پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بەڕێوەچونی پڕشکۆی ئاهەنگەکانی نەورۆز
خەڵکی تێکۆشەرو نیشتمانپەروەری کوردستان هەروەک لای هەمووان ئاشکرایە نەورۆز نوێبوونەوەی ساڵ و کۆتایی هاتن بەوەرزی سەرماو سەخڵەتە ودەستپێکی ژیانێکی نوێیە بۆ مرۆڤ وگیانلەبەران ودار وکەژوچیا ، بەڵام بۆ ئیمەی کوردستانیان نەورۆز هێمای رۆژی هەستانەوەیە و رۆژی سەرکەوتنی خۆری ئازادییە بەسەر بەستەڵەکی ژێر دەستەیی و زۆرداریدا .
لە کوردستانی ژێر دەستی ئیستبدادی کۆماری ئیسلامی ئەوساڵیش نەورۆز بوو بە هەوینی تەبایی و برایەتی نەتەوەیی ، خەڵکی کوردستان بە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگاوە وبێ لە بەر چاو گرتنی ناوچەو بیر وباوەر وئائین ومەزهەبی جیاواز بە پیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و نیشانیان دا کە خەڵکی کوردستان وحیزبەکان لێک جیا نین. وەک لە شەش مانگی رابردووشدا خەڵکی کوردستان دوو جار (٢١ی خەرمانان ١٣٩٧و رێورەسمەکانی نەورۆزی ١٣٩٨) سەلماندیان کە سیاسەتی کوشتن و ئیعدام وزیندانی کردن لە ماوەی چل ساڵی رابردوو دا کە لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان بەرێوەچوون ، نەیتوانیووە بە سەر ئیرادەی نەتەوایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ بێ وخەڵک و حیزبەکان لە یەکتر داببرێ .

خەڵکی بە ئیرادەوماندوونەناسی کوردستان
لە ئاھەنگەکانی نەورۆزدا لە شار و دیھات، لە شەقام و کۆڵان و شاخ و مەزرا سەلماندتان کە چ ھێزێکی بەرین و چ شەوقێکی گەورە بۆ ڕزگاریی نیشتمان لە ناختاندا بوونی ھەیە. ئێوە یەکگرتوانە سەمای ئازادیتان نواند و بە جامانە و هەوری و گوڵی سور چاوی داگیرکەرانتان کوێر کرد. نەورۆزی ئەوساڵ ھەر ئاھەنگی خۆشی و شادی نەبوو، بەڵکوو نومایشی گەورەی ھێزی گەل و کوردستان بوو کە سەرەڕای ھەڕەشە و زەبر و زەنگی ریژیم و ھێنانی ھێزی نیزامی بۆ شار و شەقام و سنورەکان، ئێوە توانیتان ئاھەنگی نەورۆز گەورەتر و بە پانتایی ھەموو کوردستان بە شکۆوە بەڕێوە بەرن.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە بوێریتان، ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆزبایی دەكات. نیشانتان دا کە پێشەنگن له شۆڕش و وەستانەوە بەرانبەر بە زوڵمی زاڵم. ئێوە سەلماندتان بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێشەنگه لە شێوازی خەباتی مەدەنی . ئێمەش وەک ناوەندی ھاوکاری حیزبەکان بەڵێنتان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە لەو ساڵدا ھەنگاوی گەورەتر بەرەو یەکگرتویی و یەکدەنگی ھەڵبگرین.

بێگومان بە دەنگەوە ھاتن و جۆش و خرۆش و ئاواتی ئێوە بۆ یەکریزی بێ وڵام ناھێڵینەوە و ھەموو ھەوڵەکانمان لەو بوارەدا چڕ دەکەینەوە.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران
سەرکەوتوو بێ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت