پارساڵ نیەری خۆڕاگرو دوێنی ڕەبەت و ئەمڕۆش تەرەغە سەرچۆپی “سەمای ئازادی” دەگێڕێ!
“نەرۆزی جامانەکان ” ی پار و ” سەمای ئازادی” ئەمساڵ بوونەتە سەرچاوەیی شۆڕشێکی گەورەی سیاسی و نیشتیمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!
ئەوساڵیش گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا، بەشادی و هیوا بەدواڕۆژێکی گەش بەرەو ئاسۆی خەبات و تێکۆشان هەنگاو دەنێ و بەیەکگرتووی و فرە ڕەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرەو ڕێزگرتن لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەمای ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان سازو ئامادەکردوە. چالاکیە جەماوەرییەکان بەدڵنیایەوە ترس و دڵەڕاوکەی زۆری بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران لێکەوتۆتەوە و بەوپەڕی نیگەرانیەوە چاوەدێری بارودۆخەکە دەکەن و ڕووداوەکانیان هیچ بەدڵ نین و بەتەواویش نائومید بوونە لە داهاتووی ڕێژیمی دژی گەلی ئاخوندی.
پەیامی هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێگوومان شوێنی خۆی لە سەر ئەو پڕۆسە نەتەوەیە دەبێ و هەموولایەك بەبێ جیاوازی ڕوانین و هزر و بیرکردنەوەی سیاسی و تەشکیلاتی، وەك کوردێك بە پیر ئەو ڕۆژە گرینگ و مێژوویەوە دەچن، ئەو شێوە هەڵسوڕان و بەشدارییەش نیشانەی کۆدەنگی نەتەوەیی گەل دەگەیەنێت.
سەمای ئازادی ڕۆژهەڵات لە بەهاری ئەمساڵدا، بێگوومان لە دایکبوونێکی نوێیە بۆ گەلی کورد و جووڵانەوەی کورد. پەیامی هێزەکانی کوردستان بەیەکەوە و شەپۆلی یەکگرتووخوازی نێوخۆی نیشانەی دروستبوونی زەمینەی پێکەوەکارکردن و هەڵکردن لە ژینگەیەکی سیاسی و نەتەوایەتیدا پێشاندەدا و بەو هیوای رووداوەکانی ئەو جار دەرفەتی لێك کۆکردنەوە و یەکگرتنەوەی هێزە لێكترازاوەکان خێراتر بکا.
خەڵکی کوردستان بە پیر و لاو و گەنج و مناڵ، بەهەستێکی گەرمی نیشتیمانی ئەوساڵیش بەرە و پیری ئەو ڕۆژە دڕۆن و بەشادی و دڵخۆشی لە نێو ئاپۆڕای شادی و گەشبینی ئەو بۆنەیە بەڕێدەکەن.
دیداری تەرەغەوە و هەنگاوەکانی دواتری شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە شێوەیەکی بەربڵاو ساڵانە کوردستانیان بە شکۆیەکی گەورەی نەتەوەیی بەرەو پیری نەرۆز پێکەوە و بەیەکگرتووی ئەو ڕۆژە لە یەکدی پیرۆزدەکەن. بەدڵنیایەوە نیشانەی وشیاری سیاسی و هەستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان نیشاندەدا و هەنگاوێکی لەو چەشنە لەهەلومەرجی وەك ئەمڕۆدا گرینگی سیاسی و مێژووی تایبەتی خۆی هەیە و جەوهەری کردارەکە، بە سەرەتای قۆناخێکی تازە لە بەرخۆدانی نەتەوەی خۆرهەڵاتی کوردستاندا پێناسەدەکرێ.
با هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە پەیامی یەکگرتخوازیان پابەندبن و ” سەمای ئازادی” بکەنە هەوێنی یەکڕیزی و کۆدەنگی نەتەوەیی و بەیەکەوە و لە سەنگەرێکی بەهێز و بەریندا، بەدژی سیاسەتی سەرکووت و ستەمکارانەی حکوومەتی ئاخوندی دڕێژە بە خەباتی خۆیان بدەن. جووڵانەوەی سیاسی کورد کاتێك بە ئامانجەکانی دەگات کە یەکگرتووی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەهێزبکرێت و بەهەموو لایەکیش ئەو برایەتیە لە نێوان هیزەکاندا بپارێزین و نێو ماڵی گەورەی خۆیان ڕێکبخەنەوە.
بارودۆخی سیاسی و ئابووری ڕێژیمی ئێران و رووداوەکانی داهاتووی وڵات، بێگوومان هەمووی لە خزمەتی پڕۆسەی ڕزگاری نەتەوەییدایە و ڕوانینی ژێرانە بۆ کۆی قۆناخەکانی خەبات و کۆدەنگی سیاسی، لانیکەم لە هەلومەرجی ئێستادا زەرورەتێکی مێژوویە بۆ شۆڕشی خۆرهەڵاتی وڵات. گەلی کورد هیواخوازە بە شوناس و خوێندنەوەیەکی جەوهەریانە، هەوڵبدرێت ئەو زەمینەیە پێك بێت کە هەموو لایەنەکان بە هاوبەشی لەو دەرفەتە مێژوویەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرژەوەندی پرۆسەی ڕزگاری نیشتیمانیدا،بە سوودی نەتەوەکەمان کەڵك وەربگری و بۆ هەمیشە ماڵ ئاوایی لە سیاسەتی پاوانخوازی و یەکتری پەراوێزخستن بێنن.
کورد نابێت لە گەڵ یەکدیدا سیاسەت بکا و خۆی لەوەی زیاتر سەبەبی هۆکاری گەورەی شکەست و نەهامەتیەکان بێ و دژایەتی نێو خۆی زیان بە یەکڕێزی و یەکیەتی سیاسی و نەتەوەیی بگەیەنێت.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەو ڕەساڵەتە سیاسی و مێژوویە کە جووڵانەوەی کورد خستوویەتە سەرشانی، زۆر گرینگە کار بۆ ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەبکا، کە زەمینەی یەکبوونەوە و پێکەوەکارکردن لە گەڵ سەرجەمی حیزبەکوردستانیەکان بکاتە سەرفەسڵی شۆڕشێکی نوێ لە کوردستاندا.
خەڵکی کوردستان دەمێکە ڕایگەیاندوە کە یەکیەتی و کۆدەنگی سیاسی و نەتەوەییان دەوێ و ئەو جۆرە چالاکی و هەڵسوڕانەش، بێگوومان ئەو ڕاستیە زیاتر دەسەلمێنن. ئامانج و شوعاری ” سەمای ئازادی ” لە “سنەوە بیگرە هەتا ئیلام و سەقز و بۆکان و مەهاباد و پیرانشار و ڕەبەت و سەردەشت و سەڵماس و ورمێ و خۆی” ، هەمووی یەك شتە و ئامانجەکەش هەر بەوجۆرە ڕزگاری نەتەوایەتیە و، هەڵقووڵاوی وشیاری سیاسی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستانە.
بەڕێوەبردنی ئەو بۆنەیە لە کەش و هەوای سیاسی و ئەمنیەتی کوردستاندا، کە ڕێژیمی ئاخوندی کوردستانی بەتەواوی بە هێزە دژی گەلی و سەرکووت کەرەکانی تەنیوە، جوامێری و غیرەتی کورد پێشاندەدا و ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە بە هەموو شێوەیەك لە پێناوی ئازادی و سەربەستی دا بەیەکەوە و لە سەنگەرێكدا خەبات بۆ ڕزگاری نیشتیمان دەکەن.
گەلی کورد یادکردنەوەیی ساڵانەی ئەورۆزیان کردۆتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی وەك گەلێکی وڵات داگیرکراو خواستی نەتەوەیان دەربڕن و بە شێوەیەکی ڕێکخراو و شارەزایانە ئەو بۆنە نەتەوەیە بەرز و پیرۆز ڕابگرن و بە دوژمنی خوێن و خاك بڵێن: کە کورد هەر زیندووە و، وەك گەلێكی وشیار ئامادەی هەر جۆرە جووڵە و تێکۆشانێکی نەتەوەیی هەیە و، ڕۆژ بەڕۆژ ئەو هەستە پیرۆزە بەرەو یەکگرتووی سیاسی یان دەبات و ئەو کۆدەنگیە لە کوردستاندا بە هێز و پتەو تردەبێت و بەهەمووشیان پەرەی پێدەدەن.
کوردبوون بێگوومان شانازییەکی گەورەیە و کاتێك “کیژۆڵەیەکی” لاوی کورد لە داوێنی تەرەغە دا، بەدەنگێکی خۆش گۆرانی دەڵێ و شانازی بە قارەمانەتی ڕۆڵە گیان بەختکردوەکانی کوردستان دەکا، جگە لە وشاری نەتەوەیی و هەستی کوردایەتی، هەستێکی ترنیە ئەو هزر و دوروونە گەش و بیگەردانە بهەژێنێت و بیان هێنێتە دوان لە گەڵ خاك و بۆنی خوێنی شەهیدانی نیشتیمان.
سەربەستی و ئازادی بەنرخترین ئەو دیاردە و دەسکەوتە سیاسی و مێژوویەن کە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا، دەرفەتی گەشەکردن و خۆناسین و بەشداریکردنی لە حومکڕانێکی ئازاد و دادپەروەردا بۆ پێک دێت.
هەنگاوی لەو جۆرە و بڕیاری یەکگرتووخوازی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیشانەی ئەو پەڕی وەفاداریە بە ڕێبازی شەهیدان و پشتیووانیکردنە لە شۆڕشی نوێی کوردستان بە هەموو ڕەهەند و فرەڕەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بوونی خۆی سەلماندوە.
هەرچەندە ئەو پەیانانەش بەداخەوە هەتا ئەمڕۆش وەك پێویست کاریگەریان لە سەر بەرەو قۆناخی یەکگرتنەوەی هێزە لێك ترازاوەکانی ڕۆژهەڵات نەبووە و جاڕێ هەر لایەنێك لە سەنگەرێکدا خەبات دەکا و ئەو پرشوبڵاویەش هۆکاری تەمەن درێژی حکوومەتی ئاخوندی ئێرانە.
دڕدۆنگی و نەبوونی یەکگرتووی سیاسی و نەتەوەیی ئەو دەرفەتەی بۆ دەسەڵاتی تاران ڕەخساندوە هەتا زیاتر کۆمەڵکوژی و زووڵم و ستەمی سیاسی و نەتەوەیی دەرهەقی گەلانی ئێران و نەتەوەیی کورد ئەنجام بدات و دڕێژە بە دەسەڵاتیان بدەن.
وشیاری سیاسی ئەو ژینگەجوان و سروشتە ناوازەییەی لە کوردستان بەرهەم هێناوە کە خەڵکی کوردستان بە ئاشکرا و لە نێو قووڵایی دڵی داگیرکەری فارسدا، بوونی خۆی و سەروەری وەك کوردێکی کوردستانی دەربڕی و بەتەواوی خۆی لە کولتوری هەڵە و خۆسەپێنی فاشیزمی فارس و دەسەڵاتەکانی جیا بکاتەوە.
کوردستانیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕوانینی سیاسی و هزریان، وەك کوردێك بەو پەڕی وشیاری سیاسی و نەتەوەیی بەشداری کار و چالاکیە جەماوەری و مەدەنیەکان لە شار و ناوچە جۆر بەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و ، ئەو بەشدارییەش بێگوومان لە هرزی قووڵی نەتەوەیی و باوەڕ بەمافی سیاسی و نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لەو یادکردنەوەیەدا پێ شاندەدا.
خەڵکی کوردستان لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆیانگەیاندوە کە پشتیووانی کۆدەنگی سیاسی و نیشتیمانی دەکەن و، ئەو جۆرە کەرنەڤاڵ و گۆڤەند و شایی و دیلانانە کە لە نێو ئاپۆڕایی شایی و هەڵپەڕکیی کوردیدا، بەوتنەوەی سرودی نەتەوەیی” ئەی ڕەقیب هەرماوە قەومی کورد زمان” و شوعاری سیاسی تری پەیوەندیدار بەو جووڵانەوە سەرانسەریە لە کوردستان، جەوهەری ئامانجی ئەو بزووتنەوە تازەیە دەردەخات.
نەورۆزی نەتەوەیی و یادکردنەوەی بەو جۆرە، لەلایەك دەرفەتێکە بۆ ئەوەی یەکیەتی بزووتنەوە جەماوەریەکان بەتەواوی ڕێکبخات و بەروویەکەی تریشدا بڵاوکردنەوەی پەیامی بەرەو یەکگرتووی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەگوێی هێزە تێکۆشەرەکانی ئەو بەشەی وڵات بگەیەنێت.
کەوابوو زۆر گرینگە هێزەکان زۆر بەژیری و هەستی یەکگرتووخوازی لێکدانەوە لە سەر کۆی ئەو پڕۆسە نیشتیمانیە بکەن کە لەوێ واتە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، گەل کردوویەتیە نەرێتێکی سیاسی و نەتەوەیی و ساڵانە یادی نەورۆز دەکەنەوە و کەس لەو بۆنەیەدا هۆگری بۆ لایەنێك یان هیزێکی دیاریکراو دەرناخات.
بەڵکوو ئامانجی ئەو ڕێپێوان و کۆبوونەوە جەماوەریانە کە لە سنە و مەریوان و بۆکان و مەهاباد و رەبەت، بەرەو ورمێ و سڵماس و خۆی درێژدەبێتەوە، نەتیجەی وشیاری سیاسی و نەتەوایەتی کوردی سەلماندووە. جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە هەموو لایەك و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان پێرۆزبێت.
محەممەد سلێمانی