پێزانینێکی خاکەڕایانە بۆ پێشمەرگەیەکی خاکیی هەمیشەی خاک و نیشتمان و نەتەوەیەک!

بۆ گیاڕەنگی کوردایەتی و پێشمەرگایەتی و هیممەت و نەوەستان و تێکۆشان، حەمەڕەسووڵ کەریمی، لە ۱۷ساڵەی بەردەوامیی ماڵپەڕی “گیاڕەنگ” دا:

حەمەڕەسووی خۆشەویست!تەنیا بە ئیرادەیەکی مەزنی گیاڕەنگانەی پێشمەرگەیەکی خۆنەویستی ماندوویی نەناسی لە هیممەت دا بێ وێنەی وەک حەمەڕەسوول کەریمی دەکرێ هەم باوک و پیاوێکی یەکسانیخواز و هاوسەر یارمەتیدەر و منداڵپارێزی نێوماڵ و بنەماڵە بێ، هەم بەرپرس و کاربەدەستێکی پڕکار و ۲٤سەعاتە ئامادەباشی حیزبی، هەم پیاوێکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆست و ڕەفیقخۆشەویست و بەردەوام گۆرانی لە سەر زار و بەوەخت فریای هەمووان کەوتوو، هەم بەڕێوەبەر و هەڵسووڕێنەری ماڵپەڕێکی چالاک و هەموو ڕۆژێ خاوەن بابەت و بەرهەمی نوێ. لە گەڵ هەمووی ئەمانەشا بە نووسینیش لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دا حزووری هەبێ و لە لێقەوماندا بە تایپکردن فریای کەسێکی بە جەستە ساغوسەلیمی وەک منیش بکەوێ!!

من جگە لە دەشخوشییەک لە قووڵایی دڵەوە و، هیوای بەردەوامی بۆ “گیاڕەنگ”و، ئاواتی ساغی و سڵامەتیی ئەو نیوە جەستەی بۆت ماوەتەوە و ، ئارەزووی پێکەوەبوون و بۆ یەک مانی بەختیارانەی خۆت و شلێرخانم و باوانی هونەرمەند و ئالینی شیرین، دەتوانم چ قسەیەکی دیکەم هەبێ بۆت لەم بۆنەیەدا، وێڕای مەڵۆیەک هەڵاڵە و سوێسنە و شلێر و خاشخاشک و بەیبوونی داوێنی گیاڕەنگی ڕەمز و هێمای خۆڕاگریی خۆڕاگرترینی خەڵک و نیشتمانپەروەرانی کوردستان؟!

قادر وریا ۲۳/٤/۲۰۱۹

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت