رێزگرتن لە بریندار و کەم ئەندامانی حیزبی دیموکرات!، سەیدعەلی هاشمی

رێزگرتن لە بریندار و کەم ئەندامانی حیزبی دیموکرات!، سەیدعەلی هاشمی
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە رۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی١٣٩٨ی هەتاویدا، بۆ یەکەم جار لە سێمینارێکی شایستە و تایبەتدا رێزی لە ٤٠ تێکۆشەری حیزب گرت کە لە سەنگەری پیرۆزی پێشمەرگایەتی دا بریندار یان بەشێک لە جەستەی خۆیان فیدای ئازادی و رزگاری نیشتمانیان کردووە.
بە بڕوای من ئەوەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەها رۆژێکی بۆ ریزگرتن لەو کەسانە دیاری کردوە، لەجێی خۆیەتی و کارێکی شۆڕشگێرانەیە. رێزگرتن لەو کەسانەی کە بەشێک لە جەستەی خۆیان لە مەیدانی خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان لە دەست داوە و لە نیعمەتی ئەو بەشە لە لەشیان بێبەشن، هەرچەند فیداکاری و خەبات بۆ رزگاری گەل کارێکی خۆبەخشانە و بە ئیرادەی کەسە خەباتکارەکەوە بووە و منەتی لە سەرکەس نیە، بەو حاڵەش ریزلێگرتنیان دەتوانێ هێندێک لە ئازارەکانیان کەم بکاتەوە، چوونکە خوێنی هەموویان وەک یەک سوورە و دەرد و ئازاری هەموویان یەکە.
هەروەک لە کاتی خۆیدا حیزبی دیموکرات، داهێنەر و دانەری رۆژی شەهیدانی کوردستان بوو و هیچ جیاوازیەکی لە نێوان تێکوشەر و خەباتکارانی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان دانەنا، هیوام وایە ئەو رۆژە کە بۆ رێزگرتن لە کەم ئەندامانی ریزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دانراوە ببیتە چەترێک بۆ سەر هەموو بریندار و کەم ئەندامانی شەڕە نەخوازراوەکانی گەلی کورد بۆ دیفاع و بەرگری لە مان و بوونی کورد و کوردستان فیداکاری کردووە. لە جێگای خۆی دایە ئەو ڕێز گرتنە هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە کاتی خۆی لەو حیزبەدا تێکۆشانیان هەبووە، بێ فەرق و جیاوازی ڕێزیان لێ بگیرێ، ئەگەر لەناو تەشکیلاتی حیزبیش دا نەما بن. چوونکە بریندار و کەم ئەندامەکان دەزانن ئازاری لە دەست دانی ئەندامێکی لەش چەند بە ژانە. دڵنیام ئەوانەی لە ڕێبازی حیزبی دێموکڕاتدا کەم ئەندام یان بریندار بوونە، نەک شەرم لە رابردووی خۆیان ناکەن بەڵکوو شانازیشی پێوە دەکەن و بە گەورەترین سەرمایە و سەربەرزی ژیانیان دەزانن.
بەو بۆنەوە دەبێ حیزبەکەی پێشەوا و قاسملوو و شەرەفکەندی دڵ ئاوەڵا بێ و ئۆف و ئێشی زامی بریندار و کەم ئەندامەکانی خۆی لەبیر نەکات.
سەید عەلی هاشمی

١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی (٢٠٢٣/١٢/٧)