“لە داکۆتاوە بۆ کوردستان”. لە داکۆتاوە تا کوردستان

لە داکۆتاوە تا کوردستان
(بیرەوەرییەکانی ئەندامێکی سپای ئاشتیی ئەمریکا لە مەهاباد)

رۆلاند ئێلیوت براون

کچێکی کورد خەریکە هێگلاند بە جلی کوردی دەڕاز‌ێنێتەوە
کچێکی کورد خەریکە هێگلاند بە جلی کوردی دەڕاز‌ێنێتەوە

تاهیر قاسمی کردوویە بە کوردی

ساڵانێ بەر لەوەی ئێران، ئەمریکا بە “شەیتانی گەورە” ناو ببا، “جان ئێف. کێنێدی” سەرکۆماری ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕیبوو کە لە دەرەوەی سنوورەکان، ئەو وڵاتە بە “ئەمریکییە ناشیرینەکە” ناوبانگی دەرکردووە. ئاماژەکەی کێنێدی ڕووی لەو دیپڵۆماتە ئەمریکاییانە بوو کە بە لەخۆباییبوون و خۆبەزلزانی و ناشارەزاییان لە فەرهەنگی وڵاتانی خانەخوێ، لە گەرمەی شەڕی سارددا، ڕوخساری ئەمریکایان خەوشدار دەکرد.

کێنێدی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژ بە “ڕیچارد نیکسۆن”، هەوڵی دا وەچەیەکی نوێ لە لاوانی ئەمریکایی بۆ خزمەت بە وڵاتەکەیان هان بدا. بەشێک لە پلانەکەی کێنێدی، دامەزراندنی “سپای ئاشتی” بوو؛ هێزێکی پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی “ژیر و بەرهەڤ” کە ئامادە بوون خۆیان بۆ پێشکەوتن و سەقامگیرکردنی ئاشتی لە وڵاتانی پەرەئەستێندا تەرخان بکەن.

بیرۆکەی سپای ئاشتی داهێنانی کێنێدی نەبوو؛ لە ساڵی ١٩٥٧، “هیوبێرت هامفێری”، سیناتۆری دێموکرات هێندێک هەوڵی دابوو تا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکا بەڵام ئەوە کێنێدی بوو کە هەر لە مانگەکانی سەرەتای سەرۆک کۆماریی خۆیدا، ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی هەمیشەیی لەنێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دامەزراند.

جێژنی لەدایکبوونی شا لە مەهاباد
جێژنی لەدایکبوونی شا لە مەهاباد

سپای ئاشتی کاری خۆی لە ساڵی ١٩٦٢دا دەست پێ کرد و کۆمەڵێک خوبەخشی بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە مەبەستی کار و خوێندن بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر بەڕێ کرد. زۆربەی ئەو خوازیارانە تازە زانکۆیان تەواو کردبوو، زمانی وڵاتانی خانەخوێیان دەزانی و ئامانجیان ئەوە بوو لێکتێگەیشتنی فەرهەنگی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی خانەخوێدا پەرە پێ بدەن و بە هاوکاریی شارەزایان و کارناسانی ناوچەیی، لە بوارەکانی خوێندن و بارهێنان، کشتوکاڵ، پیشەگەری و ڕەوتی گەشەپێداندا کار بکەن. خوازیارانی سپای ئاشتی بۆ ئەمریکای باشوور، ئاسیا، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەناردران.

لە مەودای نێوان ساڵەکانی ١٩٦٢ تا ١٩٧٦، زیاتر لە هەزار و پێنسەت خۆبەخش لە ئێران خزمەتیان کرد. زۆربەی ئەوان لەگەڵ هاوکارانی ئێرانیی خۆیان دۆستایەتییان دامەزراند کە ئەو دۆستایەتیانە تا کۆتایی تەمەنیان بەردەوام مایەوە. ئەوان دوای ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەمریکا، ناسیارییەکی قووڵیان لەسەر فەرهەنگی ئێران هەبوو و دوای ئینقلابی ساڵی ١٩٧٩ کە پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات تێکچوو، ناسیاریی ئەوان لەسەر ئێران بە سەرچاوەیەکی دەگمەن و بە بایخ هەژمار دەکرا.

لە زنجیرە وتارێکدا، بیرەوەریی ئەو خۆبەخشانەی پێشووی سپای ئاشتی لەو ساڵانەی کە لە ئێران بوون، بە یەکەوە دەخوێنینەوە.

پێشاندانی شانۆ لە دەبیرستانی کچانە
پێشاندانی شانۆ لە دەبیرستانی کچانە

ئاسۆی داهاتوو بۆ ئەو کچانەی کە لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ لە “داکۆتای باشووری” لە ئەمریکا دەژیان، هێندە ڕوون نەبوو. “ماری ئێلین هێگلاند” دەڵێ: «‏ژنانی داکۆتا بەشێوەی سرووشتی یان دەبوو ببن بە پەرستار یان بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی. جاروباریش یاریدەدەری کۆمەڵایەتی.»‏ بەڵام لەو کاتەدا کە قۆناغی یەکەمی کۆمەڵناسی و دەروونناسی لە “ئاگوستانا کالێج” لە “سوفالز” دەخوێند، باوکی کە قەشەیەکی لۆتەری بوو، ڕێگایەکی دیکەی پێشانی ماری دا: «‏باوکم دەیگوت ئەگەر گەنج بوایەم، دەچوومە ناو سپای ئاشتیی کێنێدی‌یەوە.»‏
ماری بێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە سپای ئاشتی و ئامانجەکانی هەبێ، داواکارییەکەی نارد.

لە هاوینی ساڵی ١٩٦٦، هێگلاند وێڕای کۆمەڵێک لە خۆبەخشان دەچێتە “ئۆستن”ی تێگزاس تا بۆ وتنەوەی وانەی ئینگلیزی لە ئێران، لە خولەکانی ڕاهێناندا بەشداری بکا. هەڵبژاردنی وڵاتی مەبەست، تەواو بە هەڵکەوت بوو. تەنیا دەیویست بینێرن. پێیان دەڵێ بۆ وڵاتێکی دوورم بنێرن.

لە قۆناغی ڕاهێناندا، هێندێک بابەت سەبارەت بە پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە سەردەمی شەڕی سارددا فێر بوو و ڕوانگەی مامۆستایانی سپای ئاشتیی لەسەر “محەممەدڕەزا پەهلەوی”، یەکێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی: «هێندێک لە مامۆستاکان دەیانگوت ئێران دەبێ دیکتاتۆرێکی هەبێ چونکە ئێرانییەکان نەخوێندەوارن و هێشتا بۆ دێموکراسی ئامادە نەبوون. پێموایە لەو کاتەدا زۆر بێ هەڵوێست بووم. تەنیا پێم وا بوو سپای ئاشتی دەتوانێ قازانجی بۆ ئێران هەبێ و پێوەندی و تێکەڵیی لە نێوان ئێرانی و ئەمریکاییەکاندا بێنێتە ئاراوە.»‏

بەڵام بەر لەوەی زانکۆی تێگزاس بەجێ بهێڵێ، لەگەڵ دەمێکی مەترسیداری مێژوو بەرەوڕوو دەبێ: یەکێک لە یەکەمین کوشتارە بەکۆمەڵەکان لە ئەمریکا.

هێگلاند لە کێوەکانی دەوروبەری مەهاباد
هێگلاند لە کێوەکانی دەوروبەری مەهاباد

ڕۆژی یەکەمی مانگی ئووتی ساڵی ١٩٦٦، لەو کاتەدا کە هێگلاند و بەشێکی دیکە لە خۆبەخشانی بەشدار لە کۆرسەکانی زمانی فارسی، خەریک بوون پۆلەکانی خوێندنیان بەجێ دەهێشت، “چارلز ویتمەن”، تفەنگچیی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا، لە تاوەری سەرەکیی زانستگاوە سەنگەری گرت و تەقەی لە خوێندکاران کرد؛ ١٤ کەسی کوشت و ٣٠ کەسیشی بریندار کرد؛ «یەکێک لە هاوپۆلەکانی ئێمە بەناوی “تۆم ئەشتۆن” کوژرا. دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. لەبیرمە لەگەڵ چەند کەس لەپشت بینایەک دانیشتبووین و سەعاتێک چاوەڕوان بووین تا ڕاگەیەندرا کە هەلومەرجەکە بێ مەترسییە و دەتوانین بێینە دەرێ.»‏

دوو کەس لە ئەندامانی دەستەی زمانی فارسی بریندار بوون. یەکێک لەوان بەرنامەی سەفەرەکەی بە یەکجاری هەڵوەشاندەوە. دووهەم کەس، “دەیڤید ماتسۆن” کە گوللە لە مەچەکی درابوو، ناچار بوو سەفەرەکەی دوا بخا. ئەو دواتر لە تاران لەگەڵ سپای ئاشتی کاری دەکرد و توانی لەوێش لەژێر چاوەدێریی پزیشکەکاندا بێ: «ئەو هاوینە ڕۆح و ڕەوانی ئێمەی بریندار کرد بەڵام ئەو ڕۆژانە زۆر گوێ بەو کەسانە نەدەدرا کە لە ڕووداوی ئاوادا دەروونیان بریندار دەبوو.»‏

شوێنێک لە دڵی کێوەکاندا
هێگلاند دوای ئەوەی هاتە ئێران، سپای ئاشتی پرسیاری لێ کرد کە پێیخۆشە لە کوێ خزمەت بکا: «گوتم من خووم بەو شوێنانە گرتووە کە چوار وەرزیان هەیە. ئەو جێیانەشم پێ خۆشە کە کێوپارەن.»‏

جەخت لەوەش دەکاتەوە کە نایهەوێ هیچ ژنە خۆبەخشێکی دیکەی لەگەڵدا بێ. نەیدەویست دیسان کاتەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا تێپەڕ بکا.

لە ڕاستەوە خاتوو عیسمەت پەنجەوی دەناسرێتەوە و بەپێیسەرچاوە سەرەکییەکە ئەوانە ژنانی بنەماڵەی خانەخوێن
لە ڕاستەوە خاتوو عیسمەت پەنجەوی دەناسرێتەوە و بەپێی سەرچاوە سەرەکییەکە ئەوانە ژنانی بنەماڵەی خانەخوێن

سپای ئاشتی، هێگلاند بۆ مەهاباد دەنێرێ؛ لە دڵی کێوەکانی کوردستاندا کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ سنووری عێراق نییە. بەڵام بە هیچ جۆر نەدەکرا هێگلاند بە تەنیا بۆ ئەو ناوچەیە بنێردرێ: «سپای ئاشتی ژنانی خۆبەخشی تەنیا لەگەڵ پیاوانی خۆبەخش بۆ ناوچەیەک دەنارد کە بە دیاریکراوی کردەیەکی سێکسیستی بوو! هەڵبەت دۆخەکە تا ڕادەیەک خراپ بوو، چونکە لەو ناوچانەی کە ئێمە کارمان تێدا دەکرد، هێندێک لە پیاوان پێیان وا بوو ژنەکان لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتی سێکسی هاتوونەتە ئەوێ!»‏

لە مەهاباد، دوو خۆبەخشی پیاو لەلایەن سپای ئاشتییەوە هەبوون؛ یەکێکیان مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو و ئەویدیکەش پسپۆڕی کشتوکاڵ کە بە ماتۆڕسیکلێت سەردانی گوندەکانی دەوروبەری دەکرد و یارمەتیی پڕۆژەکانی کشتوکاڵیی دەدا.

هێگلاند کە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی (دەبیرستان) کچاندا دەرسی زمانی ئینگلیزی دەگوتەوە، بە کردەوە زۆربەی کاتەکانی خۆی لەگەڵ ژنانی کورددا تێپەڕ دەکرد: «زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکردم. خەڵکێکی زۆر دڵنەرم و میوانگر بوون.»‏

هێگلاند لە ماڵی بنەماڵەیەکی کورددا دەژیا و لەگەڵ مامۆستایەکی جوولەکەی ئێرانیی خەڵکی تەورێز کە وانەی ئەدەبیاتی فارسی دەگوتەوە، سێ ژووریان لە ماڵەکە بەکرێ گرتبوو. ئەو دوو ژنە زیاتر هەر بە یەکەوە دەچوونە قوتابخانە و بە یەکیشەوە لە قوتابخانە دەگەڕانەوە.

هێگلاند تەنیا جارێک ناخۆشی لەگەڵ خەڵکی ئەوێی لەبیر ماوە: «جارێک خەریک بووم پیاسەم دەکرد کە پیاوێک لەگەڵ کوڕێک بە ماتۆڕسیکلێت بەلامدا هات و لە پشتەوە دەستی بە نێوڕانمدا هێنا. زۆر تووڕە و ناڕەحەت بووم. ئەوە کێشەیەک بوو کە ژنانی خۆبەخش جار و بار تووشی دەبوون. بەڵام بە گشتی هەستێکی ئاسوودەم هەبوو.»‏

هێگلاند لەکاتی وانەوتنەوەدا
هێگلاند لەکاتی وانەوتنەوەدا

هێگلاند وەک ژنێک کە لە مەهاباد دەژیا، ئەزموون و ئامۆژگاریگەلێکی دەست خست کە بۆ پیاوانی خۆبەخش بە ئاسانی دەستەبەر نەدەبوو: «ژنبوون ئەو دەرفەتەی بۆ من ڕەخساند کە بێ هیچ کێشەیەک لەنێو بنەماڵەکاندا بژیم. پیاوێکی مامۆستای زمانی ئینگلیزی تەنیا دەیتوانی لەگەڵ مامۆستایانی پیاو کەژەوانی بکا بەڵام ڕەنگبوو ڕێگای نێو بنەماڵەکانی پێ نەدەن.»‏

ئەو زۆر لەو شەوانەی زستانی وەبیر دێتەوە کە لەگەڵ ماڵی خانەخوێ و هاومزڵەکانی لەپەنا یەکتر، لە دەوری مەقەڵیی پۆلووی خەڵووز کۆ دەبوونەوە و کەشێکی دۆستانە لەنێوانیاندا دەهاتە ئاراوە.

ئەمریکا و شا لە ڕوانگەی کوردەکانەوە

ئەگەرچی هێگلاند کوردیی نەدەزانی و ناچار بوو پشت بەو فارسییە ببەستێ کە فێری ببوو، وانەگوتنەوە لە مەهاباد بۆ ئەو وەک تێپەڕکردنی دەورەیەکی چڕ و پڕی مێژووی کوردستان وا بوو؛ «هێندێک لە قوتابیان ڕۆڵی گرینگیان بۆ من هەبوو. یەکێک لەوان خزمی قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کورد لە مەهاباد بوو.»‏ ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردەیەکی سەربەخۆییخوازی ناوداری کورد بووە.

دوای شەڕی جیهانیی دووهەم، هێزە جیاییخوازەکان لە مەهاباد و ئازەربایجانی دراوسێ، بە پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەت کە هەوڵی دەدا قانی نەوت لە حکوومەتی ناوەندی وەرگرێ، سەربەخۆییان ڕاگەیاند. هێزەکانی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٤٦ ئێرانیان بەجێ هێشت و دەسەڵاتی پەهلەوی دیسان کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە گرتەوە و قازی محەممەد و سەرکردە جیاییخوازەکانی دیکەی بە تاوانی خیانەت بە وڵات ئیعدام کرد.

گەرچی ئەو بنەماڵەیەی کە هێگلاند میوانیان بوو، هیچکات پشتیوانی قازی محەممەد و کۆماری کورد لە مەهاباد نەبوون بەڵام ژیان لەنێو فەرهەنگی کورددا شوێنی قووڵی لەسەر ئەو دانا و دەرگای دیمەنێکی ناوازەی بۆ کردەوە: «سپای ئاشتی شتگەلێکی بێوێنەی فێری من کرد. ئۆگرییەکی تایبەتیم بە خەڵکی کورد پەیدا کرد و سەرنجم بۆ لای کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان کوردەکان و حکوومەت ڕاکێشرا؛ ئەو ناکۆکیانەی ئێستاش هەر درێژەیان هەیە.»‏

هێگلاند و قوتابییەکی
هێگلاند و قوتابییەکی

بە گوتەی هێگلاند، ڕاست بەر لەوەی کە لە ساڵی ١٩٦٨دا ئێران بەجێ بهێڵێ، ڕاپۆرتگەلێک بەرگوێ دەکەوتن کە مستەفا بارزانی، ڕێبەری کوردەکانی عێراق و “سی‌.ئای‌.ئەی” لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە نەهێڵن کوردەکانی ئێران لە ناوچە سنوورەکانی کوردستانی عێراق ئاودیو بن: «‏بەشێک لە دژبەرانی کورد بۆ دەربازبوون لەدەست هێزەکانی ئێران، دەیانویست سنوور ببڕن بەڵام بەهۆی پێوەندیی زۆر نیزیکی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو دەرفەتە بەوان نەدەدرا.‏»‏ هێگلاند وەبیری دێتەوە کە لە بەربەرەکانیی نێوان کوردەکان و هێزەکانی حکوومەتی ئێراندا، ژمارەیەک لە کوردەکان کوژارن. کوڕی قازی محەممەدیش لەو شەڕانەدا تێدا چوو.‏»‏

هێگلاند لەڕێی یەکێک لە قوتابییەکانییەوە لەگەڵ بنەماڵەی قازی محەممەد ئاشنا بوو: ‏«‏لەگەڵ قوتابییەکەم کە خزمی قازی محەممەد بوو، سەردانی ماڵی کچەکەیمان کرد؛ واتە ماڵی خوشکی ئەو پیاوەی کە کوژرابوو. ژنەکان لەپاڵ یەکتر دانیشتبوون و بە ئەسپایی فرمێسکیان دەڕشت. زۆر خەمهێنەر بوو.‏»‏

ئەو ئەندامەی سپای ئاشتی لە نێو شاریشدا تووشی دیمەنی ترسهێنەر دەبوو: «هەر لەو سەردەمانەدا، ڕۆژێک لە قوتابخانەوە دەچوومەوە بۆ ماڵێ، گوێم لێ بوو خەڵک بە یەکتریان دەگوت کە لە گۆڕەپانی سەرەکیی شار، لەسەر پردەکە، مەیتی کوردێک بەڕووتی دۆزراوەتەوە کە لەسەر سنوور کوژراوە. لەسەر مەیتەکە پلاکاردێک هەڵواسرابوو و ڕستەیەکی ئاوای لەسەر نووسرابوو؛ “ئەوەیە چارەنووسی دژبەرانی شا”. من خۆم نەچووم بیبینم. ئەو ڕووداوە هەستی کوردەکانی زۆر بریندار کردبوو.»

میراتی سپای ئاشتی

قوتابیانی ماری لە شەقامێکی بە بەفر داپۆشراوی شاردا
قوتابیانی ماری لە شەقامێکی بە بەفر داپۆشراوی شاردا

کاتێک کە لە هاوینی ١٩٦٨دا گرێبەستی هێگلاند لەگەڵ سپای ئاشتی کۆتایی پێ هات، نەیدەویست ئێران بەجێ بهێڵێ. هەڵبەت دواجار وڵاتەکە و کوردەکانی بە خۆشەویستییەکەوە کە هیچکات لە دڵی دەرنەچوو، بەجێ هێشت: «هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە بە باشترین شێوەی گونجاو وانەی زمانی ئینگلیزی بڵێمەوە. لەو سەردەمەدا، بیرم لەو قازانجانە نەدەکردەوە کە سپای ئاشتی بۆ ئێران و ئێرانییەکان هەیبوو بەڵام ئێستا کە بیر دەکەمەوە و دەبینم زۆرێک لەوانەی کە ئێرانیان بەجێ هێشتووە لەوانەیە پێویستییان بە هێندێک زمانی ئینگلیزی هەبووبێ، پێموایە کارەکەی من هەم بەقازانج و هەمیش ئەرێنی بووە.»‏

کار لەگەڵ سپای ئاشتی ڕێبازێکی نوێی لە ژیانی هێگلانددا کردەوە: ‏«‏بوو بە هۆی ئەوە کە بچم ئەنترۆپۆلۆژیای کەلتووری بخوێنم و لەسەر فەرهەنگی ئێران هەڵوەستە بکەم.» ‏دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ ئەمریکا، لە زانستگای نیویۆرک، بڕوانامەی ماستەر لە ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەست هێنا و دواتر دکتۆرای لە زانکۆی ویلایەتی نیویۆرک، لە بینگهامتۆن وەرگرت. ئەو ئێستا لە زانکۆی سانتا کلارا لە کالیفۆرنیا مامۆستای ئەنترۆپۆلۆژیایە.

بە وتەی هێگلاند، لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئاستێکی زۆر بەرز گەیشتبوو: «‏هێشتا دەکرێ میراتی ئەو ساڵانە لە ئێرانی ئێستادا ببینین. لەو ساڵانەدا زۆر ئەمریکایی، چ لە چوارچێوەی سپای ئاشتی و چ بە شێوەگەلی دیکە، هاتنە ئێران و لەولاشەوە گەلێک خوێندکاری ئێرانی بە مەبەستی خوێندن، بۆ ئەمریکا چوون.‏»

بە وتەی هێگلاند، «ڕەنگە بەشێک لەو خوێندکارانە، قوتابیی مامۆستایانی سپای ئاشتی بووبن. ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی ئەو ساڵانە و پەرەگرتنی تێکنۆلۆژیی پێوەندییەکان لە ساڵانی دواتردا، بۆمان دەگێڕێتەوە کە بۆچی ئەو بەشە لەو کەمە ئەمریکاییانەی کە هێشتا سەردانی ئێران دەکەن، چاوەڕوانن لەگەڵ ئەندامانی کەلتوورێکی جیهانی بەرەوڕوو بن.»‏

***

چەند تێبینی سەبارەت بەم بابەتە و وەرگێڕانی:

– ئەو بابەتەی سەرەوە لە نووسینی “ڕۆلاند ئێلیوت بڕاون” لە ماڵپەڕی “ئیران وایر”دا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە کە “مازیار زەمانی” بەڕێوەی دەبا و هاوکات بۆ سەر زمانی فارسیش وەرگێڕدراوە کە بەداخەوە وەرگێڕانێکی بێلایەنانە نییە. ئەم وەرگێڕانەی بەردەست پتر پشتی بە دەقە ئینگلیزییەکە بەستووە کە ئەوەی خوارەوە لینکەکەیەتی:

https://iranwire.com/en/features/64274

– بێجگە لەم بابەتە، چەند بابەتی دیکەی هاوشێوە سەبارەت بە بیرەوەریی ئەندامانی “سپای ئاشتی” لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بڵاو بۆتەوە کە چالاکییەکانیان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە کوردستانەوە نەبووە و لەبەر ئەوەش گرینگییان بۆ خوێنەری کورد لەو ئاستەدا نییە.

– هاتن و مانەوەی ماری هێگلاند بۆ مەهاباد، هاوکات بووە لەگەڵ دەسپێکی بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ی هەتاوی (١٩٦٧ – ١٩٦٨ی زایینی) بە ڕێبەریی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەشێکی بەرچاویان خەڵکی شاری مەهاباد و دەوروبەری بوون. لە نێوەرۆکی ئەو بیرەوەرییانەوە وا دەردەکەوێ کە دەنگدانەوەی ئەو خەباتە چەکدارییە، شەهیدبوونی پێشمەرگە و سەرکردەکانی و زاڵبوونی کەشی سەرهەڵدانەکە بەسەر شاری مەهاباددا، تا ڕادەیەک بە گوێی مارییش گەیشتووە و هەستی پێ کردووە بەڵام بە هەڵە یان بە ئانقەست وا تێگەیەندراوە کە یەکێک لە شەهیدەکان کوڕی پێشەوا قازی محەممەدە.

– ماری ئێلین هێگلاند ئێستا لە زانستگای سانتاکلارا پڕۆفیسۆری ئەنترۆپۆلۆژیایە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی گەڕایەوە ئێران و لە سەردەمی ئینقلابی ئیسلامیدا، تاکە لێکۆڵەری ئەمریکایی بوو کە توانی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی خۆی درێژە بدا. ئەو نووسەری کتێبی “ڕۆژەکانی ئینقلاب: نائارامیی سیاسی لە گوندێکی ئێران”ە کە لە سەروبەندی ئینقلابی ٥٧ بە هەڵکەوت لە گوندێکی نیزیک شاری شیراز دەبێ و لە نیزیکەوە ئەو ئاڵوگۆڕانەی دیتووە و نووسیوەتەوە کە لەبەرەبەری ئینقلابدا بەسەر دانیشتوانی ئاسایی گوندەکەدا هاتووە.

نووسەر: تاهیر قاسمی – ڕۆژی بڵاوبوونەوە؛ ۹/۱۹/۱۴۰۲

بابەتی لە داکۆتاوە تا کوردستان. بە شێوەی پدف