کۆچی دوایی خاتوو مریەم قازی کچی شەهید پێشەوا قازی محەممەد

بە پێی هەواڵ بچووکترین منداڵی شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان خاتوو مریەم قازی بە هۆی نەخۆشی لە شاری عەممان پایتەختی ئۆردۆن کۆچی دوایی کرد.

خاتوو مریەم قازی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی چەند مانگ پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان لە دایک بووە و حەوتەمین منداڵی شەهید پێشەوا و ڕەوانشاد خاتوو مینا قازی بوو. شایانی باسە کە خاتوو مریەم وەک بچووکترین منداڵی شەهید پێشەوا بەداخەوە لە نازی باوک بێ‌بەش بووە و لە ئامیزی خاتوو مینا و خوشکەکان و خزمان دا گەورە بووە.

دوای شەهید بوونی پێشەوا قازی ، ئەرکی بەخێوکردنی هەموو منداڵەکان کەوتە سەر شانی مینا خان و ئەویش بەوپەری دڵسۆزی و بەخەمخۆری‌یەوە منداڵەکانی گەورە و پەروەردە کردن، خاتوو مریەم خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری مەهاباد تەواو کردووە و بۆ خوێندنی داوناوەندی لە تاران درێژەی بە خوێندن داوە، هەر لە شاری تاران لەگەڵ کاک سەردار بەگی جاف ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و بەرهەمی ژیانیان سێ منداڵ بە ناوەکانی سیروان، سەیران و سۆما جافە.

b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_mryam_Qazi1.jpgشایانی باسە کە خاتوو مریەم ژنێکی مەند و هێدی و لە هەمانکاتدا بە هەڵوێست و نیشتمانپەروەر بوو و کەسایەتی بنەماڵە و بە تایبەت نەمران شەهید پێشەوا و خاتوو مینا کاریگەری زۆریان لە درووستکردنی ناوبراو دا هەبووە و ئەوەش بە هەڵویست و بە کرداری ڕۆژانەیەوە دیار بوو.

خاتوو مریەم بە نەخۆشی لە ڕۆژی ١٥ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٠ دا لە وڵاتی ئۆردۆن کۆچی دوایی کرد. بە پێێ هەواڵ لەبەر بارودۆخی ئێستا و لەبەر بوونی نەخۆشی کۆرۆنا و بۆ ئەوەی ڕێنومایی و ڕاسپاردەکانی حکوومەتی هەرێم لەبەرچاو بگیردرێن تەرمی خاتوو مریەم بە ئەمانەت لە وڵاتی ئۆردۆن بە خاک دەسپێردرێ و پرسەی بۆ داناندرێ.

بە بۆنەی کۆچی دوایی خاتوو مریەم قازی سەرەخۆشی لە برای گەورەمان کاک عەلی قازی و خوشکەکانی و منداڵ و جگەرگۆشەکانی و هەروەها بنەماڵەی گەورەی قازی بە گشتی و بنەماڵەی جاف دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیارەنگ