ئاوڕدانەوەیكی بە جێ لەڕابردووی فەرماندە و پاڕتیزان و كەسایەتی خۆشناو، كاك مەلا حەسەن شیوەسەڵی

‎ئەحمەد مەکڵاوەیی

‎ئێسیتا نەوجەوانێك بوو، سەرەتای ساڵی 1358 بوو، لە گەڵ مام عەبدووڵام بۆ كارێكی حیزبی چووینە شاری مهاباد و ، روومان لە كومیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستان كرد

‎بۆ یەكەمجار لەوێ چاوم بە دوكتور قاسملووی نەمرو كاك مەلا حەسەن شیوەسەڵی و مەلا محەممەدی جوانڕۆ و كاك مەلاسەدیق كەوت

هەر كە چاوم پێیان كەوت ، دڵم پێیان گەشایەوە، جوان هاتنە بەڕ چاوم ، هەر چواریان قسە خۆش و شێرین هاتنە بەر دڵم

‎دووهەمجار كە كاك مەلاحەسەنم دیتەوە، هاوینی ساڵی 1359 لە نێو گوندی مەكاوێ بوو، جەنگەی شەڕی دارساوێن بوو، لە چوالەی ساباتێوە بەرەو ماڵی برایمی قادراغای دەچوو

‎ئیتر لەوكات بەدواوە كاك مەلا حەسەنم نەدیتەوە، بەڵام هەمیشە ناو و ناوبانگ و ئازایەتی ئەوم دەبیست و، قیافە جوانەكەی لە بەر چاوم ون نەدەبوو و ، وتەكانی لە یەكەم چاوپێكەتنم دا ، هەروەك ئەوكات لە مێشكم دا دەزرینگانەوە

‎كاك مەلا حەسەن هەم فەرماندە بوو هەم باشترین پارتیزان، لەنێو خەڵك و پێشمەرگەدا زۆر خۆشەویست بوو، زۆر زەبری بەژانی لە دوژمن وەشاندن كە ئێستاشی لە گەڵدابێ پێیانەوە دەناڵێنێ ، دوژمن حیسابی تایبەتی لە سەر دەكرد، هەمیشە لە حەولی لە ناوبردنی دا بوو ، بەڵام زۆر جاران پیلانەكانی دوژمنی تێك دەدان ، بەڵام بە داخەوە جارێك لە پیلانەكەی دا سەركەوت و لە رێگەی كتێبێكی بۆمبڕێژكرا و، بە دەستكیس و هۆی خیانەتكاران، توانی ئەو كەڵە پیاوە كەم ئەندام بكات

‎ئەمرۆ لە 16/9/1403 ، لە رۆژی كەم ئەنداماندا ، لە سەر تۆڕی دونیایی مەجازی كە چاوم بە وێنەی كەم ئەندام بوونی ئەو چەگوارەی كوردستان كەوت، مچووركی خەم هەژاندمی و، وێنەو روخسارە جوانەكانی رابردووی هاتنەوە بەرچاوم و ، یەك بە یەك دارو بەردی ناوچەی سەردەشت هاتنە بەر دەمم و، هەریەك بە جۆرێ لێم كەوتنە پرسیار و ، بە سەدان دێڕ و وشەی جوان جوان، هەواڵی یاری خۆیان پرسی

‎لەم كاتە ناخۆشە دا، قەڵەمی دەستم لە جوانی رستەو وشەی ئەوان، خۆی راپسكاوت و، لەسەر پەڕەی سافی دڵم، كەوتە گەڕو، بێ روخسەت لە نووسەر ، بۆی نووسی، وشەو دێڕی زێڕین، كە هەموو وەك ئەستێرە نەقش بوون لە نێو ئاسمانی ساماڵی وڵاتم

‎لە جوانی نەقشی وشەو دێڕان، ئەستێرەی سەر كەلان دایان لە سۆلە و، وەك باڵدار بەرەو لانك و گیارەنگ، فڕین، تا لەوێ ، تاوێك لە جەوی سەر شاخ و داربەڕوەكان دا ، گوێ بۆ پێكەنیین و قاقای چەكوارەكەی كوردستان بگرن

ئەمڕۆ، لە رۆژی كەم ئەندامان دا ، كێوی هۆمل كە لە بزەو روخسار رابردووی یاری كۆنی ڕاما ، دیتی ئاوی روون و بە خوڕی سەچاوەی میرگاسێ ، لە تاوی لە دەستچوونی چاوەكانی سەركردەكەی، لە خوڕە خوڕ وەستاوە و ، خەریكە بڕیاری حەرام بوونی خواردنەوەی خۆی بۆ دوژمن دەنووسێ

‎ هۆ سەركردە ،هۆ فەرماندە نەترسەكەی دێموكرات، ئەمڕۆ هەموو لاوانی مەڵبەندەكانی باژاڕو زەدكەو سوێسنایەتی و ئیدی، لە یادی كارەساتە ناخۆشەكەی نێو بنكەی حەسانەوت لە كۆن سونێ، بۆت نارەحەتن و بەم بۆنە تاڵەوە ، لە دەفتەری بیرەوەریان دا ، دێر و وشەو پەخشانی وەفاداریت بۆ دەنووسن

‎ هائێستاكە ، ئەوە مەلەكانی نەلێن و سەری گۆمێ و دەم چۆمی كەڵوێ و هەموو ناوچەی باسك ، لە جێ راوگەی راوی تۆ لە دوژمن ، لە سێ ڕێیان و دەم چۆمی كۆبوونەوەو، بە یادی تۆوە ، بە هەزار جۆر، بە سروود و گۆرانی، گوڕە شێرانەت، بە سەڕ دەسەڵاتی زۆرداریدا دەخوێنەوە

‎دوژمن ویستی بت كووژێ، بەڵام ئیرادەت زۆر بەرز بوو، پێت نەوێرا، روونی چاواكانتی ئەساند، بەڵام بە مێشك و قەڵەم و وتەكانت نەوێرا، ئێستاش دەبینم پیلانەكانی دوژمن لە قاو دەدەی، كوڕ و كچەكوردان فێری خۆڕاگری دەكەی، بیر و زەینت، هەوری بارانی رەحمەتن، نم نم بەسەر لاوانی گوند و شاردا، دەبارێن وفێری نیشتمانپەروەریان دەكەیت و، دێنە نێو ریزی شۆڕشگێڕان و ، رێبازەكەت درێژە دەدەن

‎ئەحمەد مەكڵاوەیی16/9/1403