٢٨هەمین کۆنفرانسی رێکخراوی پێشگیری لە چەکی شیمیایی (OPCW) .نووسینی: محەممەد کەسرایی

٢٨هەمین کۆنفرانسی رێکخراوی پێشگیری لە چەکی شیمیایی (OPCW) .نووسینی: محەممەد کەسرایی

رۆژی ٢٧ی نوامبری ٢٠٢٣ی زائینی ٢٨هەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی “رێکخراوی پێشگیری لە چەکی شیمیایی” لە شاری لاهەی هولەند، پێک هات. لەو کونفرانسە کە تا رۆژی ١ی دیسامبر درێژەی هەبوو، نوێنەرانی دەوڵەتانی ئەندام، نوێنەرانی رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مروڤ و نوێنەرانی دەیان ئێن جی ئۆ، بەشدار بوون. هەروەها دەستەیەکی نوێنەرایەتی لە لایەن هەر دوو کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی شیمیایی لە سەردەشت و هەڵەبجە و نوێنەرانی قوربانیانی ئەنفال لە کوردستان، کە بە رەسمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرابوون، بەشداری ئەو کۆنفرانسە بوون.

لە رۆژانی یەکەم و دووهەمی کۆنفرانس، بە دەیان پەیام لە لایەن نوێنەرانی وڵاتان و رێکخراوەکانی بەشەردۆستی، بۆ مەحکوم کردن و پێشگیری لە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، پێشکەش کران.

لەو وتار و پەیامانەدا وێرای مەحکوم کردنی کەڵک وەرگرتن لە چەکی کۆمەڵکوژی شیمیایی، رێکارەکانی پێویست بۆ پێشگیری لە بەکار هێنانی ئەو چەکە و قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتوان، خرانە روو. نوێنەرانی هەر دوو کۆمەڵەی کوردی و نوێنەرانی ئەنفال لە کوردستان، وێرای بەشداری لە جەلەسەکانی کۆبوونەوە، رۆژانە لە قەراغی کۆبوونەوەکاندا، لە ساڵۆنی گشتی و ساڵۆنەکانی دیکە بە دانانی پێشانگای قوربانیان، نمایشی کورتە فیلمی رووداوەکان و کۆبوونەوە لە گەڵ نوێنەرانی دەوڵەتان و رێکخراوەکان، بەشداری چالاکانەیان لەو کۆنفرانسەدا هەبوو.

لە رۆژی سێهەمی کۆنفرانسەکەدا، بە پێی بەرنامەی دیاریکراو، بەیاننامەی قوربانیانی چەکی شیمیایی شاری سەردەشت لە لایەن نوێنەری دەستەی بەڕێوەبەری خوێندرایەوە کە لە لایەن بەشدارانەوە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا.

جەلەسەی رۆژی چوارەمی کاری کۆنفرانس، بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە روحی شەهیدانی شارەکانی سەردەشت و هەڵەبجە و هەموو شەهیدان، دەستی پێکرد کە لە لایەن هەیئەتی نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شیمیایی سەردەشت و تەئیدی بەرێوەبەری کۆنفرانسەوە، پێشنیار کرابوو.

هەر لەو رۆژەدا بەشێکی ٣٠ دەقیقەیی لە فیلمێکی یەک و نیو سەعاتی دوکومینتاری لەسەر بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت، لە سالۆنی گشتی نەمایش کرا کە لەگەڵ دەربڕینی حەسرەت و پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەوروو بوو. پێویستە بگوترێ کە جیا لە پێشانگای شەهیدانی هەڵەبجە، ئەو ساڵ شوێنێکی تایبەتی بۆ پێشانگای قوربانیانی چەکی شیمیایی سەردەشت دیاری کرابوو کە رۆژانە بەشداران و نوێنەران سەردانیان دەکرد. هەروەها هەیئەتی نوێنەرایەتی قوربانیانی چەکی شیمیایی سەردەشت، رۆژانە لەگەڵ بەشداران و نوێنەرانی دەوڵەتان و رێکخراوەکان و ئین جی ئۆکان چاوپێکەوتنیان دەکرد و لە سەر وەزعی نالەباری شاری سەردەشت و دەرئەنجامەکانی ئەو بۆمبارانە و نەخۆشیە بڵاوبوەکانەوە، باس و وتووێژیان دەکرد و لەسەر وەزعی نالەباری بریندارەکان کە تا ئێستاش بە دەستی نەخۆشی و بێ دەرمانیەوە دەناڵێنن، رونکردنەوەیان دەدا.

هەروەها داوای پشتیوانی بۆ مەحکومکردنی نێونەتەوەیی و هاوکاری و پێراگەیشتن بە برینداران و گرینگیدانی زیاتر بە شاری سەردەشت و قەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتوان و ناوچەی سەردەشت، بەشێک لە داواکانی ئەو نوێنەرانە، لە کۆنفرانس و لە رێکخراوەکان بوو. بۆ بیرخستنەوە، پێویستە بگوترێ کە شاری سەردەشت لە رێکەوتی ٧ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بەرامبەر بە (٢٨/٦/١٩٨٧) ی زائینی، لە لایەن فرۆکە شەڕکەرەکانی رێژیمی دیکتاتۆری سەدامەوە، بە چەکی شیمیایی بە توندی بۆمباران کرا کە هەر لە رۆژانی یەکەم تا سێهەم زیاتر لە ١٢٠ کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس بریندار بوون.

لەو کاتیشەوە تا ئێستا، دەیان کەس بەهۆی بەرکەوتنی چەکی شیمیایی، گیانیان لەدەست داوە و سەدان کەسیش بە دەردی برینداری و بێدەرەتانی و بێدەرمانی، دەناڵێنن.

١/١٢/٢٠٢٣

محمد کەسرایی