خاکیپۆش. شێعر: ڕەسووڵ سوڵتانی
خاکیپۆش. شێعر: ڕەسووڵ سوڵتانی
خاکیپۆشی نیشتمانم بۆ دەمی هەستانەوە
دەچمە نێو چیرۆکی پێشمەرگە و نیگای کوێستانەوە
پڕ بە قوڕگی سەنگەرێکی سوور هەتا لووتکەی چیا
دەبمە ئاوازی سروودی ژین بە دەم لاوانەوە
بۆنی هەوری و گوڵوەنی و پشتوێنی ڕووباری شەهید
دێ لە جامانە و هەناسەی بەرزی کۆساڵانەوە
دەبمە ماڕشی نێو سروشتی هزری باڵگرتووی شەریف
زاگرۆسم خستەوە دووتوێی کتێب و وانەوە
من پەیامێکی زرێبارم لە خوێندایە و دەڕۆم
دەیگەیەنمە گۆلی ورمێ و دەست شەپۆلی وانەوە
بەژنی ئیلامم دەسم خستووەتە نێو دەستی سنە
وێنەیەک دەگرین بە سەر دیواری مێژووی ژانەوە
دەشتی زامم چڵ دەدا و ئازاری سابڵاخ و سەقز
خەونی تاڵ کردووە لە چاوی لێڵی کرماشانەوە
من لەگەڵ خەونی شەهیدان دەبمە کانیاوێکی ڕوون
دەچمەوە نێو باوەشی کۆماری کوردستانەوە
من دروشم و باوەڕیشم ژن ژیان ئازادییە
بۆیە گیانم وا لە سەر دەست دێم بە پیری ژیانەوە
ئاگری نەورۆزی ڕزگاری بڵێسەی دێ دەمێ
خاکیپۆشان دێن بە ئاڵا و گوڵوەنی و جامانەوە
شێعر: ڕەسووڵ سوڵتانی
خوێندنەوە: شنۆ مێهرپەروەر
کامێرا: سەعید باختە / عومەر سنجوویی
مونتاژ: ژیلوان مینبەری