پیرۆزبایی جێژنی نەورۆزی خاکیپۆشان و جامانە و هەوری لە ملان

پیرۆزبایی جێژنی نەورۆزی خاکیپۆشان و جامانە و هەوری لە ملان

پیرۆزبایی هاتنی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی جێژنی نەتەوەیی گەلی کورد، ڕۆژی سەرهەڵدان و شۆڕشی کورد لە هەموو خەڵکی بە ئەمەگ و کۆڵنەدری کوردستان و بە تایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە بە هاتنە مەیدان و پڕکردنی گۆڕەپانەکانی شار و گوندەکان، سەلماندیان کە جێژنی نەورۆز تەنیا جێژنی نوێ بوونەوەی سرووشت و هاتنی وەرزەی بەهار نییە و بەڵکوو جێژنی نەورۆز جێژنی سەرهەڵدان و شۆڕشی کوردە و ڕێشەی مێژوویی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دا هەیە.

ئەمساڵ خەڵکی چاونەترس و بوێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕ و کچانی کورد، جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو بە پۆشینی جل‌وبەرگی خاکی و هەوری و جامانە، خەباتی شار و شاخیان بە یەکەوە وا لێک گرێ دا کە دڵی ئەویندارانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستانیان خۆش کرد و لە هەمان کاتدا پەیامێکی ئاگرینیان بە دوژمنی دڵڕەقی خۆیان حکوومەتی کۆماری پەت و سێدارەی ئێراندا.

خەڵکی کوردستان بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی و یەکڕیزی خۆیان سەلماندیان کە نەتەوەی کورد هیچکات لە ژێر هیچ هێرش هەڕەشەیەکی دەسەڵاتدارنی حاکم دا نەک لە ویست و داخوازییەکانیان پاشەکشە ناکەن بەڵکوو بە هاتنە مەیدانیان پێداگری زیاتر لە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان کە ئازادی کوردستانە دەکەن.

نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی سەروەریخوازی نەتەوەیی کورد بوو، لە چەند ڕۆژی پێش نەورۆزەوە، گەورە و بچووک، کوڕ و کچانی دڵ پڕ لە ئەوینی کوردایەتی، دایک و باوکی سەربەرزی شەهیدان، منداڵانی نازلێشێواوی باوک و دایک شەهید بووی شۆڕشی ژینا، کەس و کاری زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی کورد و هەروەها بنەماڵەی شۆڕشگێرانی کورد و پێشمەرگە، خوێندکاران و کاسبکاران و وەرزشوانان و گشت چین و توێژەکانی کوردستان بە هاتنە مەیدانیان، بە ئاگر کردنەوە و گووتنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خوایە وەتەن ئاواکەی و جێژنە جێژنی کوردستانە و دەیان درووشمی شۆڕشگێری، بە گۆرانی و هەڵپەرکێ پشتیوانی خۆیان لە خاکیپۆشانی نەتەوەی کورد، پێشمەرگەکانی کوردستان دەربڕی و دوژمنیان تووشی سەرسووڕمان و نائومێدی زیاتر کرد.

خەڵکی کوردستان هەر لە ئیلام و کرماشانەوە تا سەڵماس و ماکۆ و ورمێ و هەموو شارە گەورە و بچووکەکان و گوند و ئاواییەکانی ناوەندی کوردستان یەکدەنگ و یەکریز بە سەربەرزییەوە خاوەندارەتیان لە نەورۆزی کوردەواری و لە ماف و داواکاری و ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد کرد و جارێکی دیکە بانگەوازی شۆڕش و سەرهەڵدانی کوردیان دا.

جێی خۆیەتی سەری ڕیز لە بەرامبەر یەکریزی و یەکدەنگی ئەو گەلە مەزنە دا دابنوێنین و هاودەنگ و هاوخەباتی خەڵکی نێوخۆی کوردستان بین.

ئەم یەکریزی و یەکدەنگیە پەیامی سەرکەوتنی بە گوێی گشت لایەک دا خوێندوە و ترسی خستۆتە دڵی دوژمنانی کورد و پێویستە کە هەموو لایەکمان و بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درووستکردنی هاوپەیمانی بۆ خەبات و تێکۆشان وەڵامی یەکریزی خۆیان بە خەڵکی کورردستان بدەنەوە.

جێژنی نەورۆزی خاکیپۆشان و هەوری لە ملان و جامانە لە گشت لایەک پیرۆز بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ

٢٠ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٢٥ی زائینی