نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کیمیا بارانی هەڵەبجە دا

ئەحمەد حوسێنی

یادی کارەساتی هەڵەبجە لە بیر و زەینی تاکی کورد دا بە شێوەیەک نەخشی بەستوە هەر کە ناوی  هەڵەبجە دەبیستی نەهامەتی و ماڵ وێرانی و کوژران و ئاوارەیی و بە سەر هاتی تاڵ، وەک فیلمێک بە بەر چاو دا ڕادە برێ ، کە چۆن بە هەزاران ئینسانی بێ تاوان گیرۆدەی گازی نە هامەتباری خەردەل بوون و شیمیایی باران کران.
ئاکامی شەڕ هەمیشە بۆ هەموو لایەک دڵخۆشکەر نیە ، بە تایبەت بۆ گەلێکی بێ دەرەتانی وەک کورد کە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و خاوەن کیانی خۆی نیە ، بە دایم وڵاتانی زاڵ بە سەر ئەو شوێنانەی کوردی لێ دەژی چەوساندویانەتەوە و غەدری مێژووییان لێکردوە،

ئەو کارەساتەی لە هەڵەبجە ڕووی دا ڕاستە زەرەرمەندی ئەسڵی دانیشتوانی هەڵەبجە و شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری بوون و بە هەزاران کەسی کردە قوربانی ، بەڵام کە لە بەرینایی کارەساتەکە ورد دەبیتەوە لایەنی نەبیندراو و کەم بیستراوی تێدابەدی دەکەی.
بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات بەشێکی بەر چاویان لە ناوچەی هەڵەبجە بوون و بەشێک لەو زەرەر و زیان و نەهامەتیە ئەوانیشی گرتەوە. حیزبی دیموکڕات و کۆمەڵەش ئەوکات لە هێندێک شوێنی وەک ناوچەی هەورامان و سنورەکانی نەوسود – هانی گەرمەڵە- بیارە- بنکە و بارەگایان هەبوو زۆربەی هێزەکانی جنوبی کوردستانی حیزبی دیموکڕات وەک مەڵبەندەکانی یەک و دوو و کۆمیتەی هەورامان و پێشمەرگەکانی ناوچەی بۆکان و دەیان ژن و منداڵ هەموو هەر لە ناوچەی هەڵەبجە نیشتەجێ بوون ، گوردانی شوانی کۆمەڵەش لە شارەدێی بیارە لە نزیک ئێمە دا بوون لە هانی گەرمەڵە کە مەودایەکی ئەوتۆ لە نێوانمان دا نەبوو.

لە ڕێکەوتی ( ٢٤.١٢.١٣٦٦) کۆماری ئیسلامی هێرشی خۆی بۆ دەست بە سەرا گرتنی ناوچەی هەڵەبجە بە ناوی وەلفەجری ١٠ و بە ناوی نەهێنی (یا ڕەسولەڵڵا) دەست پێکرد
یەکەم شوێن و سەنگەر پەلامار بوو بۆ سەر پێشمەرگەکانی هەورامانی حیزبی دیموکرات و بەرەنگاری سەخت و کوژرانی دەیان پاسداری ئیرانی لێ کەوتەوە.
ئەو شەڕە نەئی حیزبی دیموکرات بوو نە پێشی دەکرا بەڵکوو تووش بوون و بە سەردا سەپاندنێکی ئیجباری بوو کە دەبوو پێشمەرگە دیفاع لە خۆی بکات.

بەیانی زوو لە بنکەی هانی گەرمەڵە بە هۆی نگابانەکانمانەوە ئاگادار بووین کە ڕژیمی ئیران ‌هێرشی هێناوە ، شاخ و تەپۆڵکەکانی لای سەرومان گیرابوون، ئەو هێرش و شەڕە ئی نێوان دوو دەوڵەت بوو ، بۆ بەرگری و شەڕی پێشمەرگە نەدەبوو لە ئەسڵ دا کاری ئیمە نەبوو لەشکری عێراق لەو ناوە بەرەنگاریەکی ئەوتۆی لە خۆی نیشان نەداو بەرزاییەکانیان بەرەو نزمایی و دەشتەڵانەکان بە بێ خۆڕاگریەکی ئەوتۆ چۆل کرد.

ئێمە چەند رۆژ پێشتر بەشێک لە هێزەکانمان ناردبوو بۆ کۆمەگی پێشمەرگەکانی هەورامان .مەڵبەندی دوو و کۆمیتەی بۆکان نزیکەی ١٥٠ کەسێک لە هانی گەرمەڵە مابوین، مەجبور بووین خۆمان لەو هێرشە بەربڵاوە بپارێزین بە نیازی دەرباز بوون بە هیوای پەڕینەوە لە ڕێگەی پردی زەڵم ملی ڕێگامان گرت ، ئەوەی پێمان هەڵگیرا لە گەڵ خۆمان بردمان و باقی کەل و پەلمان بەجێ هێشت بەڵام بۆمان دەرکەوت کە هێزە هێرش بەرەکانی کۆماری ئیسلامی پردەکەیان خستۆتە ژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی خۆیان وڕێگای دەرباز بوون گیراوە ، لە کاتی هاتنەخواری ئێمە و گوردانی شوانی کۆمەلەش کە لە بیارە بوون بارەگاکانیان چۆل کرد و بەو جۆرە ئەرتەشی عێراق – ئێمەی دیموکڕات – کۆمەڵە ، سێ قۆڵی بە جادەیەکی تەسک دا ڕوو بە سیروان کەوتینە ڕێ ، لە نێو عەسکەرە عێراقیەکاندا دوو بێسیم چیان لە گەڵ دا بوو فارسی باشیان دەزانی بڕێکمان قسە لە گەڵ کردن ئەوان زۆر خۆشحاڵ بوون هیچ گرفتێکیان لە گەڵ ئەو تێک شکانەی سپاکەیان نەبوو.

پاش ماوەیەک گەیشتینە نزیک سیروان و ڕێگەی دەرباز بوونمان گیراوەو چاوەڕێی تەماس و پەیوەندی باقی هاوڕێکانمان لە مەڵبەند و ناوچەی هەورامان ماینەوە ، ئەرتەشەکەی عێراق گەورە ئەفسەرێکی زەبەلاحی ، باڵتە زەردی ، قوبە و ئەستێرە لە سەر شانیان لە گەڵ بوو، خۆی کرد بە کەپرێک دا لەو نزیکانە و هەر خەریکی بێسم کردن و تەماس گرتن بوو.
لای ئێمەش کاک حەمەنەزیف قادری چوو بوو بۆ هەڵەبجە و لە گەڵ بەرپرسانی حیزبەکانی باشوور کە ئەوکات کاک شەوکەتی حاجی موشیر بەرپرسی یەکەمیان بوو خەریکی تەماس گرتن بوو بۆ دەربازبونمان ، شاروخ و بەشێک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دوو و بۆکان چووبون بۆ هاوکاری پێشمەرگەکانی ناوچەی هەورامان کە هێرشیان کرابوە سەر، لە مەڵبەندی دوو بەندە و لە کۆمیتەی بۆکانیش سەلاح پورئەسەد بەرپرسایەتی ئەو بەشە لە کادرو پێشمەرگەکانی مەڵبەند و کۆمیتەی بۆکانمان لە سەرشان بوو ، کە لە هانی گەرمەڵە مابوینەوە ، گوردانی شوانی کۆمەلەش ٨٠ کەسێک دەبوون بە فەرماندەهی شوکروڵا خەیرابادی ناسراو بە شۆکێ.
هەموومان لە چاوەرانی دا لە نزیک ئاوی سیروان دانیشتوین بزانین چارەنووس بۆ کوێمان ڕادەکێشێ ، لەشکری دوژمینیش تریلیلان و شادیانە سرودی ئاهەنگەرانیان خستوە سەر زەبتی ماشینەکانیان و تەواو دەنگیان داوەتێ ، سەرمەست لەوەی سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێناوە.

هەوا تاریک داهات و هاوڕێیانی ئیمە هاتنە سەر خەت و ئاگاداریان کردین بەرەو ئاوایی عەنەب حەرەکەت بکەین. ژنڕاڵ چرا لەنتەرێکی لە کەپرەکەدا هەڵ کردبوو هەر خەریکی کاروباری خۆی بوو، پێشمەرگەیەکمان بە ناوی ساڵەی قەدیمی وتی من عەرەبی دەزانم ،ناردمان بۆ لای ژنڕاڵ کە پێی بڵێ ئێمە دەڕۆین هەر کە نزیک بوەوە عەسکەرێک بە دەنگێکی بەرز وتی- قییییف – یانی (ڕاوەستە) ڕایان گرت و چەکەکەیان لێوەر گرت و پاشان چوە لای ژنڕاڵ دوای کەمێک هاتەوە ، وتی دەڵی هەر کەس لێرە بڕڕوا ڕەمی دەکەم (دەیکوژم) پاشان وتم سەلاح بۆ لە گەڵ کۆمەڵە قسە نەکەین با بێن لە گەڵمان پێکەوە بڕۆین وتی چاکە ، لە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەم پرسی کێ مەسئولتانە وتی کاک شٶکێ ، بە دەست ئیشارەی بۆ کرد و چونیە لای ، بینیمان دە دوازدە کەسێک ئاڵقەیان داوە و خەریکی قسە کردن بوون ، پرسیم کاک شۆکێ کامتانە ؟ یەکێک سەری هەڵىڕی بە لەهجەی سنەیی وتی بەڵای (بەڵێ) فەرموو، وتم ئێمە لە گەڵ باقی هاوڕێکانمان تەماسمان گرتوە دەڕۆین بۆ لایان پێمان خۆشە ئێوەش بێن لە گەڵمان . تۆزێک لە فکر ڕۆچوو دواتر وتی فرە مەمنوون ئێوە بڕۆن ئێمە نایەین.

تاریک داهاتبوو شەو قەڵای مێردانە ، بە بێ ئەوەی ژنڕاڵ پێمان بزانێ لێیان دور کەوتینەوە بەرەو عەنەب ملمان پێوە نا کە گەیشتین وەک بڵێی لە غەیبەوە پەیامیان بۆ هاتبێ هەموو غەمبار و ترس لێ نیشتوو و پەشۆکاو بوون دەیانوت ئەترسین نازانین چیمان لێ بە سەر دێ ، بە گەیشتنی ئێمەش تیمێک لە پێشمەرگەکانی هەورامان بە سەر پەرەستی کاک زۆراب بابایی هاتنە لامان و ئێمەیان برد بۆ نزیک هەڵەبجە بۆ لای باقی هاوڕێکانمان سەر جەم بوینە نزیکی ٨٠٠ کەس لە شوێنێک بە نێوی سەرکەن ماینەوە.

سەرەڕای ئەو وەزعە خەتەرناکەش شتی خۆشیش جارو بار هەر ڕووی دەدا.
ئەمیر ڕەسووڵی و کەماڵ فازڵی بێسیمی ڕاکاڵیان خستبوە کار وتیان دوکتور شەرەفکەندی ئەڵێ یەکیان قسەم لە گەڵ بکات ، و لەو کاتەدا لە گەڵ کاک حەمەعەلی عەنایەتی و کاک جەعفەری حامیدی لە نزیک بێسیمە ڕاکاڵەکە بووین.

کاک جەعفەر وتی کاک حەمە عەلی تۆ قسە بکە، بێسیم چیەکان وتیان باتریمان کەمە ئەبێ زوو زوو قسە بکەی! نەوەک باتریمان لێ ببڕێت ! کاک حەمە عەلیش ئەوەندە موحتەڕەمە لە تامی دەرکردوە ، دوکتور شەرەفکەندی یەک دوو جاروتی ئەلۆ! کاک حەمەعلی-ش بە لەهجەی سنەیی هەر ئەیوت (ئیجازە هەس لە تەکتا قسە بکەم )، کاک سەعید-یش حاڵی نەدەبوو ،وتم کاک حەمە عەلی ئیجازەی ناوێ قسە بکە ، یەک دوو جاری تر هەر وتی (ئیجازە هەس لە تەکتا قسە بکەم )، گڵۆپی بێسیم کوژایەوە بێسم چی وتیان ئەها ! وەڵا باتری نەما ! منیش لەو کاتەدا قاقایەکم لێدا، ئەونەم نەزانی کاک جەعفەر تورە بوو خەریک بوو پەلامارم دا و تێم سرەوێنێ ، وتی ئیمە هەموو خەریکە تێدا دەچین بە چی پێ دەکەنی ،دەورمان پڕ بو لە پێشمەرگە ئەهوە نیان کردوە.

یەک دوو ڕۆژ بوو مابوینەوە نانمان پێنەمابوو سەرەتای بەهار بوو گژ و گیا سەریان دەر هێنابوو جارو بار هاڵەکۆکمان هەڵ دەکەند و دەمان خوارد دو سێ پێشمەرگە خەریکی دۆزینەوەی گژو گیای بنک دار بوون ( سەلک دار) مامۆستا سەلاح وتی تماشاکەن ئەو پێشمەرگانە بە دەم لەوەڕوە گەیشتوونەتە کوێ؟

لەو کاتە ئاستەمەدا لە نێوان عەلی حەسەن ئاغا و ساڵەی قەدیمی گێرە و کێشە بوو ، ساڵەی قەدیمی ئەیوت عەلی حەسەن ئاغا دەفتەری شێعرەکانی لێ شاردومەتەوە ، لە جیاتی دەفتەرەکەی چەکەکەی عەلی کردبوە شان ئەویوت نایدەمەوە تا دەفتەرەکەم نەداتەوە عەلیش وا بزانم هەر لە هانی گەرمەڵە بەجێی هێشتبوو، ئەیوت کاکە لای من نیە ئەو چەکەی من بۆ تۆ ئیتر چیت لێم ئەوەێ ؟ بە ئەسپایی وتم عەلی چۆن چەک ئەبەخشی وتی کوڕە لێێ گەڕێ تفەنگی حیزبە لەم بێ نان ئاوی و برسیەتیە بۆم هەڵناگیرێ با بۆم هەڵگرێ تا دەرباز ئەبین دوایی حیزب لێی وەر ئەگرێتەوە.

تەیارەی عێراق هاتنە سەر شاری هەڵەبجەو لەلای خوارەوە دەستیان کرد بە بۆمبارانی شیمیایی و بای دەهات و هەموو تۆز و گازی مەوادی شیمییای ئەکرد بە ناو شارو گەرووی خەڵکی بێ دەرەتان دا، خەڵک دەستیان دایە هەڵاتن و خۆ دەرباز کردن ئەوەی ئێمە بە چاو بینیمان هیوادارم نە کەس بیبینێ و قەتیش ڕوو نەداتەوە ، هەمووان ئەو داستانە دەزانن پێویست بە دووپات کردنەوە ناکات.
کادرێکی پێشکەوتو لە (ی ن ک) بێسیمەکەی خۆی دابوە دەست حەمەدەمینی کەریمیان و ئەویش ئاگای لە قسە و باسی هەموو بەرپرسەکانی حیزبەکانی باشوور بوو لەو ناوە چیان لە سەر ئێمە دەگوت ، بەرپرسێکی دەست ڕۆیشتویان وتبوی با شەڕ بکەن ٨٠٠ کەسن هەر ٣٠٠ کەسیان لێ دەکوژرێ دوایی خۆ بگەیەننە خاکئ ئێران، هەر وەها وتبویابن ئاغای موقەدەم تارانی (مقدم تهرانی) فەرماندەی ئەسڵی سپا لەو هێرشە بۆ سەر هەڵەبجە دەزانێ دیموکڕاتەکان لە کوێن و ئاگای لە جموجوڵیانە ، دیارە لە نێو خۆیاندا لە سەر دەربازکردنی ئیمە یەک دەست و یەک هەڵوێست نەبوون تەنیا حەمە سیاسی وتبوی بە مەسئولیەتی خۆم پێشیان دەکەوم.

دوای سێ ڕۆژ دەرگای ڕەحمەتمان لێ کرایەوە شەهید حەمە سیاسی کادری پێشکەوتووی باشووری کوردستان لە گەڵ سەلامی کوێخا عەزیز فەرماندەی نیزامی (ی.ن.ک) بە ناو ڕەوەی پاسدار دا پێشمان کەوتن لە ئێوارە تا زەردەی خۆرە تاوی بەیانی بەڕیگەوە بووین ، باران و لەنگێزەیەکی سەیر بوو ئەو قازانجەی هەبوو شوێن دانەری شیمیاییەکە بە بارانەکە کەمتر دەبوەوە ، زۆربەی پێشمەرگەکان چاویان سوور ببو، ڕێمان کەوتە ناو شێوو دەرەیەکی درێژ زۆر تاریک بوو چاومان باش نەیدەبینی ، کاک سەید ڕەزای درودگەر و کاک سەید برایمی هاشمی وچەند کەسی دیکە لەو بەر ئاوی سیروانەوە بە بێسمیی چووک (تاکی واکی) تەماسیان لە گەڵمان هەبوو ، پێان وترا بە ئەرتەشی عێراق بڵێن لەو بەرەوە نور ئەفکەنمان بۆ هەڵکات چاومان نایێنێ ، پاش ماوەیەک چەند نورئەفکەنێک یان بۆ هەڵکردین ، هەر ئەونەمان خۆش بوو شەوقی نورئەفکەن ئەو ناوەی رۆشن کردەوە، چمەس جەبهەی ئیران پێی وایە عێراق لەو شوینەوە دەیهەوێ هێرش بکات دایگرتین بە تۆپخانە چ داگرتنێک هاوارمان لێ هەستا بابە نورئەفکەن مان ناوێ ، تۆپێک لە نزیکمان تەقیەوە نۆ پێشمەرگەی بریندار کرد،

ڕێگەمان دەبڕی پێشمەرگەیەک هات وتی (ر-ف) ناراحەتەو دەگری، وتم بۆ ؟ وتی وەڵا لە قوڕ چەقیوە تاکەوشەکەی ون کردوە قاچی بریندارە ،لەو کاتەدا بەرزە وڵاخێک بە نزیکما تێپەڕی لێی چوومە پێش ژنێک منداڵێ لە پێش و یەک لەپاش بە سەر وڵاخەکەوەن ، وتم کام قاچیەتی؟ وتی لاقی ڕاستی ، بە بێ ئەوەی بزانم کێ یە پەلاماری قاچیم دا هەر چی هاواری کرد فایدەی نەبوو کەوشم لە پێ داکەند و دامە دەستی، نە ئەو زانی من کێم و نە منیش . کە گەیشتینە خاکی عیراق و نەجاتمان بوو وتیان کاک سەلیمی سوڵتانی توورەیە دەڵێ نازانم کام واوا لێهاتوو ئەمشەو کەوشی لە پای خێزانم داکەندوە ، خۆم نەکرد بە ساحێبی ، مەوزوع کۆن بوو پاش ٣٠ ساڵ ئەمساڵ لە وڵاتی سوید خۆم لە کاک سەلیم و زەینەب خانمی خێزانی ئاشکرا کرد ئەمیری کوری کاک سەلیم وتی بە خوا تا ئێستاش هەر ساڵانە بابم قسەی خۆی ڕەوانەی کەوش دز کردوە ، ژمارەی لاقی دادە زەینەبم دەسکەوتوە بڕیارم داوە جووتێ کەوشی بۆ دەکڕم ، هیوادارم کاک سەلیم -یش
تۆپخانەکەم لە سەرڕاگرێ ئیتر قسەم پێ نەڵێ

ئێمە دەر باز بووین هەر چەند بریندار و بەجێماومان هەبوون ، کۆمەڵەکان بە قسەیان نەکردین و نەهاتن لە گەڵمان، بەداخەوە ٧٢ کەس لە ئازاترین پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لەو شەڕە نەخوازراوەدا بوونە قوربانی ، دەیان کەس لە ژن و منداڵی کادر و پێشمەرگەکان حیزب گیران و تووشی زیندانی و چەرمە سەری بوون ئەموالی بنکەکانمان هەمووی فەوتان ، بەڵام دیسان سەرکەوتنێکی گەورە بوو لە دەس هێرشی دەیان هەزار کەسی بە کەمترین تەلەفات دەرباز بوین ، هەبوونی دەیان کادرو پێشمەرگەی ناوچەی هەورامان کە هەموو شارەزا بوون زۆربەی پێشمەرگەکانی ئەو ناوەی (ی.ن.ک.) دەناسی هەر وەها هەوڵی دوکتور قاسملوی شەهید لە گەڵ مام جەلال تاڵەبانی ڕەحمەتی بۆ دەربازبونمان نەتیجەی باشی هەبوو

ئەو خۆڕاگری و دەرباز بوونە دەیان داستانی سەیر و سەمەرەی تێدایە کە هەر کەسێک لە گۆشەنیگای خۆیەوە دەتوانێ بینراو و بیستراوی خۆی لێ بگێڕێتەوە
سڵاو لە یاد و ناوی تێکڕای قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە.

نووسینی: ئەحمەد حوسێنی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت