کۆچی دوایی فەرماندەی بەوەج مام حەسەن‌ سەرسپی

حەسەن سەرسپی تێکۆشەرێکی دێرین و فەرماندەی بەوەجی دێموکرات

حەسەن سەرسپی تێکۆشەرێکی دێرین و فەرماندەی بەوەجی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد
حەسەن سەرسپی یەکێک لە قارەمانە ئەفسانەییەکانی دێموکرات و شۆڕشگێڕێکی خۆشناو لە ناوچەکانی سنە و لەیلاخ و کامیاران و کرماشان کە خەوی لە چاوی داگیرکەران زڕاندبوو ، دوای تەمەنێک ژیان بە ڕوو سووری و سەرفەرازی دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
حەسەن زارعی ناسراو بە حەسەن سەرسپی، بەڕەچەڵەک خەڵکی ئاوایی “کەرگ‌ئاوای” لەیلاخ، ساڵی ١٣١١ی هەتاویی لە شارۆچکەی سەڵوات‌ئاوای سنە لە دایک بووەو پاشان بۆ ماوەیەک بە بنەماڵەوە دەچنە ناوچەی کڵاتەرزان و ئەو بنەماڵەیە هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە دەکەونە بەر ئەزیت و ئازاری ژاندارمەکانی شا و، باوکی کاک حەسەن سەرسپی بە هۆی پشتیوانی کردن لە خەڵکی چەوساوە، دوو ساڵ دەخرێتە زیندانەوە.
بنەماڵەی کاک حەسەن بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵین و پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبن و، لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی ئەو کاتی باشووری کوردستان پەیوەست بە بزووتنەوەی کورد لەو بەشە لە کوردستان دەبێ و دوای دەکەوێتە بەر غەزەبی حکوومەتی ناوەندی ئەوکاتی عێراق و پاش گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاویی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و، وەکوو فەرماندەی ئەو حیزبە ڕەوانەی ناوچەی لەیلاخ دەکرێ و بە هۆی ئازایەتی و چاونەترسییەوە لەو ناوچە دەبێتە قارەمانێکی ئەفسانەیی و لە گەڵ شەهید مێرزامەحموود کەریمی و چەند پێشمەرگەی دیکە لە شاری دێولان یەکەم هەستەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی لەیلاخ دادەمەرزێنن.
وەکوو خۆی لە بیرەوەرییەکانی دەیگێڕێتەوە بە خۆی ٥٠ پێشمەرگەوە بە هۆی ئەوەی چەکیان پێ نەبووە هەڵدەستن سەردانی دوکتور قاسملوو دەکەن لە مەهاباد و پاش وەگرتنی چەک و قارەمانی نواندنی وەکوو فەرماندەیەکی بەوەج لە ناوچەی سنە ناوبانگ دەردەکا.
ناوبراو لە سەردەمی هەستیاری خەباتی چەکداری کە بە ڕۆژانی سەخت ناسراوە، بە بوێری و ئازایەتییەوە لە سەنگەری دێموکرات بەرگری لە خەڵک و خاکی خۆی کرد و، بوو بە فەرماندەیەکی ئازا و لێهاتوو.
بە گوتەی خۆی یەکێک لە شانازییەکانی ژیانی ئەوەیە کە زۆربەی تەمەنی پێشمەرگەو چەک‌هەڵگری ڕێگای ئازادی کوردستان بووە.
ئەوپێشمەرگە خۆنەویستە لە ناوچەی سنەو لەیلاخ و کامیاران تا دەگاتە کرماشان نموونەی نەسرەوتن هەتا سەرکەوتن بوو و، زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە بە قارەمانێکی ئەفسانەیی دەیناسن.

کاک حەسەن سەرسپی کە چەندین ساڵ وەکوو تێکۆشەرێکی دێرین نیشتەجێ وڵاتی سوید بوو ، پاش ماوەیەک نەخۆشی ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی ، دوور لە نیشتمانەکەی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزنرخاندنی فیداکارییەکانی فەرماندە حەسەن سەرسپی، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی هاوسەنگەران و خەڵکی ناوچەی سنە و بەتایبەتی بنەماڵەی بەرێزیان دەکا.
سەنگەری خەباتی ئاوەدان و ڕێگا و ڕێبازی پڕ ڕێبوار بێ.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت