کۆچی دوایی زانا و مەزنەپیاوی گەلەکەمان حاجی مامۆستا مەلا محەممەد شەڵماشی
کۆچی دوایی زانا و مەزنەپیاوی گەلەکەمان حاجی مامۆستا مەلا محەممەد شەڵماشی
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەرەبەیانی ڕۆژی ٠٥ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٤ ی زائینی حاجی مامۆستا مەلا محەممەد شەڵماشی، گەورە زانای نیشتمانپەروەری ئایینی و کۆمەڵایەتی، ئەدیب و شاعیر و نووسەر و بیرمەندی کورد، بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە شاری سولێمانی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی هەواری شاری سولێمانی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
مامۆستا مەلا محەممەد شەڵماشی ساڵی ١٩٣٢ی زائینی لە بنەماڵەیێکی خۆشناو و زانای ئایینی لە گوندی شەڵماش لە ناوچەی سەردەشت لە دایکبوو و هەر لە هەڕەتی منداڵیەوە دا دەنێردرێتە بەر خوێندنی ئایینی و دواتر وەک فەقێ لە چەندین شوێنی دوور و نێزیک درێژە بە خوێندن دەدا. مامۆستا لە ماوەی خوێندنی دا زیاتر لە پێشوو ئاشنایەتی لەگەڵ مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان و دەرد و ڕەنج و ئازارەکانی گەلەکەی پەیدا دەکا و وەک مرۆڤێکی خەمخۆر، ڕاستگۆ، بەوپەری دڵسۆزییە لە حوجرە و مزگەوتەکانی کوردستان خزمەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی بە نەتەوەکەی دەکا.
مامۆستا بۆ کار و بۆ گووتنەوەی وانە و دەرسە ئایینیەکان گوند و باژێر و ناوچە دوور و نێزیکەکان گەڕاوە و بە دڵەوە هەوڵی پێگەیاندن و خزمەتکردنی کۆمەڵگای لە بواری ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەدەبیەوە داوە.
بە هۆی ئەوە کە دەوڵەتی شای ئێران گەورە تێکۆشەری کورد “مامۆستا مەلا ئاوارە شەڵماشی” برای
مامۆستا مەلا محەممەد بە ناحەق و ناڕەوا تەنیا بە هۆی کوردبوون و ئازادیخوازی گوللەباران و ئێعدام دەکا، مامۆستا مەلا محەممەد بە ناچار، زێدی لە دایکبوونی خۆی بەرەو شاری سولێمانی بە جێ دێڵێ و بە چەند سەر خێزانەوە شاری سولێمانی دەکاتە، شوێنی ژیانی بنەماڵەکەی و چەند دەیە بە سەربەرزی و بە سەخاوەتەوە لە سولێمانی ژیانی بەسەر برد و دواتر ماڵەکەی کردە شوێنی حەسانەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە ڕوویان لە سولێمانی و لەم دەڤەرە دەکرد.
مامۆستا مەلا محەممەد هەر لەو مەڵبەندە زیاتر پەرە بە خوێندن و عیلم و زانستی ئایینی خۆی دەدا و زۆر زوو بە هۆی زانایی و شارەزایی لە زۆر بواری ئەدەبی و ئایینی و کۆمەڵایەتی دا وەک گەورە مامۆستایەک دەبێتە جێگەی متمانەی خەڵکی سولێمانی و ناوچەکانی شارباژێر و دۆڵی جافایەتی و بیتوێن و پشدەر و و زۆر شوێنی دیکە.
مامۆستا وەک کەسایەتیەکی دیار و خۆشناو وێرای خزمەتەکانی ڕۆژانەی بە خەڵک و ناسیاوانی، هاوکات لە نووسین و وەرگێران و هونینەوەی شێعر غافڵ نەبووە و لەو پەیوەندیەدا ٣٦ کتێبی وەک نووسین و وەرگێران هەن کە دیارترین کتێبەکانی بریتین لە: ( وەرگێرانی رۆمانی بێنەوایان، دیمەنی مەرگ، وتاری رەمەزان، خەرمان لۆغە، کۆڕی ئامۆژگاری، شەرحی سەبعەی موعەلەقە، سەوزە و میوەی شیفا بەخش، هەگبەی شەڵماشی، داستانەکانی قورئان، با سەر لە نوێ پێغەمبەر بناسین) .
مامۆستا شەڵماشی جیا لە کاری ئایینی و کۆمەڵایەتی، وەک مرۆڤێکی دەرەوەست هەمیشە یار و هاورێی تا سەری شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکرات بووە، لە ئامێزی خۆی و بنەماڵەدا توانیبووی شەهید مەلا ئاوارە و کاک مستەفا شەڵماشی وەک دوو تێکۆشەری دیاری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پەروەردە بکات و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی فێری نیشتمانپەروەری و وانەی کوردایەتی بکا. لە ماوەی ژیانی دا لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە و شاعێر و نووسەر و مامۆستا و کەسایەتیی دیاری کورد هەستان و دانیشتنی هەبووە و لە نزیکەوە لە سەر زۆر پرسی گرینگ بیرورایان گۆڕیوەتەوە و لە کاتی پێویست و لە قۆناخە هەستیار و گرینگەکاندا لە تەنیشت گەورە ڕێبەرانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانی دا زۆر خەمخۆرانە و دڵسۆزانە هانی ڕێبەرانی حیزبەکانی داوە کە یەکریز و یەکگرتوو بن و ڕێگە چارەی بۆ گرفتەکانیان دەست نیشان کردووە.
مامۆستا مەلا محەممەد زانایی و تواناکانی خۆی بۆ خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان تەرخان کرد بوو، بە سەدان و بگرە بە هەزاران قوتابی فێری وانەی ئایینی و خۆشەویستی بە نیشتمان و نەتەوەکەی کردووە و هاوکات لە ئاست زمانی کوردی دا لە کەسە دیار و زاناکانی ئەم بوارەش بووە ، بە هۆی شارەزایی بە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی و تەنانەت تا ڕادەیەک تورکیش دا هەوڵی داوە لە کتێبخانەکان دا لە کتێبە بە نرخەکان دا بگەرێ بۆ ئەوەی بتوانێ کەم و کوری و هەڵەکانی کتێبەکان لە بواری مێژوویی و ئەدەبی و ئایینی دا ڕاست بکاتەوە، لەو پەیوەندییە دا توانیویەتی کە بە نووسین و وەرگێرانەکانی ببێتە چاوگە و سەرچاوەی باوەڕ پێکراو بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەش.
مامۆستا بە هۆی قۆناخەکانی شەڕ و کێشە و کەشی نالەباری سولێمانی و باشووری کوردستان بە ناچار ڕێگەی غوربەت و تاراوگە دەگرێتە بەر و لەگەڵ خاو و خێزان و بنەماڵەکەی لە وڵاتی فینلاند دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەن.
مامۆستا مەلا محەممەد لە وڵاتی فینلاندیش دەست لە سەر دەست دانانێ و خەریکی نووسین و وەرگێڕان دەبێ، دوای ساڵانێک ژیان لە غوربەت و تاراوگە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا جارێکی دیکە دەگەڕیتەوە شاری سولێمانی و بە گشتی دوا ساڵەکانی ژیانی بۆ خزمەتکردن بە نیشتمان و نەتەوەکەی تەرخان دەکاتەوە و وەک هەمیشە لە نێو دەریای خۆشەویستی خەڵک دا خەریکی گوتنەوەی وانە و زانستی ئایینی دەبێ.
مخابن مامۆستا مەلا محەممەد شەڵماشی بە هۆی ناسازی و نەخۆشی و بە ساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد و بە ماڵئاوایی کردن لە ژیان، هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی تووشی خەم و پەژارە کرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا مەلا محەممەد شەڵماشی لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی مامۆستا لە کچ و کوڕ و نەوەکانی، لە برا و هاورێی تێکۆشەر کاک مستەفا شەڵماشی و گشت خزمان و ئاشنایان و خەڵکی گوندی شەڵماش و شاری سەردەشت و سولێمانی لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و بە تایبەت فینلاند دەکەین و خۆمان بە هاوخەمی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانین.
ڕووح و ڕەوانی شاد
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیاڕەنگ
٠٥ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٤ی زائینی