تیمی حیزب و تیمی دوژمن

ئەحمەد حوسێنی

بە تێپەڕ بوونی ساڵەکان کەش و ھەوا ھەمیشە وەک یەک نیە ، جاری وایە وشکە ساڵیە جاری واشە تەڕە ساڵە ، ئەو ساڵانەی زستانی دەوڵەمەندن بە بەفری زۆر و بەھاریشی بە باران و لەنگێزەی فراوان ، بە تەڕە ساڵ حیساب دەکرێن ، شوێنیان لە سەر چوونەوەی ئێمە بۆ ناوچەی تێکۆشان مان دادەنا ، ساڵی ١٣٧٥بەھارێکی باراناوی ھەبوو، بۆیە بیرمان لێ کردەوە لە پێش دا تیمێک لە ھاوڕێیان مان بنێرینەوە ، دواتر مەڵبەند بگەڕێتەوە ، ھەر بۆیە تیمێکی یازدە کەسی مان بریتی لەم ھاوڕێیانەی ڕێگەی خەبات ئامادە کرد، ١(عەلی کەسنەزانی بەرپرسی تیم) ٢( حامید عەبدەوی -قەناسە)٣(عومەر بەیخانی)٤(عوسمان ئەمینی-پاوە) ٥ ( موزەفەر کەریمی) ٦(خالید شێخ ئەحمەدی) ٧(عەتا ڕەزاپوور) ٨(عەتا فەیزی) ٩(رەحیم ھێژا) ١٠(حەسەن قادرزادە-قەبەغڵوو)١١(حسەین ئەمینی-مەرخوز)
ئەرکی تیمەکەی حیزب
—————-
بە دەسھێنانی زانیاری لە سەر ھەل و مەرجی تازەی ناوچەی تێکۆشانمان.
ئاخۆ؟ ھێزەکانی ڕژیم کۆنە مۆڵگەکانیان ئاوەدان کردۆتەوە ؟ تیمە گەڕۆکەکانیان خستۆتە کار؟ ھیج پێگەیەکی زیادی دانراون ؟ کانیاوە کان تە قیونەتەوە و بۆ ئەوە دەبێ ببینە میوانیان و کتریەکانیان لێ پڕ کەین ؟ خەڵک گەڕاونەتەوە موچە و مەزرا ھاوکارمان بن بۆ ھێنانی نان و پێخۆر؟ مەڕدارەکان و ھەوار چیەکان بەرەو لوتکەی شاخەکان هەڵ کشاون ؟ وەزعی باریکە ڕێگە مین ڕێژکراوەکان چۆنە ؟ ھیچ شوێنێکی نوێ مین ڕێژ کراوە ؟ کاروانچی و ڤاچاخ چیەکان ئەم دیو وئەو دیو دەکەن؟ جم وجۆڵی ھێزەکانی ڕژیم و بەرنامەیان بەرانبەر بە پێشمەرگە بۆ ساڵی نوێ چۆنە ؟ باریکە ڕێگەی مۆڵگە چۆلکراوەکان کە لافاو دڕیبونی نۆژە ن کراونەتەوە ؟ شوێنی نوێ و کەم خەتەرتر لە جاران بۆ تێپەڕ بوون لە سنور بەدی دەکرێ ؟ بڕێک شتی لەو بابەتانە ! بەڵام ! بەرنامەی شەڕ و تێک ھەڵچوونیان نەبوو، مەگەر بە ھەڵکەوت ولە ڕووی تووش بوون و بە ناچاری.
تیمەکەی ڕزیم :
————-
دوای ماوەیەک گەڕاینەوە لە گەڵ تیمەکەی خۆمان یەکمان گرتەوە ، ئێمە پرسیارمان لێ دەکردن و ئەوانیش باسیان بۆ دەکردین ، بۆیان گێڕاینەوە ، کە ڕژیمیش تیمی خۆی خستۆتەکار ، مرخیان لێ خۆش کردوین(خۆیان لێ مات داوین) ، کە تیمی حیزب بەو تیمەی خۆیان لە نێوبەرن ، ماشینێکی سایپای نوێیان پێیە وبە ناوچەدا وەر بوون لە پێ و شوێنی ئەو تیمەی حیزب دەپرسن ، ڕادەیان دە نەفەرێک دەبێ و بڕەم بڕەم(خۆڕانان) دەکوژین و دەبڕین و ناکشێینەوە تا نەیان گرین و لە نێویان نەبەین،
بە موچە و مەزرای خەڵکی دادەگەڕێن و پرسیار لەم و لەو دەکەن ، ڕۆژێک بەرپرسەکەیان لە موچە و مەزراکانی ئاوایی ماسیەری کۆن خۆی بە پێشمەرگەی ھەڵ بڕاو لە تیمەکەی حیزب لە قەڵەم دەدا ، لە ڕوی سادەیی و نەزان کاریەوە ژنێک دەڵێ ڕفیقەکانت کاک میرزا عەلی وئەوان ئا لێرەوە سەر کەوتن، ئەوانیش بەرەو لوتکەی چلچەمە ھەڵدەکشێن ، لە لای شانشینەوە دەس دەکەن بە شناسایی و ڕوانین بۆ ئەو شوێنانەی مەبەستیان بوە، مەسئولی تێمی دوژمن دەست ڕۆیشتوو و غەڕا و بێ باک، ھەر مل پێوە دەنێ و ھەر کوێ پێی خۆش بوە ، بێ سڵ کردن و گەڕانەوە باکی لە کەس نەبوە، بێ خەبەر لەوەی تیمەکەی حیزب لە گەڵ مەڵبەند بە تازەیی یەکیان گرتۆتەوە ، ھەوا ھەواکەی ڕۆژانی ڕابردوو نیە !(هەورە)
ئەو ڕۆژە بۆ ئێوارە ئێمە نیازی چوون بۆ ئاوایی قارەوای سڵێمان مان ھەبوو.(ھەڵکەوتوو لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز) پیش حەرەکەت لە گەڵ ئەندامانی مەڵبەند کۆبونەوەیەکمان کرد بەرنامەی چونە ئاوایی و کاتی ھاتنە دەرمان دیاری کرد، پاشان کادرو پێشمەرگەکان مان ئاگادار کرد کە دەبێ وریایی بپارێزن و کە چوونە ماڵەکان زانیاری لە سەر وەزعی ناوچە لە خانە خوێ کانیان بە دەست بێنن.


لای عەسر چوینە ئاوایی قاراوای سڵێمان (١٣٧٥-٤-١) لەو گوندە کەسێک ببو بە جاش بە نێوی ئەنوەر کە بە ئەنوەر قاراوایی نێویان دێنا، خەڵک مام ڕەحمان و ساڵە سەقزی ئاگادار دەکەن کە ئەو جاشە کاتی ئێواران جار و بار بە ماشینی ئاوایی دەگەڕێتەوە گوند و سەردانی ماڵی خۆیان دەکات. ئەوانیش بە حەمەی خاکسار کە سەرپەل بو دەڵێن، خەبەرێکی ئاوا ھەیە بۆ خۆت نگابان بی باشە ! گەر ماشێنی ناودێ ئێوارێ ھاتەوە کارتی پێناسیان لێوەر گرە ، ئەنوەری تێدا بوو دای بەزێنە و بیگرە، حەمەی گوێ ڕایەڵ و ڕۆح سووک بە قسەیان دەکات، و عەباسی یوسفی کە دوربینی پێ دەبێ لە گەڵ خۆی لە خوار ئاوایی لە نزیک جادە دەبنە نگابان، لای ئێوارە ماشینێک ڕوە و ئاوایی دێ ، عەباس ھۆشی لە سەر چاوەدێری جادە نامێنێ و لە شوێنی دیکە دەڕوانێ ، کە ماشین لە ئاوایی نزیک دەبێتەوە لە دورەوە چاویان بە عەباس دەکەوێ کە خەریکە بە دوربین تماشای شوێنی دوور لە ئاوایی دەکات ،
ماشینەکەی ئاوایی نابێ ! بەڵکوو تیمەکەی ڕژیمە ! پێیان وایە تیمەکەی حیزبیان خستوەتە داو تەقە ناکەن و بە خەیاڵی پەلامار ودە سگیر کردنی عەباس لە ماشین دێنە خوار ، بە ڵام خاکساری وریا و ھۆشیار پێیان دەزانی و لێیان دێتە دەست و تەقەیان لێ دەکات و ڕیسیان لێ دەکاتە خوری و ماشینیان لێ لە کار دەخات و بە ڕەگبار دایان دەگرێ ، تازە پێشمەرگەکان گەیشتبوونە نێو ماڵەکانی ئاوایی و دابەش ببون، لە گەڵ خانەخوێ کانیان کەوتبوونە باس خواس، لە تەک مستەفای پیرانی چوبوینە ماڵی شەھید ئەسەدی سولەیمان پوور خەریکی ھەواڵپرسی و چاک و چۆنی بوین ، چاییان بۆ دانابوین .وتم مسەفا زاوای ئەم گوندەی ئێوەیە ھێناومە لە گەڵ ماڵی خەزوری ئاشتیان بکەمەوە ، لەو قسەو باسانە دا دابوین و قرمەی ڕەگباری خاکسار گەیشتە گوێمان و چایی تازە دەم کراوی پێ بەجێ ھێشتین.
ھەموو پێشمەرگەکان لە ماڵەکان ھاتنە دەر و مسەفا چوو بۆ لای کاری خۆی و دابەش کردنی پێشمەرگەکان ، تا ھاتین خۆمان ڕیک خەین تیمی ڕژیم دەستیان لە یەک دوو تەپۆڵکە و بەرزایی گیر کردبوو، کوڕگەل دەم و دەس لێیان کەوتنە کار ، خاکسار و عەباس وڕەحمان سیادەری و خالیدی شێخ ئەحمەدی و حسەین مەرخوزی لە بەرەی لای خواروی ئاوایی لە گەڵ بەشێک لە تیمەکەی ڕژیم ملیان لە بەر ملی یەک ناو تەقە گەرم بوو،
لای سەرەوەش کە تماشامان کرد حەمەی گوڵ پەسەند بە تەنیا ڕووە و ژوور بۆ پەلاماردانی بەشێکی دیکەی تیمەکەی ڕژیم کە شوێنێکی بەرزیان داگیر کردبوو، لە پێشڕەوەی دا بوو لێیان نزیک بوەوە و دای دورین و دواتر خالید یوسفی و ڕەحمان شێخە خۆیان گەێاندە لای و ئەو بەرزاییەیان کۆنتڕۆل کرد جەنازەیەک بە جێماو ئەوانەی لە گەڵی بوون ھەڵاتن . لە لای خوارو نەفەرێک بە سەختی بەربەرەکانی دەکرد. ڕەحمان سیادەری لێ بریندار کردین و بەسەری دا دەی گوڕاند وەرە تەسلیم بە درگای ئیسلام کراوەیە ، ھەر چی پێشمەرگەش ھاواریان لەو دەکرد وەرە خۆت تەسلیم کە مێشێ میوانی نەبوو. دەستی لە تیمەکی لای گوڵپەسەند ڕادەوەشاند دەیوت تەقە لێرە مەکەن خۆمم لێرەم بێ خەبەر لەوەی جاشەکانی ڕفێقی ھەڵاتوون و سەنگەرەکەیان بە دەست پێشمەرگەوەیە. ھەر شەڕی دەکرد بریندار ببو برینەکەی بەستبوو لە خۆڕاگری دابوو ئەوەندەی نەکێشا لە ھاژە و گێفە کەوت و بێ دەنگ بوو، ھەر تەماسیان لە گەڵ دەگرت ناوی بێسیمەکەی بەختیار بوو .لە جیاتی بەختیار شێخ ئەحمەدی وڵام دەداتەوە دەزانن دەنگەکە نامۆیە مەسئولی تیم دەنگی لێ بڕاوە لە کوژرانی دڵنیا دەبن و یەک دوو جنێو بە خالید دەدەن و ئیتر تەماس تەواو،
ئەو شەڕکەرە مەسئوولی تیمیەکەی ڕژیم بوو شەڕی چاکی کرد ڕەحمان سیادەری پێشمەرگەی ھەڵمەت بەری لێ بریندار کردین ، لەو کاتەدا حەمە ساحێبی پێشمەرگەی بەمشور و کارزان تراکتورێکی ئاوایی دێنێ و بریندارەکە دەگەیەنێتە لای بەشی دەرمانی و تیماری دەکەن. عەزیز ئەڵماسی و حەسەنی قەبەغڵوو بەرە و لای ماشینە بە جێماوەکەی ئەفرادی ڕژیم دەڕۆن و کەمێک دواتر دووکەڵێکی ڕەش بەرەو ئاسمان ئەو ناوەی داگرت حەوت هەشت پێشمەرگەیەک کاری تیمەکەی ڕژیمیان تەواو کرد.

ئەمجار کارتی پێناس لە گیرفانی ھەر دوو کوژراوەکە لە ھەر دوو شەڕگە دەر دێنن ، یەکیان مەسئولی تیمی ڕژیمە بە ناوی ھوشەنگی وەرمەقانی و دووھەیش جێگرەکەیەتی بە ناوی ڕەحمانی بەھرامی. هەر یەکە و لە بەرەیکی شەڕدا کوژران ، ئێمە وەک دوو نەفەری سادە ئەوانەمان پێناسە کرد و خەبەڕەکەمان ڕەوانە کرد و لە ڕادێۆ دەنگی کوردستان خوێندرانەوە، یەک دوو ڕۆژ دواتر زانیمان لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و ھەر وەھا بی بی سی فارسی لە زمانی ھەواڵنێری ئێرانەوە بە گرێنگی باسی وەرمەقانی کرا. دەفتەری سیاسی پەیامێکیان بۆ ناردێن و لە سەر وەرمەقانی داوای زانیاریان لێکردین.
ھوشەنگ وەرمەقانی یاریدەدەر و ھاوکاری دوکتور مستەفا چەمران گەورە فەرماندەی ڕژیم بوە ، وەرماقانیان بە ناوی چەمرانی کوردستانیش ناویان ھێناوە، بەرپرسی نیروی ویژەی غەڕبی ئیران بوە، لە دەیان شەڕی جۆرا و جۆر لە جەبهەی شەڕی ئیران -عێراق و کوردستان دا بەشداری کردوە مۆرەی جێ متمانە بوە (ناوی وەرمەقانی لە گووگل بنوسی دەیان وتار و وێنە و کورتە فیلمی بە دیار دەکەوێ) خەڵکی گوندی وەرمەقانی سەر بە شاری سونقوڕ بوە، ھەر وەھا جێگری ناوبراو ڕەحمان بەھرامی خەڵکی دیواندرە بوو، ھەر کەسمان لە خەڵک چاو پێ دەکەوت ئەیان وت سپای پاسداران لە ناو شاری سەقز ئاڵای ڕەشیان بۆ ھەڵ واسیون بە دەیان ماشین بە دوای یەک دا جەنازەکانیان بەرەلای شاری سنە بەڕێ کراون، لە سنە و سونقوڕ سێ ڕۆژ ماتەمێنی گشتی راگەندرابوو، موحسینی ڕەزایی لە تلویزیۆن لە سەر دەور و نەخشی وەرمەقانی قسەی کردبوو.
بۆ تۆڵەی وەرمەقانی ھەمو کەل و کونێک بە دوا ئێمەدا دەگەڕان ، ھێلی کۆپتێر بە نزمی بەسەر ناوچەدا دەسووڕایەوە، فشارێکی زۆریان خستە سەرمان ،ئێمە وڵاخ وشتی وامان پێ نەبوو، بەڵام کە ڕەحمان بریندار بوو، ئەسپێکی ماڵی جاشەکەی قارەوامان وەرگرت و ڕەحمانی بریندارمان سوار کرد، بەو جۆرەی ڕژیم بە وردی لە دومان دەگەڕا بۆ ئەوە نەدەبوو ڕەحمان لە گەڵ خۆمان بەو وەزعەوە بگێڕین ،دەبوە ھۆی ئاشکرا بونمان ، کەوتینە دڵە ڕاوکێ لە سەر چارەنوسی ڕەحمان ،چار چیە؟ لە گەڵ ھاوڕێکانم قسەم کرد وتم نەزەرم وایە ڕەحمان بە کەسێک دا بنێرینەوە ئەو دیوی سنوور، بیرم بۆ لای سەربازێکی ون چوو کە ئەو کارەی پێ بسپێرین ، تەنیا من و مام ڕەحمان دەمانناسی، وتم مام ڕەحمان ئەمەوێ بنێرم فڵانکەس بێت و قسەی لە گەڵ بکەین ڕەحمانمان لە کۆڵ کاتەوە، وا نەبێ دەرباز نابین، وتی خۆت ئەزانێ ! بەڵام ڕەحمان مان لە گەڵ بێت تووش ئەبین و زەربەش ئەخۆین، نەزەرم لە یەک دوو کەسی کەش وەرگرت ھەموو ڕێگاکان ھەر بەرە و بانە بوون ، ھەمویان وتیان خۆت ئەزانی!
بڕیاڕێکی قورسیش بوو تووش ببوایە سەری تێدا دەچوو، دوایەش دەیان وت بە گرتی دەا، ناچاریش بووین فکرێکی بۆ بکەین ، مەجبوور ناردم سەربازی ون ھات، شەو بوو تاریک و تنۆک ، شەوێکی ئەنگوستە چاو، بە ھاوڕێکانم وت دەوری ڕەحمان چۆڵ کەن، ئەوان دوور کەوتنەوە و من و ڕەحمان و ماینەوە کاک سەربازیشمان بانگ کرد پێم وت سەرباز ! ئەم پێشمەرگە بریندارە ناوی ڕەحمانە! دەتوانی بۆمان بگەیەنیتە ئەو دیوی سنوور بنکەی حیزب لە سلێمانی؟ تماشایەکی سەر و سەکوتی ڕەحمانی کرد، وتی ئەوەی پێم بکرێ درێغی ناکەم ، پێشم دەر نەچوو چاکی دەکەمەوە و بۆتان دێنمەوە، وتم چاکە ، سپاس ، بەڵام ! ئەگە تووش بوون ڕەحمان گیراو خۆشت گیرای قسەمان نیە ! گەر تەنیا ڕەحمان گیرا خۆت نەگیرای یانی تۆ تەحویلت داوە ! ئەگەر ھەر دوکتان کوژران ئەوە وەک پێشمەرگە و شەھید وەک یەک لە گەڵ ڕەحمان حیسابتان بۆ دەکرێ دوای ئەو دار و لەلە کە بۆم دانا ، دیار بوو چاو کراوە و نەترس بوو بزەیەکی ھاتێ و وتی خەمت نەبێ .
بڕێک مێشکمان بە ڕۆشتنی ڕەحمان ئاسودە بوو بەڵام ڕژیم فشارێکی سەیری بۆ ھێناین لە فکری تۆڵەی بەپەلە دابوون دەیانزانی بریندارمان پێیە، خەڵکی قاراوا ھەموو ڕەحمان یان بە برینداری دیبوو. بڕێکیش نیگەرانی بووین، .ئایا بە سڵامەت دەگاتە جێ؟ گەر تووش بوبا ھەموو کاسە وکوزە لە سەری من دا دەشکا ، دەیانوت بە کوشتی دا، دیارە کە بە سڵامەتیش دەرباز بێ ، کوردە بۆر عادەتی خۆیەتی ھەموو دەبوونە خاوەندار لێی.
چەند ڕۆژێک تێپەڕی یەک دوو جار پەیامم بۆ کومیسیۆنی سیاسی نیزامی نارد پرسیم بریندارەکەمان گەیشتوە؟ وڵام مەنفی بوو، دەیانوت نەگەیشتوە ، ماوەیەکی پێ چوو حەمەی حوریانی بێسیم چی مەڵبەند پەیامێکی دا دەستم کە تماشام کرد ،نوسرابوو! بریندارەکەتان بە سڵامەت گەیشتە لامان، ھەموومان خۆشحاڵ بوین وابزانم من لە هەموان زیاتر!؟
دوای کوژرانی وەرمەقانی تەرحی دەرمانداو کردن لە سەر کادرەکانی مەڵبەندی دوو هەر وەها پەلامار بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە کۆیە ھەر لەو ساڵە دا جێبەجێ کران.
چەکی شانی وەرمەقانی بە حەمەی خاکسار بڕا ، کەوشەکانی بە منی کەوش دڕاو ، تەقیلەکەشی بە میرزا عەلی سەر پەتی ، لەو گوندانە کڵاوەکەی وەرمەقانیان دەناسیەوە و لە میرزایان دەپرسی ؟ ئەوە کڵاوەکەی وەرمەقانیە؟ ئەو پرسیارەی پێ خۆش بوو، بە پێ کەنینەوە دەیوت ئەرێ وەڵا خۆیەتی!!؟؟
بەو کڵاوەی کاک میرزا عەلی دا قسەیەکی خۆشی کاک فەتاحی کاوێان-م بیرکەوتەوە.
دەگێڕنەوە ، ڕۆژێک چەند کەس لە ھاوڕێکانی کاک فەتاحی کاویان دەچنە لای دادەنیشن ، کاک فەتاحی ڕەحمەتی بە قسەی خۆش بەناو بانگ بوو ، زۆربەی کات کڵاوێکی مەرەزی لە سەر دابوو(کلێتە) دەست دەبا بۆ سەری و سەری دەخورێنێ ، یەکێک لەو کەسانەی لە مەجلیسەکە دا دەبێ، ئەڵێ کاک فەتاح کاتێ سەرت دەخورێنی بۆ کڵاوەکەت لە سەرت لا نابەی پاشان سەرت بخورێنی ، کاک فەتاحیش لێی دەپرسێ ؟ باشە کاتێک تۆ قوونت دەخورێنی پاتۆڵەکەت دادەکەنی؟

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت