کاک تاهیر خەلیلی گەورە هونەرمەندی شۆڕشگێر بە جەستە بەجێی هێشتین. حەمەڕەسووڵ کەریمی

کاک تاهیر خەلیلی گەورە هونەرمەندی شۆڕشگێر بە جەستە بەجێی هێشتین.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

گەورە هونەرمەندی شۆڕشگێر و شوێندانەر کاک تاهیر خەلیلی لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا لە شاری سولێمانی کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی کاک تاهیر خەلیلی بۆ هەموو ئەوانەی کە بە دەنگی بەرز و شۆڕشگێرانە و ئاشقانەی ئەو گەورە هونەرمەندە ئاشنان ، بۆ دونیای هونەری کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، بۆ ئەویندارانی ڕێگای ئازادی کوردستان، بۆ هێزی نەبەز و دلێری پێشمەرگەی کوردستان ، بۆ هەموو ئەوانەی لە زیندان و گرتووخانەکان دا ژیانی سەربەرزانەیان هەڵبژارد و تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی جەللادان نەبوونەوە، بۆ کیژ و کوڕان و بۆ گەورە و بچووکی کوردستان خەسارێکی هێندە گەورەیە کە جێگە و پێگەی هونەری بە کەس پڕ ناکرێتەوە.

کاک تاهیر خەلیلی بە دەنگە ئەفسووناویەکەی، بە چریکە و بە هەست و سۆزی خۆی بە سەدان هەزار کەسی ئاشقی کوردستان، ژینگەی کوردستان و خۆشەویستی بە کوردستان کرد. بە هەزاران لاوی خوێن گەرم بە بیستنی سروودە پڕ مانا و گەرمەکانی، بە سروودە شۆرشگێرەکانی، بە مەقام و گۆرانی و حەیران و لاوکە پڕ حەماسی‌یەکانی بوون بە پێشمەرگە و هەنووکەش ئەو دەنگە نەمرە هاندەری سەرەکین بۆ لاوانی دڵ پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری و پۆل پۆل لاوان خۆدەگەیێنە ڕیزی پێشمەرگایەتی.

کاک تاهیر خەلیلی بە چریکەی بەرزی دڕی بە شەوەزەنگی زیندان و گرتووخانەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان داوە و کەم نەبوون ئەو گەنج و لاوانەی کوردستان کە بە گوتنەوەی “چ بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سیدارە دران” چوونە سەردار و تەسلیمی دوژمن نەبوون. کەم نەبوون ئەو گەنج و لاوانەی کە بە سروودی “لە قەندیلی سەربەرزەوە” ڕێگای شۆڕش و خەباتیان گرتە بەر و گیانی خۆیان پێشکەش بە نیشتمان کرد.

گۆرانی و مەقام و حەیران و سروودەکانی هێندە بەرزن کە کەم کەس توانیوایانە وەک خۆی بیڵێنەوە و تاکوو ئێستاش شێوازی گورانییەکانی هەر وەک تاقانە لە ئاسمانی هونەری دا دەدرەوشێنەوە و هەر بە گەشاوەییش دەمێننەوە.

هەڵبژاردنی چەند گۆرانی کاک تاهیر خەلیلی لە نێو دەریای گۆرانییەکانی دا ئەستەمە، بەڵام دەکرێ کاک تاهیر بە هێندێک گۆرانی تایبەت بە خۆی بناسرێتەوە، کاک تاهیر لە گووتنەوەی گۆرانییەکانی گەورە هونەرمەندانی کوردیش دا ڕۆڵێکی باشی هەبووە و لە هەندێک گۆرانی دا توانیویەتی لە هونەرمەندانی پێش خۆی چاکتری بڵێتەوە، کاک تاهیر ڕێزێکی زۆری بۆ هونەرمەندان بە گشتی و بۆ دونیای موسیقای کوردی هەبوو و توانیبووی بە چەندین زاراوەش گۆرانی بچڕێ و لە گووتنەوەی گۆرانی کۆن و فولکلۆریش دا تازەگەری و نوێگەری بکا.

هەڵسەنگاندنی گۆرانییەکانی کاک تاهیر بە شارەزایانی ئەو بوارە دەسپێرم، بەڵام وەک خۆم ئاشقی دەنگ و چریکەی بەرێزیان بووم و بە گووتنەوەی گۆرانییەکانی مەجلیسی پێشمەرگانە و کۆڕ و کۆبوونەوەکانمان پێ ڕازاندوونەوە، لەگەڵ گۆرانی و سروودەکانی ژیاوم و لەگەڵ گۆرانییەکانی سەرمەست بووم و بە سروودەکانی فێری وانەی خۆراگری و مانەوە لە شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا بووم.

بە خۆشیەوە وەک هاورێیەکی کۆن و وەک هونەرمەندێکی بە توانا و شۆڕشگێر بە دەیان شەو و ڕۆژمان بە یەکەوە تێپەڕ کردن و لە چەندین کۆڕ و مەجلیسی حیزبیانە دا لە تەنیشتی بووم و زۆرجار بە دەنگە بە سۆزەکەی ڕێگەی دوور و نزیکم بڕیون و تەنانەت دەنگی بلاوێنی لە کاتی برینداریم دا لە سەر تەختی نەخۆشخانەش مەرهەمی زامەکانم بووە، بە زەبتێکی بچووکی پێشمەرگانە و نەوار و کاسێتێکی کاڵ بووەی نێو کۆڵەپشتیەکەم کە دەنگ و چریکە و لارەی گەرووی پڕ لە حەنجەرەی کاک تاهیر بووە کاتە خۆش و پڕ لە مەترسییەکانیشم پێ تێپەڕ کردووە و بەرهەم و نەوارەکانی ئێستاش بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەی نێو ماشێن و موبایلەکەم.

ئەوەندەی لە سەر کاک تاهیر بنووسم ئێستا ناگەمە داوێنی ئەو لووتکە بەرزە هونەرییە و تەنیا ئەوە دەزانم کە قەرزداری گەورەیی و کارە هونەرییەکانی ئەو پێشمەرگە خێر لەخۆ نەدیوەی کوردستانم، ئێمە بۆ کاک تاهیر هیچ وەفایەکمان نەبوو، ئەو لە هەژارترین هونەرمەندانی گەلەکەمان و کوردستان بوو، هیچ سەنتەر و شوێنێک و تەنانەت هاورێیانی دەورانی منداڵی و گەنجیش نەیانتوانیوە لە ناخی ئەو گەورە هونەرمەندە تێبگەن و بە بێ نازی سەری نایەوە.

سەد حەیف و مخابن بۆ کۆچی دوایی ئەو مەزنە هونەرمەندە شۆڕشگێرەی کورد و کوردستان.

سەرەخۆشی لە گشت لایەک و لە خەڵکی کوردستان، لە ئەویندارانی ڕێگای ئازادی، لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاشقانی دەنگەکەی و ئەندامانی بنەماڵەکەی و دونیای هونەرمەندان و موسیقای کوردی دەکەم و هیوادارم کە کوردستان نموونەی دەنگی وەک کاک تاهیر خەلیلی زیاتر بە خۆیەوە ببینێ و شارەزایانی بواری موسیقا هەوڵی زیندوو راگرتنی بەرهەم و یادگارییەکانی بدەن و وەک هونەرمەندێک ئارشیوی گۆرانییەکانی کە هیچ کات نامرن، هەروا بە زیندوویی ڕابگرن.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٦ ـ ١١ ـ ٢٠٢٣ی زائینی