ئێوارانی کریسکان! “عصرهای کریسکان” هاشـم ڕۆستەمی

ئێوارانی کریسکان!

“عصرهای کریسکان”

هاشـم ڕۆستەمی
ئێوارانی کریسکان ناوی ئەو کتێبەیە کە وەک بیرەوەری ئەمیر سەعیدزادە(ئەمیری ڕەحمان باڵشکاوی) لە لایان “کیانوش گلزارراغب” نووسراوە.
ئەمیر هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە وەک جاشێکی دژە گەل، دەبێتە یەکێک لە مۆرە دیار و ناسراوەکانی ئەو نیزامە لە ناوچەی سەردەشت.
هێشتا بەشی زۆری کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی حیزب و کۆمەڵەدا بوو کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایان کۆمەڵەوە زیندانی دەکرێ و سەرئەنجام لە زیندانی بەردەسوور ڕا دەکات. دوای ڕا کردنی، لە نۆکەرایەتی بۆ ڕێژیم بەردەوام دەبێت و تەنانەت بە وتەی خۆی چەندین جار مەئموریەتی دەرەوەی وڵاتیشی دەدەنێ. لە یەکێک لەو مەئموریەتانەدا لە شاری سلێمانی لە لایان حیزبەوە دەستگیر دەکرێ و دوای چوار ساڵ و چەند مانگ، حیزب بەرەڵلای دەکات.
ئەو کتێبە کە تا ئێستا ٢٠ جار لە چاپ دراوەتەوە، یەکێک لەو کتێبانەیە کە ئیدارەی ئیتلاعات بە نێو زیندانەکاندا بڵاوی دەکاتەوە و زیندانیەکان وادار دەکات کە وەیخوێنن.
هەرچەند ئەم کتێبە بە شێوەی گشتی لە دژی بزووتنەوەی کورد و بە تایبەت لە دژی حیزبی دێموکڕات بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی خەڵکی ساویلکە و ناشارەزا، ئامادە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بێ ئەوەی نووسەری ئەو درۆ و بوختانانە مەبەستی بووبێت، لە زۆر جێگادا بابەتەکان وا داڕێژراون کە خوێنەری وردبین و خاوەن سەرنج، بۆی دەردەکەوێ کە لە نێو بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا ئەوانەی دەبنە نۆکەری بێگانە وئاڵقە لەگوێی دوژمن، چەند بێزراوی نێو کۆمەڵگان. هەروەها بێ ئەوەی نووسەر مەبەستی بوبێت، دان بە پێگەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتدا دەنێت.
لەو جێگەیەدا کە نووسەر لە زمان ژنی ئەو جاشەوە دەنووسێ “لە کوچە و کۆڵانان منداڵانی دراوسێ و گەڕەک بە منداڵەکانمان دەڵێن بەچکە جاش، لە قوتابخانەش گاڵەتاین پێ دەکەن و وەک منداڵە جاش ناویان دێنن و خۆیان لێ دوور دەخەنەوە”، نیشانەی ئەوەیە کە بزوتنەوەی کورد بە شێوەی گشتی جاشیەتی و نۆکەرایەتی بۆ بێگانە رەد دەکاتەوە. هەر وەها لە زمان ئەو ژنە جاشەوە دەنووسێ کە “ئێمەش ڕومان نایەت بچینە پرسە و سەرخۆشی خەڵکی ناسیاو، چوونکە بە چاوی سوک سەیرمان دەکەن و وەدک ژنە جاش قسە و قسەڵۆکمان پێ دەڵێن.”
لەو جێگەیشدا کە لە زمان ژنی ئەمیرەوە دەڵێ” ئەوکات کە سەعید لە زیندانی دێموکڕاتدا بوو، حیزب مەئمەرێکی (کەسێکی تەشکیلاتی) ناردبوو بۆ ماڵمان تا بزانن ئاخۆ شێوەی ژیانمان چۆنە؟ ئایا ئیتلاعات پوڵمان دەداتێ یا نا! یا دەڵێ دێموکڕات ژنێکی فێر کردبوو هاتوچۆمان بکات، ئەو ژنە دەیهەویست من لە مێردەکەم دڵسارد و نا ئومێد بکات تا مێرد بە کەسێکی دیکە بکەم کە ئەوان دەیانهەویست. یا لە جێگایەکی دیکەدا دەڵێ، دێموکڕات ژنێکی مەئمور کردبوو تا هاتوچؤمان بکات و زانیاریمان لێ وەر بگرێت. ئەو ژنە زانیاریەکانی لە ڕێگەی براکەیەوە کە دێموکڕات بوو دەیگەیاندە حیزب”. ئەوە ئاخۆ ئەو قسانە چەندەڕاست یا درۆن، بۆ ئەو ژنە دەگەڕیتەوە، بەڵام خودی ئەو باسانە نیشانەی هەبوونی تەشکیلاتێکی بە هێز و پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتن لە نێو خەڵکی کوردستاندا.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە لەم کتێبەدا ئەم پەندە کوردیە زۆر جوان خۆی دەر دەخات کە دەڵێ: هەزار ساڵ بکەی بێگانە پەرستی، ئاخریەکەی دێنی نوشستی. چوونکە سەرەڕای ئەو هەموو خۆش خزمەتیە کە ئەمیری جاش بە رێژیمی دەکات و دوو ساڵ زیندانی بوون لای کۆمەڵە و چوار ساڵ حەپسی لای دێموکڕاتی بۆ تەحممول دەکات، کەچی دیسانیش دوای بەرەڵلا بوونی لە زیندان، هیچ باوەڕێکی پێ ناکەن و وەک جاشێکی بێ کەڵک ڕێشـمەی لێ دادماڵن و تەنانەت ئیجازەی هاتو چۆی ئیداراتی دەوڵەتییشی لێ مەنع دەکەن. بەڵام وا دیارەناوبار فێرببوو هەر بە سەرشۆڕی و چاو لەدستیی بێگانە بژیت، بؤیە دوای ئەو ڕێشمە لێ داماڵینەش واز ناهێنێ و دەیهەوێ نۆکەرایەتی خۆی بۆ دوژمن بسەلمێنێتەوە، هەر بۆیە بێ ئەوەی لە گەڵ سوپاسی پاسداران یا ئیتلاعات هەماهەنگی بکات، بە هاوکاری چەند کەسی دیکەی خۆفرۆش، لە شاری قەڵادزی مقڕی حیزبی دێموكڕات بەر ئارپیجی دەدەن.
دوای ئەم کارە تیرۆریستیەش، چوونکە تاریخی مەسرەفی بەسەر دەچێت و بێ کەڵک دەبێت، هەم لە سوپای پاسداران و هەم لە ئیتلاعات پاش دەرکی دەکەن و لە گۆشەیەکی دیکەدا کارێکی پێ دەسپێرن تا سەرئەنجام دوای دەیان ساڵ نۆکەرایەتی بۆ ڕێژیم، هەر بە بەرگی جاشیەتیەوە داستانی تەمەنێک خۆفرۆشی و خەیانەتی کۆتایی هات.
لەم کتێبەدا کۆمەڵێک خاڵ و بابەتی دیکە هەن کە بۆ ناسینی تاکتیکەکانی دوژمن و چۆنیەتی هەڵسوکەوتمان لە گەڵ کەسانی سەر بە رێژیم، جێگەی سەرنجن.
• کریسکان ئەو شوێنەیە کە ماوەیەک زیندانی حیزبی دێموکراتی کردستانی ئێرانی لێ بوو.
• لازمە ئەدبیاتی دوژمن وەخوێینین، چاو لە بەرهەمە “هونەریەکانیان” بکەین، فیلم و دڕاماکانیان ببینین تا بزانین ئەوان چۆن لە سەر ئێمە کار دەکەن. تا نەزانین چۆنمان کار لە سەر دەکەن، ناتوانین وەک خۆیان بەرپەرچیان بدەینەوە.
هاشـم ڕۆستەمی

١٣،١،٢٠٢٥