پەیامی سکرتێری گشتیی حدک، بەبۆنەی جێژنی نەتەوایەتیی نەورۆزەوە

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
خەڵکی تینووی ئازادیی کوردستان!
ئەندامان، کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی

حیزبی دێموکراتی کوردستان!
ساڵی 1397ی هەتاوی بە هەموو ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانییەوە کۆتایی هات و لەسەری ساڵی نوێدا، نەورۆز؛ جێژنی کۆنی کوردەواری هاتەوە. بەو بۆنەیەوە لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پڕ بەدڵ جێژنە پیرۆزەتان لێ‌ دەکەم و ئاواتەخوازم ساڵی نوێ، ساڵی داهاتنی ئەو بارودۆخە لەبارە بۆ خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ، کە داری خەباتی بێوچان و لەمێژینەی نەتەوە ژێردەست و بەشخوراوەکەمان بەر بگرێ و ئاواتی دێرینەمان، واتە گەیشتن بە ڕزگاری و دابینبوونی هەموو مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانمان، بێتە دی. هەروەها جێژنەپیرۆزە لە بنەماڵەی شەهیدان و بەندییە سیاسییەکان دەکەین و، لە بەرامبەر ئازایەتی و فیداکارییان سەری کڕنۆش دادەنەوێنین و دڵنیایان دەکەینەوە کە زەحمەت و ڕەنجی خۆڕاگریی ئەوان بەفیڕۆ ناچێ و هاوبیر و هاوسەنگەرانیان خەباتی ڕەوای ئەوان تا گەیشتن بە سەرکەوتن درێژە دەدەن.

نەورۆز، جێژنی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە. کوردان لە زۆر کۆنەوە هەموو ساڵێ بەرەوپیری ئەو ڕۆژەوە چوون، کردوویانە بە جێژن، شادییان تێدا کردووە و ڕێوڕەسمی تایبەتیان بەو بۆنەیەوە بەڕێوە بردووە. ئەوەش بەهەڵکەوت و لەخۆوە نەبووە. خەڵکی ئێمە کۆمەڵێک مانا و نێوەرۆکی گرینگیان دە هاتنی نەورۆزدا دیوە، کە کردوویانەتە ڕەمزی خەبات و تێکۆشان بۆ سەرکەوتن بەسەر کەندوکۆسپەکانی ژیاندا و بۆ نوێکردنەوەی هێز و ورە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بنیادنانی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە، ئیلهامیان لێ ‌وەرگرتوون.

نەورۆز جێژنی سەرکەوتنی بەهار بەسەر زستان، فەرحانی بەسەر تەنگانە، گەرما بەسەر سەرما، ڕووناکی بەسەر تاریکی و، خۆشی بەسەر ناخۆشی دایە. هەر ئەو تایبەتمەندییانەشن کە بۆ باب‌ و باپیرانی ئێمە بوونە هۆی ئەوە کە نەورۆز بکەنە سەرمەشق و سیمبۆل بۆ لەبیربردنەوەی ناکامییەکان، گەشبوونەوەی هومێد و هیوا، نوێکردنەوەی هێز و تێهەڵچوونەوە و خەبات بۆ بەگژداچوونەوەی ستەمکاران و داگیرکەران و شێلگیربوون لە سەر گەیشتن بە ئازادی و مافی ڕەوای خۆیان. ئێمەش هەر ئەو پەیامە دە نەورۆزدا دەبینین، ئەو ئیلهامەی لێ‌ وەردەگرین، بە ورە و هیوایەکی تازەوە، وەرزێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان دەست‌ پێدەکەین، بە باوەڕی پتەو بە سەرکەوتنەوە تێکۆشانمان درێژە دەدەین و ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەمان تا سەرکەوتنی یەکجاری، شەکاوە ڕادەگرین.

هاونیشتمانە خۆشەویستەکان!

بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئازادی، دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی درێژەی هەیە و، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی بەرپرس، خاوەن مێژوو و شێلگیری ڕێگای ئەو خەباتە پیرۆزە، بە هەموو تواناوە دە مەیدان دایە و لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات بە مەبەستی وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوە دابەشکراو و بەشخوراوەکەمان کەلک وەردەگرێ. کۆمەڵانی خەڵکی ئێمە زۆر جاران و لە دەرفەتە گونجاوەکاندا نیشانیان داوە کە ئامادەیی و کارایی بەڕێوەبردنی خەباتی مەدەنییان، لە هەموو بوارەکاندا هەیە. مانگرتنی ئێوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی کارەساتی 17ی خەرمانانی 97، کە لەودا کۆمەڵێک لە باشترین و فیداکارترین ڕۆڵەکانی دێموکرات بەهۆی مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات و لەو هێرشە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوون، نموونەیەکی ڕوونی هیممەت و ئازایەتیی ئێوە لەو بوارەدا بوو. بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەڕێوەبردنی پلانی ئەو هێرشە سامناکە پێیان‌ وابوو دەتوانن ورەی ڕۆڵە خەباتکارەکانتان تێک ‌بشکێنن، بەڵام ئێوە بەو مانگرتنە بەشکۆیە و بە نیشاندانی یەکیەتی و هادەنگیی مەدەنی، لە ڕاستیدا هێرشکەرانتان خستە ترس و دڵەڕاوکێوە و بەڕوونی بەو ڕێژیمە کۆنەپەرست و ستەمکارەتان نیشان دا کە ئەو خەڵکە تێکۆشەرە لە سەر داوا ڕەواکانی خۆیان سوورن، لە هەر بارودۆخێکدا پشتی ڕۆڵە خەباتکارەکانیان دەگرن و چاو بە سەر جینایەتەکانی دوژمندا ناقووچێنن. ئەوە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو و هەر لەو کاتەشدا زامەکانی ئەو ڕووداوە سامناکەی تا ڕادەیەکی زۆر ساڕێژ کرد، سوکنایی بە دڵی برینداری بنەماڵەی شەهیدان بەخشی و؛ ورە و توانای کادر و پێشمەرگەکانی دێموکراتی بۆ تێهەڵچوونەوەیەکی شێلگیرانەتر سەبارەت بە ڕاپەڕاندنی ئەرکی پیرۆزیان پتەوتر کرد.

خوشک و برایانی بەڕیز!

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەوپیری جێژنی نەتەوایەتیی نەورۆزەوە دەچین، کە خەڵک لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێرانیش دە بارودۆخێکی نالەبار و ناخۆشدا دەژین. سەرەڕای گوشار و زەبروزەنگ، بێکاریی بەربڵاو، نەبوونی دەرەتان بۆ ئازادییە دێموکراتییەکان و گەندەڵییەکی ئاشکرا کە سەرانسەری قەوارەی دەسەڵاتی ڕێژیمی بە شێوەیەک تەنیوە کە بۆخۆیشیان ناتوانن حاشای لێ‌ بکەن، قەیرانی کەموێنەی ئابووری، گرانیی بێسنوور و کەمبوونی کەرەسە و پێداویستییەکانی ژیان، بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی وا لەسەر ئێران خراون، خەڵکی وڵات بە تایبەت چینە هەژار و کەمداهاتەکانی خستۆتە بارودۆخێکی یەکجار دژاورەوە.

ئاشکرایە بەرپرسی هەموو ئەو نەهامەتییانە و ئەو وەزعە ئاڵۆز وشپڕێوە هەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، کە بایەخێک بۆ بەرژەوەندییەکانی وڵات و خەڵک دانانێن و لە پێناوی زێدەخوازی و ئامانجی ئاژاوەگێڕانەی خۆیاندا، هەموو بنەما و ڕێوشوێنە ناسراوە سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەخەنە ژێر پێ. ئەوان لە جیاتیی ئەوەی بیر لە ئاسایش و ئاوەدانیی وڵات، ماف و ئازادییەکان و ژیان و بەڕێچوونی هاونیشتمانان بکەنەوە و چارەسەرێک بۆ گرفتە بێئەژمارە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک بدۆزنەوە، بەشی هەرەزۆری داهات و سامانی وڵات خەرجی دەستێوەردانی نیزامی و سیاسی لە وڵاتانی ناوچە، ئاژاوەنانەوە و تێرۆر، بەرنامەی مووشەکی، پێکهێنانی هیلالی شیعە و ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی دەکەن. دەمڕاستەکانی ئەو ڕێژیمە لەمێژە لە ڕوانگەی وڵاتانی دەرەوە وەک درۆزن و ڕیاکار ناسراون، متمانەیان پێ ‌ناکرێ و لە بواری دیپلۆماسی و پێوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا تەریککەوتوو و بێزراون.

بە سەرنجدان بەو فاکتۆرە نێوخۆیی و دەرەکییانە کە بەکورتی باسمان کردن و بە لەبەرچاوگرتنی ناڕەزایەتی و دژکردەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری خەڵکی وەزاڵەهاتووی سەرانسەری ئێران، ئایندەیەکی ڕوون بۆ درێژەی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و ستەمکارە چاوەڕوان ناکرێ و سەرەنجام لە ئاکامی ڕاپەڕینی خەڵکی تینووی ئازادیی ئێراندا، کۆتایی بە دەسەڵاتی نگریسی دێ.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش بەبۆنەی ئەو جێژنە مێژووییەوە پیرۆزباییتان لێ‌ دەکەم و ژیانێکی خۆش و ساڵێکی پڕ دەسکەوت و تەژی لە سەرکەوتن بۆ هەموو نەتەوەکەمان بەئاوات دەخوازم.

مستەفا مەولوودی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

نەورۆزی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت