سپاس و پێزانینی بنەماڵەکانی خالیدنژاد، ئەمینی و ئیبراهیمی لە دەرەوەی وەڵات

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی حاجی دەروێش برایمی نێزەرۆیە کەسایەتی خۆشناوی شاری سەردەشت و گەورە پیاوی تایفە و بنەماڵەکەمان ، هەرچەند بە هۆی ئەو بارودۆخە نالەبار و خەماویەی باڵی بە سەر دونیادا کێشاوە و لە بەر پاراستنی باری تەندروستی دۆستان و ئازیزانمان لە دانانی مەجلیسی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بوارد ، بەو حاڵەش و لەو بارودۆخەدا دۆستان و هاورێیان و خزمان و ناسیاوان بە سەردان و بە تایبەتی لە رێگای تەلەفوون و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە لە دەرەوە و لە ناوخۆی وڵاتەوە شەپۆلێکی بەرین لە پەیامی هاوخەمی و هاودەردی و هاوسۆزی و هەروەها کۆمەڵێک نوسراوەی بە پێزی سەروەرانمان کە لە وەسفی حاجی دەروێس برایم گەورەی بنەماڵەکەمان ئامادە کرابوون پێگەیشتن کە بۆ ئێمە هەم بوونە سوکنایی بەخشی ئەو کۆستە گەورەیە و کەم بوونەوەی غەم و پەژارە و نارەحەتیەکانمان و هاوکاتیش ئەو هاوسۆزی و هاوخەمیە بەرینە و نوسینە جوانەکانتان بوونە جێگای فەخر و شانازی‌ بۆ ئێمە .
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_Mam_derwesh2.jpgدیارە بە ئازارترین و بەژانترین خەم لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا خەمی لە دەستدانی دایک و بابە کە هەرگیز لە کەس پیر نابن، بۆیە خەمی لە دەستدانی گەورەی بنەماڵەکەمان بۆ ئێمە خەمێکە بارتەقای گەورەیی و بەرزی چیاکانی کوردستانە کە هەرگیز لە بیر ناکرێ ، هەر بۆیە ئەگەر دەریای هاوخەمی و هاودەردی ئێوە ئازیزان و سەروەرانمان نەبوایە رەنگە وا بە ئاسانی لە بن باری ئەو ئەو کۆستە گەورە و بەژانەدا پشتمان راست نەببایەوە، هەر بۆیە بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین لە رێگای ئەو کورتە نوسراوەیەوە سوپاس و پێزانینی بێ سنووری هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەمانتان پێ رابگەیێنین و قەڵافەتی بەرزی برایانە و خوشکانەتان لە ئامێز بگرین .
لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە سوپاسی خەڵکی بە ئەمەگی شاری سەردەشت و دەوروبەر بکەین کە لەگەڵ ئەوەی وەزعی ئێستای کوردستان باش نییە، بەڵام بە دڵەوە لەگەڵمان بوون و بە سەردان و پەیوەندی برایانەیان ئەمەگ و وەفای خۆیان بۆ حاجی دەروێش برایم نیشان دا، هەوەها جێی خۆیەتی کە سوپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەشی ڕاگەیاندنی حدک لە دەرەوەو لە نێوخۆی کوردستان و هەروەها کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و کۆمیتەی دانیمارکی حدک بکەین کە بە پەیام و بە سەرەخۆشی‌یە گەرم و گوڕەکانیان و بە مێدیایی کردنی کۆچی باوکمان لەگەڵمان بوون و هاوخەمیان لەگەڵ کردین، گومانی تێدانییە کە ئەو هاودەردیە بەرینەی ئێوە قەدرزانی و ئەمەگناسیە بەرامبەر بە سەدەیەک خزمەتی موخلیسانە و خۆبەخشانەی حاجی دەرویش برایم .
بەرێزان ئێستا کە بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ هەتاوی دەرۆین بە پێویستمان زانێ لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرین تا بە بۆنەی نەورۆز و نوێ بوونەوەی سەری ساڵی نوێ جوانترین و گەرمترێن پیروربایی خۆمان ئاراستەی تەک بە تەکی ئێوی ئازیز و خۆشەویستمان بەکەین و ئاواتەخوازین کە هەر لە سەرتای ساڵی تازەوە دێوەزمەی شومی ئەو پەتا ماڵوێرانکەرە بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرداو وێرای نوێ بوونەوەی سروشتی جوانی بەهاری کوردەواری خێرو خۆشی و جوانیش بگەرێتەوە ناو ماڵەکانتان و ئێمەش هەر دەم لە شادیەکانی ئێوەدا بەشدار بین و هەرگیز غەم و نارەحەتیتان بۆ نەیتە پێش و سایەتان لە سەر سەرمان کەم نەبێتەوە
بەرێز وحورمەتەوە : بنەماڵەکانی خالیدنژاد ، ئەمینی ، ئیبراهیمی
١٨ی٣ی٢٠٢٠