پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حدک بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

پێشەوا ڕەمزی خەباتی شوناسخوازیی کوردە و کۆمارەکەشی ئیلهامە بۆ بنیاتنانەوەی کۆمارێکی دی
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
هاوسەنگەرانی شەهیدان!
پشتیوانانی بەهێزی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان!

ئەمڕۆ، ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هاوڕێیانی، ڕۆژی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە. ڕۆژی ئەو گیانبەختکەرانەیە کە بە خوێنی خۆیان سەنەدی ڕەوایی و بە حەقی بزووتنەوەی گەلەکەیان مۆر کرد و سەریان کردە بەردەبازی سەرکەوتنی گەلە بێبەشەکەیان. هەر بۆیە لەم ڕۆژەدا پێویستە لە بەرانبەر گەورەیی و خوێنی بە ناحەق‌ڕژاوی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی و گشت شەهیدان سەری کرنۆش و پێزانین دابنوێنین و لەم‌ڕۆژەدا کە بە ڕۆژی شەهیدان ناوزەد کراوە بڵێێن: هاورێیانی شەهید! ئەگەر ئێوە سەربازانی نیشتمان کە گیانتان بە سەخاوەتەوە لە سەر لەپی دەست دانا و بۆ ئاسوودەیی گەل و نیشتمان و بۆ چەسپاندنی و پاراستنی شوناسی نەتەوەکەتان پێشکەش کرد و چاوە پڕ هومید و ئاواتەکانتان لە سەریەک دانا، ئێمەش لە گەڵ ڕووحتان پەیمان نۆێ دەکەینەوە تا زەردەخەنە نەهێنینە سەرلێوی جگەرگۆشە و دایکانی جەرگ‌سووتاو و چاوەڕوان و خەڵکی تامەزرۆی ئازادی؛ لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و درێژەدەری ڕێگاتان دەبین.

هەروەها بە ئیمان بە سەرکەوتنی خەباتی مافخوازانەمان، پێیان بڵێێن: ئێمە هاوسەنگەرانی وەفادار، لە سەر ڕێگا و ڕێبازتان قورس و قایم ڕاوەستاوین و لە پێناو ئامانجەکانتاندا بەبەردەوامی تێ‌دەکۆشین و تا وەدیهاتنیان کۆڵ نادەین.

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

وەک هەموو لایەک دەزانن حیزبی دێموکرات هەموو ساڵێک لە ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا ڕێوڕەسمی تایبەت بەم ڕۆژە بە شکۆوە بەڕێوە دەبا و بە چەپکەگوڵی وەفا و پێزانینەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن و سەریان نابێتەوە دەکا. بەڵام ئەمساڵ بەو جۆرەی کە پێویست بوو نەمانتوانی ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە لەسەر مەزاری شەهیدانی خاک و نیشتماندا بەڕێوە ببەین. هۆکارەکەشی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بوو کە دەبینین لە سەرتاسەری جیهاندا هەڕەشە لە گیانی مرۆڤایەتی دەکا و بەداخەوە کوردستانیشی گرتۆتەوە. بۆیە بە ڕەچاوکردنی ئەم پەیامە گشتییە کە (هەموومان لە ماڵەکانمان دەمێنینەوە) و لەبەر پاراستنی گیانی ڕۆلەکانمان، لەگەڵ داوای لێبووردن لە ڕووحی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان، خۆمان لە بەڕێوەبردنی ڕێورەسم و سەردانی بەکۆمەڵی گڵکۆی شەهیدان پاراست. بەڵام هەموو دەتوانین لە ماڵەکانماندا بە ڕاگەیاندنی دەقیقەیەک بێدەنگی، ڕێز و حورمەتمان بۆ شەهیدان بە جێ گەیاندبێ و یادی هاوڕێ و هاوسەنگەرە شەهیدەکانمان کردبێتەوە.

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

پێشەوا قازی محەممەد ٧٣ ساڵ پێش ئێستا، دوای نسکۆی ڕووخانی کۆمار و لەکاتی لەداردرانیدا فەرمووی بەکوشتنی من خەباتی نەتەوەی کورد و بیری ئازادیخوازی لە کوردستان لەبەین ناچێ، بەڵکوو ئەم خەباتە هەتا سەرکەوتنی ئەم میللەتە درێژەی دەبێ و لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێ. ڕێژیمی پاشایەتی بەهەڵە پێی‌وابوو کە بەو سەرکوتە خوێناوییە و ئێعدامی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان دەتوانێ ئەم بیرە لە ڕەگ‌وڕیشەدا هەڵکێشێ. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە پێشەوا بۆتە ڕەمزی کورد و خەباتە حەقخوازانەکەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کۆمارەکەشی بووەتە نوێنگە و ئیلهامی بۆ بنیاتنانەوەی وەها کیانێکی سیاسی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بیروباوەڕی پێشەوا قازی محەممەد و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەروا ڕووناکیدەری خەباتی نەتەوەکەی بۆ ڕزگاری لە بندەستین. ئەمڕۆکە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران کە میراتگری خەبات و گیانبازیی پێشەوا قازی محەممەد لەپێناو مافەکانی گەلی کوردە، بووەتە فاکتەرێکی بەهێزی خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا.

هاوڕێیانی خۆشەویست!

ئێمە ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ڕێبەرانی شەهیدمان و یادی شەهیدانی سەربەرزی نیشتمانەکەمان دەکەینەوە، کە دەبینین بارودۆخی ئێران و کوردستان بە تایبەت پێی ناوەتە قۆناغێکی دژوار و لە هەمان کاتدا چارەنووسساز. بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و بێ‌کیفایەتیی کاربەدەستان ئێعتراز و نارەزایەتییەکان هەتا هاتوو بەربڵاوتر و گشتگیرتر بووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بەجێی بەخۆداهاتنەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان، هەر وەک پێشوو بە زەبری چەک و سەرکوت بەسەر ئەم ناڕەزایەتییانەدا زاڵ بووە. بەڵام هەر بەو هۆیەش نە لە نێوخۆی وڵات و نە لە دەرەوەی وڵاتیش هیچ متمانە و ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە.

سیاسەتی چەوتی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە بخرێتە ژێر سەختترین سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان، هەروەها بەهۆی لاساریی ئەم ڕێژیمە لە خۆبواردن و خۆدزینەوەی لە دەروەستییەکانی بە ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان لە بواری گەڕانی دراو و سیستمی بانکیدا؛ چاوەڕوان دەکرێ گوشار و سزا ئابوورییەکانی سەر ڕێژیم لە داهاتوودا زیاتریش ببن. سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ڕێژیم لە هاوکێشەکانی ناوچەش کە خۆی لە خەرجکردنی سەرچاوە و سامانە گشتییەکانی وڵات بۆ تەیارکردنی گرووپ و میلیشیا جۆراوجۆرەکانی لە وڵاتانی لوبنان، سووریە، عێڕاق و یەمەندا دەدیتەوە، ئەویش تووشی بنبەست و شکست هاتووە. ڕیسواییەکانی ڕێژیم دواتر گەیشتە بەردانەوەی بەئەنقەستی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە کە کوژرانی ١٧٦ کەسی لێکەوتەوە و پاشان لە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەی مەجلیسیشدا بینیمان کە خەڵک چ “نا”یەکی گەورە و ماناداری دیکەی بە ڕێژیم گوت و چۆن ڕێی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی جیا کردەوە.

ڕێژیم لە نێوخۆی وڵاتیشدا بۆ خۆ دەرباز کردن لەو قەیرانانەی کە سەرتاپای پێکهاتەکەی داگرتوە، _وەک قەیرانە سیاسی و ئابووری و پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەلایەتییە چارەسەرنەکراواوەکان_ دەستی لە هیچ کردەوەیەکی دژی ئینسانی نەپاراستوە و میکانیزمی دیتنەوەی ڕێگاچارەی تەنیا لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، گرتن و کوشتن و بێسەروشوێن و زیندانی‌کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و چالاکانی مەدەنیدا دۆزیویەتەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەدا نەیتوانیوە بەر بە پەرەسەندنی ڕەوتی مافخوازیی خەڵک بگرێ و ئەمڕۆکە دەبینین کە کارنامە و ئاکاری کۆماری ئیسلامی هێندەی دیکە خەڵکی لە سەر بڕیاری گۆڕینی هەلومەرجی ئارایی و خەبات بە دژی ئەم ڕێژیمە سوورتر و لێبڕاوتر کردوە. ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵک لە هەموو چین و توێژەکان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە سەرنجدان بە دروشم و نێوەرۆکی خۆپیشاندانەکان پێمان دەڵێن کە خەڵک ئیدی ئەم ڕێژیمە گەندەڵە لە تەواوەتیی خۆیدا ڕەت دەکەنەوە و ئامادەن بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمە و سەرخستنی ویستەکانیان هەموو تێچوویەک بدەن.

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلیوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و جارێکی دیکە لە بەرانبەر رووحی شەهیدانی سەربەرز بەڵێن دەدەین و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دڵنیا دەکەینەوە تاگەیشتن بە خەونە زێرینەکانیان و ئەو ڕێگا و ڕێبازەی لە پێناویدا گیانیان بەخت کرد دریژە بدەین، تا سەرکەوتن.

سەری وەفا و ڕێز و ئەمەگناسی دادەنوێنین لە بەرانبەر کەسوکاری شەهیدان و منداڵە نازلیشێواوەکانی شەهیدان.

سڵاو لە گیانی پاکی ڕێبەرانی شەهید قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی

سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی

سلاو لە بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی

کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی