کورد و ئوپوزسیونی “سەراسەری” د. مێرۆ عەلیار
کورد و ئوپوزسیونی “سەراسەری”
ڕێککەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ ئوپوزسیونی ناوەندی بەڵێ، بەڵام چۆن؟ بەشی١
مادام ئامانج و دروشمی حیزبە کوردستانییەکان خەبات بۆ ماف و ئازادیی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران دایە، هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئوپوزسیونی “سەراسەری” سیاسەتێکی دروستە. ئەگەر بە ڕوانین و تێگەیشتنێکی دێموکراتیکەوە سەیری پرسەکە بکرێ، ڕێککەوتن و هاوکاریی و پێکهێنانی ئالترناتیڤێکی دێموکراتیک، لە بەرژەوەندیی هەر دوو لایەن دایە و هەر دوو لایەن براوەی پێکهاتنەکە دەبن. کەوایە قسەیەک لە سەر سیاسەتەکە نیە، قسە لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەتەیە.
هەتا ئەوڕۆ حیزبەکان، بەتایبەتی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، بەجیا نە بەیەکەوە، هەوڵێکی زۆریان لەپێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجە دا داوە و تێچوویەکی بەرچاویان بۆ تەرخان کردووە. بەڵام دەبینین کە ئەو هەوڵانە بێ ئاکام ماونەوە و پەسندکرانی گەڵاڵەی خودموختاری لەلایەن شوورای بەرگریی نیشتمانی (ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران)ی لێدەرخەین، دەسکەوتێکی بۆ جوولانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لێ نەکەوتۆتەوە و لایەنێکی ئوپوزسیونی “سەراسەری” لێبڕاوانە پشتیوانی لە ماف و ئازادیی خەڵکی کوردستان ناکات.
خۆزگە حیزبەکانمان لەوپێوەندییە دا بەیێ دەمارگرژی چەند پرسیارەیان لە خۆیان دەکرد!
یەک: لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو دا بۆ سازان و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە “سەراسەرییەکان”، حیزبەکان بەجیا و بەبێ بەرنامەی هاوبەش، لە چ هەوڵ و تێکۆشانێک کورتییان هێناوە کە لەوەدوا دەبێ بیکەن؟
دوو: لەو ماوەیەدا، بە درێژەدانی ئەو سیاسەتە چ دەسکەوتێکیان بۆ خۆیان پێ دابین کردوە، قەناعەتیان بە چەند لایەنی ئوپوزسیونی “سەراسەری” هێناوە کە لانیکەم بەشێک لە ماف و داخوازەکانی کورد بسەلمێنن؟ هۆکاری وڵامنەدانەوە و بەئاکامنەگەیشتنی هەوڵەکانیان چیە؟
سێ: چەند حیزبی نەتەوەیەکی ژێرستەم کە ئامانجیان هاوبەشە و بەرژەوەندیی و چارەنووسیان بەیەکەوە گرێداروە، نەتوانن لەنێوخۆیان دا لەسەر پلاتفۆڕمێکی دێموکراتیک ڕێکبکەون و نێوماڵی خۆیان ڕێکبخەن، چۆن دەتوان لەگەڵ چەند لایەنی نەتەوەی دەسەڵاتبەدەست کە خۆیان بە خاوەنماڵ و تۆ بە مەترسی بۆ دەسەڵاتی خۆیان دەزانن، لەسەر دێموکراسی و فرەچەشنی و سەلماندنی ماف و هوییەت و دابەشکردنی دەسەڵات ڕێکبکەون؟!
چوار: پرسیارەکە بەراوەژوو بکەینەوە: لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەی دەسەڵاتبەدەست کە ٤٦ ساڵە دان بە هوییەت و سەرەتاییترین مافەکانی کورد دا ناینن، لەسەر بنەمای کام لێکدانەوە و چ مەنتقێک دەبێ ئامادە دەبن ماف و دەسەڵات لە گەڵ حیزبگەلێکی نەتەوەی ژێرستەم دابەش بکەن کە سەرەڕای باروودۆخی هەستیار و پڕمەترسییان، لەنێو خۆیان دا ناکۆک و ناتەبان، یەکتر وەخۆناگرن، بەبەر چاوی عالەمەوە شەوڕۆژ لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێکهەڵدەپڕژێن و بێڕێزیی بەیەکتر دەکەن و تەنانەت لەپێناو مانەوەی خۆشیان دا، ناتوانن چەند خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە و لەسەریان ڕێکبکەون و بە یەک دەنگ هاوار بۆ مافە زەوتکراوەکانیان بکەن؟!
پێنج: لە کوردستانێک دا کە چەند حیزب هەن و دەور دەگێڕن، ئایا لایەنە فارسەکان یەک حیزب بە نوێنەر و زمانحاڵی خەڵک کوردستان دادەنێن و وەک هاوبەشێکی هاوسەنگ و هاوئاست و خاوەن مافی یەکسان چاو لێدەکەن و تەعامولی لەگەڵ دەکەن یان وەک پاشکۆ و دەستگرەوە؟!
شەش: ئەو حیزبە کوردستانییە ئەگەر بڕوای بە دێموکراسی و مافی خەڵک هەیە، نابێ لە خۆی پرسیار بکا کە ئایا ئەساسەن ئەو مەشڕووعییەتەی هەیە کە وەک نوێنەری کورد لەگەڵ لایەنە سەراسەریەکان دابنیشێ و لەسەر ماف و چارەنووسی خەڵکی کوردستان بڕیار بدات؟
حەوت: بەپیی ئەزموون، هەر حیزبێک بەتەنیا بەتەمای سازان لەگەڵ ئێرانییەکان دابنیشێ و خۆی بە نوێنەری کورد بناسێنێ، ئاسایی کە حیزبەکانی دیکە هەڵوێست بگرن کە ئەو نوێنەری ئەوان و خەڵکی کوردستان نیە! ئەوکاتە، کێشەکە دەبێت بە کێشەی نێوخۆی حیزبە کوردستانییەکان. لە وەها دۆخێک دا، ئایا لایەنە کوردییەکەی ڕەگەڵ “سەراسەریەکان” کەوتووە، قەدر و قورسایی و بایخێکی لەنێو لایەنە فارسەکان بۆ دەمێنێتەوە؟!
هەشت: دابنێین کە ئالترناتیڤێک دروست بوو، ئایا تاقە حیزبێکی کوردستانی کە لەلایەن حیزبەکانی دیکەوە ڕەوایی کەوتبێتە ژێر پرسیار، ئایا لە نێو چەندین لایەنی “سەراسەری”ی دا وەک ئەندامێکی کاریگەری ئالترناتیڤەکە دەژمێردرێ یان وەک “یک گروە کوردی” و “یەک گروە محلی” دەخرێتە پەڕاوێزەوە؟
نۆ: ئایا ڕێککەوتنێکی ئاوا، ئەوەندە دێنێ کۆمەڵگای کوردستانی بۆ “پۆلاریزە” بکەی و پرسی کورد لەگەڵ ئوپوزسیونی ناوەندی بکەی بە کێشە و دووبەرەکی کۆمەڵگای کوردستان؟ ئایا ئەوە بێبایخکردن و سووککردنی کورد و جوولانەوەکەی نیە؟
دە: ئالترناتیفێک بەبێ بەشداریی هەموو کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە، لە ئێران دا چ بایخ و پێگەیەکی دەبێ و لە لایەن کۆمەڵگای نیودەوڵەتییەوە وەک ئالترناتیڤێکی گشتگیر و دێموکراتیک بایخی پێ دەدرێ؟
بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمیش، حیزبی تاکڕەوی کوردستانی بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە دەبێتەوە!
یەک لە کەمووکورتییە هەرە گەورەکان لە سیاسەت و تێکۆشانی حیزبە کوردستانییەکان دا ئەوەیە کە بۆ هیچ پرسێک خەسارناسی ناکەن و لەترسی دەرکەوتن و ئاشکرابوونی لاوازیی و هەڵەکان، خۆ لە خەسارناسی نادەن!
خۆدزینەوە لە خەسارناسی بۆتە هۆی ئەوە کە هەڵە و کەمووکووڕییەکان شاراوە بمێننەوە، هیچ پێوەر و پێوانەیەک بۆ سەرکەوتن و سەرنەکەوتن نەبێ، سیاسەتی دروست و نادروست لەیەک جیانەکرێنەوە و هەموو کارەکان بە شکست و پاشەکشە و لێکدابڕانەکانیشەوە، بە سەرکەوتن و دەسکەوت دابنرێن!! لە ئاکامی نەبوونی کولتووری خەسارناسی دا، ڕێگەی پێداچوونەوە دەگیرێ و هەڵە و ئەزموونە شکستخواردووەکان دووپات و چەندپات دەبنەوە و هەوڵ و ئینڕژی و تێچووەکان بەفیڕۆ دەچن.
دەنا، درێژەدان بە سیاسەتێک کە ٤٦ ساڵە چووکترین دەسکەوتی سیاسی پێ دابین نەکراوە و نەیتوانیوە پشتیوانیی بەشێک لە ئوپوزسیونی ناوەندگەرا لە پرس و داخوازەکانی کورد مسۆگەر بکات، ناوی چیە؟!
ڕێژیم و ئوپوزسیونی فارس ئێمەیان باش ناسیوە و دەزانن خاڵی لاوازی کورد دووبەرەکی و پڕشووبڵاوبوونیەتی و بەزیانی کورد ئەوپەڕیی کەلکی لێوەردەگرن. دەزانن چۆن کایە و پاشەکشەمان پێ بکەن، دەزانن دژایەتی یەکتر وەپێش ئامانجەکانمان دەخەین و بۆ شکاندنی یەکتر، ئامادەین بۆ نەیارەکانمان تێبشکێین.
سەیرە دوای ٤٦ ساڵ هەست پێنەکەی کە ئوپوزسیونی فارس، پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ کوردیان کردۆتە گۆڕەپانێکی پڕمەترسی بۆ دووبەرەکینانەوە و ململانەی “گروە های کرد” لەگەڵ یەکتر! لە پرسی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمیش دا، هەمووجارێ لە تەوەهوم دا بەو تەڵەوە دەبین!
دووبەرەکی و ململانە لەسەر بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی، کوردی نەک هەر لە ئاستی کوردستان و ئێران دا لاواز کردووە، دۆست و لایەنگرانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیشی تووڕە و تەمابڕاو کردووە.
وتووێژ لەگەڵ ئوپوزسیونی ناوەندگەرا بە مەبەستی ڕێککەوتن بە چ شێوە و مێکانیزمگەلێک؟
بەهەویای دێموکراسی و مافی مرۆڤ هەوڵدان بۆ هاوکاریی و هاوبەندی لەگەڵ ئوپوزسیونی فارس ناتوانێ سەر بگرێ، ئەگەر هەوڵەکە هیزێکی یەکگرتووی حیزبەکانی لەپشت نەبێ.
حیزبی کوردستانی ئەوڕۆ بەتەنیا ئەو هێز و قورساییەی نیە کە لەنێو چەندین لایەنی “سەراسەری” دا، تای تەرازوو بەلای خۆی و معادلاتی سیاسی لە بەرژەوەندیی کورد دا بگۆڕێ و بتوانێ مەرجەکانی خۆی بە ئوپوزسیونی فارس بسەلمێنێ. ئەوە تەسلیمتەڵەبی و تەمابڕاویی نیە، واقعی سیاسییە و ڕاستییەکە کە دەیان جار تاقی کراوەتەوە. ئەگەر دەکرێ، بۆ نایکەن؟!
ناتەبایی! حیزبە کوردستانیەکان لە ئێرانی فرەگەلیدا، خۆیان بە حیزبی ناوچەیەک و نەتەوەیەک دەزان، دەڵەن ڕێژیم بەوان ناڕووخێ و لە ئێران دا ئالووگۆڕی بنەڕەتی لە کوردستانەوە پێکنایە و خەبات بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ناوەندی ناکەن. کەوایە حیزبێکی کوردستانی بەپێی کام مەنتق ئیدیعا دەکا کە بەتەنیا لەنێو چەند ڕەوتی “سەراسەری” دا، دەتوانێ داخوازەکانی کورد بە لایەنە بەرانبەرەکانی بسەلمێنێ؟!
هەمیشە دەگوترێ، خەڵکی کوردستان وشیار و سیاسیە و داوای ماف و ئازادی دەکا. ڕاستە، بەڵام خەڵکی وشیار و سیاسی زەرفییەت و پوتانسییەلە و کاتێک دەبێت بە هێزی “بالفعل” و لە هاوکێشەی سیاسی دا کاریگەریی دەبێ و دەسکەوتی پێ دابین دەکرێ کە ڕێکخرا بێ، و لە هەموو دنیا خەڵک لە ئەحزابی سیاسی دا ڕێکدەخرێ و یەکێتی و کۆبەندییش بە ئەحزابی سیاسی پێکدێ. ڕاستییەک کە ناسەلمێندرێ.
بۆیە، هێز و قورسایی کورد لە یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەشی حیزبەکانی دا ڕەنگ دەداتەوە. کورد بە یەکگرتوویی لە هاوکێشە سیاسییەکان دا دەور دەگێڕێ و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بۆ دەپارێزرێ.
حیزبە کوردستانییەکان، ئەوکاتە دەتوانن وەک هاوبەشێکی خاوەن قورسایی لە لایەن ئوپوزسیونی سەراسەرییەوە بەهەند بگیرێن کە یەکبگرن و وەک لایەنی کوردستانی بە پلان و ستراتێژیی هاوبەشەوە لەگەڵ ڕەوتەکانی ئوپوزسیونی “سەراسەری” بەمەبەستی ڕێککەوتن و پێکهێنانی ئالترناتیڤێکی دێموکراتیک بکەونە وتووێژەوە. ئەوکاتە دەتوانن بە سازان و دابینکردنی دەسکەوت هیوادار بن و وەک کۆڵەکەیەکی قایمی ئالترناتیڤەکە بەرچاو دەکەون و حزووریان وەک فاکتورێکی یەکلاکەرەوە لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە دەسەلمێندرێ.
حیزبی کوردستانی ئەگەر بیهەوێ لەنێو چەندین لایەنی فارس دا سەرهەڵبڕێ، داکۆکی لە هوییەت و مافە نەتەوەییەکانی بکا، و نەپاڕێتەوە مافی بدەنێ و ناچار نەبێ ئاستی داخوازەکانی بۆ تەمەرکوززدایەکی ناڕوون دابەزێنێ، پێویستیی بە هێزە و دەبێ بسەلمێنێ کە ئەو هیزە تەنیا بە یەکگرتوویی و هاوخەباتی حیزبە کوردستانییەکان مسۆگەر دەبێ.
کارەساتە، دوای ٤٦ ساڵ تاقیکردنەوە نەیسەلمێنی کە هەوڵدانی حیزبە کوردستانییەکان بە پڕشووبڵاویی و بەبێ پلان و هێزی یەکگرتوو، بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی ناوەندگەرا، تەنیا بەفیڕۆدانی کات و تێچوو و ڕنجبەخەساربوونی لێ دەکەوێتەوە و ئامانج ناپێکێ!
ڕێکنەکەوتن و یەکنەگرتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە دۆخە هەستیار و پڕمەترسییە دا، بۆتە عەیبە و کارەسات. پاشملە، هەر یەکەی ئەوی دیکە تاوانبار دەکا کە لەمپەر لەبەر یەکگرتن چێ دەکات.
ئەگەر بەڕاستی حیزبەکان ئامانج و تەمایان یەکگرتووییە، باشترین کار ئەوە نابێ کە ئەو پرسە بێننە نێو بیروڕای گشتی و هەڵوێستی خۆیان بۆ خەڵک ڕون بکەنەوە؟ ئەو هەموو “خەڵک” “خەڵک” دەکرێ، با “خەڵک”یش ئاگادار بێ چ باسە و دەرفەتی قەزاوەتی پێبدرێ!
بەدڵنیاییەوە، خاوەنبیر و چالاکانی سیاسی و ڕووناکبیران و … لە دەرەوەی حیزبەکان، بۆ کردنەوەی ئەو گرێپووچکەیە کە بۆتە “پانێی ئاشیل”ی کورد، دەتوانن یاردەدەر بن و دەوری ئەرێنی بگێڕن.
جاران دەگوترا کە باش نیە کێشە و ناکۆکییەکانی حیزبەکان بەڕاگەیاندن بکرێ، نەیاران کەڵکی خراپی لێ وەردەگرن. ئێستا ئیدی ئەو قسەیە بێمانا بووە: شەڕەجنێو و پەلاماردانی یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا هەموو سنوورەکانی ئەمنییەتی و ئەخلاقی بەزاندووە و نەیاران پێویستیان بە خۆماندووکردن نیە بۆ ئەوەی بزانن لە نێو حیزبەکان دا چ ڕادەبرێ!
ڕێبەرایەتی حیزبەکان ئیدیعا دەکەن ئاگایان لەو کارەساتە نیە! قسەیەک کە ئەوڕۆ هیچ کەس بەهەندی ناگرێ و بڕوای پێناکا. بەپێچەوانە، بێدەنگیی زەقی ڕێبەرایەتییەکان لە بەرانبەر ئەو دیاردە دزێوە دا، ئەو باوەڕەی لەنێو خەڵک دا بەهێز کردووە کە ڕێبەرایەتی حیزبەکان بۆخۆیان ڕێکخەر و درێژەدەری شەڕەجنێون.
پاشان، کارەساتە ڕێبەرایەتی حیزبێک ئاگای لە کەش و دۆخی نێو تەشکیلاتەکەی خۆی نەبێ!
شاردنەوەی هۆکارەکانی سەرنەگرتنی دانیشتنەکان بەمەبەستی سازان و یەکگرتن لە خەڵک، خۆی بۆتە هۆکار بۆ پەرەسەندنی دیاردەی شەڕەجنێو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دا. تەنانەت ئەندامانی حیزبەکانیش نازانن چ خەبەرە و لە نەبوونی شەفافیەت دا کەتوونەتە گیانی یەکتر! هەر کەسە حیزبەکەی خۆی پێ بێخەتایە و ئەوی دیکە بە بەرپرسی هەرەسهێنانی هەوڵەکان دەزانێ!
د. مێرۆ عەلیار
سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی د. میرۆ عەلیار