١٦ی سەرماوەز لەدەفتەری بیرەوەری پیشمەرگەیەک. عومەر باڵەکی
١٦ی سەرماوەز لەدەفتەری بیرەوەری پیشمەرگەیەک. عومەر باڵەکی
دەفتەری بیرەوەری و یادوەریەکانی ئێمەی پێشمەرگە و هەموو تاکێکی کورد پڕ لە کارەساتی ناخهەژین بۆ نازانی کام کارەسات و نەهامەتی و برین و کۆڵەواری و کۆچ رەوی بەکۆمەڵ و…. یاد بکەیەوە وبە بەستەو لاوک دڵی پڕخەم و ناسۆری خۆتی پێ بلاوێنیەوە. ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی لە رەوتی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە بە ڕۆژی کەم ئەندامان دیاری کراوە یەکێک لەو ڕۆژانە کە لە یادئاوەری ئێمەی خەباتکارانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیڕان دا وەک پەروەندی تیرۆر و جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نەخشی بەستووە. لەو ڕۆژەدا کاک مەلاحەسەنی شیوەسەڵی ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب و فەرماندەری بەتوانای هێزی گیارەنگ کەوتە بەر هێرشی تیرۆریستی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی. دەبێ بڵێم بەداخەوە ئەو ڕۆژە منیش یەکێک لەو کەسانە بووم کە شاهیدی ئەو ڕووداوە ناخهەژینە بووم و بەو چەشنە لە دەفتەری بیرەوەریەکانی خۆم دا یاداشتم کردووە وەک وەفایەک و ڕێزدانانێک لە رؤژی کەم ئەندامان بڵاوی دەکەمەوە.
بەیانی ١٦ی سەرماوەز لە ماڵەکەی خۆم لە سونێ کە تەنیا یەک ژوور بوو و لە خوار بنکەی پێشمەرگەکانی لکی دوو و بنکەی فەرماندەهی هێز هەڵکەوتبوو، دوای نانی بەیانی خەریکی خۆ ئامادەکردن بووم برۆمە نێو پێشمەرگەکان بۆ ڕاپەراندنی ئەرکی ڕۆژانە. مەلا برایم زیوەیی (روحی شاد بێ) کە بە دائیم لەگەڵ کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی بوو هاتە بەردەرگا و بانگی کردم و گوتی فلانی لە ماڵی. فەرمووم کرد .گوتی نایمە ژووری کاک مەلاحەسەن کاری پێتە. گوتم بەسەر چاو ئەوە هاتم.
هەر بە دوای مەلا برایم دا بەرەو بنکەی فەرماندەهی وەرێکەوتم و پێم وابوو کاک مەلاحەسەن بەو بەیانییە لە ژووری ئیستراحەتی خۆیەتی کە تازە بە هاوکاری پێشمەرگەکان بۆی دروست کرا بوو، رووم لەو ژوورە کرد بەڵام کاک حەسەن لەوێ نەبوو کە هاتمەدەری و پرسیارم کرد پێشمەرگەکان گوتیان لەو ژوورەی خوارەوەیە و میوانی هەیە. ئەو ژوورە نزیک پەلی پێشمەرگەکانی فەرماندەهی بوو،بە پێودانگی ئەودەم زۆرقائیم دروست کرا بوو. هەوڵ جار کە بیستم میوانی هەیە گوتم ناچم با میوانەکانی برۆن ئەوکات بزانم چ کارێکی پێم هەیە، بەڵام زوو پەژیوان بوومەوە و گوتم خۆ ئەو بە دوای دا ناردووم رەنگە کارێکی پێویست بێ، لە دەرگای ژوورەکەوە خۆم نیشان دەدەم و بزانم کارەکەی چییە. هەروام کرد،دەرگام کردەوە و نەچوومە ژووری. بە حوکمی ئەوە ژوورەکە یەک پەنجەرەی بچووکی هەبوو دەبوایە چەند چرکەیەک ڕابوەستی هەتا چاوت عادەت دەکا بە ڕوناکی نێو ژوورەکە. بۆیە لەگەڵ دەرگا کردنەوە و سڵاوم کرد و ئەگەر کاک حەسەن وەڵامی نەدابامەوە ڕەنگە هەتا چەند چرکەیەک نەمزانیبایە لە کام لای ژوورەکە دانیشتووە یا ڕاوەستاوە. کە چاوم ڕوون بوونەوە دیتم کاک مەلاحەسەن بە پێوە پشتی تەقریبن بە لای پەنجەرەکەوە ناوە و شتێکی بە دەستەوەیە و چوار کەسی دیکەش کە دیار بوون خەڵکی خۆوڵاتی بوون ڕووبەروو بە کاک حەسەن ڕاوەستابوون یا دانیشتبوون.
کاک مەڵاحەسەن فەرمووی کردم بۆ ژوورێ و گوتی ئەوانە خەلکی خۆمانن. بەڵام من هەر بە پێی عادەت بابەتێک کە پێوەندی بەمنەوە نەبێ هەوڵدەدەم خۆمی لێ دوور بگرم و گوتم سپاس نایمە ژووری ئێوە کارتان هەیە و جەنابت مەڵا برایمت بە دوا دا نارد بووم بۆیە هاتم. کاک مەلاحەسەن گوتی ئەو ڕۆژە قسەمان کردووە کە سیم کشی برقی ژوورەکەی خۆمم بۆ بکەی. (جاروبار ماتور برقێکی بچووک لە هێز بوو بۆ ماوەی چەند سەعاتێک شەوانە کاری پێدەکرا) گوتم بە چاوان کەرەسەکان لە لای کێن. گوتی لای مام مراد یا خالید فورسەت (ئەنبار داری هێز بوون). ئیدی دەرگام پێوەدا و لە پێوەدانی دەرگا دا کاک مەلاحەسەن گوتی بۆ نەهار خۆت وون نەکەی میوانمان هەیە.
بە راستیش وا بوو کاک مەلاحەسەن بە دڵی پاکەوە باوەری بەو کەسانە هەبوو بۆیە لە خوار بنکەی هێز نێڕیێکی گەورە بەسترا بووە و چەند پێشمەرگەیەک خەریکی ئەوە بوون کە بیکوژنەوە بۆ میوانداری کاک مەلاحەسەن ئامادەی بکەن. من هەڵگەرامەوە بۆ سەربانی ئەو ژوورە کە کاک مەلا حەسەن و میوانەکانی لێ بوون چونکە ڕێگای ژووری ئیستراحەتی کاک حەسەن بەوێدابوو. گەیشتمە سەربان و دەنگی زرمەیەکی بە هێز هات کە ئاورم داوە لە پەنجەرە بچووکەکەی ئەو ژوورەی کە کاک مەلا حەسەن و میوانەکانی لێ بوو دووکەڵ دەهاتە دەرێ، چەند پێشمەرگەیەک کە لە دەرەوە بوون بەرەو ئەو ژوورە ڕایاندەکرد و منیش لە سەربانەکەوە خۆم فڕی دا خواری. دووکەڵ و تەپۆتۆز پڕ بە دەرگا و پەنجەرەکەوە دەهاتە دەرێ و لە پێشخانەی ژوورەکە چاوچاوی نەدەدێ. ئەوی بە بیرم مابێ من و دوو پێشمەرگە دیکە خالید فورسەت و وهاب (پێم وایە وەهاب خزمی نزیکی مەلا حەسەن بوو ) خۆمان لە ژوورەکە هاویشت و بانگی کاک مەلا حەسەنمان دەکرد. چونکە چەند چرکەیەک لەوە پێش لەوێ بووم و دەمزانی کاک حەسەن لە کوێ ڕاوەستاوە ڕووم لەوێ کرد و کاک مەلا حەسەن دەنگی هات و لەگەڵ ئەو دوو پێشمەرگەی دیکە پڕمان پێدا کرد. کاک مەلا حەسەن خۆی بە هەیکەل بوو و بە زەحمەت بۆمان هاتە دەرێ و ئەو چوار کەسەی دیکە لە سەر زەوی کەوتبوون چونکە لە چوونە ژووردا پێمان لە یەک دووکیان نا و وامانزانی کە بە هۆی تەقینەوەکەوە نەماون. بەڵام لەگەڵ بردنە دەری کاک مەلاحەسەن ئەوانیش یەک یەک خۆیان هاتنە دەر، کە کاک مەلاحەسەنمان بردە دەر لە بەر دەرگا دەمانا و پاڵمان بە کۆلەکیەکەوە دا و ئەوجار لەبەر رووناکایی بۆمان دەرکەوت کە گیانی هەموو برینە و لە هەموو لەشی بەتایبەتی لە سینگی بەرەو سەر وەک کانی خوێن هەڵدەقوڵێ.
برینەکانی کاک حەسەن گەلێک زۆر بوون بەڵام بەو حاڵەشە هەر وەک جاران سیمای فەرماندەێکی مەیدانی شەر بوو و دەیهەویست بەرگری لە خۆی بکا بۆیە زوو زوو دەستی بۆ دەمانچەکەی دەبرد و پرسیاری لێ کردم بۆ دەستم دەمانچەکەم ناگرێ، گوتم کاکە چ ئیشت بە دەمانچە هەیە هەر دوو دەستت بریندارە و دڵم نەهات و لە خۆم رانەدی بڵێم کە پەنچەکانی دەستت نەماوەن لێکدا لێکدا دەیگوت چاوم هیچ نابینی بۆ؟
لە وڵام دا گوتم کاکە گیان دەم چاوت هەموو برین و خوێنە، بۆیە هیچ نابینی دیارە ئەوکات لەگەڵ ئەوەی بە چاوەکانییەوە دیار بوو کە زەربەی قورسیان خواردووە بەڵام نەمدەزانی کە بە یەکجاری لە دەستی داون. دوو کادری دەرمانی بە ناوەکانی کەریم کەیفە و هەمزە باپیرزادە بە خێرایی و توندی خەریک بوون هەموو لەشی کاک مەلا حەسەنیان باند پێچی دەکرد چونکە خوێنرێژی ڕانەدەوستا و لەو کاتەدا ڕستەیەک کە قەت لە یادم ناچی کاک مەڵاحەسەن لێکدالێکدا دووپاتی دەکردەوە ئەویش ئەوە بوو کە دەیگوت”حەقیقەتێکی تاڵە” نازانم بۆ وا دەگوت مەبەستی چی بوو و لە ساڵانی دوایش دا قەت نەمپرسی کاک مەلاحەسەن لەو کاتەدا مەبەستت لەو رستەیە چ بوو؟
من و کادرە دەرمانییەکان و چەند پێشمەرگەیەک بە دەوری کاک مەلا حەسەنەوە بووین ئەوان کاری خۆیان دەکرد و منیش دەمهەویست لە زاری خۆیەوە ببیستم کە چ بووە، بۆیە چەند جار پرسیارم لێ کرد و لە وڵام دا گوتی کویخا حەسەن بگرن. من لە پیشدا خەیالم چوو بۆ لای کویخا حەسەنێک کە سەردەمی خۆی لە ئاوایی دیواڵان لە ساڵەکانی ٤٦-٤٧ قسەی لەسەر بوو، و تۆمەتبار بوو بە تەسلیم کردنی مەلا ئاوارە و هیچ بیرم بە لای کویخا حەسەنی دیکەوە نەدەچوو، بەڵام ئەو رؤژە من کویخا حەسەنم لە لای خۆمان نەدیبوو کە باسم کرد گوتیان مەبەستی کاک مەلاحەسەن، کویخا حەسەنی شورایە کە ئەویش خەڵکی ئاوایی دیواڵانە کە چەند میتر لەو لاتر لە گەڵ سێ کەسەکەی دیکە بە دیوارەوە پاڵیان دا بووە و هەموو لەشیان تۆزوخۆڵی تەقینەوەکە بوو. هەر کە ناوی کویخا حەسەنی شورا هات چەند پێشمەرگەیەک تووشی هەڵچوون هاتن و بە چەک هێڕشیان کردە سەر ئەو چوار کەسە. ناچار کاک مەلا حەسەنم بە جێ هێشت و خۆم هاویشتە نێوانی پێشمەرگەکان و ئەو چوار کەسە، من هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە ئیزەن نەدەم زیان بەو چوار کەسە بگا و هۆکاریش ئەوە بوو کە زانیاریەکان نەفەوتێن و تاوانبار و بێ تاوان ڕوون بێتەوە.
پێشمەرگەکان لەو کاتەدا توورە و هەڵچوو بوون و بە فەرمان و بریار بە قسەیان نەدەکردم، بۆیە هاوام کرد هەر کەس زیانیان پێ بگەێنی وادیارە خۆی دەستی لەو کارەساتە دا هەیە. بەو قسەیە پێشمەرگەکان هەتا رادەیەک ئارام بوونەوە و لێیان کشانەوە و بە پەلە ئەو چوار کەسە تەحویلی چەند پێشمەرگەیەک دەران بۆ ئەوەی تەحویلی زیندانی کومیتەی شارستان بدرێن و لە مەیدانەکە دوور بخرێنەوە. لە دوایی دا لەو چوار کەسە دوو کەسیان بە تاوانبار ناسران و لە لایەن حیزبەوە سزا دران و دوو کەسەکەی دیکەش بی تاوان دەرچوون و حیزب ئازادی کردن. هەتا من ئەوەم کرد خەڵکێکی زۆر لەو بازارەی کە لە نزیکمان بوو، وەسەرمان گەرا بوون ، کاک ئەحمەد نستانی کە فەرماندەری هێزی زمزیران بوو یەکێک لەو کەسانە بوو. ئەو خەڵکەو پێشمەرگەکانی خۆمان بە پەلە تابووتێکیان لە پێژەیەک سازکرد و کاک مەلاحەسەنیان لێ قائیم کرد بوو و بەرەوە گردی گۆجار حەرەکەتمان کرد و هەتا ئەو شوێنە کە مەودایکی زۆریشی هەبوو لەسەر شانی ئەو خەڵک و پێشمەرگە جەنازەی برینداری کاک مەلاحەسەنیان هەڵگرت لەوێوە جادەی ماشێن رۆ بۆ قەڵادزی هەبوو، ماشێن ئامادە بوو و کاک مەلاحەسەنیان تەحویل وەرگرت و بەرەو نەخۆشخانە بردیان و ئێمە ئاگامان لێ برا و من هەتا هاوینی ساڵی ١٣٦٧ کاک مەلاحەسەنم نەدیتەوە.
کاتێک لە بەرێ کردنی جەنازەی برینداری کاک مەلاحەسەن گەراینەوە و بەدوای ئەوەدا ڕۆیشتم کە بزانم چ بووە و چۆن ئەو کردەوە تیرۆریستیە ڕووداوە زۆر زوو بڵاو بۆوە کە ئەو تەقینەوە بە هۆی دەستکاری کردنی کتێبێک بە ناوی “سپیددندان”بووە کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستکاری کراوە بە مەبەستی تێرۆرکردن، بەچەشنێک لە کاتی کردنەوەی بەستەبندی کتێبەکەدا بەرووی کاک مەلاحەسەن دابتەقێتەوە.
ئەو رووداو و کارەساتە بۆ هەموو کادر و پێشمەرگەکان گەڵیک ناخۆش و ناخهەژین بوو، چونکە کاک مەلاحەسەن لە یەک کلام دا بۆ پیشمەرگەکان ئوستورەی هێز و توانا بوو لە بەرانبەر دوژمن دا. بەڵام بۆ من و کەسانی وەک من دوو ئەوەندە. چونکە بەبوونی کاک مەلا حەسەن وەک فەرماندەری هێز لەو ناوچەیەدا من و کەسانی وەک من کە خەڵكی ناوچەکە نەبووین قەت هەستمان بە غەریبی نەدەکرد. کاک مەلا حەسەن لەگەڵ ئەوەدا فەرماندەیەکی لێزان و بەوەج و بەڕاو تەکبیری نیزامی بوو، مامۆستایەکی باشی ئەخلاق و سیاسەت بوو. من بەش بەحاڵی خۆم چ لەبواری حیزبایەتی و چ لە بواری نیزامی و پێشمەرگایەتی زۆری لێ فیر بووم.
هیوای تەمەن درێژی بۆ کاک مەلا حەسەن و بنەماڵەکەی بە ئاوات دەخوازم و بەو ئاواتەوە لە کوردستانی ئازاد و سەربەست هەموو خەباتکارانی ڕێی ئازادی کورد و کوردستان باوەشی سەرکەوتن پێکدا بگرین.