سیاسەتی ئینزەواتەڵەبی (خۆ دزینەوە و خۆکەناردان لە بەرپرسیارەتی) نووسینی: ڕەحمان حەسەن‌زادە

سیاسەتی ئینزەواتەڵەبی (خۆ دزینەوە و خۆکەناردان لە بەرپرسیارەتی) دونیای غەرب بەتایبەتی ئەمریکا بەزەرەری دێموکراسی و مافی گەلانە لە ناوچە.
نووسینی: ڕەحمان حەسەن‌زادە.
هەر ئەو سیاسەتەیە کە بۆتە هۆی بەقا و مانەوەی ئێران، بەشێوەیەک کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی تەمەنی نەگریسی دا، ئەوەی پێی‌خۆش بووبێت کردوویەتی و دەستی لە هیچ زووڵم و سەرەڕۆییەک نەپاراستوە و بۆتە هۆی وێرانی وڵات و لاوازی خەڵک و دواکەوتوویی.
ئەگەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (خاوەرمیانە) لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوو هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی بەرەوپێش نەناوە هۆیەکەی هەر بۆ ئەو مەداراکردن و سیاسەتی ئینزەواتەڵەبی ڕۆژئاوا دەگەرێتەوە.
له هێندێک مەقتەعی مێژوویی دا، سیاسەتی ئەمریکا، سیاسەتی ئینزەواتەڵەبی واتە خۆبواردن بووە، زیاتر هەوڵی مسائیلی ناوخۆی و بەهێزی وەزعی ئابووری بۆ لە ئەولەویەت دا بووە تا ئەوەی کە خۆیان دە کێشەکانی جیهانی بگەیەنن.
بۆ نموونە، پێش شەری جیهانی دووهەم، ئەمریکا لە مەقتەعێکی ئاوا دابوو، بەشێوەیەک کە تەقریبەن ئاڵمان نزیک بە تەواوی ئورووپای داگیر کردبوو بەڵام ئەمریکا وەدەنگ نەهاتبوو. پێیان وابوو کە ئورووپا دەبێ بۆخۆیان چارەسەری بکەن و ئەوە تەنانەت لە زەمانی سەرۆک کۆمارێکی رادیکال و بەناوبانگی وەک ”ڕۆزڤێڵت” (Franklin D. Roosevelt) دا بوو. بۆیە لە ڕاستیدا کۆنگرەی ئەمریکا و سیاسەتی گشتی ئەمریکا ئەوکاتی ئەوە بووە.
بۆیە “چرچیل” کە سەفەری ئەمریکای کرد لەوێ داوا لە “ڕۆزڤێڵت” دەکات و دەڵێ: تەقریبەن تەواوی ئورووپا گیراوە و پێویستیمان بە یاریدەی ئەمریکا هەیە.
هەر ئەوکات بۆیە رۆزڤێلت” هەوڵێکی زۆری دا کە کۆنگرێس قانع بکات کە ئەو سیاسەتە بگۆڕێ.
هەر لەو ڕاستایە دا، وتەیەکی بەناوبانگی “رۆزڤێڵت” هەیە کە پێی گووتوون: “ئێمە، واتە ئەمریکایەکان وای دابنێین کە لە ماڵی خۆمان هیچ مووشکیلێکمان نییە بەڵام ماڵی جیرانەکەمان ئاوری گرتوە. ئایا، ئێمە کە شیلانگمان هەیە ئاو بەسەر ئاورەکەی دا بکات، ئەو شیلانگانەیان بە ئەمانەت بدەینێ یان لێگەرێین وردە‌ وردە ماڵی خۆشمان بسووتێت؟”
خوولاسه بەو ئیستدلال هێنانەوە، کۆنگرەی قانع کرد و وتی: ئێستا کە ئاڵمان ئورووپای داگیر کردوە، ئەمریکا دەتوانێ یارمەتی بکات بەڵام بۆخۆی واریدی شەڕ نەبێت، بەڵکوو هێزی دەریاوانی خۆیان بەئەمانەت بداتێ. بۆیە ئەمریکا هێزی دەریایی خۆی بەئەمانەت لە ئیختیار ئینگلستنان نا. هەربۆیە هەرچی کەشتی بوو بە ئەمانەت دایان بەئەوان. بەدوای ئەو ئیقدام و هاوکاریەی ئەمریکا، ئاڵمان و ژاپۆن ئەوەیان بەجۆرێک دەخاڵەت و دەست‌تێوەردانی ئەمریکا هێنا ئەژمار و ژاپۆن هات “پیرڵ هاربەر”ی (Pearl Harbor) بۆمباران کرد کە مێژووی ئەو بۆمبارانە ناسراوە و دەنگداوەی خۆی هەیە.
ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە، ئەمریکا بۆخۆی ڕاستەوخۆ لە شەڕ وەبگلێ.
دەمهەوێت بڵێم کە نەک هەر ئێستا بەڵکوو لە بیست ساڵ لەوەپێشەوە واتە لە دەورانی “ئووباما”وە کەم‌تاکوورت سیاسەتی ئەمریکا دوورەپەرێزی بووە.
تەنانەت هەر لە زەمانی ناوبراو دا، خۆی بەڕەسمی ڕایگەیاند و وتی کە، ئەمریکا تەواوی هێزی خۆی مووتەمەرکیز دەکاتە سەر جنوبی شەرقی ئاسیا لە گەڵ چینی میللی مەسەلەن کورەی جنوبی، ژاپۆن، ئوسترالیا و ئەندوونزی و ئەوانە. لەوێش یەکیەتییەک پێک دێنێ و زۆر خۆی دەخاوەرمیانە ناگەیەنێ و لەڕاستیدا خاوەرمیانەی بۆ ئورووپا جي‌ده‌هێشت.
ئورووپاش بۆخۆی بەتەنیا ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات، هەروەک چۆن لەڕاستیدا نەیتوانی کێشەی باڵکان، ئۆکراین و کۆسۆڤۆ چارەسەر بکات. بۆیە پێویستی بە دەخاڵەت یان باشترە بڵێم یارمەتی و هاوکاری بەکردەوەی ئەمریکا هەیە.
ئورووپا یەک سیاسەت و یەک جیهەت نیە و دەوڵەتەکانیان سیاسەتەکەیان جیاوازە، هەر بۆیە لە تەنگانە دا زۆر ناتوانن وەک پێویست یاریدەدەری یەکتر بن، جا ئێستا سیاسەتی ئەمریکاش ڕێک لەو نووقتەی ئینزەواتەڵەبیە دایە.
خۆ “ترامپ”یش هەر هەڕەشە و گووڕەشەی کرد، تەنیا کارێکی ڕادیکاڵ کە ترامپ کردی و جێی دەستخۆشیە ئەوە بوو کە گەورە تیرۆریستی وەک قاسمی سلێمانی کووشت. ئەویش بۆخۆی دوایی ئاشکرای کرد و وتی کە ئێران ئاگاداری کردینەوە کە لە پایەگاکانی ئێمە دەدەن.
لەبەر ئەوە، پێدەچێت ئەوەی ئێستاش سیاسەتی “بایدێن” بەتەنیا نەبێت بەڵکوو لەڕاستیدا سیاسەتی گشتی ئەمریکا بێت کە، دەیانهەوێت مەسەلەی ناوخۆیی خۆیان واتە باری ئابووریان بەهێز بکەنەوە و بەزەرووری نەزانن هێزەکانی خۆیان لە هەموو جێیەک لە مەترسی بخەن.
لە ڕابردوو دا هەموو دونیای سەرمایەداری لە پشت سەری ئەمریکا بوو و ئەوە زۆرتر لە ترسی یەکیەتی سۆڤیەت بوو. ئێستا کە یەکیەتی سۆڤیەت نەماوە، ئورووپا بۆ خۆی جەمسەرێکە و ئەمریکاش جەمسەرێک. هەروەها چین و هیندوستان هەریەکەو بۆخۆیان جەمسەرێکن. ئێستا دونیایەکی چەند جەمسەری پێک هاتوە و ئەو سەدارەت و ڕیاسەتەی ئەمریکا بەسەر هەموو دونیای سرمایەداری دا لە واقیعدا هاتۆتە ژێر پرسیارەوە. بەو هۆیانە ئەمریکا پێی خۆش نیە زۆر خۆی لەنێو مسائیلی نێونەتەوەیی وەردا و بەتایبەت شەڕی بۆ بکات.
بۆ نموونە ئەگەر وەبیرمان بێت، “ترامپ” زۆری حەول دا کە ئێران و عەڕەبستان بکەونە شەڕ، نەیدەویست ئەمریکا دەشەڕ بکەوێت. و تەنانەت ئارامکۆ-ش لەلایەن هێزە نیابەتیەکانی دەستکردی ڕژیمی ئیران مووشەکباران کرا بەڵام ئەوان هەڵوێستێکی گوونجاویان لە ئاستی چاوەروانیەکاندا نەبوە. ئەوان مەبەستیان ئەوە بوو کە عەڕەبستان شەڕ بکات و ئەوانیش بە فرۆشتنی ئەسلەحە پێیان، یارمەتیدەریان بن. ئەو جۆرە هەڵوێستانە تا ڕادەیەک ئەوە دەردەخەن کە لە سیاسەت دا ئەو ڕەوتە پەیڕەو بکەن.
شک لەوە دانیە کە خۆی چێهرەکانیش گرینگن مەسەڵەن:
بایدێن جۆرج بوش نیە و ئووباماش، ڕیگان نەبوو.
لەگەل ئەوەشدا، ئەمریکا سەرۆک کۆماری وەک ”ترومان”ی (Harry S. Truman) هەبووە کە بۆمبی ئەتۆمی بەکار هێناوە.
”کێنێدی” (Johan F. Kennedy) هەبووە کە کاتی خۆی هەڕەشەی لە شۆڕەوی کردوە و ”ئایزنهاوەر” (Dwight D. Eisenhower) شەڕی وێتنام و کورەی کردوە.
لەگەڵ ئەوەی دا کە بایدێن ئینسانێکی خاوەن تەجرووبەیە و زیاتر لە ٥٠ ساڵە سیاسەت دەکات و لە ڕادەبەدەر بەپارێز و دەست بە عەسایە بەڵام لەسەریەک ئەو خۆ دوور ڕاگرتنەی لە بووحرانە سیاسیە نێونەتەوەییەکان دا، رەوتی سیاسی ئەمریکایە لە عەرسەی سیاسی ئێستای جیهان دا.
هەرچەندە بابەتەکە زۆر دوور و درێژ بۆوە، بەڵام شتێکی دیکە کە ویستم باسی بکەم، ئەوەیە:
داخوا هۆی چییە، زۆر کەس لەوناوە دا، گریمانە و شکی جۆرێک تەوافق دەکەن؟
وەنەبێت ئەمریکا ئیرانی خۆش بوێت و ئاشقی ڕەفتار و هەڵسووکەوتەکانی بێت بەڵکوو لە هەموو کەس چاکتر دەزانێت کە ئێران چەندە بێ‌پرنسیب و تێکدەر و هۆی ئاژاوە و ماکەی تیرۆر و خوێنرێژیە. زۆر جار دەوترێت لە سیاسەت دا هیج شتێک بەعید نیە. ئەوەی کە هێندێک کەس شک و گوومانیان بۆ تەوافق دەچێت ڕەنگە بەشێکی هۆیەکە ئەوە بێت چوونکی ترامپ حدودی ٧-٨ مانگ لەوەپێش کە قسەی کرد، وتی ئەمن کە دەستووری کووشتنی قاسمی سلێمانی‌م دا، ئێرانیەکان پێوەندیان لە گەڵ گرتین. ئەوان وتوویانە ئێمە لە مەوقەعیەتێک داین و لەبەر مەسایلی نێوخۆیی خۆمان ناچارین حەرەکەتێکی نیزامیمان بۆ وڵامدانەوە هەبێت. وێدەچێ ترامپ مەبەستی ئەوە بووبێ کە بەلێ لەبەر ئەوەی زیان و تەلەفاتمان نەبێت پێش‌وەختە شتێکی ئاوایان پێ وتووین. بۆیە ئاساییە کە ئەو لێدوانەی ترامپ شک و گوومانی لای زۆر کەس درووست کردبێت.
من وەک خۆم ئەگەرچی باوەر ناکەم تەوافقێک لە نێوانیان دا هەبێت بەڵام هێندێک شتی جێی پرسیاری تێدایە!
لەو ڕووداوانەی ئەو ماوەیە دا، ئەمریکایەکان هەر زوو وتیان، ئێمە تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە بەڵام ئەو بەنێو تۆڵەئەستاندنەوە ٧-٨ ڕۆژی خایاند. بایدێن هەر لە سەرەتا دا ڕایگەیاند کە ئەو کردەوەیە دەستی ئێرانی لەپشتە و بە هێزە نیابەتیەکانی ئەوان (حیزبووڵلا و حەشدی شەعبی و …) بەرێوەچوە. ئەرێ ئەوە بۆخۆی جۆرێک هووشتار یان بە واتایەیەکی دیکە ئاگادارکردنەوە نییە؟ عەمەلیاتێک کە دەکرێت هیچ لزوومەتی هەیە و پێویست دەکات پێشوەختە ناوی بێت و هووشتار بدرێت؟ بەوپێیە هیچ دوور نیە کە پپێشوەختە بنەکەکان چۆل نەکرابن یان تەجهیزات و ئەسبابی تەسلیحاتی گرینگیان لێ ڕانەگوێزڕابێت.
سیاسەتی ئەمریکا لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو دا بەرامبەر بە ئێران، سیاسەتێکی هەمەلایەنە پەسەند نەبووە. ئەمریکا دەیهەوێت ئێران بێنێتە داوێنی خۆی و لە داوێنی چین و روسیەی دەربێنێ.
ئەوان بەردەوام دەڵێن ئێران دەبێ ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتیدا پێک بێنی، خۆ ناڵێن ئەگەر ئاڵوگۆڕ و پێداچوونەوەیان بە سیاسەتەکانی خۆیان دا نەکرد، ئەوسا ئێمە وەک ئەمریکا ج دەکەین و هەڵوێستمان چی دەبێت.
ئەوەیان بە ناڕوونی و “ناگووفتە” هێشتۆتەوە!
وڵاتێکی زڵهێزی وەک ئەمریکا گەرەکیەتی باڵانسی قوودرەتی دونیا بپارێزێت و پێ‌ناچێت لە ئێستا دا بیهەوێت جەبهەیەکی دیکە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست (خاوەرمیانە) دا بکاتەوە بەتایبەت کە شەڕی ئۆکراین زۆر گران لەسەریان کەوتوە.
ئەوەیان تەنیا لێکدانەوەیە و مەرج نییە خوێندنەوەکە درووست بێت یان ئەوەی کە بەهۆی ئاڵوگۆڕەکانی خێرای ناوچە گۆڕانی تێدا پێک نەیەت. بۆیە کە سەیری مێژوو و ڕابردوو دەکەی هێندێک مەقتەع و قۆناخ قەرینەن و وێکچوونیان تێدا دەبینی.
جێگای ئاماژەیە کە:
کتێبی دیپلۆماسی لە نوسینی ”هێنری کیسینجەر” (Henry Kissinger) که ماوێکی زۆر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە و هەروەها ئوستادی دانیشگای هارڤارد و دیپلۆماتێکی گەورەی نێونەتەوەییە بە تەکمیلی ئەو سیاسەتەی ئینزەواتەڵەبی ئەمریکای باس کردوە و زۆر جوان شی کردۆتەوە.

سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی ڕەحمان حەسەن‌زادە