ئەستێرە لە ترووسکە ناکەوێ، ماڵئاوایی دایکێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر. حەمەڕەسووڵ کەریمی

ئەستێرە لە ترووسکە ناکەوێ، ماڵئاوایی دایکێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دایە فاتمە سەدری ھاوسەری گەورە تێکۆشەری گەلەکەمان مامە قالە شۆڕش بە ھۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ھێلسینگبۆری لە وڵاتی سوئێد لە ئامێزی بنەماڵە و کوڕە تێکۆشەرەکانی دا کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی دایە فاتمە خەمێکی گەورەیە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە لە نێزیکەوە دەیانناسی، دایە فاتمە یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و نەبەزانەی گەلەکەمان بوو کە ھەموو ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی تەرخانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کرد و لەگەڵ مامە قالە شۆڕشی نەمر بوونە جێگەی ھیوا و ئومێدی گشت لایەک و بە تایبەت شۆڕشگێرانی ساڵانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ی ھەتاوی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا.

دایە فاتمە وێرای پێڕاگەیشتن بە خاو و خێزان و میوان و پێشمەرگەکان ھاوکات لە خزمەت کردن بە گەل و نەتەوەکەی، ھیچ کات دریغی نەکرد و زۆرجار بە ھۆی بوێری و چاو نەترسی و ھەوڵدان بۆ ڕاپەراندنی کارە حیزبییەکان و ھەروەھا کارە پێسپێردراو و نەھێنییەکان لە لایەن ھەر دوو ڕژێمی پەھلەوی و کۆماری پەت و سێدارەی ئێران کەوتۆتە بەر تەوژمی ڕاودونان و گیران و بانگ کردن و لێپرسینەوە.

بە گشتی دایە فاتمە لە ژێر گوشار و ھەڕەشەکانی ڕژێمی ئێراندا ھیچ کات تەسلیمی ویست و داخوازییەکانیان نەبوو، بەڵکوو ھەموو جارێک تووندوتۆڵتر و چالاکتر لە پێشوو ھەوڵەکانی چڕتر و پڕتر دەکرد و بە نەھێنی و شارەزایی ھەوڵی ڕاپەڕاندنی کارەکانی دەدا.

دایە فاتمە لە ئامێزی خۆی دا بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و چاونەترسی پەروەردە کردووە و وەک پشتیوانێکی مەزن وەک کێوی ئاڕبابا لە پشت ھەموو کار و چالاکییەکانی نەمر مامە قالە شۆڕش و کوڕە تێکۆشەرەکانی راوەستا و تا دوا ھەناسەی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات و کۆماری کوردستان مایەوە.

ژیان و خەباتی دایە فاتمە چ ئەو کاتەی کە لە شاری بانە دەژیا و چ ئەو کاتانەی لە سەنگەری بەرگری لە چیاکانی کوردستان بوو و چ ئەو کاتەی ڕێگەی غوربەت و تاراوگەی ھەڵبژارد و لە ھەندەران و لە وڵاتی سووێد گیرسیاەوە بۆ لێ فێربوون دەبێ و ژیان و ئەزموونی وەک قوتابخانەیەک وایە بۆ لێ فێربوون.

دایە فاتمە ژنێکی باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام، خاتوونێکی پڕ لە ورە و ھێز و توانا، مرۆڤێکی سەخی و دەستگرەوە و لە ھەمانکاتدا دایکێکی مێھرەبان و بە ھەست و سۆز بوو، ژیانی لێوڕێژ لە وەفاداری و خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان و شۆڕش بوو، لەگەڵ نەھامەتی و دژوارییەکانی ژیان ڕاھاتبوو، ھیچ کات گلەیی لە ژیانی خۆی و لە شەریکی ژیانی مامە قالە نەبوو کە بۆچی ڕێگەی شاخ و شۆڕش و حیزبایەتی ھەڵبژاردووە، بەڵکوو بۆ خۆشی جیا لەوە کە ھاوسەری گەورە شۆڕشگێرێکی گەلەکەمان بوو، ھاوکات ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو و بە دڵەوە ھەوڵی بۆ ڕزگاری گەلەکەی دەدا و لە ژیانی خۆیدا مایەی بۆ گشت کار و چالاکی و ھاوکارییەکانی بە شۆڕش و شۆڕشگێران دانا بوو.

مخابن دایە فاتمە دایکی ھەموو پێشمەرگەکانی کوردستان دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە تەمەنی ٨٨ ساڵی دا بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە ژیان و لە لە حیزبە خۆشەویستەکەی و لە بنەماڵەی بەرێزی کرد و بە کۆچی دوایی خۆی گشت لایەکی تووشی خەم و پەژارە کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە فاتمە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان بە گشتی، لە کوڕە شۆڕشگێرەکانی لە کاک جەماڵ و کاک ئازاد بانەیی و کچ و نەوەکانی و گشت بنەماڵەی گەورەی فەتحیان و سەدری و خەڵکی شاری بانەی شۆڕشگێر و ھاورێ و ھاوسەنگەرانی دایە فاتمە لە حیزبی دێموکرات و هەروەها لە خزمانیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و گشت لایەک دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی دایە فاتمەی ھەرگیز نەمر دەزانم.

ڕووح و ڕەوانی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا ھەردەم زیندوو بێ.

ماڵپەری گیاڕەنگ

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١١ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٤ی زایینی