ڤایرۆسی کۆرۆنا: بۆ دەبێ هەر ئێستا کردەوەت هەبێ.

میدیۆم – توماس پووێڤۆ
وەرگێڕ: کەمال حەسەنپوور
بەشی دووهەم

کە وابوو وڵاتێک چی بکا بۆ ئەوەی کە ئامادە بێ؟
چ زەختێک دەکەوێتە سەر سیستەم؟
نزیکەی ٪٢٠ ی تووشبووان پێویستییان بە چاودێریی لە خۆشخانەیە، ٪۵ ی دۆخەکان پێویستییان بە پێڕاگەیشتنی چڕ واتە ICU دەبێ، و ٪٢،۵ پێویستییان بە یارمەتی یەکجار چڕ دەبێ، بە ئامێری ئۆکسیژەن بەخشی دەرەوەی جەستە ECMO.
موشکیلەکە ئەوەیە کە شتی وەک ئامێری یارمەتیدەری هەناسە کێشان و ئامێری ئۆکسیژەن بەخشی دەرەوەی جەستە بە ئاسانی لە کڕین نایەن. بۆ وێنە چەند ساڵ لەمەوبەر، وڵاتە یەکگرتووەکان لە سەر یەک ٢۵٠ ئامێری ئۆکسیژەن بەخشی دەرەوەی جەستەی هەبوون.
کەوابوو ئەگەر لەناکاو ١٠٠ هەزار کەس گیرۆدە بن، زۆر لەوان دەیانهەوێ پشکنینیان بۆ بکرێ. ٢٠ هەزار کەس پێویستییان بە کەوتن لە نەخۆشخانە دەبێ، ۵ هەزار کەس پێویستییان بە ICU دەبێ و هەزار کەس پێویستییان بە ئامێر دەبێ کە ئێمە ئێستا بە پێی پێویست نیمانن. جا ئەوە تەنیا بۆ ١٠٠ هەزار گیرۆدەبوویە.
ئەوە بێجگە لە حیساب کردنی شتی وەک دەمامکە. وڵاتێکی وەک ئەمریکا تەنیا ٪١ی دەمامکی پێویستی بۆ ستافی کەرتی تەندروستی هەیە (١٢ میلیۆن لە جۆری N95 و ٣٠ میلیۆن لە جۆری نەشتەرگەری لە بەرامبەر ٣،۵ میلیارد کە پێویستە). ئەگەر خەڵکێکی زۆر بەسەر یەکەوە گیرۆدە بن، تەنیا بەشی ٢ حەوتوو دەمامک هەیە.
وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆرەی باشوور، هۆنگ کۆنگ یا سینگاپور، و هەروەها ناوچەکانی چین لە دەرەوەی هوبەی، ئامادە بوون و پێڕاگەیشتنی پێویستیان پێشکەش بە نەخۆشەکانیان کردووە.
بەڵام باقی وڵاتانی ڕۆژئاوایی وێدەچێ بەرەو دۆخی هوبەی و ئیتالیا بچن. کەوابوو لەوێ چ دەقەومێ؟
سیستەمی تەندروستی نوقم بوو لە نەخۆشاندا چۆنە؟
بەسەرهاتەکانی هوبەی و ئیتالیا بە شێوەیەکی سەیر وەک یەک دەچن. هوبەی دوو نەخۆشخانەی بە ١٠ ڕۆژان درووست کرد، بەڵام تەنانەت ئەو کاتیش، بە تەواوی لە نەخۆشاندا نوقم ببوو.
هەردووکیان سکاڵای ئەوەیان دەکرد کە نەخۆش بە لێشاو ڕوویان لە نەخۆشخانان کردووە. ئەوان لە هەموو شوێنێک پێیان ڕادەگەیشتن، لە هۆڵی چاوەڕوانکردن هتد.
کارمەندانی کەرتی تەندروستی چەند کاتژمێر خەریکی ئامێرێکی پارێزەر بوون، چونکە بە ئەندازەی پێویست نەیانبوون. لە ئاکامدا، ئەوان ناتوانن ناوچە گیرۆدەبووەکان دوای چەندین کاتژمێر بەجێ بێڵن. کاتێک کە ئەو کارە دەکەن، ئەوان وشک هەڵاتوون و بێ هێزن. چی دیکە کاری شیفت نەماوە. خەڵکی خانەنشینکراو داوایان لێدەکرێ بگەڕێنەوە سەر کار چونکە پێویستیان پێن. خەڵکانێک کە هیچ شتێک لەبارەی پەرستارییدا نازانن شەوانە ڕاهێنانیان پێدەکرێ تا ئەرکی ئاستەم بگرنە ئەستۆ. هەموو کەس لە سەر کێشکە، هەمیشە.
هەڵبەت، تا ئەو کاتەی کە نەخۆش دەکەون. شتێک کە زۆر دەقەومێ، چونکە ئەوان بەردەوام لە شوێنێکن کە ڤایروسی لێیە، بێ ئەوەی کە بە پێی پێویست شتی خۆ پاراستنیان هەبێ. کاتێک کە ئەوە دێتە پێش دەبێ ١٤ ڕۆژان خۆیان هاوێر بکەن، کە لەو ماوەیەدا ناتوانن هیچ یارمەتییەک بکەن. لە خراپترین دۆخدا، ئەوان دەمرن.
خراپترین شوێن جێگای پێراگەیشتنی چڕە ICU، کاتێک کە نەخۆشەکان دەبێ ئامێری هەناسە کێشان یا ئامێری ئوکسیژێن بەخشی دەرەوەی جەستە لەگەڵ یەکتر بەش بکەن. لە ڕاستیدا بەش کردنی ئەوان مەحاڵە، بۆیە ستافی کەرتی تەندروستی دەبێ بڕیار بدەن کە کام نەخۆش کەڵکی لێ وەرگرن. ئەوە بە ڕاستی بەو مانایەیە کە کامیان بژین و کامیان بمرن.
پزیشکی ئیتالیایی، کریستیان سالارۆلی: “پاش چەند ڕۆژان، ئێمە دەبێ هەڵبژێرین […] هەموو کەس ئامێری هەناسە کێشانی پێ نادرێ، ئێمە بە گوێرەی تەمەن و دۆخی تەندروستی بڕیار دەدەین.”
هەموو ئەوانە دەبنە هۆی ئەوە کە سیستەمێک ڕێژەی کوژراوانی بگاتە ٪٤ لە جیات ٪ ٠،۵ ئەگەر دەتهەوێ شارەکەت یا وڵاتەکەت ڕێژەی کوژراوانی بگاتە ٪٤ ، ئەوڕۆ هێچ مەکە.
٣. دەبێ چ بکەی؟
کەوانەکە پان بکەوە
ئێستا لە دۆخی گشتگر داین. ناتوانی پێشی پێ بگری. بەڵام ئەوەی کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە ئاسەوارەکەی کەم بکەینەوە.
هەندێک وڵات لەو ڕوانگەوە نموونە بوون. لە هەمووان باشتر تایوانە، کە پێوەندی لە ڕاددەبەدەری لەگەڵ چین هەیە و سەرەڕای ئەوەش کەمتر لە ۵٠ دۆخی هەن. ئەو نووسراوە سەرجەم ڕێگاچارەکانی کە لە سەرەتادا گیرانە بەر شی دەکاتەوە، کە لە بارەی هاوێر کردندایە.
ئەوان توانیویانە کە هاوێری بکەن، بەڵام زۆربەی وڵاتان ئەزموونیان نەبوو و نەیانکرد. ئێستا، کایەیەکی جیاواز دەکەن: سنووردار کردن. ئەوان پێویستیانە توانایی هێرشبەریی ئەو ڤایروسە تا دەکرێ کەم بکەنەوە.
ئەگەر ئێمە بتوانین هەو کردنەکان تا ئەو جێیە کە دەکرێ کەم بکەینەوە، سیستەمی تەندروستی ئێمە دەتوانێ زۆر باشتر بە نەخۆشەکان ڕا بگا، کە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ڕێژەی کوژراوان. و ئەگەر ئێمە ئەوەی بە سەر کاتدا دابەش بکەین، ئێمە دەگەینە دۆخێک کە باقی کۆمەڵگە بتوانێ پێکوتە (واکسین) بکرێ، کە کۆی هەڕەشەکە لەناو دەبات. کەوابوو ئامانجی ئێمە لەناو بردنی گیرۆدە بوون بە ڤایروسی کۆرۆنا نییە. بەڵکو ئامانج ئەوەیە کە وەدوای بخەین.

بۆ خوێندنەوە و دابەزاندنی ئەو بابەتە چرکە لە سەر فایلی پدف بکەن