بانگەواز : بە پشتیوانیی گشتی، بە هانای مانگرتنی شارە سنوورییەکانەوە بچن !

ماوەی حەوتوویەکە مانگرتنی خەڵکی بەشێک لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی مەدەنیانە و شارستانیانە، بەرانبەر بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان درێژەی هەیە. ئەوەی ڕاستی بێت وڵامدانەوەی تا ئێستای رێژیم و دام ودەزگا پێوەندیدارەکانی بەرانبەر بە داوای خەڵک تابعێک بووە لەو ڕوانین و خوێندنەوە ئەمنیەتییەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بەرانبەر بە هەر پرسێک لە کوردستان بوویەتی. ناردنی کەسێکی بە روخسار ئەمنیەتیی وەک سەعید جەلیلی بە نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی لە دەزگای حاکمییەتی رێژیم، روونترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە کە جیا لە کۆمەڵێک وادەو بەڵێنی بێ‌بنەما هیچی لێ نەکەوتەوە.

ئێستا کە مانگرتنەکان درێژەیان‌ هەیە، ئەرکی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت لەم شارانەی کە ژیان وگوزەرانی خەڵکەکەی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئاوەڵابوونی ئەم سنوورانەوە هەیە، ئەوەیە کە پشتیوانی لە مانگرتنەکان و داوا ڕەواکانیان بکەن.

لەم پێوەندییەدا حەق وایە کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، هونەری، ژینگەپارێزان، مامۆستایانی خاوەن هەڵوێستی ئایینی و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەر وەک چاوەڕوانییان لێ دەکرێ، مەسئولانە خۆیان بە پشتیوان و داکۆکیکاری ئەم مانگرتنانە بزانن و لە نزیکەوە لە گەڵ خەڵک‌دا بن.

لە درێژەی ئەم مانگرتنانەدا بۆ ئەوەی ئامانجی ئەسڵیی ئەم حەرەکەتانە کە پاشەکشەیە بە بڕیارو هەڵوێستی دام و دەزگاکانی رێژیم، پێویستە خەڵک یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی خۆیان بپارێزن و هەر وەک تا ئێستا هوشیارانە نیشانیان داوە، هەوڵی نەیاران و دەست‌وپێوەندە دیار و نادیارەکانی رێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی شکڵ و ناوەرۆکی ئەم مانگرتنانە پووچەڵ بکەنەوە.

لێرەدا جێی خۆیەتی ڕەخنە لە بێ‌‌هەڵوێستیی ئەندامانی کوردی مەجلیسی ئێران بگرین و وەبیریان بێنینەوە کە بەشێک لەوان هەر بە دەنگ و پشتیوانیی ئەم خەڵکە پێیان کەوتۆتە ئەو شوێنە وچاوەڕوانیان لێ دەکرێ کە بەرانبەر بە وادەو بەڵێنییەکانی خۆیان وەفادار بن و لەم پێوەندییەدا بێ‌دەنگی بشکێنن. هەرچەند بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە تاک و تەرا ئاگاداری هەڵوێست و دەربڕینی چەند کەسێکیان لە مەجلیس هەین کە بێ‌گومان لە چاوی خەڵک بەدوور نین و نابن، بەڵام ئەوەشمان لە بیرە کە لە زۆربەی ئەو کاتانەدا کە خەڵکی کوردستان لە لایەن رێژیم و دام ودەزگا ئەمنییەتییەکانەوە بەرەوڕووی سەرکوتی جۆراوجۆر دەبنەوە، بەشیکی زۆر لەم بەناو نوێنەرانە، نابەرپرسیارانە دەجووڵێنەوە و لە ئاست دەرد و مەینەتییەکانی خەڵک بێدەنگ و بێ تەفاوەتن کە نابێ ئەمەیان لێ قبووڵ بکرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی لەم مانگرتنانە، پێداگری لە سەر پاراستنی یەکهەڵوێستی لە مانگرتنەکەدا و هەروەها پشتیوانیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەم مانگرتنانە دەکات. بانگەوازی ئێمە بۆ سەرجەم دانیشتوانی شارە سنوورییەکان، هەر وەها خەڵکی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی ڕێکخەران و پێکهێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی ئەو مانگرتنانە بن و یارمەتیی بەردەوامبوون وبە ئاکام گەیشتنیان بکەن.

 

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٢/٤/٢٠١٨

٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧