“وڵاتی ئێمە جیاوازە و لای ئێمە ئەمڕۆ دەوام نییە”

“وڵاتی ئێمە جیاوازە و لای ئێمە ئەمڕۆ دەوام نییە”
تاج و تەختی (ئەمەر پاشا)ی قەلەڕەشێ‌
كاتێك‌ لە سەرەتای ساڵانی 1980 دا كتێبی( پێكەنینی گەدا) ی مامۆستای نەمر(حەسەنی قزڵجی) چاپ و بڵاو كرایەوە و لە ناویاندا چیرۆكی تاج و تەختی (ئەمەر پاشای قەلەڕەشێ) زۆر سەرنجی راكێشام لە سەرەتادا وامزانی (ئەمەر پاشا) كەسایەتییەكی خەیاڵی چیرۆكەكەی (قزڵجی) یە، كەچی دوایی بۆم دەركەوت ئەم چیرۆكە كت و مت راستە، بۆیە بەو نیازە سەردانی گوندی (قەلەڕەشێ) ی زێدی (ئەمەر پاشا)م كرد و (مام حه‌سه‌ن) ی پاشازادەی كوڕیشی زۆر پاشایانە میوانداری لێكردم و زانیاری تەواوم سەبارەت بە ئەمەرپاشا و بزوتنەوە میللییەكەی لێوەرگرت.
گوندی قەلەڕەشێ
قەلەڕەشێ گوندێكی جوان و رازاوەیە هەڵكەوتووە لەبەری سوێسنایەتی لەرووی ئیدارییەوە سەربەشاری سەردەشتی كوردستانی رۆژهەڵاتە و تەنها 11 كیلۆمەتر لێوەی دوورە. ئێستا ژمارەی ماڵەكانی نزیكەی 500 ماڵ دەبێت، گوندەكە لەوبەرەو بەری دۆڵێك بووە بە دووبەشی وەك یەك، كە لایەكیان بە قەلەڕەشێ و لاكەی تریش بە (قنجەیی) ناسراون.
سەبارەت بە ناوی قەلەڕەشێ‌ چەند رایەكی لێك دوورو جیاواز هەن لەوانە هەندێ‌ پێیان وایە قەڵاڕەشێ‌ و هەندێكی تر پێیان وایە قالەڕەشێ‌ و زیاتریش لەناو خەڵكیدا بە قەلەڕەشێ‌ ناسراوە.
خاڵەمەر(خاڵ ئەمەر)
ئەمەر پاشا كە قەلەڕەشیەكان (خاڵە مەر)یشی پێ دەڵێن، ناوی تەواوی پاشا (ئەمەر كوڕی حه‌مە سووری كوڕی مەلا فەرخە)یە لەبەر نەبوونی ناسنامە ساڵی لەدایك بوونی نەزانراوە، ئەمەر لە باوكێكی قەلەڕەشی (سوێسنی) و دایكێكی (سەكر) كەوتۆتەوە. ئەمەر پاشا پیاوێكی قەڵافەت پیاوانەی تێكسمڕاو و لوتێكی بەرانی هەبووە تا بڵێی وریا و ئازا و سەر بزێو بووە، ماوەیەك لە خزمەت شێخ محمودی حەفیدزادە دا خەباتی كردووە و ماوەیەكیش لەناو لەشكرەكەی سمایلاغای شكاك (سمكۆ)دا ڕۆڵی ئازایانەو قارەمانانەی گێڕاوە. لەژیانیدا سێ جار بریندار بووە و سێ ساڵیش لە زیندانی رەزا شای ئێراندا زیندانی كراوە
پریشكی بزووتنەوەی خاڵەمەر
لە ساڵی 1938 خاڵە مەر دژی دەوڵەتی ئێران دەست دەداتە تفەنگ و راپەڕینێك بەرپا دەكات. (حاجی حه‌مە حه‌سنی شەریف پووری) كە یەكێك بووە لە سەركردەكانی سەرهەڵدانەكە و لەكاتی ئامادە كردنی ئەم نوسینەدا لەژیاندا مابوو گوتی:
حكومەت ژاندارمی دەناردە سەر گوندەكان باج و خەرجیان لێدەسەندین و زوڵم و زۆریان دەكرد تا دواجار هاتن لە ڕێگای كوێخای گوندی قەلەڕەشێوە خەڵكیان لە مزگەوت كۆكردەوەو دوایان كرد ژمارەیەك گەنج بچن بۆ سەربازی، بەڵام ئێمە بەو بڕیارە رازی نەبووین ئەوكاتە 10 -12 گەنج دەبووین، چوینە لای (خاڵە مەر) و رووداوەكەمان تێگەیاند، ئەویش گوتی: ئەگەر لە پشتیوانی خەڵك دڵنیابم رەزا شا لەچاو من چی یە؟ منیش وەك ئەو پاشام!
ئەوەبوو خاڵە مەر تفەنگەكه‌ی خۆی هەڵگرت و ئێمەش چەند كەسێكمان تفەنگمان هەبوو، ئەوكات تفەنگ لە دیوی كوردستانی ئێراق زۆر هەرزان بوون، تفەنگی 6تیر بە 15 تمەن، یایلی بە 20 تمەن و پێنجتیر بە 25 تمەن بوو، 70 – 80 نفەنگمان كۆكردەوە، ژمارەیەك خەڵكی دیكەش لە گوندەكانی بێوران و قووڵەسوێرو وە هاتنە قەلەڕەشێ، خەڵكی واش هاتبۆوە ریزی شۆڕش ساچمەزەن و خەنجەر و تەنانەت بە كوتكی دەستییەوە هاتبوون (كوێخا محمودی قوڵە سوێرو)ش بەژمارەیەك چەكدارەوە هاتە پاڵ راپەڕینەكە.
كاتێ‌ خاڵەمەر ئەو هەموو گەنجە چەكدارە بە دەوری خۆیەوە دەبینێ‌ زۆر كەیف خۆش دەبێ، لەگەڵ ئەنجوومەنی ماقوڵان كۆدەبێتەوە بڕیار دەدەن پێش دەستپێكردنی شەڕ، وەفدێك بنێرن بۆ سەردەشت بۆئەو مەبەستە پیاوێك بەناوی (حه‌مەكەڕی زێنێ‌) دەنێرن تا بچێت لە سەردەشت قسە لەگەڵ (تیمسار) بكات و خاڵەمەر داوادەكات :-
1-دەوڵەت بەهیچ شێوەیەك لەو ناوچەیە باسی سەربازگیری و باج نەكات .
2-هێزی بێگانە لە كورتەكەوە تا قەلەڕەشێ ناوچەكە چۆڵ بكەن .
3-ئەگەر ئەم دوو خاڵە جێ‌ بەجێ‌ نەكەن ئێمە ئامادەی شەڕین و شەڕ دەكەین .
كاتێ‌ (حه‌مە كەڕ) دەگەڕێتەوه‌ هەواڵی توڕەبوونی (تیمسار) بە (خاڵەمەر) رادەگەیەنێ‌ ئیتر (خاڵە مەر)یش دەچێتە سەربانێكی بەرز و هاوار دەكات (خەڵكینە لە ئێستاوە من پاشام و پاشای تاران لێرە هیچ كارەنییە) لەو كاتەدا زیاتر لە 300 چەكداری تەیار و ئامادەیان دەبێت و گوندەكانی (بێورانی خوارو و كونە مشكێ‌ و زووران و مارەغان و نیسكاوێ‌ و كانیەڕەش و قازان) دێنە پاڵ راپەڕینەوە .
(حسێن عه‌لی خان) كە رەئیسی پاسگای بێوران دەبێت، پیاوێك بەجاسوسی دەنێرێتە قەلەڕەشێ تا لەسەر ژمارەی چەكدار و جۆری چەكەكان هەواڵ بهێنێ‌، بەڵام ئەو پیاوە بابەتەكە زۆر گەورە دەكات و هەواڵی 1000 چەكدار و چەكی پێشكەوتوو بە(حسێن عه‌لی خان) رادەگەیەنێ‌.
وەك دەگێڕنەوە دەڵێن ئەمەر پاشا بۆ ترساندنی دوژمن لە چەندین پاش بەردو چاڵ و چۆڵدا (لوولە سۆبە) دادەبەستێ‌، بۆئەوەی وابزانن تۆپیان هەیە
چەند جارێك سەرباز و ژاندارمری بەرەو قەلەڕەشێ و شاخەخوارە هێرش دەكەن، بەڵام هەموو جارەكان تێك دەشكێن .
ئێنجا پاشا هێزەكانی بەسەر پێنج قۆڵدا بەم شێوەیە دابەش دەكات:
قۆڵی یەكەم: كانییەڕەش و رێی قەلەڕەشێ و شاخەخوارە بەسەر پەرشتی ئەمەر پاشاو كوێخا عەوڵای سوورە چۆمی .
قۆڵی دووەم: مارەغان و قووچ و كۆڕبناو بەسەر پەرشتی حاجی محمودی مارەغانی .
قۆڵی سێیەم: چیای كاسەشكێن بەسەر پەرشتی حاجی حەمە حەسنی قەلەڕەشێ .
قۆڵی چوارەم: بێورانی سەرێ‌ و دوكانان بە سەرپەرشتی كوێخا برایم .
قۆڵی پێنجەم: كونە مشكێ‌ بەسەر پەرشتی كوێخا محمود .
حاجی محمود مەلەكی بێوران كە خۆی بەشداری شەڕەكانی كردووە گووتی :- لەناوچەی ئێمە كەس ترسی لە رژێم نەمابوو، خەڵك نەدەچوونە ژێرفرمانی مەئمورانی دەوڵەتەوە، ناچار دەوڵەت پەنای بردە بەر ئاغاكانی مەنگوڕو گەورك، لەگەڵ كەمێك ژاندرمە (900) چەكداری كورد بۆسەركوتی سەرهەڵدانەكە گەیشتنە بێوران و هەر یەكێ‌ لەم بەكرێ‌ گیراوانە بە سەد چەكدارەوە :-
1- سەلیمی بایزی ئاڵوەتان.
2- عەوڵای فەتاحی .
3- برایم خانی قادری مرۆتی (خەلیفانی)
4- علی ئاغای بەیرەمی
5- سوارە ئه‌حمه‌دی كەڵەكاوی
6- عه‌لی خانی قادری مرۆتی
7- قادری هەباس ئاغای هەنداوێ‌
8- برایمی رەشید ئاغای رەبەتێ‌
9- هەمزەی ئەسڵانی
ئەمە جگە لەچەندان سەركردەی سەربازیی وەك(سوڵتان رەمەزان خان، سەروان مسدەقی، سەروان فرتاش، سوڵتان عازمی، سەروان شەریفی و سەروان تیرجنگ).
شەڕ لە هەموو قۆڵەكانەوە دەستی پێكرد، هێزێكی زۆر رووەو شاخەخوارو قەلەڕەشێ دەكەونە داوی (ئەمەر پاشا و كوێخا عەوڵای سورەچۆمی) و ئاغا مەنگوڕەكانیش هەوڵی گرتنی شاخی (پانە رۆژ) دەدەن، بەڵام تێك دەشكێن و لەهێرشی یەكەمدا فەرماندەیەك بەناوی (سه‌ید عه‌لی خان) دەكوژرێت، كە ئێستاش گۆڕەكەی لە گوندی بێورانە و لەسەر كێلەكەی وێڕای ناوەكەی ساڵی 1380ی لەسەر نوسراوە. لە شاخە خوارەش تەرمی (سوڵتان رەمەزان خان) دەكەوێتە دەستی راپەڕیوەكان، دیارە كەس نەیتوانیوە بچێت تەرمی كوژراوەكان وەربگرێتەوە، تا پیاوێكی بێورەیی بەناوی (عەوڵا پەڕۆ) لەبەرامبەر تەرمی هەر كوژراوێك كە بۆ دەوڵەتی بردۆتەوە 50 تمەنی وەرگرتووە، كە بۆ ئەوكاتە پارەیەكی زۆر بووە. هەر لەم شەڕانەدا چەندین كەس لە چەكدارەكانی پاشا شەهید دەبن كە لە ناویاندا چەندین سەركردەی وەك (كوێخا محمودی قووڵە سوێرو) كە لە شەڕی هەورازەو (وسوە سوری دەرماناوە) لە شاخەخوارەی پشتی قەلەڕەشێ شەهید دەبن .
شەڕ كۆتایی دێت و چەك و چۆڵێكی زۆر دەكەوێتە دەستی پیاوانی (ئەمەر پاشا) حاجی محمود مەلەك گێڕایەوەو گووتی :- لە گوندی زووران چەكدارە مەنگوڕەكان كەوتبونە بۆسەوە، پیاوێك لە چەكدارەكانی ئەمەر پاشا بەناوی (سوارەی عەوڵا تاڵی) بە تەنیا 5 تفەنگی دەستكەوت هەبوو.
(حەسه‌نی قزڵجی) سەبارەت بەهاتنی نوێنەری حكومەت بۆلای ئەمەر پاشا نووسیویەتی نوێنەرێكی دەوڵەت بۆ بینینی پاشا دەكەوێتە ڕێ، تا دەگاتە قەلەڕەشێ لە چوار شوێن بەربینگی پێدەگرن و رای دەگرن پرسیارو پشكنینی بۆ دەكەن و بە 5 سەعات گەیشتۆتە لای پاشا .
حاجی حەمە حەسەن لەو بارەیەوە گوتی :- نەك بە 5 سەعات جاری وا هەبوو بە 5 رۆژ رێگەمان نەدەدا نوێنەری دەوڵەت بگاتە قەلەڕەشێ! بۆ نموونە جارێك ئەفسەرێك هات لە پردی كۆڕبناوێ‌ پێشمان پێگرت،زۆر پاڕایەوە و داوای كرد رێگەمان نەدا و گوتمان ئەمڕۆ پشووی رەسمییە، هێندەی گوت ئەمڕۆ دووشەممەیە و هیچ بۆنەیەكیش نییە، ئێمە گوتمان وەڵاتی ئێمە جیاوازە و لای ئێمە ئەمڕۆ دەوام نییە.
(پاشا)ش پاشایانە پێشوازی لە نوێنەرەكان كردوە، لەسەر چەپەر یا تەختەیەكی ئاسایی دانیشتووە و گوتوویەتی ئەمە تەختی پاشایەتی و سەبەتەیەكیشی لەسەرسەری خۆی هەڵواسیوەو گوتویەتی ئەمەش تاجی پاشایەتی! ئەمەو دەیان سەرگوزەشتەو پلانی جۆراو جۆر و زیرەكانەی ئەمەر پاشا كە لە دەمی هەریەك لە(حەسەنی ئەمەر پاشا) و حاجی حەمە حەسەن)ی سەركردەم بیست .
دوای زیاتر لە 6 مانگ شەڕو گفتوگۆ زستانی سارد و بەفر و كڕێوە، بێ پشتیوانی و بێ تەقەمەنی و تۆپبارانی هێرشی بەردەوامی دوژمن، لەشكریانی ئەمەر پاشا تێكدەشكێن و ئاوارەی دیوی كوردستانی ئێراق دەبن و لە چەند گوندێكی دەوروبەری قەڵادزێ‌ نیشتەجێ دەبن.
لە ساڵی 1990 دڵە گەورەكەی پاشای بێ تەخت و تاج لە لێدان دەكەوێت دەبێتە جێی شانازی نەوەكانی و دانیشتوانی ناوچەكەی.
مەحموود هۆمەر باوزی

سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی کەریم فەرخەپوور