پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزب

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزب
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکاتە لەگەڵ ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک). دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە هەر چەند مانگ دوای ڕاگەیاندنی، کۆماری کوردستانی بە سەرکۆماریی پێشەوا قازی محەممەد بنیات نا، دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و مودێڕن لە بزووتنەوەی سیاسی _ نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە.
دەسکەوت و میراتە مەعنەوییەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان وەک گوتاری نەتەوەیی، شوناسخوازیی نەتەوەیی، دانانی ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و، پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە وەک سوپای نیشتمانی بوون بە خاڵگۆڕانی خەباتی نەتەوایەتیی کورد و، کاریگەرییەکی وەها قووڵی لەسەر بزووتنەوی سیاسیی کورد دانا کە پاش ٧٩ ساڵ، ئێستاش ئیلهامدەری خەباتی ئازادیخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ ماوه‌ی ٧٩ ساڵ لە تێکۆشانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان‌ و سەرخستنی خەباتی کورد گەلێک قۆناغی دژوار و ئاسته‌می بڕیون. لە کاتی سەرکەوتنەکانیدا لەخۆبایی نەبووە و، بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی درووست و، پشتبەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لێبڕاوبوونی لە درێژەدان بە خەبات و ڕەسالەتی مێژوویی خۆی، بەسەر خەسار و دۆخە قەیرانەکاندا زاڵ بووە و لە کاتی تەنگانە و شکستەکانیش‌دا قەت دەستی هیوای بەرنەداوە.
لە ئاکامی سیاسەتی سیستماتیکی سەرکوت و دژیگەلیانەی هەردوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا کە هەمیشە بە چاوی ئەمنیەتییەوە لە پرسی کوردیان ڕوانیوە، حیزبی دێموکرات لەو ماوەیەدا زۆرترین تێچووی لەپێناو وەدیهێنانی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستاندا داوە. ئەگەر لە لایەک لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و تێرۆری دوو ڕێبەری گەورەی دیکەی ئەم حیزبە، شەهیدان؛ قاسملوو و شەرەفکەندی و شەهیدبوونی بەهەزاران کادر و پێشمەرگە و تێرۆری سەدان تێکۆشەر و هێرشی مووشەکیی بۆ سەر حیزب، بە مانای ئەوپەڕی دژایەتیی ئەم دوو نیزامە لەگەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بووە، لەلایەکی دیکەوە دەرخەری ڕەوابوونی بزووتنەوەیەکە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هێز و قورسایی و بە پشت‌قایمبوون بە هێز و ئیرادەی گەل، ڕێبەرایەتیی کردوە و لێی بەردەوامە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خاوەنی پاشخانێکی مەزن و پڕ لە شانازیی خەباتکارانە لە هەموو بەستێنەکان بەتایبەت و سیاسی و پێشمەرگانەیە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و لە درێژەی بزووتنەوەی ژینادا کە هەم لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێرشی مووشەکی و درۆنیی کرایە سەر و هەوڵی بەرتەسکردنەوەی تێکۆشانی درا و، هەم لەلایەن ڕەوتێکی تەواویەتخواز لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتدا هەوڵی بەلاڕێدا بردنی نێوەڕۆکی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و شەڕی گوتاری لەدژی ماهییەتی بزووتنەوەی کوردستان دەکرد، توانی ژیرانە و لە هەمان کاتدا لێبڕاوانە، ڕەسالەتی مێژوویی خۆی لەسەر ئەساسی بەرگری لە مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و سووربوونی لەسەر درێژەدان بە خەبات بەڕێوە بەرێ و رووبەڕووی پیلانی جۆراوجۆری نەیاران بێتەوە.
نفووز و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر ئاستی کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و نەتەوەکان و لە هەموو گرینگتر لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە هەموو کاتێک زیاتر پەرەی سەندوە و قووڵتر بۆتەوە. هەوڵە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئالترناتیڤسازی و هەوڵەکان بۆ داڕشتنی پلاتفۆڕم و بەرنامە بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوو دەریخست کە بەبێ ئەولەویەتدان بە پرسی کورد و قورسایی و ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیمکانی پێکهاتنی هەر پلاتفۆرمێکی دڵخواز و وڵامدەر بۆ ئێرانی داهاتوو لاوازە. پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە هەڵوێستی بایکۆت و تەحریمی هەردوو بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی (لە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢) و سەرۆک‌کۆماری (‌لە ٨ و ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ) و بانگەواز بۆ نەچوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان و، هەروەها ڕەفتار و هەڵوێست و پەیامەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێورەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ‌ نیشانیان ‌دا کە هەڵوێست و گوتاری ئەم حیزبە لە کردار و هەڵوێستی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵی کوردەواریدا ڕەنگدانەوەی “عەینی”یان هەیە و خەڵکی کوردستان هەر وەک هەمیشە حیزبی دێموکرات بە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری خەباتی نەتەوایەتیی خۆیان دەزانن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی بۆ بزووتنەوەی ژینا و بەشداریی جەماوەریی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە بزووتنەوەی نوێی گەلەکەماندا، ڕۆڵی ژنان و لاوان، قوتابیان و خوێندکاران، مامۆستایانی قوتابخانە و ئایینی، بازاڕییان و دووکانداران و سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی مەدەنی بەرز دەنرخێنێ و پشتیوانیی خۆی لە خەباتی جەماوەری لە کوردستانی ئێران دووپات دەکاتەوە. هەروەک لە یەکێک لە دەقە ڕەسمی و پەسەندکراوەکانی ڕێبەریی حیزب‌دا هاتووە؛ “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانیی لە خەبات و پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، ڕۆژهەڵات و ئێران بە گۆڕەپانی سەرەکیی خەبات و رەسالەتە مێژووییەکەی خۆی دەزانێت. بۆیە لەگەڵ بەئامانجگرتنی کۆی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ بۆ بەهێزکردن و ڕیکخستنی پتری خەباتی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامیی لە هەوڵەکانی بۆ درووستکردنی هاوپێوەندیی زیاتر لەگەڵ نەتەوە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئێران دەدات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەبات بە پێی دۆخ و هەلومەرج، پشتیوانی لە مێتۆدە مەدەنییەکانی خەبات بە مەبەستی هەرچی زیاتر بەجەماوەریکردنی بزووتنەوەی سیاسی – نەتەوەیی کورد لە ئێران دەکات”.
هاوکات لەگەڵ ڕێزگرتن لە یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزب، جێی خۆیەتی یادی ڕوداوێکی دیکەی ژیانی حیزبەکەمان بکەینەوە کە دوو ساڵ پێش ئێستا و هەر لەم مانگەدا وەک لاپەڕەیەکی پڕ دەسکەوت لە مێژوودا تۆمار کرا. ئەویش یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات بوو کە بە “یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان” ناودێر کرا.
یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دوای ١٦ ساڵ لێک‌دابڕان لە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی و لە ئاکامی پڕۆسەیەکی پڕ لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بەهێند وەرگرتنی ویستی خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی حیزب گەیشتە ئەنجام کە بەخۆشییەوە بووە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بووە فاکتەرێکی بەهێز بۆ شوێندانەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە ئاستی ئێرانیشدا. وەک چۆن لە شۆڕشی ژیناشدا بینیمان کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە چ ئاستێکدا متمانەی خۆیان بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشان دایەوە و هەروەها ئەو شوێندانەری و کاریگەرییە بە چ شێوەیەک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە حیزبی دێموکرات پاڵ پێوە نا.
ئێستا کە یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزب بەرز ڕادەگرین، بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەندییە سیاسییەکان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزب پەیمان نوێ دەکەینەوە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەڵێنجراو لە ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە و لەپێناوی وەدیهێنانیاندا بە هەزاران کەس لە ڕێبەری، کادرو پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب گیانیان بۆ فیداکردوە، درێژەدەری ئەم ڕێگایە بین.
لە کۆتاییدا بە بۆنەی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سڵاو دەنێرین بۆ یاد و ناوی دامەزرێنەری حیزب، پێشەوا قازی محەممەد، شەهیدانی ڕێبەر، بەتایبەت شەهیدان د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، و د. سەعید شەرەفکەندی، شەهیدانی نیزیک بە ٨٠ ساڵ تێکۆشان و خەباتی نەپساوەی ئەم حیزبە و بنەماڵە بەڕێزەکانیان و هەموو تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازە و، هەروەها ئەندامانی حیزب، سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانی کوردستان کە بە فیداکاری، ئەرک‌وەخۆگری و پشتیوانیی بێ‌درێغیان یارمەتیی بڕینی ڕێگە هەڵەمووت و قۆناغە سەختەکانی ژیان و خەباتی حیزبی دێموکراتیان داوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی