ماڵپەڕی گیاڕەنگ ١٧ ساڵە سۆمای دیدەمانە. ئەحمەد ڕەحمانی

ھەودای خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم دەمگێڕنەوە بۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەوبەر ، بۆ ناوچەی شارباژێڕکوردستانی گەرمین ، بۆ گەورەدێ و کانیەمێو وگەڕەدێ. بۆ ئاوەدانی بنکەکانی حیزب و ئاپۆڕای زۆری پێشمەرگە ، بۆ ئەوچەکانەی ھێشتا بۆنی باڕووتیان لێدەھات و گەرم بوون، بۆ لەشەئاڕەقاوی و دۆڵاغ و جامانە خوێناویەکان.
لەیەکێک لەوبنکانە کە لە کانیەمێو جێگیر بوو، بنکەی تەداروکاتی تەقەمەنی ، کۆمەڵێک پێشمەرگەی لاو و روح سووک و ھیوابە دواڕۆژ ڕوونی گەلەکەمم ناسی و شانازی ئەوەم بە نسیب بوو کە لە نزیکەوە وەکو باقی مێرمنداڵەکانی ناو حیزب کەڵک لە زانیاری و ورەو بیروباوەڕی ئەو ھاوڕێیانەمان وەربگرین و بیانکەین بەسەرمەشق بۆ ژیانی داھاتووی ناوشۆڕش.
کاکە حەمەڕەسووڵی کەریمی ئەوکات لاوێکی شیک و قسە خۆش ولەھەمانکاتیش دا خاوەن بەھرەو دەنگێکی خۆش بوو ، کە تاکو ئێستاش شیرین بەھارەکەی لە گوێم دادەزرینگێتەوە.تەمەن ھەڵدەکشێ بەڵام ئەویاد و بیرەوەریانە ھەردەم لەجۆش دان و سەرلەنوێ لەگەڵ بیستنی زاتە گەورەو تێکۆشەرەکان ھەمدیس دێنەوە بیر و جارێکی تر چەقەرە دەکەنەوە.
کاک حەمەڕەسووڵ نەک تەنیا لەپێشمەرگایەتی دا کەسەرمەشق بوو بەڵکو لە ھەموو بوارێک دا ھونەرێکی ڕەنگینی دەنواند و شاکاری دەخوڵقان، لە فوتباڵ و پینگ پۆنگ ….ھتد
لاسامان دەکردەوە ،زۆر جارانیش ئەگەر موبالغە نەبێت ژێستمان بەقەیافەی چووست و چالاکی کاک حەمەڕەسووڵەوە دەگرت واماندەزانی ئێمەش حەمەڕسووڵین.
شۆڕشی ڕزگاری خوازانەی گەلی کوردبەڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لەوپەڕی جۆش و خرۆشی خۆی دابوو.چەک و بیروباوەڕی پێشمەرگە بوو ئاگری لەسەر پشتی دوژمن دەکردەوە.سەرنج بدەن دوای سەرنج بدەن شاڕۆمانی مێژوویی دەخوڵقاند .
شەھیدبوونی پێشمەرگەیەک ڕۆندک و فرمێسکی دەھێنایە ژوانی دیدەکان.کەم ئەندام بوونی پارتیزانێک ئاخ و ئۆفی دەھێنایە سەردڵەکان.
نەمان و لەدەست دانی بەشێکی گرینگ لەجەستە ھەرگیز نەیتوانی بەربەست بن بۆ گەشەکردن و بەرەوپێش چوون و خزمەت کردن، لەھەمان کاتیش دا ڕێبەری کردن.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ خەرمانێکی بەپیت و بەرەکەتە لەم بوارەدا ئەگەر کەسێک خوازیار بێ و بیھەوێ تێزی ماستەرو دکتۆرا لەسەر بابەتی سیاسی ، ئەدەبی و ڕۆشنبیری …. ھتد وەربگرێ ماڵپەڕی گیاڕەنگ و خاوەن مێژوویەکی جوانی ١٧ بەھارەی تەمەن باشترین سەرچاوەیە.
دەست و پەنجە و بیرو ھزری کاک حەمەڕەسووڵ بوو توانی لە تاراوگەش دا داھێنان و ئیبداع بخوڵقێنێ و دڵی شەیدایانی وشەو زمانی کوردی شاد بکا، سووکنایی بێ بۆ دڵە کەیلەکانی فێربوون و لەھەمانکاتیش دا کۆکەرەوەی دەیان خامەی بەبڕشت .
لەوکاتەوە ھاتوومەتە مەملەکەتە ساردو سڕەکانەوە کەم ڕۆژ ھەبوون لەنێو لاپەڕە ئەلکترۆنیەکاندا سەیری گیاڕەنگی ڕەنگین نەکەم و بەسەیر کردن و خوێندنەوەی بابەتەکانی تینوێتیم نەشکێ .
دەکرێ بڵێم گیاڕەنگ میوانێکی ڕوح سووکی بیرو ھزری ڕۆژانەم بووەو ئارامی فکری پێبەخشیووم. ھیوادارم گیاڕنگی ڕەنگین مۆمی سەدان ساڵەی داگیرسێنێ و ئێمەی تینووبە خوێندنەوەی بابەتە پڕ نێوەرۆکەکانی تینوێتیمان بشکێ.
باوەشێک لە گوڵە شلێرەکانی لانک و گیاڕەنگ دیاری بێ بۆ ماڵپەڕی گیاڕەنگی ڕەنگین. بۆ خاوەنی داھێنانی گیاڕەنگ کاک حەمەڕەسووڵی خۆشەویست

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت