لە سووریە هەردوو درگام دیتن کە کرانەوە. عەلی فەتحی
لە سووریە هەردوو درگام دیتن کە کرانەوە. عەلی فەتحی
هەردوو درگام دیتن کە کرانەوە، یەکیان درگای کۆشکی کۆماریی بەشار ئەسەد بوو و ئەوەی دیکە درگای زیندانی سیدنایا. بە وردی سەیری هەردووکیانم کرد. سەرەتا وەکوو ئارشیتێکتێک ویستم بزانم کۆشکێکی کۆماریی یا پاشایەتی چۆنە. جیا لە کۆی دامەزراوەکە و گەورەیی و چۆنییەتی دروستبوونی، ئەوەی پتر سرنجی ڕاکێشام، ئەو بەهەشتە بوو لەنێو کۆشکەکەدا، کە بۆ بەشار بنیاتنرابوو. بۆ کەسێک کە دمولووتی دوو پەتەی سووتاوی نەدەهێنا. پیاو وەختی وا بەڕاست هیچی پێناگووترێ و تەنیا وەک سۆفی کەریمی شنۆ دەبێ سەر هەڵبڕێ و ڕوو لە ئاسمان بڵێ ” خوایە ! کارت چەند جوانن ….”. سەیر نییە، لە وڵاتێکی وەکوو سووریا بەو ئاو و هەوا خۆش و گونجاوە بۆ ڕووەک و سەوزەجات، بێن لە نێو کۆشکدا، نەک لە حەسارەکەشی، لەنێو هۆدەی پلاستیکیشدا نا، بەڵکوو لەنێو کۆمەڵێک دەزگادا، سەوزیجات بۆ جەنابیان بەرهەم بێنن تاکوو بە تازەیی بیخوا !!!!
درگای دووهەمیش کرایەوە، زیندانە ناسراوەکە بوو، ئەوەی پێیدەگوترا “قەسابخانەی مرۆڤ”. دیمەنی گەلێک زیندانی ناخی مرۆڤیان دەهەژاند و وایلێدەکردی بیز لە هەرچی ئینسانە بکەی و سوژدە بۆ ئاژەڵ ببەی. کابرا، خەلەبانێکی جوان، تەنیا لەبەر ئەوەی ملی نەداوە خەڵک بکوژێ، هەموو ژیانی لەو قەسابخانەیدا تێپەڕکردبوو. ئەوەی دیکە، لەبەر ئەشکەنجە، نە دەیتوانی قسەبکا و نە هۆشی مابوو کە حاڵی بێ دنیا گۆڕاوە. لەوەش خراپتر، تەنانەت ناوی خۆیشی نەدەزانی. لە بەشی دیکە، ژنێکی ماڵوێران تەواو تێکچووبوو و هەرتەنیا ئەوەندەی دەزانی بڵێ کە لە زمان خەڵکەکە دەگوترا: “مەبرووک مەبرووک …”.
بە دەیان پارچە ویدیۆ دیکەش بڵاوکرانەوە و لەوانە خراپتریشیان تێدا بوو. ئەو هەزار هەزار زیندانییەی ئازادکران و نەختە هێزێکیان دەبەردا بوو، ڕێگایان گرتەبەر بەرەو ماڵباتی خۆیان، بەڵام ئەو لێقەوماوانەی لەوێ و لەو سەرمایەدا بێکەس مانەوە و نە دەیانزانی کێن و خەڵکی کوێن و ناویان چییە، بەجێمان. ئەو خەڵکەی مۆبایل و کامێراکانیشیان پێبوو و کورتە ویدیۆیان بۆ ئینستاگرام و تیکتۆک و ئیکس و … ئامادە دەکرد، تێپەڕین و ڕۆیشتن. نە حکوومەتێک مابوو و نە زیندانبانێک، نە ڕزگاریدەرە نوێیەکان و نە هیچ خێرخوازێکیش هەستی بەوە نەکرد، ئەو بێکەسانە لە کاروان جێماون. ئەوانە وادیاربوو ئەگەر لە سەرما و لە برسانیش بمرن، دەبێ ئەو خشتە زەمەنییەی نێوان مەرگ و ژیان، لەو زیندانەدا تێپەڕکەن.
بە هەمووی دیمەنەکان هەستم بە ژان کرد. بەڵام نایشارمەوە دوو دیمەنی دیکە وەکوو خەنجەرێک لە ناخمەوە ڕۆچوون. یەکەمیان ئەو گەنجە کوردە بوو کە لەبەر ئەشکەنجەی زۆر، هەرتەنیا ناوی خۆی لەبیر مابوو و ئەویش بە ناتەواوی. نە دەیزانی خەڵکی کوێیە و نە دەیزانی چ باسە. تا ئەو ساتە کە کابرا قسەی دەگەڵ دەکرد، دیاربوو بێکەس بوو. بیری لێبکەوە، کورد بی و لەنێو شارێکی عەرەبی بەسیاسیکراو ئاوارە بخولێیەوە، هۆشت نەمابێ و نەتوانی قسە بکەی و نەزانی بڵێی کێی و بۆ کوێ دەچێ ….
لەولاتریش، ئەوەی بینیم و سەرەتا پێموابوو چاوەکانم هەڵەدەکەن و خێرا لێم ڕوونبۆوە کە ڕاستییەکە لەبەر دەمم دا. هەرکە خەڵک هوروژمی بردە ژوور ژنان، یەکەم کەس لەبەر درگا مناڵێکی پێنج ساڵان بوو. وەها سەری لەو هوروژمە سوڕما، کە تەنانەت لەبەر حەپەسان لەبیری چووەوە بگری. ئەو مناڵە لەو زیندانە لەدایک بووە و بەڕاستی پتر لەوە نادوێم کە میشێل کیلوی نووسەر و چالاکی سیاسی سووری، سەبارەت بە ساڵانی زیندانیبوونی خۆی گوتوویەتی:
” شەوێکیان سەعات سێی نیوەشە زیندانوان لە خەو هەڵیستاندم.
– هەستە لەگەڵم وەرە.
بردمیە ژوورێکی دیکە. دایکێک ژانی دەهاتێ و مناڵێکی چوارپێنج ساڵانەش بە نیگەرانییەوە تێیڕامابوو.
زیندانوان گوتی:
قسە بۆ ئەو مناڵە بکە، چیرۆکی بۆ بڵێ!
بە ژنەم گوت نیگەران مەبە، منیش زیندانییەکی وەکوو تۆم. ئەوجار ڕوو لە مناڵ دەستمپێکرد.
– چوێلەکەیەک هەبوو …..
مناڵە پرسی:
– چوێلەکە چییە؟
– چوێلەکە باڵندەیەکە دەفرێ و لەسەر دار دەنیشێ…
– دار چییە؟
ئیدی یەکسەر ڕامکردە داڵان و بەو نیوە شەوە هاوارم کرد، “ڕزگارم کەن، بەرگەی ئەو ئەشکەنجە بەژانە ناگرم.”
پاسەوانەکان هاتن، گوتم ناتوانم هیچ بڵێم. گوتیان ئەو مناڵە هیچکات دەرێی زیندانی نەدیتووە.
بەڵێ، ئەو مناڵەی منیش ئەو یەکدوو ڕۆژە لە زیندانی سیدنایا دیتم، دڵنیام هەر لە هەمان دۆخدا ژیاوە. ئەگەر ئەمڕۆ لە شوێنێکی ئازادیش بژی و چوێلەکەیەکی بدەیەدەست، لەبەر ئەوەی بەدیتنی دیمەنەکانی زیندان و بیستنی چیرۆکەکانی ئەوێ گەورە بووە، بۆوەی باڵندە خۆشویستەکەی ئەشکەنجە و ئیعدام نەکرێ، لە ترسی زیندانبانەکان بە دڵنیاییەوە دەیشارێتەوە.
دیسانیش دەڵێم ڕوحت شاد سۆفی کەریم، ڕاستت دەگوت: ” خودایە، کارت چەند جوانن! …”
سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووکی عەلی فەتحی