کۆچی دوایی کاک پەرویز موزەفەری یاری تا سەری دێموکرات
کۆچی دوایی کاک پەرویز موزەفەری یاری تا سەری دێموکرات
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕێکەوتی ٢٤ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٤ی زائینی کاک پەرویز موزەفەری دانیشتووی شاری ئالبۆرگ لە وڵاتی دانمارک بە هۆی ڕاوەستانی دڵ ماڵئاوایی لە ژیان کرد و کۆچی دوایی کرد.
کاک پەرویز موزەفەر ساڵی ١٩٥٩ی زائینی بەرامبەر بە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی خۆشناو و دیاری شاری سەردەشت دا چاوی بە دونیا هەڵێنا و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا چۆتە قوتابخانە و قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندی بە سەرکەوتوویی بڕیوە.
کاک پەرویز گەنجێکی دەست ڕەنگین، هونەرمەندێکی بواری شانۆگەری بوو، لە شاری سەردەشت دا کەسێکی دیار و جێگەی متمانەی گشت لایەک بوو لەگەڵ پۆلێک لە گەنجانی هاوتەمەنی خۆی دەستی باڵای لە کاری هونەری و وەرزیشی دا هەبوو، لەگەل یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەگەڵ ئاپۆڕای وەزاڵەهاتووی خەڵکی کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی شاری سەردەشت بە دژی حکوومەتی حەمەڕەزا شا پەهلەوێ رۆڵێکی باشی گێڕا و وێرای دەیان و سەدان گەنجی دیکە تا سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاونان و دەرکردنی هێزەکانی شا و ساواک لە کەسە دیارەکانی نێو خۆپێشاندانەکان بوو.
دوابەدوا ئاشکرابوونی کاری ڕێکخراویی حیزبی دێموکرات، کاک پەرویز وێرای چەند گەنجێکی دیکە خۆیان گەیاندۆتە بنکەی ڕەسمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دواتر تێکەڵ بە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی دەبێ و تا گرتنەوەی شاری سەردەشت لە لایەن ڕژێمی خۆ داسەپێنی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاک پەرویز هەروا بە گوڕ و تین کارەکانی خۆی لە ڕێکخراوی لاوان و شوێنەکانی دیکەی سەر بە حیزب بەڕێوە دەبا.
لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی دوای ئەوە کە زەبر و گوشارەکانی ڕژێم بۆ سەر لاوان و خەڵک زیادی کرد و ڕۆژانە خەڵک راپێچی گرتووخانە دەکران، کاک پەرویز بە ناچار شار بەجێ دەێڵێ و خۆ دەگەیێنێتە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەوجار راستەوخۆ تێکەڵ بە کاری سیاسی و پێشمەرگانە دەبێ.
دوای ماوەیەک مانەوە لە چەند گوندێکی دەوروبەری شار ئەوجار لە لایەن حیزبەوە وەک مامۆستای شۆڕش بۆ زمانی کوردی ئەرکی بۆ دیاری دەکرێ و کاک پەرویز وەک مامۆستا شۆڕش لە چەند گوندی ئالان و یەک لەوان گوندی بێتووش دەبێتە، مامۆستای شۆڕش و تا گیرانەوەی ناوچەی ئالانی سەردەشت وەک مامۆستای شۆڕش خزمەتی کرد و دواتر پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ و پاشان لە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ لە کارێزە لە بەشی ددانسازی دا وەک پێشمەرگە خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا.
کاک پەرویز ساڵانێکی دوور و درێژ لەگەڵ چەند هاورێی نزیکی خۆی وەک ئەرکی پێشمەرگانە لە بەشی ددانسازی دا سەردانی بنکە و مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات دەکەن و ئەو پێشمەرگانەی کە گرفتی ددان و یا نەخۆشی و ئازاری ددانیان هەبووە چارەسەر کردووە، جیا لە کاری ددان سازی بە هۆی ئەوە شارەزایی لە ئامێری جاز دا هەبوو لە کۆڕی هونەری حیزبیش دا چالاکی هەبووە و لە بەشێک لە سروودە شۆڕشگێرییەکان دا ڕۆڵ و نەخشی تایبەت بە خۆی هەبووە.
دواتر کاک پەرویز لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ڕێگەی هەندەران دەگرێتە بەر و لە وڵاتی دانمارک وەک پەنابەر قەبووڵ دەبێ و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکا، کاک پەرویز لە یەکەم کەس و یەکەم ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک بوو کە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراندووە و بە دڵ و بە گیان هەوڵ بۆ چالاک کردنی کۆمیتەی حیزبی دەدا و ساڵانێکی زۆر وەک بەرپرس و ئەندامی کۆمیتە و بەرپرسی پەیوەندییە خاریجییەکانی حدکا خزمەت دەکا، بە هۆی ئۆگری بە کاری ڕادیۆ، لە شاری ئالبۆرگ لە دانمارک ڕادیۆیەکی کوردی دادەمەزرێنن و هەر لەوێ حەوتووی چەند کاتژمێرێک لە بەشی کولتوری ڕادیۆی کوردی ئاڵبۆرگ دا خزمەت دەکا.
کاک پەرویز موزەفەری تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی لە مێژینەی حیزبی دێموکرات وەفادار بە ڕێبازی قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی مایەوە و بە پێی توانای خۆی لە ئەرک و کاری حیزبی دا بەشداری دەکرد.
مخابن کاک پەرویز دوای تەمەنێک خزمەت بە گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی نزیک شەت و پێنج ساڵی دا بە هۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد. ماڵئاوایی پەرویز بۆ هەموو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی جێگەی خەم و پەژارەیە و بە کۆچی دوایی خۆی خەمێکی گەورەی خستە دڵی هەموو لایەک و بێشک مەرگی کاک پەرویز خەسارێکی گەورەیە بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و هاورێ و هاوسەنگەرانی.
لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە منداڵەکانی لە خزمانیان لە شاری سەردەشت و نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و هیوادارم کە نموونەی کەسی خاوەن بە ئەزموونی وەک نەمر پەرویز موزەفەری لە نێو گەلەکەمان و حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد دا هەر لە زیاد بوون دابن.
ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
ماڵپەری گیاڕەنگ
حەمەڕەسووڵ کەریمی