ڕوانگەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەبارەی ڕووداوەکانی سووریە

ڕوانگەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەبارەی ڕووداوەکانی سووریە
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێوەندیدار بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی وڵاتی سووریە، ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٠/١٢/٢٠٢٤ی زایینی، لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی‌دا بارودۆخی سووریەی دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و پێشهاتە سیاسییەکان لەم وڵاتەی تاوتوێکرد.

دوای لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و ڕووداوەکانی سووریە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مێژوو و ڕابردووی ئەم پێشهات و ڕووداوانە، ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەم چەند خاڵانەی خوارەودا بەشێک لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەکانی دەخاتە ڕوو:

– مێژوو نیشانی داوە کە دیکتاتۆرەکان هەرچەند مڵهوڕ و داپڵۆسێنەر بن و بە گرتنەپێشی سیاسەتی زۆر و سەرکوت تەمەنیان درێژ بکەنەوە، لە کۆتاییدا بەرانبەر بە ئیرادەی خەڵک و هاوکێشە سیاسییەکان و نەیارانیان بەچۆکدادێن و چارەنووسیان ڕووخان و هەڵاتنە. “بنەماڵەی ئەسەد”یش دوای ٥٤ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتیی زاڵمانەیان بەسەر خەڵکی سووریەدا بەدەر نەبوون لە چارەنووسی هەموو ئەو دیکتاتۆرانەی کە لە مێژوودا خەڵکەکەیان سەرکوت و چەوساندۆتەوە. بۆیە سروشتی بوو کە ئەو شێوە دەسەڵاتدارییە ڕۆژێک کۆتایی پێ‌دێت و ئیرادەی گەل بەسەر زوڵم و زۆریی دیکتاتۆردا سەردەکەوێ.

– شێوازی دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد، پشتگوێخستنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی سووریە و سەرکوتی بێ‌بەزییانەیان و تەنانەت ڕێگەدان بە ڕێژیمێکی لەخۆ دیکتاتۆرتری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی و سەرکوتی ئازادیخوازانی وڵات، ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەی تووشی هاتن. کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای بەفیڕۆدانی دەیان میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران و حزووری سەرکوتکەرانەی لە سووریە لەسەر داوای بەشار ئەسەد، زیاتر لە ١٢ ساڵ بوو وێڕای سەرکوتی خەڵکی دژبەری ئەسەد، بە دەستئاوەڵڵاییەوە تەڕاتێن و دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا دەکرد و کردبوویە پێگە و ناوەندێک بۆ دامەزراندن و پەروەردەکردنی دەستە و تاقمی جۆراوجۆری چەکداری تێرۆریستی. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە وڵاتی سوورییەیان بە قووڵایی ستراتیژی خۆیان و سەکۆیەک بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامە سەربازییەکانی بەرەی بە ناو “مقاومەت” دەزانی. بۆیە دەکرێ ڕووخانی بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەی بە بەشێک لە ئاکامی زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی لە سووریە کە تێکەڵ بە سەرکوتی گەلانی ئەم وڵاتە بوو، بزانین.

– لەگەڵ ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان لە سووریە ئاڵۆزیی خۆیان هەیە و تا ئیستاش تێڕوانین و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی شوێندانەر لەسەر ڕەوتەکە زۆر ڕوون نیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە گەلانی سووریە ئەزموون لە مێژوو وەربگرن و واقیعبینانە و بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە زاتییەکانی وڵاتەکە، پێکهاتەی وڵات کە لە گەلان و ئایینزای جیاواز پێک هاتووە، هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بەرپرسانە هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بیر لە درووستکردنەوەی سووریەی داهاتوو بکەنەوە. بۆ ئەوەش دەبێ خەڵکی ئەم وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی خۆیان کار لە چارەنووس و دواڕۆژی وڵاتەکەیان بکەن. کار بۆ پێکهێنانی نیزامێکی سیاسی – دێموکراتیک کە مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێ و دەسەڵاتێکی وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک دامەزرێنن و، وەک دەرفەتێکی مێژوویی سەیری گۆڕانکارییەکان، بەتایبەت کۆتاییهاتن بە حزووری نیزامی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتەکەیان بکەن و بە دەستی خۆیان چارەنووسی گەل و وڵاتی سووریە دابڕێژنەوە.

– مافی خەڵکی سووریەیە کە داوای لێپێچینەوە و دادگاییکردنی بنەماڵەی شەخسی “بەشار ئەسەد” بکەن و بە خستنەڕووی بەڵگەی ئەو هەمووە جینایەتەی دەرحەق بە خەڵکی سووریە، ئازادیخوازانی وڵات و زیندانیانی سیاسی و جیابیران کردوویەتی، ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێت و بە سزای خۆی بگەیەندرێ. لە هەمان کات‌دا بە مافی خەڵکی سووریەی دەزانین بەرانبەر بەو هەمووە سەرکوت و خیانەتانەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شان بەشانی هێزی سەرکوتکەری بەشار ئەسەد بەوان و وڵاتەکەیان کردوویەتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکەن.

– گەلی کورد لە سووریە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای فیداکاری و قوربانیدانێکی زۆر ئەزموونێکیان لە “دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری” بەدەستهێناوە، پێویستە بە خوێندنەوە و لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەت بە ڕۆژاوای کوردستان پارێزگاری لە دەسکەوتەکانیان بکەن. هێزە سیاسییەکان ڕۆژاوای کوردستان لەم بارودۆخەدا لەسەریانە وێڕای کارکردن بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە نێو خۆیان‌دا، بە وریاییەوە لەگەڵ دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەمیان مامەڵە بکەن.

– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیروزبایی لە گەلانی سووریە و مەحکوومکردنی سەرکوت و جینایەتەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ئاواتی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئازادی لە سووریە، سەرجەم گەلانی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیا دەکاتەوە کە چارەنووسی دیکتاتۆری لە ئێرانیش وەک چارەنووسی هەموو ئەو دیکتاتۆرانە دەبێ کە ڕووخان و بۆ هەمیشە رێسوا بوون. بۆ هێنانە دیی ئەم ئاواتە لەمێژینەی خەڵکی ئێران پێویستە هێزە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم بەرپرسیارانە لێک‌کۆببنەوە و بە گرێدانی هێز و قورسایی خۆیان لەگەڵ هێز و ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی گەلانی وڵات، ئەرک و ڕەساڵەتی خۆیان بەجێ بگەیەنن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣

١١ی دێسامبری ٢٠٢٤