تەقینەوەی کۆچبەری لە ئێران: ڕێگایەک بۆ ئایندەیەکی نادیار ” حەسەن قارەمانی

تەقینەوەی کۆچبەری لە ئێران: ڕێگایەک بۆ ئایندەیەکی نادیار ” حەسەن قارەمانی

کۆمەڵگای ئێران لە ئاڵوگۆڕێکی دراماتیکدا تێدەپەڕێت، زیادبوونی ڕەوتی کۆچبەرانی ئێرانی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەرکەوتەی سەردەمێکی پڕ لە گێژاوی مێژووی ئەو وڵاتەیە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ ئێران زیادبوونی گەورەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند لە سەرانسەری جیهاندا بەخۆیەوە بینی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵچوونێک لە کۆمەڵگادا. ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) و ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرایان کردووە کە ژمارەی کۆچبەرانی ئێرانی لە ٤٨ هەزار کۆچبەر لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ١١٥ هەزار لە ساڵی ٢٠٢١ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بۆ ئەوانەی کە هێشتا لە سنوورەکانی ئێراندان، دیمەنەکە تادێت سنووردار و بێهیواکەر دەردەکەوێت. پێدەچێت بژاردەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژێکدا بچووک ببنەوە. لەو شوێنەی کە سەردەمانێک خەونی سەقامگیری و دەرفەت و سەرکەوتنی داهاتوو هەبوو، ئێستا واقیعێکی تاریک دەستی بەسەردا گرتووە.

بەرزبوونەوەی ڕەوتی کۆچ لە ئێرانەوە نەک هەر ڕەوتێک بووە، بەڵکو بووەتە پێویستییەک بۆ زۆرێک کە بەدوای داهاتوویەکی باشتردا دەگەڕێن. بۆ ئەوانەی دەمێننەوە، وا هەست دەکەن دەرگاکانی گۆڕانکاری بە زەبری هێز داخراون و کۆچکردن وەک تاکە ڕێگای واقیعی دەربازبوون .

ژینگەی سیاسی کە بە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا تایبەتمەندە، وایکردووە خەڵک هەست بە گیرخواردن بکەن لە سیستەمێکدا کە جووڵە و دەرفەتەکانیان و داهاتوویان سنووردار دەکات. کەشوهەوای کۆمەڵایەتی، بە سنووردارکردنی ئازادی تاک و هەستکردن بە چەقبەستوویی، خواستێکی بەهێزی بۆ گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا بۆ دەربازبوون لەم حاڵەتە خۆپەرستییە دروستکردووە.

بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان ئیتر کۆچ وەک هەڵبژاردنێک دەرناکەوێت بەڵکو وەک پێویستییەک دەردەکەوێ. دەرفەتی هەل بۆ سەرەتایەکی نوێ، هیوایەکە بۆ دۆزینەوەی کۆمەڵگایەک کە تواناکانیان سنووردار نەکات، بەڵکو لەبری ئەوە دەرفەتی گەشەکردنیان پێبدات. بۆ ئەوانەی کە مانەوە هەڵدەبژێرن، هەستکردن بە سنوورداربوون تادێت خنکێنەر دەبێت، لەکاتێکدا بۆ ئەوانەی هەنگاوەکە دەبەنە دەرەوە، داهاتوو پڕە لە نادڵنیایی بەڵام بە دەرفەتیش دەردەکەوێ.

خەڵکی ئێران لە گۆڕەپانێکدان، کە هەڵبژاردنی مانەوە یان بەدواداچوون دەبێتە یەکێک لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی ژیان.

لە پشت ئەم شەپۆلە کۆچکردنە کۆمەڵێک تەحەدای ئاڵۆزی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا هەیە. کۆمەڵێک هۆکار ئەم شەپۆلە کۆچکردنە دەباتە پێشەوە. ناسەقامگیری ئابووری کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سەدا ٤٠ هەڵاوسانی تێدابووە، بووەتە هۆی ناڕەزایەتی جەماوەری و نائارامی قووڵ لەنێو دانیشتووان.
بەڵام ناسەقامگیری ئابووری تەنیا بەشێکە لە وێنە فرەلایەنەکە. هەروەها هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بزوێنەری ئەم شەپۆلە کۆچکردنەدا. بارودۆخی سیاسی ئێران گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە کە هەم لە ناوخۆ و چ لە پێوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا. لە هەمان کاتدا، سنووردارکردنی ئازادی تاکەکەسی بووەتە هۆی هەستکردن بە چەقبەستوویی و بێزاری لە نێو دانیشتوواندا.

هەروەها گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و مەترسی تێوەگلان لە ململانێکانی ناوچەکەدا بەشداربوون لەم کۆچکردنە بەرفراوانە. جگە لەوەش گۆڕانکاری وڵاتانی دراوسێی کەنداوی و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و عومان، سەرنجڕاکێشانی نوێی بۆ هەلی کارخوازانی ئێرانی خوڵقاندووە.

تەنها هێزی کار نییە کە هەڵدێت. هەروەها ڕەوتێکی مەترسیدار سەرکردەکانی بازرگانی و ستافی پزیشکی و پسپۆڕانی تەکنیکی لەخۆدەگرێت. چاوەدێری تەندروستی لە ئێران ڕووبەڕووی کۆچکردن بووەتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران و پزیشکان کۆچکردن بۆ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئوسترالیا و کەنەدا هەڵدەبژێرن، کە بەهۆی بارودۆخی کارکردنی بەرچاو باشتر و قەرەبووکردنەوەی داراییەوە سەرنجیان ڕاکێشاوە.

بۆ زۆرێک لەوانەی لە ئێران دەمێننەوە، بژاردەکان کەم دەبنەوە و پێدەچێت کۆچ تاکە ڕێگەی واقیعی بێت بۆ دەربازبوون بۆ داهاتوویەکی باشتر.
حەسەن قارەمانی