پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خەبات و تێکۆشان
(پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خەبات و تێکۆشان)
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
سەرەتا بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی و کۆنینەی کوردان پیرۆزبایی لە هەموو ئێوە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیوادارین لە ساڵی نوێی ژیان و تێکۆشانیشدا، خەباتی سیاسی و نەتەوەییمان و یەکگری و یەکیەتیی خەباتکارانەمان هەنگاوی زیاتر بەرەو ئامانجەکانی بنێت. لە بەرەبەری نەورۆزدا سڵاو لە ئێوە خەڵکی کوردستان کە سەرەڕای زەبروزنگی زۆری کۆماری ئیسلامی و کۆی قەیرانە نێوخۆییەکان، بەڵام ئاڵای خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەی کورد لە ئێرانتان بەرز ڕاگرتوە. سڵاو لە زیندانیانی سیاسی کە بە کۆڵنەدان و خۆڕاگرییان بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییان کردۆتە سەنگەری ئازادیخوازی و سڵاو لە بنەماڵەکانیان کە تێچووی قورسی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە لەسەرشانیانە. سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بنەماڵەی پێشمەرگە لەخۆبوردووەکانی نیشتمان. سڵاو لە هەموو هەڵسووڕاوان و خەباتکارانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامیان سیمایەکی زیندوو و هەردەم ڕوو لە گەشەیان بە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران بەخشیوە.
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
ئەمە نەریتێکی جێکەوتوە کە خەڵکی کوردستان لەمێژساڵە فەلسەفەی نەورۆز وەکوو هێمای ژیانەوە و ڕاپەڕینیان کردوەتە چرای ڕێگای ژیان و خەبات و، بە تێکۆشان و نەسرەوتنیان، یەکگر و یەکگرتوو لە سەنگەری شوناسخوازیی خۆیاندا پتەو ڕاوەستاون. لەو ڕۆژانەشدا و لە درێژەی ڕەوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، بۆنەکانی تایبەت بە پێشوازی لە ساڵی نوێی هەتاوی و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بوونەتە گۆڕەپانێکی دیکەی کار و چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و بەدوای ڕێوڕەسمە بەرین و پڕ لە پەیام و ماناکانی نەورۆزی ١٤٠٣ی هەتاوی، خەڵکی کوردستان لە بۆنە و دەرفەتی جۆراوجۆردا و بە داهێنان و ئیبتکاری خۆیان وێڕای داکۆکی و پارێزگاری لە بەها و بایەخە نەتەوەییەکانی خۆیان، وەک هەمیشە بەرانبەر بە ڕەشترین ڕێژیمەکانی سەردەم، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتە دژیگەلییەکانی لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەردەوام بوون؛ بۆ ئەو بەردەوامی و خەبات و خۆڕاگرییەش تێچوویەکی زۆریان داوە.
خەڵکی کوردستان سەرەڕای سەختییەکانی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیان کە بە هۆی سیاسەتە چەوت و پڕ لە هەڵە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕێژیمەوە بە سەریاندا سەپاوە، لە بەدواداچوونی چارەنووسی سیاسی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی خۆیان غافڵ نەبوون و لە هەر بارۆدۆخێکی ئاراییدا هەڵوێستی شیاوی خۆیان بووە. لەم پێوەندییەدا ڕۆڵ و دەوری کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی بوارە جیاجیاکانی؛ ئەدەبی، ژینگەپاریزی، مامۆستایان، کریکاران، پارێزەرانی زمان و کولتووری کوردی، مامۆستایانی ئایینیی دەروەست بە خاک و خەڵک، ژنان و لاوان و… بەرچاو و شوێندانەر بووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ٤٦ ساڵە بە گرتنەبەری هەموو جۆرە سیاسەتێکی سەرکوتکارانە و داپڵۆسێنەرانە، حەولی دژایەتی و سڕینەوەی هەر جۆرە بەها و نیشانەیەکی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی خەڵکی کوردستان دەدات، لە یەک ساڵی ڕابردووشدا و بە پیشەی هەمیشەیی خۆی و توندتر و دژتریش جووڵایەوە، ئەمەش لە چەند بەرانبەربوونی کوشتن و گرتن و زیندانیکردن و لەسێدارەدانەکان لە کوردستان لەچاو شوێنەکانی دیکەی ئێران بە ڕوونی و بە تەواوی دیار و ئاشکرایە. دەستبەسەرکردنی لاوان بە هۆکاری پۆشینی جلوبەرگی خاکی کە هەڵگری بایەخ و واتای ماناداری خۆیەتی و هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دەزگا ئەمنیەتییەکان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و ترسیان لەو هێما و جلوبەرگانەی خەڵکی کوردستان لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکاندا کەڵکی لێ وەردەگرن، تازەترین هەڵسوکەوتی دژیگەلییانەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستانن. لە بەرامبەردا خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هۆی بەرزیی وشیاریی نەتەوەیی، ڕێکخراوبوونی کۆمەڵگە و ڕەنگدانەوەی پەیامی شوناسخوازخوازانەی بزووتنەوەی پڕ ل شانازیی سیاسیی کورد لە دڵ و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا، چوارچێوەیەکی بەرین و قووڵی جەماوەریی بەخۆیەوە گرتوە. پرسە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کە لە ئێستادا پێناسەیەکی گشتگیری مافویستی و شوناسخوازانەی وەرگرتوە، بە لێکئاڵان و یەکخستنی هێز و وزەی خەبات و خۆڕاگری، بزووتنەوەیەکی گەورەیان ڕێک خستووە کە لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا بە فۆڕم و پەیامی تایبەتەوە خۆی دەردەخات. بزووتنەوەیەک کە لە بەستێنی خرۆشانەکەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا سنوورەکانی کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤینی بڕی و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بوو بە نموونەیەکی جیهانی و کاریگەریی شیاوی خۆی دانا.
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئێستا کە بەرەو نوێبوونەوەی ساڵ و بۆنە نەورۆزییەکانی ١٤٠٤ی هەتاوی دەچین، جارێکی دیکە ئێوەی کۆمەڵانی خەڵک لە چوارچێوەی ڕێوڕەسم و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا کە بە “نەورۆزی خاکیپۆشان” ناودێرتان کردوە، بە کەڵکوەرگرتن لە درووشم و هێما و جلوبەرگی تایبەت، قۆناغێکی دیکە لە جموجۆڵی شوناسخوازانەی خۆتان دەبڕن و بە بێگوێدان بە بەربەستەکانی دەسەڵات، لە بەرەوپێشچوون و ڕانەوەستاندان. لە وەها قۆناغێکدا کە خەڵک لە کوردستان بە شكڵ و ڕەفتاری جۆراوجۆر تەعبیر لە مانایی و زیندووبوونی خۆی وەک نەتەوەیەک و پرسە ڕەواکەی دەکات، دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەوپەڕی زەبوونی و داماویدایە. ئەم ڕێژیمە سیاسییە سەرکوتگەرە لە نێوخۆی ئێران خاوەنی نزمترین مەشروعیەتی سیاسییە و لە ڕووی ئیدئۆلۆژییەوە تووشی داڕمانی فکری هاتوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەوپەڕی لاوازی و شکستدایە. ئەم ڕێژیمە لە ڕوانگەی گەلانی ئێرانەوە جیا لە ڕووخان و ڕۆیشتن رێگایەکی دیکەی لە بەردەمدا نییە و وڵاتی ئێرانیش بەبێ کۆتاییهاتن بە تەمەنی ئەم ڕێژیمە ڕووی هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێک بەخۆوە نابینێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە هێز و ئیرادەی ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە پشتیوانیی لە خەباتی شوناسخوازانەی گەل کە هەر ئێستا لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا لە بەردەوامبوون و بەرەوپێشچووندایە، پێی وایە بەهێزکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات و کارکردن بۆ یەکخستنی هێزی مەیدانیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات دەتوانێ پاشەکشە بە سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم بکات و لە کۆتاییدا ڕوخانی ئەم ڕێژیمەی لێ بکەوێتەوە. بۆیە لێرەوە ڕوومان دەکەینە گشت کەسایەتی و هێزە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر زەروورەتی یەکخستنی نێوماڵی کوردی، یەکگرتوویی گەلانی ئێران و پێوستیی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەک هەمیشە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێتەوە و خۆی بە ئەرکدار دەزانێ.
سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران
نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی هەتاوی پیرۆز بێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی ناوەندی
٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٩/٣/٢٠٢٥)