ئۆغرت بەخێر پێشمەرگە وەفادارەکەی ڕێبازی شەهیدان
ئۆغرت بەخێر پێشمەرگە وەفادارەکەی ڕێبازی شەهیدان
بەداخەوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ ـ ٠٥ ـ ٢٠٢٤ی زائینی کەسایەتی دیار و پێشمەرگەی دێرینی ڕۆژە سەختەکانی خەبات ، تێکۆشەری ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان کاک فەتحوڵڵا عەبدوڵلاهی ناسراو بە فەتحوڵلا کاژەیی لە وڵاتی ئەمریکا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
کاک فەتحوڵڵا کاژەیی کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی کاژەێی ناوچەی سەردەشت، لە بنەماڵەیەکی وەرزێر و لە هەمانکاتدا مام ناوەندی و خۆشناو دا لە دایک بوو، هەڕەتی منداڵی و گەنجییەتی وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەم تێپەڕ کرد و لە حوجرەی فەقێیان خوێندنی درێژەدا و وێرای خوشک و برا و ئەندامانی بنەماڵەی یاریدەدەری دایک و باوکی بووە و ئەوەندەی توانیویەتی وەک گەنجێکی خوێن گەرم و دڵپاک یارمەتیدەری هەموو خەڵکی ئاوەدانی بووە، هیچ کات لە کاری هەرەوەزی و کاری خێرخوازی دا دریغی نەکردوە و کەسێکی خۆشناو و جێی باوەڕی گشت لایەک بووە.
کاک فەتحوڵڵا بە هۆی ئەوە کە بنەماڵەکەیان و مووچە و مەزرایان هاتووچۆی کادر و پێشمەرگەکانی ساڵانی ١٣٤٦ و ٤٧ی هەتاوی بە سەرەوە بوو و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تێکەڵ بە حیزبی دێموکرات ببوو، هەر زۆر زوو ئاوێتەی کار و باری حیزبی دەبێ و دەبێتە یەکێک لەو گەنجانەی کە بە مشوورخۆرییەوە بۆ راپەراندنی هەندێک کار و یارمەتیدانی کادر و پێشمەرگەکانی ئەو سەردەم بە وردبینی و چاوکراوەییەوە هەنگاو هەڵبێنێتەوە و ببێتە جێی متمانەی کادر و پێشمەرگەکان.
لەگەڵ یەکەم چەخماخەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دا کاک فەتحوڵلا وەک یەکەم هەنگاو خۆی دەگەیێنێتە نێو ئاپۆڕای خەڵک و خۆپێشاندانەکان و بە گشتی زۆر بوێرانە لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکانی ئەو سەردەم دا دەردەکەوێ، بە هۆی خۆشەویستی و شارەزایی لە سەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، زۆر زوو لەگەڵ بەشێکی دیکە لە ئەندامانی حیزب یەک دەگرنەوە و دەبنە یەکەم تیمەکانی ئاشکرای ئەو سەردەم و بە بێ پشوودان و بێ ترس و خۆف دەبنە هاندەری سەرەکی خەڵکی گوندەکانی دەوربەر و تەنانەت نێو شاری سەردەشت و ڕەبەت و میراوێ.
لەگەڵ درووست بوونی هێزەکانی پێشمەرگە، کاک فەتحوڵلا چەکی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و لە هێزی شەهید موعینی دەبێتە پێشمەرگە، بە هۆی ئەوە کە هەم پێشتر کەسێکی جێگەی باوەڕ و متمانە بوو و هەمیش کەسێکی دیاری نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو، لەگەڵ درووست بوونی دەستەی پارێزگاری لە سکرتاریای حیزب کاک فەتحوڵڵا ڕاستەوخۆ دەبێتە پارێزەری شەهید دوکتور قاسملوو و لە هەموو دانیشتن و چاوپێکەوتن و سەفەرەکانی شەهید دوکتور قاسملوو وێرای چەندین هاورێی دیکەی چەک لە شان وەک پارێزەرێکی شەهید دوکتور قاسملوو و شاندی هاوڕێی دەبوونە قەڵغانی پارێزەر و بە دڵەوە ئەرکەکانی خۆیان بەجێ دەگەیاند.
نەمر کاک فەتحوڵڵا کاژەیی، پێشمەرگەیەکی وریا، ئازا، چاوکراوە و لە هەمانکاتدا پێشمەرگەیەکی شارەزا و بە دیسپلین و خۆشناوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو، مرۆڤێکی قسەخۆش، دەم بە خەندە، پڕ لە ورە و ئیمانی شۆڕشگێری و جێگەی متمانەی ڕێبەری حیزب و گشت ئۆرگان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و خەڵکی ناوچە بوو.
کاک فەتحوڵلا لە هەموو قۆناخەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا وەک کادر و پێشمەرگەیەکی دیاری ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات خزمەتی کرد، لە چەندین شوێنی هەستیار و دیاری حیزب وەک سکرتاریا، بەشی پەیوەندەییەکانی بەغدا، بەشی ئەمنییەتی حیزب، دەستەی پارێزگاری لە ڕێبەرانی شەهید بە دڵەوە خزمەتی کرد و بە دەیان مەئموریەتی گەورە و نەهێنی و ئاشکرای لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید دوکتور شەرفکەندی و ڕێبەرانی دیکەی حیزبەکەمان بەە پەڕی لەخۆ بردووییەوە بەرێوە بردن و لە دژوارترین کاتەکاندا لە تەنیشت سکرتاریای حیزب لە سەنگەری بەرگری دا لە ژێر هەموو هەڕەسي و بۆمبارانەکان دا گیانی خۆی لە مەترسی خست بۆ ئەوەی ڕێبەری حیزب بپارێزێ و وەک چەقڵی چاوی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەروا دڕیژە بە کار و ئەرکە دیاریکراوەکانی حیزبی بدا.
کاک فەتحوڵلا دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی سەفەری هەندەرانی گرتەبەر و وەک کەسێکی تاراوگەنشین لە ئامریکا هەروا بە دڵەوە خزمەتی گەلەکەی دەکرد و لە زۆربەی کاتەکان و بە تایبەتی کاتە هەستیارەکان دا وێرای هەزاران کەسی دیکە خەمی لە گەل و نیشتمان و لە حیزبی دێموکرات دەخوارد.
زۆر بەداخەوە کاک فەتحوڵلا ماوەیەک بوو تووشی نەخۆشی ببوو و هەر بە نەخۆشی لە ئامریکا کۆچی دوایی کرد و ڕووخانی ڕژێمی نگریسی ئاخووندی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە چاوی خۆی نەدیت.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک فەتحوڵلا کاژەیی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان لە ئامریکا، لە کاک مەلا رەحمان کاژەیی، ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
ڕووحی کاک فەتحوڵلا شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیاڕەنگ
٢٩ ـ ٠٥ ـ ٢٠٢٤ی زائینی