که‌وشه‌کانی مسته‌فا. وەرگێرانی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
ناوی کوڕه‌که مسته‌فا بوو، ئه‌و له گه‌ڵ باپیری سواڵکه‌ری ده‌کرد، ته‌نیا ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵان ده‌بوو، دیاره که‌سیش نازانێ ڕه‌نگ بێ کاتێک زۆر چووکه بووه، ئه‌و پیره پیاوه ئه‌و کوڕه‌ی دزی بێت.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌م‌وچاوی تۆزاوی و چڵکن بوون، هاوکاتیش جل‌وبه‌رگه‌کانی نا ڕێک‌وپێک و نه‌گونجا و که‌وشه‌کانی دڕا‌و بوون، به‌ڵام له سه‌ریه‌ک کوڕێکی جوان و به‌شه‌رم ده‌هاته به‌رچاو. ئه‌و شته‌ی له هه‌مووان زیاتر سرنجی خه‌ڵکی بۆ لای مسته‌فا ڕاده‌کێشا، که‌وشه‌کانی مسته‌فا بوون! که‌وشه په‌ڕۆیه‌کانی ئه‌و له پێشه‌وه را زاریان لێک داپچریبوو! و له کاتی ڕێگا ڕۆیشتن دا وه‌ک زاری تیمساح ده‌کرانه‌وه و ڕێبوارانی به بێ ئه‌م‌لا و ئه‌ولا وه‌پێکه‌نین ده‌خست.
مسته‌فا، ماوه‌یه‌ک بوو سرنجی شه‌هلای بۆ لای خۆی ڕاکێشا بوو، هه‌ڵبه‌ت نه‌ک له به‌ر که‌وشه‌کانی، به‌ڵکوو له به‌ر شه‌ڕ و ڕاونانێک که له گه‌ڵ کتێب فرۆشه‌که‌ی سه‌ر شه‌قامه‌که هه‌یبوو.
مسته‌فا هه‌ر که هه‌ستی ده‌کرد باپیری هۆشی له لایه‌کی دیکه‌یه، سه‌ری به شیشه‌ی دوکانه‌که‌وه ده‌نووساند و به ته‌واوی هه‌ستیه‌وه ده‌یڕوانیه کتێب و داستان و حیکایه‌ته‌کانی منداڵان! ئه‌و کاره‌ی مسته‌فا ده‌بوو به هۆی پیس بوونی شیشه په‌نجه‌ره‌ی دوکانه‌که و ئه‌وه‌ش ده‌بوو هۆی ناره‌زایه‌تی و ڕاونانی مسته‌فا له لایه‌ن کتێب فرۆشه‌که‌وه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که زۆرجاران به هۆی دووپات کردنه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ی له‌شی شلک و ناسکی مسته‌فا ده‌که‌وته به‌ر لێدانی گۆچانی پیره‌مێرده‌که‌ی باپیری و زۆرجاریش ده‌که‌وته به‌ر هه‌ڕه‌شه! به‌ڵام دیسانیش مسته‌فا ئه‌و کاره‌ی هه‌ر دووپات ده‌کرده‌وه. له گه‌رمای نیوه‌ڕۆیێکی هاوین دا و له کاتێک دا که پیره‌مێرده‌که له ژێر سێبه‌ری دارێک دا خه‌ریکی ئیسراحه‌ت و سه‌رخه‌و شکاندنێک بوو و له هه‌مانکاتدا کتێب فرۆشه‌که‌ش بۆ خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ گه‌ڕابۆوه ماڵێ، هه‌لێکی باش بوو تا کوڕه‌که به خه‌یاڵێکی ئاسووده‌وه خه‌ریکی سه‌یر کردنی کتێبه داستانه‌کان بێت.
له پڕڕا مسته‌فا هه‌ستی کرد که خه‌ریکه هه‌ر دوو گوێ‌یه‌کانی له کاسه سه‌ری جیا ده‌بنه‌وه. به‌ڵێ، کتێب فرۆشه‌که مسته‌فای له داوی خۆی خست بوو.
ماڵێ شه‌هلا، له‌و به‌ری شه‌قامه‌که، به‌رامبه‌ر به کتێب فرۆشی‌یه‌که بوو و ئه‌و رووداوه له شه‌هلای را به جوانی دیار بوو، هه‌ر بۆیه شه‌هلا به په‌له خۆی گه‌یانده کوڕه لێقه‌وماوه‌که و ئه‌وی له ده‌ستی کتێب فرۆشه‌که ڕزگار کرد:
ـ باشه، ئه‌گه‌ر که‌سێک وا له منداڵی تۆ بکات، چ ده‌که‌ی و هه‌ستت چۆن ده‌بێ؟ چاو له گوێ‌یه‌کانی بکه! ده‌ڵێی چه‌وه‌نده‌رن سوور بونه‌وه. کتێب فرۆشه‌که گووتی:
ـ ئا‌خر خاتوونی به‌رێز ئه‌و منداڵه منی وه‌ڕه‌ز کردووه، ڕۆژێ سه‌دجار ئه‌و شیشه په‌نجه‌ره‌یه خاوێن ده‌که‌مه‌وه، دیسان دێته‌وه سه‌ری به شیشه‌که‌وه ده‌نووسێنیته‌وه و …
شه‌هلا قسه‌کانی پێ بڕی و گووتی: ڕه‌نگ بێ کتێبی داستانه‌کانی خۆش بووێن.
ـ ئه‌و قسانه چن دیکه‌ی خانم، خوا باوکت عه‌فوو کات، ئه‌و منداڵه سواڵکه‌ره چووزانێ کتێب چییه!
ئه‌رێ ئه‌تۆ ده‌زانی؟ ئه‌و منداله دزێوه دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی وه‌ڕه‌ز کردووه. هه‌ر که‌سێکی له دووره‌وه ببینێت، به ڕاکردن ده‌چێته پێشی و وه‌ک گه‌نه پێوه‌ی ده‌نووسێ و تا پووڵێکی لێ وه‌ر نه‌گرێت، ده‌ستی لێ هه‌ڵ ناگرێت.
شه‌هلا گووتی:
ـ به‌ڵام ئه‌و منداڵه بێچاره‌یه، گوناحێکی نییه، ئه‌وه ئه‌و پیره‌پیاوه بێ ئینسافه‌یه که ئه‌وی ناچار به سواڵکه‌ری ده‌کات. ئه‌من ده‌یان جار به چاوی خۆم شاهیدی لێدانی ئه‌و منداڵه بووم که له لایه‌ن ئه‌و پیره‌پیاوه‌وه لێدراوه.
شه‌هلا، ده‌ستی مسته‌فای گرت و بردیه ئه‌و به‌ری شه‌قامه‌که و له سه‌ر پلێکیکانه‌کانی پێش دەرگای ماڵی خۆیانی دانیشاند و گووتی:
ـ ده‌تهه‌وێت کتێبیکی داستانت بۆ بکڕم؟
کوڕه‌که مات و بێ‌ده‌نگ له شه‌هلا ڕاما بوو، شه‌هلا جارێکی دیکه‌ش پرسیاره‌که‌ی لێکرده‌وه و مسته‌فاش به چاو لێکنانی شه‌هلای حاڵی کرد، به‌ڵێ.
ئه‌و ژنه به ڕووحم و مێهره‌بانه له هه‌مان کتێب فرۆشی، کتێبی داستانی “سیندرلا” ی بۆ مسته‌فا کڕی، کتێب فرۆشه‌که له ئاست کرده‌وه‌ی خۆیدا شه‌رمه‌نده بوو و هه‌ستی به گوناح ده‌کرد، هه‌ر بۆیه پووڵی کتێبه‌که‌ی وه‌ر نه‌گرت.
شه‌هلا له سه‌رخۆ و به شێوه‌یه‌کی زۆر باش داستانی سیندرلای بۆ کۆڕه‌که خوێنده‌وه.
کات زۆر به خێرایی له مسته‌فا تێپه‌ر ده‌بوو، ڕه‌نگ بێ ئه‌و له ناخی دڵه‌وه ئاره‌زووی هه‌بایه که بریا و سه‌د بریا ئه‌و ڕۆژه هه‌رگیز نه ده‌گه‌یشته کۆتایی.
داستانه‌که کۆتایی پێهات بوو به‌ڵام مسته‌فا هه‌روا مات و بێ‌ده‌نگ و بێ جووڵه له شه‌هلا ڕاما بوو.
ـ باشه، کوڕم ئه‌تۆ که ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی داستانی، ئێستا هێندێک له‌و داستانه‌ی که بۆ تۆم خوێند‌وه بۆ منی بگێره‌وه. زووکه ئیدی، لێت نایه‌ته‌وه ئه‌وه‌نده‌ش مه‌زلووم بی!
مسته‌فا که ورده ورده به‌و قسه‌یه وه‌خۆ هاتبۆوه، ده‌ستی به گێرانه‌وه‌ی داستانه‌که کرد، به‌ڵام نه به کورت کراوه‌یه‌ی به‌ڵکوو به درێژی و به ته‌واوی.
ئاماده بوون وشیاری و زیره‌کی ئه‌و کوڕه، شه‌هلای سه‌رسام کرد بوو. بۆ خۆی بیری ده‌کرده‌وه.
ـ ڕه‌نگ بێ ئه‌و کوڕه خوێنده‌واری هه‌بێت، یا ئه‌وه که پێشتر ئه‌و داستانه‌یان بۆ خوێندۆته‌وه!
شه‌هلا پرسی: ئه‌رێ مسته‌فا، تا ئێستا چوویه قوتابخانه؟
ـ نا، باپیرم ناهێڵێ، جارێک داوام لێکرد که ناوم له قوتابخانه تۆمار بکات، به‌ڵام لێدانێکی وام له ده‌ستی خواردوه که ترساوم جارێکی دیکه پێی بڵێمه‌وه.
ـ پێت خۆشه که خوێنده‌وار بی” ده‌تهه‌وێت خوێندنت فێر که‌م؟ نا، نا، باپیرم ده‌مکۆژێت!
به‌ڵام ئه‌من له گه‌ڵ باپیرت قسه ده‌که‌م، هه‌وڵ ده‌ده‌م که ئه‌و ڕازی بکه‌م.
هه‌ڵبه‌ت ده‌زانم که بۆچی ئه‌و پیره‌مێرده ناهێڵێت ئه‌تۆ ده‌رس بخوێنی، چۆن ئه‌تۆ داهاتێکی زۆر باشت هه‌یه بۆ ئه‌و، به‌ڵام خه‌م مه‌خۆ به هه‌ر جۆرێک بێت ڕازی ده‌که‌م.
پیره‌مێرده‌که ڕازی بوو که ڕۆژێ سه‌د تمه‌ن له شه‌هلا وه‌ر بگرێ تا لێگه‌رێت ڕۆژێ دوو کاتژمێر ده‌رس به مسته‌فا بڵێ و فێری خوێندنی بکات.
شه‌هلا لیسانسی کۆمه‌ڵناسی هه‌بوو، به‌ڵام بێکار بوو. مێرده‌که‌ی ” حامید” ئه‌ندازیار بوو له به‌شی ساز کردنی شار دا. ئه‌وان هه‌شت ساڵ بوو پێکه‌وه هاوسه‌ر بوون و ژیانی هاوبه‌شی خۆیان به عیشقه‌وه ده‌ست پێ‌کرد بوو، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که مناڵیان نه‌ده‌بوو، به‌ڵام هه‌روا عاشقانه یه‌کتریان خۆش ده‌ویست.
شه‌هلا مه‌سه‌له‌ی مسته‌فای له گه‌ڵ حامید باس کرد. حامید گووتی:
ـ ئه‌من له‌وه که ئه‌و منداڵه بێ په‌نایه فێری خوێندن بکه‌ی هیچ دژایه‌تی‌یه‌کم نیه. به‌ڵام به بڕوای تۆ ئه‌و تاقه منداڵه‌شت خوێنده‌وار کرد، ئه‌دی باقی منداڵه‌کانی دیکه چی؟ له‌و تارانه گه‌وره‌یه دا سه‌دان و بگره هه‌زاران که‌س له‌و منداڵانه له کۆڵان و شه‌قامه‌کان دا ئاواره و سه‌رگه‌ردانن!
شه‌هلا گووتی: تاقه که‌سێکیش، که‌سه. باوه‌ڕ بکه ئه‌و کوڕه زۆر به‌هۆش و زیره‌که، مێشکێکی زۆر ئاماده‌ی هه‌یه! ئه‌من دڵنیام ئه‌گه‌ر سه‌رپه‌ره‌ستێکی باشی هه‌بێت، یه‌عنی به شێوه‌یه‌ک له ده‌ستی ئه‌و پیره‌مێرده ڕزگاری بێت، داهاتوویه‌کی باش و ڕووناکی ده‌بێت.
به‌یانی ڕۆژی دوایی، شه‌هلا ده‌ستی به وانه گووتنه‌وه به مسته‌فا کرد. مه‌یل و خواستی زۆری مسته‌فا به فێربوون، شه‌هلای زۆرتر و باشتر به درێژه‌دانی وانه گووتنه‌وه دڵگه‌رم ده‌کرد. ئه‌و توانی که‌متر له دوو مانگ پۆلی یه‌که‌م به ته‌واوی فێری مسته‌فا بکات.
هاوێن خه‌ریک بوو ته‌واو ده‌بوو و مسته‌فاش ده‌یتوانی پۆلی دووهه‌م وێرای منداڵه‌کانی دیکه ده‌ست پێ‌بکات و بچێته قوتابخانه.
له ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه دا، شه‌هلا توانی که مه‌تمانه‌ی ئه‌و کوڕه بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، چه‌ندین مانگ بوو ئه‌و کوڕه ئاوی وه له‌شی نه‌که‌وت بوو، شه‌هلا چه‌ند جار داوای لێکرد بوو که حه‌مام بکات، به‌ڵام له خۆشتن و حه‌مام کردن ده‌ترسا، تا سه‌رئه‌نجام کوڕه‌که رازی بوو که حامید بیشوات و حه‌مامی پێ‌بکات.
حامید پێشتر جل‌وبه‌رگ و که‌وشی نوێی بۆ مسته‌فا کڕی بوون.
مسته‌فا کاتێک له ئاوێنه دا خۆی به جل‌وبه‌رگ و که‌وشی نوێ‌وه چاو پێکه‌وت خۆی نه‌ناسیه‌وه، ئه‌و وه‌کوو شازاده‌ی نێو داستانه‌کانی لێهات بوو. شه‌هلا له کاتێک دا که قژه سه‌ره‌کانی بۆ شانه ده‌کرد، گووتی:
ـ قسه‌م نیه که ئه‌گه‌ر باپیرت به‌م شێوه‌یه ئه‌تۆ ببینێت، ناتناسێته‌وه! له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر خۆشحاڵ ده‌بێت که ئه‌تۆ به‌م شێوه‌یه ببینێت!
به‌ڵام وێده‌چوو منداڵه هه‌ژاره‌که له شتێکی دیکه نیگه‌ران بێت:
ـ ئه‌گه‌ر ده‌کرێت جل‌وبه‌رگ و کۆشه کۆنه‌کانیشم پێ بده‌نه‌وه.
باپیره سه‌لام، ئه‌من مسته‌فام، نامناسیه‌وه؟
پیره‌مێرد گێژ و وڕ ببوو، گووتی:
ـ ئه‌تۆ کێی؟ مسته‌فا کوا؟
باپیره، منم مسته‌فا.
پیره‌مێرد بۆ تاوێک له قه‌ڵافه‌تی مسته‌فا ڕاما، بۆ چه‌ند ساتێک بێ‌ده‌نگیێکی مه‌رگ هێنه‌ر ئه‌و ژێر زه‌مینه تاریک و نماوی‌یه‌ی له جاران ترس هێنه‌رتر به مسته‌فا نیشان ده‌دا.
پیره‌مێرد به مست و شه‌ق و پێلاقه و به گۆچانی ده‌ستی که‌وته گیان مسته‌فای بێ‌ده‌سه‌ڵات و بێچاره.
له نه‌کاو ته‌واوی خه‌یاڵ و خه‌ونه‌کانی مسته‌فا تێکچوون. ئه‌و بۆ چه‌ند خوله‌کێک بێ حاڵ و بێ جووڵان له گۆشه‌یه‌ک له‌و ژێر زه‌مینه تاریک و نماوی‌یه دا له سه‌ر عه‌رزێ که‌وت بوو.
کاتێک چاوه‌کانی هه‌ڵێنانه‌وه، جارێکی‌تر جه‌سته‌ی خۆی له ناو جل‌وبه‌رگ و که‌وشه کۆنه‌کانی خۆێدا دیته‌وه، پیره‌مێرد له کاتێکدا جل‌وبه‌رگ و که‌وشه نوێ‌کانی له نایلۆنێک هاویشت بوون، داوای له مسته‌فا کرد که به زووترین کات ئه‌وانه به‌رێته‌وه و له به‌ر ده‌رگای ماڵی شه‌هلایان دابنێت و بگه‌ڕێته‌وه.
مسته‌فا نایلۆنه‌که‌ی له به‌رده‌رگای ماڵی شه‌هلا دانا و دوای ئه‌وه که چه‌ند جارێک له ده‌رگای ماڵی شه‌هلای دا، به په‌له له‌و ناوه دوور که‌وته‌وه.
کاتێک که حامید ده‌رگای کرده‌وه، مسته‌فا له‌و شوێنه دیار نه‌ما بوو، که نایلۆنه‌که‌ی کرده‌وه به سه‌ر سووڕمانه‌وه چاوی به جل‌وبه‌رگ و که‌وشه نوێ‌کان که‌وت.
له سه‌ر جل‌وبه‌رگه‌کان لاپه‌ره‌یه‌ک داندرا بوو، که به پانتایی لاپه‌ره‌که‌ی نووسیبووی: خۆشم ده‌وێن. ماڵئاو بۆ هه‌میشه.
ئه‌و ژن و مێرده به ڕووحم و مێهره‌بانه چه‌ند ساتێک مات و بێ‌ده‌نگ له نایلۆنه‌که ڕاما بوون.
کاتێک حامید سه‌ری بڵیند کرد و چاوه پڕ له فرمێسکه‌کانی شه‌هلای دیتن، بریاری دا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت مسته‌فای له ده‌ست ئه‌و پیره‌مێرده بێ‌ڕووحمه ڕزگار بکات.
به‌یانی ڕۆژی دوایی کاتێک وه‌دوای دیتنه‌وه پێ و شوێنی کوڕه‌که که‌وتن، زانیان که سه‌ر له به‌یانی زوو ئه‌و شوێنه‌یان به جێهێشتووه و باریان کردووه.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه حامید یه‌ک حه‌وتوو ئیجازه‌ی وه‌رگرت و بریاریان دا که پێکه‌وه به هه‌ر جۆرێک بێت مسته‌فای بدۆزنه‌وه.
ئه‌و دوو مرۆڤه کۆڵان به کۆڵان، شه‌قام به شه‌قام، گه‌ڕه‌ک به گه‌ڕه‌کی ئه‌و شاره گه‌ران، منداڵی وه‌ک مسته‌فای بێچاره‌یان زۆر دیتن، به‌ڵام نه‌ك ئه‌و مسته‌فای‌یه‌ی که شه‌هلا ده‌یهه‌ویست.
پێشکه‌ش به منداڵانی سه‌ر شه‌قام
نووسه‌ر: فه‌روخ زولێخاپوور
وه‌رگێرانی: حه‌مه‌ڕه‌سووڵ که‌ریمی