئێرانیان هەژاند، خۆپیشاندەران کە هیچ توندوتیژییەکیان نەنواندبوو لە لایەن تاک‌تیرهاوێژانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لە سەری کرا کە لە سەربانەکانی نزیک شوێنی خۆپیشاندانەکان خۆیان مەڵاس دابوو. کاتێک کە لەم بارەوە لە وەزیری نێوخۆ، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، پرسیار کرا ئەو جوابی داوە: “ئێمە تەقەمان لە لاقانیشیان کرد، تەنیا سەریان نەبوو. ئێمە لاقانیشمان هەنگاوت.”

ئاشکرا بووە کە بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی خۆپیشاندەران بە ئەمری ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی بووە. بە گوتەی بەرپرسێکی پلەبەرز لە نۆڤامبری ٢٠١٩، ڕیبەری گەورە گوتوویەتی: “هەرچی پێویستە بیکەن، ئەوە ئەمری منە.”

لە هەندێک ڕوانگەوە، ئەوانی کە بەدەست مرۆڤکوژەکانی ڕێژیم کوژران ڕەنگبێ لە بەختەوەرەکان بن. ئایەتوڵڵاکان بە هەمان شێوە ئەشکەنجەی سسیتماتیک بەکار دێنن بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان. زیندانییەکان لە دنیای دەرەوە دادەبڕێن و ڕێگایان پێ نادرێ بنەماڵە و هەڤاڵەکانیان ببینن، لێیان دەدرێ، لە برق دەدرێن، بە قامچییان لێیان دەدەن و بێکۆتایی ئەشکەنجە دەکرێن تا ددان بە هەموو شتێکدا بنێن تا کۆتایی بە ئازارەکەیان بێنن. ددانپێدانانی لەژێر ئەشکەنجە زۆر جار تەنیا بەڵگەن بۆ مەحکووم کردن.

کاتێک کە حوکم دران، تەنانەت ئەگەر ئێعدامیش نەکرێن زیندانییەکان لەوانەیە بکەونە ژێر بێ‌بەزەییانەترین سزا. لە ئێران بڕینی قامک یا دەست بۆ هەندێک تاوان شتێکی ئاساییە. لە ٢٠١٨، سیستمی دادوەریی ئێران حوکمی بڕینەوەی دەستی بۆ پیاوێکی ٣٤ ساڵە پەسند کرد کە گۆیا مەڕی دزیبوو.

ئەوە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕێژیمی تارانە. ئەوە ئەو شتەیە کە خەڵکی بوێری ئێران لەگەڵی دەجەنگێن. ئێمە زۆر دەمێکە کە چاوەکانی خۆمان نووقاندوون. کاتی ئەوە هاتوە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەین و ببینە هۆی گۆڕانی ڕێژیم.

مەبەست لەوە دەلیل هێنانەوە بۆ شەڕی ئاسایی و دوژمنکاریی ئاشکرا نییە. مەبەست ڕەچاو کردنی سیاسەتێکە کە ئایەتوڵڵاکان و دەستوپێوەندییەکانیان فڕێ بدرێنە نێو زبڵدانی مێژووەوە.

ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لە لایەن سەرۆک کۆمار ترامپ سەپێنرانەوە، خەریکن ئابووریی ئێران لێک هەڵدەتەکێنن، دەزگای تێرۆری ئایەتوڵڵاکان مایەپووچ دەکەن و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە نێوخۆ. کاردانەوەیان لە بەیرووت، ئەو شوێنەی کە حیزبوڵڵای لێیە، هەستی پێدەکرێ و چیدیکە ناتوانێ خۆ بە پارەی ئێرانەوە ڕانێ و لە حەولی ئەوەدایە خۆی نەجات بدا.

ئەو ڕێچکەیە بەر مەدە، زەختەکە بپارێزە و بە شێوەیەکی سیستماتیک زەختەکە زیاتر بکە.

بەرەوڕووی بەکرێگیراوەکانی ئێران لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ببەوە. بۆ ئەو کارە پێویست بە کەلکوەرگرتن لە هێزی ئاسایی ئەمریکا ناکا. ئەوە پشتیوانیی ئابووری و دارایی هاوپەیمانەکانمان و هەنگاوی ناوەندە هەواڵگرییەکانمان و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان دەخوازێ. ئێستا، کە ڕێژیمی ئێران لەژێر زەختی ئابلۆقە ئیفلیجکەرەکاندا نەقەی لێبڕاوە، کاتی تێکشکاندنی حوسییەکان، میلیشیاکانی عێراق و بەکرێگراوەکانی دیکەی ئێران هاتوە.

کەمپەینی سۆشیال مێدیاییمان لە نێوخۆی ئێران پەرە پێبدەن. هەنگاوی ئەو دواییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ داخستنی ئینتێرنێت لە نێوخۆی وڵات، نیشانی دەدا کە ئایەتوڵڵاکان چەندە لە ڕاستییەکان و لەوە کە خەڵکی خۆیان بزانن کە دنیا پشتیوانی خەباتەکەیانە دەترسن. هەوڵ بدەن تا خەڵکی ئێران بزانێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پشتیوانیانن و داهاتووی ئەوان داهاتوویەکی ئازاد و دوور لە سەرکوت و ترسە.

حزووری پتەوی هێزی سەبازیی ئاسایی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کە لەسەر پێوەندی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان وەک ئیسڕائیل، عەرەبستانی سعوودی، کووەیت و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی دامەزراوە بپارێزن. لەگەڵ ئەوەی کە گەمارۆکان دژی مەلاکان لە تاران توندتر دەبن، خۆتان لەوە دڵنیا بکەن کە ئەوان بە تەواوی لەوە تێدەگەن کە هەر شێوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە لایەن ئەوانەوە دەبێتە هۆی تێکشکانی ئەوان. خۆتان لەوە دڵنیا بکەن کە هاوپەیمانەکانمان تێدەگەن کە ئێمە پێداگرین و ئەگەر ئەوان پێویستییان بە ئێمە بێ؛ ئێمە پشتیوانییان دەکەین.

چل ساڵ لەمە پێش، ئێران، کە سەردەمێک بە شێوەی گشتیی سێکۆلار بوو و یەکێک لە نەتەوەکانی خاوەن شارستانیی مەزن بوو، لە لایەن ئەم دڕندانەوە [ڕێژیمەکەی] ڕووخا، تاکوو بۆ شێوەیەکی سەیروسەمەرەی سەردەمی تاریکی بگەڕێننەوە. لە هەموو ئەو کاتەدا، پتر لە جیلێک، خەڵکی ئێران لەژێر مۆتەکەیەکدا ژیاوە شتی وەها مەترسیداری ئەزموون کردوە کە زۆربەی خەڵکی ئەمریکا ناتوانن تەنانەت بیریشی لێ بکەنەوە. ئێستا کاتێکی گونجاوە. کاتی ئەوە هاتوە کە ئەو مۆتەکەیە کۆتایی پێ بێ.