پیرۆزبایی ماڵپەری گیارەنگ بە بۆنەی جێژنی نەورۆز
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی ٢٧١٩ ی کوردی و نەورۆزی کوردەواری لە قوڵایی دڵەوە جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو دۆستان و هاورێیان و خزمانی دوور و نیزیک و خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەری کوردستان، بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و زیندانیانی سیاسی بە گشتی و بنەماڵەی بەرێزی پێشمەرگەکانی کوردستان و ئەوانەی پاڵ پشتی سەرەکی جووڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و خەمخۆری گەلەکەیان دەکەم و هیوادارم کە ساڵی نوێ ساڵی وەدیهاتنی ئارەزوو و هیواکانی گەلی کورد و ئێوە ئازیزان بێ و ساڵی لە گۆڕنانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێ.
نەورۆزتان پیرۆز
بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ
حەمەرەسووڵ کەریمی
ئەم گرتە ویدیۆیەش کە بە کامێرای خۆم لە کاتی جیاجیا دا گیراون پێشکەش بە هەموو لایەک و هەر بژین بە شادی.
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جێژنێڪی ڪۆنی کوردە بە خۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێپەست بوو تاڪوو پار
هەر خوێنی لاوەڪان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو ڪە لە ئاسۆی بڵندی ڪورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیڪ ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێڪی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عیشق ئەچوون بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژهەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە، ڕەنگی شەبەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی ڪچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین
هۆنراوەی مامۆستا “پیرەمێرد”